بابەتی گەرم:

لوتکەی ئاڵۆزییەکان: خاڵی گرێدانەوەی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا

Wednesday, February 17, 2016


NNSROJ: کاروانێکی یارمەتیی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیار بوو ئەمڕۆ بەرەو ژمارەیەک شار و گوندی ئابڵۆقەدراوی سووریا وەڕێ بکەوێ، بەڵام لێدوانی کاربەدەستانی تورکیا سەبارەت بە ناردنی هێزی زەوینی بۆ ناو خاکی ئەو وڵاتە و درێژەکێشانی شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزە ڕکابەرەکان، داهاتووی ئاشتی ناڕوونتر دەکات؛ ئەمە بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ئەی ئێف پی.

وتەبێژێکی هاوکارییە مرۆییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە کە "حکوومەتی سووریا، ڕێگەی داوە بە گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی بە حەوت شاری ئابڵۆقە دراو ... کە گومان دەکرێ دەیان کەسیان تێدا لەبرسان مردبێ".

هاوکات ستێفان دی میستوورای ڕێکخەری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، لە لێدوانێکدا لە دیمەشقی پایتەختی ئەو وڵاتە، ڕایگەیاند کە کاروانی یارمەتییە مرۆییەکان ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی فێڤریە وەڕێ دەکەون. 

ناوبراو ئەوەشی وەک "تاقیکردنەوەی" نیەتچاکیی لایەنەکانی شەڕ بەناو کرد، لە پێوەندیی لەگەڵ ڕێگەدان یان نەدانی گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بە لێقەوماوان.

وەزیری کاری دەرەوەی سووریا وەلید ئەلموعولیم، ڕایگەیاندووە کە "ئەمە ئەرکی حکوومەتی سووریایە خۆی بگەیەنێتە هەموو هاووڵاتییەک، لەهەر شوێنێک بن و ڕێگەش بە نەتەوەیەکگرتووەکان بدات کە یارمەتیی مرۆییان پێ بگەیەنێت."

دی میستوورا لە لێدوانەکەی ڕۆژی سێشەممەی خۆیدا گوتیشی "سبەینێ ئەمە تاقی دەکەینەوە".

لێدوانەکەی ئەلموعەلیم لەکاتێکدایە کە زیاتر لە حەوت شاری سووریا هەر ئێستا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕژیم و ئۆپۆزیسیۆنەوە ئابڵۆقە دراون و هیچ چەشنە پێداویستییەکی ڕۆژانەیان پێ ناگات. ئەمە بێجگە لەوەی کە ئەرتەشی سووریا، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ گرتنەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆن دەست پێکردووە.

نیو ملیۆن هاووڵاتی ئابڵۆقەدراون

بەگوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئێستا دوای نزیک بە پێنج ساڵ شەڕی ناوخۆیی، زیاتر لە نیو ملیۆن هاووڵاتی لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی سووریادا لەلایەن ڕژیم، یانیش هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانەوە ئابڵۆقە دراون و تا ئێستا "دەیان هاووڵاتی" لەم شارانەدا لەبرسان مردوون.

ڕێگەپێدانی یارمەتیی مرۆیی یەکێک لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی دانوستانی ئاشتیی نێوان لایەنەکانی شەڕی سووریا بوو و وەک هەنگاوی یەکەم بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لێک دەدرایەوە، بەڵام هەڵسوکەوتی هەردوو لایەنی شەڕ لە مەیدانی کردەوەدا، گومانی لای ناوبژیوانان دروست کردووە.

سەرچاوەیەکی مانگی سوور بە ئاژانسی هەواڵی ئەی ئێف پی ڕاگەیاندووە کە ئەمڕۆ [چوارشەممە] یەکەم کاروانی یارمەتیی مرۆیی بۆ ژمارەیەک گوند و شاری سووریا ڕەوانە دەکرێت کە بەشێکیان لەلایەن ئۆپۆزیسیۆن و بەشێکیشیان لەلایەن ئەرتەشەوە دەورانپێچ کراون.

حەڤدە وڵاتی بەشدار لە دانیشتنەکانی حەوتووی ڕابردووی مونیخدا، لەسەر ئەوە ڕێککەوتبوون کە، لەپێناو کۆتایی هێنان بە شەڕدا کە زیاتر لە ٢٦٠ هەزار کەسی تێدا کوژراوە، لە ماوەی حەوتوویەکدا زەمینەی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی سەرانسەری ئامادە بکرێت.

