تورکیا لە تۆپباران بەردەوامە، ٣ شەڕڤان کوژراون
Sunday, February 14, 2016
NNSROJ- بەهۆی هێرشی دوو رۆژی رابردووی تۆپخانەکانی تورکیا بۆ سەر هێزەکانی یەپەگە، لانیکەم ٣ شەڕڤانی یەپەگە کوژراون.
رۆژی یەکشەممە ١٥ی فێبریە تۆپخانەکانی تورکیا درێژەیان بە تۆپبارانکردنی دەڤەری عەزاز و منیخ لە باکووری پارێزگەی حەڵەبی سوریا دا و وەک سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژئاوای کوردستان دەڵێن؛ لە ئاکامدا ٣ شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی گەل(YPG) لە گوندی دێر جەماڵ گیانیان لەدەستداوە.
ئەمە لە کاتێکدا کە روانگەی سووری بۆ مافەکان مرۆڤ دەڵێ؛ بە هۆی ئەو تۆپبارانکردنەوە ٥ شەڕڤان و هاووڵاتییەکی سڤیل کوژراون و ١٠ هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون.
وتەبێژێکی یەپەگەش بە ئاژانسی فڕانس پرێسی گوتووە؛ لە دەوروبەری فڕۆکەخانە و سەربازگەی منیخ، هێزەکانیان لە لایەن سوپای تورکیاوە تۆپباران کراون.
هاوکات هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە لێدوانێکی رەسمیدا رایگەیاندووە؛ سوپای تورکیا لە چەند شوێنێک هێزەکانی ئەوانی تۆپباران کردووە، ئەمە لەکاتێکدایە کە بە گوتەی خۆیان؛ لەو شوێنانە هیچ هێزێکی یەپەگەیان لە گەڵ نەبووە.
لە هەمان لێدواندا هاتووە؛ تۆپخانەکانی تورکیا ٤ گوندی دەوروبەری شارۆچکەی "عەزاز"یشیان تۆپباران کردووە و بە هۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنی بریندا بوون. لە لێدوانەکەدا ئاماژە بە ژمارەی ئەو بریندارانە نەکراوە.
فەرماندەیەکی "جەیش ئەلسوار"یش رایگەیاندووە؛ لە گەڵ تۆپبارانکردنی هەندێک ناوچەی ژێر دەسەڵاتیان لە لایەن تورکیاوە، چەکدارانی ئەحرار ئەلشام و جەبهەتولنوسرە هێرشیان دەکەنەسەر.
سەرەڕای بەردەوامبوونی هێرشی تۆپخانەکانی تورکیا، رۆژی یەکشەممە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک توانیان بگەنە دەروازەی شارۆچکەی تل رەفعەت و هەر ئێستاش شەڕ و پێکدادانێکی سەخت لەوێ هاتوەتە ئاراوە.
دوای ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە بەرەی خۆرهەڵاتی کانتۆنی عەفرین، فڕۆکەخانەی سەربازیی "منیخ"یان لە چەکدارانی ئەحرار ئەلشام و جەبهەتولنوسرە پاک کردەوە و خۆیان گەیاندە دەروازەکانی شارۆچکەی عەزاز، سوپای تورکیا دەستی بە تۆپبارانی چەند گوندێکی ئەو دەڤەرە کرد.
ئەمریکا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی بۆ تۆپبارانی بنکەکانی یەپەگە لە باکووری شاری حەڵەب لە لایەن سوپای تورکیاوە، داوای لەو وڵاتە کردووە کە ئەو هێرشانە دەسبەجێ ڕابگرێت.
ئەلف. و
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە