سکرتێری حدکا، هەڵبژاردنەکانی ئێران بە "شانۆ" وەسف دەکات
Tuesday, February 2, 2016
NNSROJ: سکرتێری گشتیی حدکا، لە بابەتێکدا مەیدانی هەڵبژاردنەکانی ئێران بە "شانۆ" و خوازیارانی بەشداری لە ململانێی هەڵبژاردنەکانیشدا بە "نوێنەرانی وەفادار بە ویلایەتی فەقێ" وەسف دەکات.
لە بابەتێکدا کە دوێنێ [دووشەممە ١ی فێڤریە] لە سایتی ڕەسمیی حیزبەکەیدا بڵاوی کردۆتەوە، مستەفا هیجری نووسیویەتی "ئێستا دوای نزیک بە چوار دەیە [لە] حکوومەتی کۆماری ئیسلامی و دووبارەبوونەوەی ئەم شانۆیانە لەم ماوە زەمەنییەدا، زۆرینەی خەڵک ئەکتەر و سەرئەنجام سەرکەوتوانی ئەو شانۆیەش لە سەرەتاوە دەناسن".
ناوبراو دەستنیشانی دەکات کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، "لە هەر کام لەم شانۆسازیانەدا، گرووپێک لە نوێنەرانی وەفاداری خۆی" کە پارێزەری سیستەمن، لە ڕێگەی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانەوە بە خەڵک دەناسێنێ تا دەنگیان پێ بدەن. ناوبراو پێی وایە جیاوازییەک لە نێوان بەربژێرەکاندا نییە و ئەگەر جیاوازییەکیشیان هەبێ، لە "ڕادەی وەفاداری و خەمخۆری"یان دایە بۆ سیستەم.
سکرتێری گشتیی حدکا ڕوونیشی دەکاتەوە کە لە هەموو هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا، "لە سەرەتاوە تا کۆتایی، لەلایەن ڕژیمەوە ڕێک دەخرێ" و ئەنجامەکانیشی لە سەرەتاوە دەستنیشان دەکرێن.
وەک هیجری دەڵێ "ئەوەی دەخرێتە ئەستۆی خەڵک 'ئامادەیی بەربڵاو'ی ئەوانە لەسەر سندووقەکان، بە مەبەستی پڕوپاگەندە بۆ ڕژیم" و ئاماژەش بە قسەکانی پێشووی خامنەیی دەکات کە بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی بە هۆکاری "بەهێز بوونی نیزام" وەسف کردبوو.
کەسی یەکەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە درێژەی بابەتەکەیدا دەپرسێ داخوا "ئێمە خوازیاری بەهێزکردنی نیزامی کۆماری ئیسلامی و مانەوەین" و ڕایدەگەیەنێت "ئەگەر وەڵامی ئێمە ئەرێنییە دەبێ لە هەڵبژاردندا بەشدار بین، بەڵام ئەگەر وەڵامەکەمان نەرێنی بێت ئەوا نابێت لە هەڵبژاردندا بەشدار بین."
ناوبراو بەداخیشە لەوەی "کەسانێک یان گرووپگەلێک لەناو کۆمەڵگەدا" کە بەهەر هۆیەک هاووڵاتیان دنە دەدەن تا لە هەڵبژاردندا بەشدار بن.
بێجگە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ـ کۆمەڵە، داوایان لە هاووڵاتیان کردووە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی مەجلیسی شورای ئیسلامی و خوبڕەگانی ئێراندا بەشدار نەبن. باقیی حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات، لەم بارەوە تا ئێستا هەڵوێستی ڕەسمیی خۆیان ئاشکرا نەکردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ڕاگەیاندنی "کەمپەینی داخوازییە کوردستانییەکان"، چەند داوایەکی سەرەتایی خەڵکی ڕۆژهەڵاتیان خستووەتە ڕۆژەڤەوە.
شیاوی ئاماژەیە کە زۆربەی هەرە زۆرەی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵات، لە ڕابردوودا هەڵبژاردنەکانیان بایکۆت و داوایان لە خەڵک کردووە نەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە