"داهاتوویەکی باش چاوەڕوانی کۆماری ئیسلامی ناکات"
Monday, February 8, 2016
NNSROJ: دوای ئەوەی شوورای نیگابان لیستی بەربژێرە پەسەند کراوەکانی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێرانی ڕادەستی "ستادی هەڵبژاردن"ی ئێران کرد، ئاشکرا بوو کە زۆربەی هەرە زۆری بەربژێرە ئیسلاحتەڵەبە کوردەکان بە شیاوی ئەندامەتی لە مەجلیسدا نەزانراون؛ ئەمەش کاردانەوەی هەندێ لە کەسایەتییەکانی سەر بەو ڕەوتەی لێ کەوتۆتەوە.
شورای نیگابانی قانوونی ئەساسی، کە ئۆرگانێکی بە دەسەڵاتی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، ڕۆژی ڕابردوو لیستی ئەو کەسانەی شیاوەتییان بۆ ئەندامەتی لە مەجلیسی شوورای ئیسلامیدا پەسەند کراوە، ڕادەستی "ستادی هەڵبژاردن" کردووە و بەگوێرەی زانیارییەکان، هیچکام لە ئیسلاحتەڵەبە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شیاوی ئەو پۆستە قانوونییە نەزانراون.
جەلال جەلای زادە، نوێنەری سنە لە دەورەی شەشەمی مەجلیسی شورای ئیسلامی، کاردانەوەی توندی لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستەی شوورای نیگاباندا دەربڕیوە. ناوبراو لەو بارەوە گوتوویەتی "بەم کردەوانە بێگومان داهاتوویەکی باش بۆ کۆماری ئیسلامی چاوەڕوان ناکرێت و ڕوون نییە ئەم شەمەندەفەرە بەرەو کوێ دەڕوات".
ڕەتکردنەوەی شیاوەتیی بەربژێرانی ئیسلاحتەڵەب لە کوردستان، لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک لە بەربژێرانی ئەو ڕەوتە، لە شارە گەورەکانی وەک تاران، کەرەج، تەورێز و ئیسفەهان مافی بەشداریکردن لە ڕکابەرییەکانی هەڵبژاردنیان پێ ڕەوا بینراوە.
سەرکۆماری ئیسلاحتەڵەبی ئێران حەسەن ڕووحانی، پێشتر ڕەخنەی لە ڕەتکرانەوەی شیاوەتیی لایەنگرانی گرتبوو و ڕایگەیاندبوو، ئەگەر تەنیا لایەنێک مافی بەشداربوون لە هەڵبژاردنیدا هەبێ، ئیتر هەڵبژاردنمان بۆچییە.
هەڵبژاردن، کە یەکێک لە توخمە سەرەکییەکانی سیستەمێکی دێموکراتیک و میکانیزمی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە لە نێوان بەرە و چین و توێژی جیاوازی کۆمەڵگەدا، بە بەرچاو گرتنی هەڵسوکەوتی دامودەزگا چاودێرییەکانی سەر بە نیزام لەگەڵیدا، نەیتوانیوە کارایی خۆی بخاتە بواری پراکتیکەوە.
بەو حاڵەش، هەندێ لە چاودێرانی نزیک لە بزووتنەوەی ئیسلاحتەڵەب، وێرای داننان بەو کەمایەسییانە کە لە پڕۆسەکەدا هەیە، هەڵبژاردن بە ڕووداوێکی گرینگ دەزانن.
دکتۆر خالید تەوەکولی، لە کەسایەتییەکانی سەر بە ڕەوتی ئیسلاحتەڵەب و یەکێک لەو بەربژێرانە کە شیاوەتییەکەی لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە ڕەت کراوەتەوە، لە لێدوانێکدا بۆ ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ، دەستنیشانی دەکات کە "هەڵبژاردن دڵی دێموکڕاسییە و گرنگیی تایبەت بە خۆی هەیە لە دەستاودەستکردنی دەسەڵاتدا" و، وێرای ئاماژەش بە ناجێگیربوونی دێموکراسی لە هەڵبژاردندا دەڵێ "لە ئێران کە دامەزراوە سیاسییەکان زۆر دێموکراتیزە نین، پێم وابێ [هەڵبژاردن] ئەتوانێ گرنگیی ببێ، ئەما لە ڕوانگەیەکی ترەوە و بە پێی کارکرد و فۆنکسیۆنیتر ئەشێ سەیری بکرێ."
زۆربەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی دەرەوەی وڵات، بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ئێراندا بە "ڕەوایەتیدان بە سیستەم" وەسف دەکەن و داوایان لە دەنگدەران کردووە لەو "شانۆ"یەدا بەشداری نەکەن.
خالید تەوەکولی بەڵام پێی وا نییە "خەڵک لە بەر ئەوە بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردندا ئەکەن کە ڕەوایی بدەن بە دامەزراوەیەک یان بە گشتی بە سیستمی سیاسی".
ـ دەنگدەران وەکوو ئەمری واقیع قەبووڵیان کردووە کە دامەزراوەیەک هەیە و ئەتوانێ بەشێک لە گیروگرفتەکان چارەسەر بکات. جا لەوانەیە کەسانێک لە بەر کێشەی سەخسی و تاکەکەسی هیوایان بە پارلەمان و نوێنەر هەبێ و لەوانەشە کەسانێکی دیکە هیوادار بن کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بێنە بەر باس و بەدواچوونی بۆ بکرێ؛ تەوەکولی سەبارەت بە بەشدار بوونی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا وا دەڵێ.
هاوکات ئەحمەد ئەسکەندەری، لە چاودێرانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ، دەستنیشانی دەکات کە "هەموو هەوڵی ڕژیمە نادیمۆکرات و دیکتاتۆرەکان ئەوەیە کە هەڵبژاردن وەکوو ئامرازێک بەکاربێنن بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بدەن بە سیستمی سیاسی و دەسەلاتەکەی خۆیان" بەڵام ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە "زۆرینەی خەڵک، نەك بە مەبەستی ئەو ڕەوایەتیدانە، بەڵکوو بەهۆکاری ترەوە بەشداری هەڵبژاردن دەبن."
ناوبراو پێشی وایە کە دەنگدەران، بەو هۆیەوە ئۆپۆزیسیۆن جێگرەوەیەکی بۆ ڕژیم نییە، " دەنگدەران با خۆیان سەرپشك بن کە چۆن دەچنە ناو پرۆسەی دەنگدانەوە."
دکتۆر خالید تەوەکولی بەڵام پێی وایە "بایکۆت لە کۆمەڵگای ئێمەدا نە رێگاچارەیەکی گونجاوە و نە سەرکەوتووش ئەبێ". ناوبراو، وێرای ئاماژە بەوە کە "هەمیشە ئاستێک لە رکابەرایەتی و ئیمکانی هەڵبژاردن لە ئارادا هەبووە و وا نییە کە تەواوی دەرگاکان داخرابن"، جەخت لەوە دەکاتەوە کە " من رێگایەکی سێهەم نابینم."
تەوەکولی دەڵێ: "پێم وانییە کەس چالاکانە هەم لە بواری نەزەری و هەم لە بواری عەمەلی کاری بۆ [دۆزینەوەی ڕێگەی سێهەم] کردبێ. لە راستییدا لە کوردستان کۆمەڵەی مەدەنی لاوازە و بە شێوەیەکی ئۆرگانیک لە نێوان خەڵک و رۆشنبیران و حیزبەکان پەیوەندی و وتووێژ بەرقەرار نییە. کەوابوو لە هەلومەرجێکی وەهادا باشتر ئەوەیە کاری کۆمەڵەیی ( society) و فەرهەنگی بکرێ و لە کەشوهەوای هەڵبژاردنیش بۆ تەمرینی دێمۆکراسی و، لە هەمانکاتدا بۆ چارەسەرکردنی هەندێ لە کێشە ئابووری و سیاسییەکان کەڵک وەربگیردرێ."
بەگوتەی ناوبراو "سیاسەتی بایکۆت لە هەڵبژاردنەکانی شوورا و پارلەماندا سەرکەوتوو نابێ و [ئەمەش] هۆکاری تایبەت بە خۆی هەیە؛ بەڵام لەوانەیە بۆ سەرۆککۆماری بایکۆت بە ئەنجام بگا. بەڵام لە دوو هەڵبژاردنەکەی ترا نە سەرکەوتوو ئەبێ و نە فایدەیشی هەیە."
جەلال جەلالی زادە، لە بەشێکی دیکە لە بابەتەکەیدا کە لە سەر دیواری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکدا بڵاوی کردۆتەوە، ڕەت کردنەوەی شیاوەتیی بەربژێرە ئیسلاحتەڵەبەکانی بە "ناشەرعی" وەسف کردووە و دەستنیشانیشی کردووە کە ڕەتکردنەوەی شیاوەتیی بەربژێران، "نیشانی دا کە پێشبینی و چاوەروانییەکانمان [لە سیستەم] ڕاست دەرنەچوون."
ک. م
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە