دەسپێشخەریی نێودەوڵەتیی ئاشتی: دەمانەوێ ئۆجەلان ببینین
Tuesday, February 16, 2016
NNSROJ- دەسپێشخەریی نێوەدەوڵەتیی ئاشتی خوازیارە دیدارێک لە گەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجام بدات، بەڵام هێشتا وەزارەتی دادی تورکیا، وەڵامی داواکارییەکەی ئەو دەسپێشخەرییە بۆ سازدانی دیدار لە گەڵ ئۆجەلانی نەداوەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی فێڤرییە، شاندی دەسپێشخەریی نێودەوڵەتیی ئاشتی بە سەرۆکایەتیی ئەسا مۆسا پارێزەری نێلسۆن ماندێلا، بە مەبەستی دیدار لە گەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، بۆ جاری پێنجەم داوانامەیەکی رەوانەی وەزارەتی دادی تورکیا کرد.
ئەگەرچی لە رۆژی ٣ی فێڤرییەوە شاندی دەسپێشخەریی ناوبراو داوا لە وەزارەتی دادی تورکیا دەکات، دەرفەتی دیدار و چاوپێکەوتن لە گەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان-یان بۆ بڕەخسێنێت، بەڵام تا ئێستا ئەو وەزارەتە وەڵامێکی ئەرێنی بە داواکارییەکەیان نەداوەتەوە.
دەگوترێت؛ شاندی دەسپێشخەریی نێودەوڵەتیی ئاشتی تا دوایین کاتژمێرەکانی ئەمڕۆ لە سەر هەوڵ و چاوپێکەوتنەکانی لە گەڵ وەزارەتی دادی تورکیا و بۆ وەرگرتنی وەڵامێکی ئەرێنی لەمەڕ بینینی ئۆجەلان، بەردەوام دەبێت.
لە ١٥ی مارسی ٢٠١٥ەوە حکوومەتی تورکیا رێگەی بە هیچ شاندێک و هیچ پارێزەرێکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان نەداوە، دیدار و چاوپێکەوتنی لە گەڵ ئەنجام بدەن.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە