هیوا سەلیمی
رۆژی چواری مەی ۲۰۱۵ هەواڵی گیان لەدەستدانی "فەریناز خوسرەوانی"، ڕووبەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیا کوردییەکانی تەنیەوە، هەواڵێک کە ئاماژەی بە ڕووداوێکی دڵتەزێن دەکرد، ڕووداوێک کە چەندین ڕووداوی هاوشێوەی وەک گیانلەدەستدانی "سەحەر چوبینی"، "سومەیە فەیزووڵڵاپوور" و چەندین ژنی تری لە مانگەکانی پێشووتر زیندوو دەکردەوە. ڕووداوە تراژیکەکەی ئەمجارەش هاوشێوەی ئەوانی ڕابردوو، بووە پانتایی هۆنینەوەی چیرۆک و رۆمانی جیاجیا. هەندێک باسیان لە خۆکوشتنێکی شەرەفپارێزانە کرد، تاقمێک باسیان لە قەزا و قەدەر کرد و گرووپێکیش ڕووداوەکەیان بە ترس لە ئابڕوچوون گرێداوە. گێڕانەوەی ڕووداوەکە و داڕشتنی سیناریۆکان تا ئێستاش بەردەوامە و لە نەبوونی سیستەمێکی دادوەری سەربەخۆ و تەندروست پێدەچێ تائەبەد کۆمەڵێک ناڕوونی هەروا بە ناڕوونی بمێنێتەوە. خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە هەر لایەن و توێژێک لە سۆنگەی بەرژەوەندی و ئارەزووە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی خۆیەوە بەسەرهاتەکەی بەسەرکردەوە، خافڵ لەوەی کە ئەم ڕووداوەش هاوشێوەی چیرۆکی دڵتەزێنی گیانلەدەستدانی دەستکەخوشکەکانی "فەریناز" لە ڕابردوو، باس لە کەشێکی تایبەت بۆ ژنان دەکا، باس لە پێگەی ژن لە چوارچێوەی یاسا داسەپێندراوەکان و داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان ئەکا، باس لە بارودۆخی نالەباری کرێکاران و بە تایبەت کرێکارانی ژن ئەکا و باس لە چارەڕەشی و هاوچارەنووسی نیوەی ئەندامانی کۆمەڵگای کوردستان دەکا.
پاش هاتنەئارای بارودۆخەکە نارەزایی بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگای تەنیەوە، نەبوونی متمانە بە سیستەمی دادوەری و ناڕەزایی بە مەرگی گوماناویی "فەریناز" شەقامی جوڵاند و هەزاران هاووڵاتی لە کردەیەکی هاوبەش و لە بەستێنی چەندین دەیە ئەزموونی نارەزایی و خەبات، رژانە سەر شەقام و داوای ڕوونکردنەوە و سزادانی تاوانبارانی ڕووداوەکەیان کرد. هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەتی ئێران وەک پیشەی هەمیشەیی روبەڕووی جەماوەر بوونەوە و لە ئاکامدا رێڕەوی خۆپیشاندانە هێمنانەکان بە تووندوتیژی گۆڕدرا. پرسی نارەزایی و خۆپیشاندان تەنیا بە مەهاباد نەبەسترایەوە، ژنان و پیاوانی سەردەشتیش رژانە سەرشەقام و لە چەندین ناوچەیتری کوردستانیش بە شێوازی جیاجیا پشتگیری لە خۆپیشاندەرانی مەهابادی کرا. هاوکات دیاسپۆرای پرژوبڵاوی کوردیش توانی تا رادەیەک جوڵە بە خۆی بدا، هەرچەند وەک پیشەی هەمیشەیی "حیزب حیزبێنێ" بەشێک لە پتانسیلەکانی کوردانی دەرەوەی وڵاتی بە فیڕۆ دا. خۆپیشاندانی خەڵک و وتنەوەی درووشم لەدژی حکومەت و بارودۆخی هەیی، جۆری کاردانەوەکان، ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی هاتنەئارای خۆپیشاندانەکان و چەند پرسێکی تر هێماکانی خۆپیشاندانەکەی مەهاباد و نارەزاییەکان لە ناوچەکانی تر بوون، چەندین هێمای گرنگ کە لە رەوتێکی دیالکتیکدا چییەتی راستەقینەی ڕووداوەکە پێکدێنن و لێکدانەوەی ئەو هێمانە دەتوانێ وێنەیەکی درووستر لە مەهاباد و ڕووداوەکانی ئەم ماوە بەدەستەوە بدات.
۱- کورد لە چەند دەیەی ڕابردوو بە سیاسەت وەفاداربووە، کوردستان هەرێم و جوغرافیایەکی هەمیشە ئامادە بۆ سیاسەت بووە و سیاسەتی رزگاریبەخش بنەمایەکی پتەوی شەقامی کوردی لە ئێران پێکدێنێ. کۆماری کوردستان، بزووتنەوەی چەکدارانەی سمایلی شەریفزادە و هاوڕێکانی، ڕووداوەکانی پاش راپەڕینی گەلانی ئێران لە ۵۷، دامەزران و هاتنەئارای رێکخراو و جەمعییەتەکان، هاوینی ۸۴ و چەندین نموونەی هاوشێوە کورتەیەک لە کارنامەی سیاسی گەلی کورد لە ئێرانە و بێگومان دەیان نموونەیتریش بۆ داهاتوو بەڕێوەن. لە بەستێنی ئەم مێژووە سیاسیە دەکرێ باس لە گرێدراوبوونی خۆپیشاندانەکانی مەهاباد و سەردەشت و نارەزاییە هاوشێوەکان بە ڕابردوو بکرێ، دەکرێ باس لە شەبەحی سیاسەت وەرزی لە دەرفەت و کاتی گونجاو لەم ناوچە بکرێ و دەکرێ باس لە پشکۆکانی ژێر خۆڵەمێش بکرێ. خەباتی چەکداری، خۆپیشاندان و داگیرکردنی شەقام، مانگرتن و چەندین شێوازیتری خەبات بە پێی کات و دەرفەت بوون و هەریەک لەم تاکتیکانە حزووری جدییان لە پانتایی سیاسی کوردستاندا نمایشت کردوە و دەکرێ ئەم ڕووداوەش لەم چوارچێوەدا پۆلین بکەین. لە کوردستان سنووری نێوان هەر کارەسات، هەر گەمە و هەر نارەزاییەکی ئاسایی لەگەڵ پرسی موتالباتی گشتی سیاسی دیوارێکی تەسکە، دیوارێک کە بە خێرایی دەڕوخێ و کۆمەڵێک چەمکی وەک بزووتنەوەی سیاسی و شۆڕش و راپەڕین قوت دەکاتەوە. دۆسیەی سیاسی کوردستان دۆسیەیەکی کراوەیە، داواکاری و موتالباتی ناسراوی هەیە و ئەم دۆسیە تا گەیشتن بەو داواکارییانە هەروا بە کراوەیی دەمێنێتەوە. ئەگەر وابێ جێی خۆی نیە کە بڵێین: "سەرجەمی برینداران و دەستگیرکراوانی ئەم ڕووداوە بیانووێک بۆ پاڵەوان بوون و شانازییان هەیە؟"
۲- کوردستان نموونەیەکی واقعی و تراژیک لە دواکەوتوویی ئابووری و هەژارییە، نموونەیەک کە وەک "تەمێکردن" و دەرسێکی عیبرەت و چاولێکەری ئاراستەکراوە و هەروەک چۆن کاربەدەستانی حکومەت و نوێنەرەکانیان لە کوردستان باسی لێدەکەن، پرسی گەشەی ئابووری کوردستان بە پرسی رادەی بە ناو "ئاسایش"ەوە گرێدراوە. مەگەر هەر ئەوە نەبوو کە خاوەنی هوتێلە سووتاوەکەش پاش ڕووداوەکە لە لێدوان بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن باسی لەوەکرد کە "ئێمە ویستمان بە هێنانی سەرمایە بۆ کوردستان گەشە و ئاوەدانی بۆ ئەم ناوچە بێنین و بەڵام ئەم ئەزموونە نیشانی دا کە کوردستان بۆ سەرمایەگوزاری ئەمن نیە و سەرجەمی پرۆژەکانمان رادەگرین؟" یان ئەوەی کە بەشێک لە بە ناو چالاکانی ناوخۆ دەستبەجێ هاواریان لێ هەستا و باسیان لەوەکرد کە ئەم مەسەلە گورز لە ئابووری کوردستان دەدا و رەوتی بە ناو گەشەی ئابووری! لە کوردستان تووشی وەستان دەکا؟ ئاسایش لە رەوانگەی ئەوانەوە بێدەنگ بوونە، ئەمنییەت لە روانگەی ئەوانەوە دەستبەرداربوون لە خواست و هیواکانە و دواجار تەرجەمەی ئاسایش لای ئەوان بریتیە لە ملکەچبوون و کڕنۆشبردن بۆ گوتاری بە ناو شۆڕشی ئیسلامی و پشتکردن لە سیاسەت. لە کوردستان هیچ ناوەندێکی پیشەیی بەهێز بوونی نیە، هیچ پرۆژەیەکی جدی ئابووری لەئارادانیە و پشکی کوردستان لە لانیکەمەکانی بودجە و گەشەی ئابووری نزیک بە سفرە. ئەوەی لە کوردستان بە ناوی گەشەی ئابووری باسی لێدەکرێ، هەموو شتێکە بە غەیری گەشەی ئابووری. کردنەوەی هوتێلی بەرز و کەشخە، بونیادنانی پاساژی چەند سەد دوکانی و کردنەوەی باڵاخانەی بەرز بەرز و چراخان هیچ نانێک بە سفرەی خەڵکی هەژاری کوردستان زیاد ناکا، باسکردنێکی لەوشێوە زیاتر لە منداڵ خەڵەتاندن و زیاتر لە خۆڵکردنە چاوی خەڵک دەچێ و ئەوان بەنیازن بە رۆژی ڕووناک کەڵەگایی بکەن و مانایەکی پێچەوانە لە ئابووری و گەشە بەدەستەوەبدەن. ئامارەکان باس لە بوونی سوپایەکی گەورەی بێکار لە کوردستان دەکا، باس لە کەلێنێکی چینایەتی بەرچاو و بەرجەستە دەکا و باس لە دروستبوونی نەفرەتێکی گەورە و پتانسیەلێکی بەهێزی راپەڕین لە ناو چینی هەژار و ستەملێکراوی کوردستان دەکا. بێ هۆکار نییە کە یەکێک لە درووشمەکانی بەردەم هوتێل تارای مەهاباد "مەرگ و نەمان بۆ سەرمایەدار"ە، درووشمێکی تەواو سیاسی کە بەردەنگەکانی لە هەموو فەزای کۆمەڵگا، لە سیستەمی سیاسی و ئابووری وڵات، لە چینی دارا و سەرمایەداری خۆجێی و لە سەرمایەدارە رانت خۆرە تازە بە پارە و سەرمایە گەیشتووەکان دەکاتە نیشانە. سوتاندنی هوتیڵ تارا لە بەستێنی ئەم حەقیقەتەدا جێگەی تێڕامانە، شوێنێک کە وەک نوێنەر و هێمای سەرمایەداری خۆجێی دەکرێتە ئامانج و خاپوور دەکرێت. ئایا پارتە بەناو چەپەکان لە پتانسیەلێکی لەوشێوە ئاگاداران یان ئەوەی کە هاوشێوەی چەند ساڵی ڕابردوو لە فەزای بە ناو ئەگەرەکانی پلاماری سەربازی ئەمریکا، کراوات بەستن و دیدار لەگەڵ دیپلۆماتە رۆژئاواییەکان خەون بە گەیشتن بە کورسییەکانی دەسەڵاتەوە دەبینن؟
۳- ڕووداوەکەی مەهاباد کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە. بەشێک لە کاردانەوەکان لە میدیای عەرەبی و تورکیدا بینرا و بیسترا، بابەتێک کە زیاتر خۆی لە چوارچێوەی تمووح و بەرژەوەندییە ناوچەییەکانی وڵاتانی عەرەبی و تورکیادا دەبینێتەوە و لەبەرچاوی جوانی کورد و رەوابوونی داواکارییەکانیان نەبوو. بەشێکیتر لە کاردانەوەکان پەیوەندی بە پارتە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە بوو، ئەو پارتانەی کە بۆ زیاتر لە دوو دەیە دەبێ بە کردەوە خەباتیان راگرتووە و لە باشووری کوردستان گرساونەتەوە. بێگومان لێکدانەوەیەکی خەسارناسانە لە جۆری مامەڵەکردن و جۆری روبەروبوونەوەی پارتە کوردییەکان لە ڕووداوەکە دەتوانێ خزمەت بە پەیوەندی تەندرووستی نێوان حزب و خەڵک و هاوکات هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتی پارتەکان بدا.
لە سەرەتای ڕووداوەکە پارتەکان بێدەنگ بوون، چاوەڕوانی ڕووداوێکی لەوشێوە نەبوون و لە کەش و هەوای دوورکەوتنەوە لە خەڵک و بە قەولی خۆیان دیپلۆماسی جیهانی و ناوچەییدا سەرقاڵی بە ناو چالاکییەکانیان (خۆخەڵەتاندن) بوون. پاش هاتنەئارای خۆپیشاندانەکان مەکینەی ئێعلامی و ڕاگەیاندنی پارتە بەرهەڵستکارەکان کەوتە کار، رووبەری لاپەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەندامانی ئەو پارتانە پڕبوو لە واتاکانی "بۆ پێشەوە" و چرکە لە دوای چرکە سروودی شۆڕشگێڕانە لە تەلفزیۆن و رادیۆکانیانەوە بڵاودەکرایەوە. لە هەڵپەهەڵپی خۆیاندا دەستیانکرد بە هۆنینەوەی چەمکی شۆڕش، بەشێکیان هەلەکەیان بە گونجاو زانی و بۆ سەدەمیان جار راستەوخۆ و ناراستەوخۆ کەوتنە پاڕانەوە لە رژیم و بۆ جارێکیتر پرسی پێداویستی دانیشتن و گفتوگۆ لە گەڵ حکومەتیان دووبارەکردەوە و لە هەمووی کۆمیکتر چەند لایەنیش باسیان لە ناردنەوەی هێزی پێشمەرگە کرد، تەنانەت پارتێکیش بە قەولی خۆی "چالاکی وڵامدانەوە"ی ئەنجام دا. لە سەرجەمی ئەم پرۆسە کورتەدا بێسەرەوبەرەیی پارتە سیاسییەکان ئاشکرا بوو، توانای مانۆڕ و ئامادەبوونی ئەوان دەرکەوت و غایب بوونی پلان و بەرنامە بۆ دەرەفەت و ڕووداوێکی کتوپڕی لەوشێوە خۆی نیشان دا. ئۆپۆزیسیۆن لە لێکدانەوەی زەرفییەت و تواناکانی بزووتنەوەیەکی لەوشێوە عاجز بوو، لە ناسینی شوناس و چییەتی واقعی خرۆشانێکی لەوشێوە بێبەری بوو و لە هەمووی گرنگتر لە رێکخستن و ئاراستەکردنی درووستی نارەزاییەکی لەوشێوە پەککەوتوو بوو.
لایەنێکیتری پەیوەندیدار بە پرسەکە تەیفێکی ناهاوشێوە لە بەناو ئیسڵاحتەڵەبانی ناوخۆی کوردستان و بە تایبەت مەهاباد بوو. بەشێک لەم بەناو ئیسڵاح تەڵەبانە تا ئێستاش بێدەنگیان هەڵبژاردووە، بەشێکیان هاوشێوەی دەسەڵاتداران خۆپیشاندەران و خەڵکی نارازییان تۆمەتبار و تاوانبارکردوە و بەشێکیشیان بە وتار و وتەی ناکۆک و دژبەیەک هەوڵیانداوە "نە سیخ بسوتێ و نە کەباب". لەراستیدا بەشێکی بەرچاو لە ئیسڵاحتەڵەبان بە کردەوە لە ئەتەمسفۆری گوتاری حاکمدا هەناسە هەڵدەکێشن، بە ئاسانی جێگەی حاکم و مەحکوم دەگۆڕن و بە سانایی خەتێک بەسەر هەر چەشەنە نارەزایی و کردەیەکی هاوبەشی سیاسیدا دێنن. ئەوان تەنیا لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بڕوایان بە کردەی سیاسی هاوبەش هەیە و تەنیا لە کاتی کۆکردنەوەی دەنگەکان باس لە لانیکەمی مافی هاووڵاتی بۆ تاکەکانی کوردستان دەکەن. جێگەی خۆی نیە پرسیار لەم بە ناو چالاکانە بکرێ کە لە کاتی لەسێدارەدانی گەنجانی کورد بە تۆمەتی بیرجیاوازی لە کوێن؟ لە کاتی کوشتنی رۆژانەی کۆڵبەرانی سەرسنوور لە کوێن؟
خاڵێکی جێگەی سەرنج لە وتە و سەرنجی بە ناو ئیسڵاحتەڵەبان باسکردن لە خەبانی ناتووندوتیژی یان ئەوەی کە بە فارسی پێی دەڵێن "مبارزە بدون خشونت"، گوتارێک کە زیاتر لە جۆک دەچێ و خۆشیان باش دەزانن کە سەرچاوەی سەرجەمی تووندوتیژییەکان دەسەڵات بووە. خودی وێنەکانی بەردەم هوتێل تارای مەهابادیش نیشانی ئەدا کە جەماوەری نارازی دەستپێشخەری تووندوتیژی نەبوون، ئەوان کۆمەڵێک خواستی رەوایان بووە و بەڵام هەروەک چاوەڕوان دەکرا وڵامی داواکارییەکان داپڵۆسین و سەرکوت بووە. گەلی کورد لە ئێران و بزووتنەوەکەی هیچ کات و هیچ سەردەمێک بۆ گەیشتن بە داواکارییەکانی پەنای بۆ تووندوتیژی نەبردوە، سەرجەمی مەیدانەکانی وەک چالاکی پێشمەرگانە، موقاومەتی جەماوەری، خۆپیشاندان، مانگرتن و هەتادواتر لە چوارچێوەی مافی رەوا و مەشروعدا بوون و هیچ کەس و هیچ یاسایەک لە هیچ سەردەمێکی و لە هیچ شوێنێکی جیهان توانای زەوتکردنی ئەو مافەی لە تاک و کۆمەڵگا نەبووە و نیە. باسکردن لە نەبوونی تووندوتیژی لەلایەن بەشێک لە ئیسڵاح تەڵەبان هیچ پەیوەندی بە ناوەرۆکی باسەکەوە نیە و ئەم تێرمە زیاتر لە ئاراستەی دەعوەتکردن و بانگهێشتکردنی گەل بۆ ئینفعال و پەڕگیری بووە، بانگهێشتکردن بۆ خزانە ناو ماڵەکان بووە و زیاتر لەئاراستەی سەندنەوەی چەمکی بەرپرسیاریەتی لە تاک و کۆمەڵگا بووە. ئەگەر بڕیاربێ ئەوان ئامۆژگاری و لێدوانی لەوشێوە بدەن، باشتر وانیە بێدەنگ بن؟