داهاتووی ئاگربەست ناڕوونە

یەکدابەدووی ڕێککەوتنەکەی مونیخ، هێزە هەواییەکانی ڕووسیا چەند گوند و قوتابخانەیەکی باکووری سووریایان بۆردومان کرد و لە ئەنجامیشدا، بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لانیکەم ٥٠ کەس گیانیان لە دەستدا کە بەشێکیان منداڵن. 

ئەمە و هەوڵەکانی تورکیا بۆ ڕەوانەکردنی هێزی سەربازی بۆ ناو خاکی سووریا، داهاتووی پڕۆسەی ئاگربەست و ئاشتیی سەرانسەری ناڕوونتر دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیارە لە ٢٥ی ئەم مانگەدا، دەورەی دووهەمی دانوستانی ئاشتی لە شاری ژێنێڤی سویس دەست پێ بکات.

وتەبێژی وەزارەتی کاری دەرەوەی ئەمریکا مارک تۆونێر، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان بە گومانەوە باسی لە هەوڵەکانی کۆتایی هێنان بە شەڕ لە ماوەی حەفتەیەکدا کرد و گوتی "نامەوێ بەهانە بۆ جێبەجێ نەبوونی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە [ی مونیخ] بدۆزمەوە، ئێمە بەپێداگرییەوە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانماندا بۆ ڕاگرتنی توندوتیژییەکە".

هاوکات بەشار جەعفەری، نوێنەری سووریا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕایگەیاندووە کە "کۆتاییهێنان بە شەڕ زۆر زیاتر لە حەوتوویەکی پێدەچێ".

بۆردومانکردنی قوتابخانەکەی نزیک حەڵەب لەلایەن فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ڕووسیاوە، هاوکات بوو لەگەڵ هێرشێکی بەرفراوانی هێزەکانی ئەرتەشی سووریا بۆ گرتنەوەی ئەو ناوچەیە. 

کاربەدەستانی سووری ڕایانگەیاندووە کە ئەرتەشی ئەو وڵاتە، بەنیازە "هەموو خاکی سووریا" لەدەست هێزە نەیارەکان دەربێنێ.

کوردەکان لە پێشڕەویدان

باکووری شاری حەڵەب، شوێنێک کە هێزەکانی ڕژیمی دیمەشق هەوڵی داگیرکردنی دەدەن و تورکیاش دەیەوێ هێژمۆنیی خۆی تێدا بپارێزێ، یەکێک لەو ناوچانەیە کە زۆرترین کێشمەکێشی لەسەر بووە. 

کۆنتڕۆڵی ناوچەکە، بێجگە لە بەرەی نووسڕە کە بە باڵی ئەلقاعیدەی سووریا دەزانرێت، لەدەست گرووپ و تاقمە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیادایە و بە یەکێک لە هێڵەکانی پەیوەندیی جیهادییەکان دەزانرێت لەگەڵ جیهانی دەرەوە.

سەرەڕای ئەمانە، کوردەکانیش بە گرتنی ئەم ناوچەیە دەتوانن دوو کانتۆنی عەفرین و کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان بە یەکەوە گرێ بدەنەوە، بۆیە بۆ ئەوانیش گرنگییەکی ستراتیژیکی هەیە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، هێزە کوردییەکان و هاوپەیمانە عەرەب و ئاسوورییەکانیان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا توانیویانە ژمارەیەک گوند و شارۆچکەی ئەم ناوچەیە لەدەست جیهادییەکانی لایەنگری هێژمۆنیی تورکیا دەربێنن.

گرووپە چەکدارەکانی عەزاز و دەوروبەری، لە پەیوەندییەکی پێچەڵاوپێچدان لەگەڵ باقیی جیهادییەکانی وەک داعش و بەرەی نوسڕە.

ئەرتەشی بەشار ئەسەد، لە ناوەڕاستی حەوتووی ڕابردوودا هەوڵی گرتنەوەی ئەو ناوچەی دابوو، بەڵام لەگەڵ بەربەرەکانیی سەرسەختانەی هێزە جیهادییەکان ڕووبەڕوو و بۆ شارۆچکەکانی "نەبل" و "ئەلزەهرا" پاشەکشێی کردبوو.

تورکیا هەڕشەی داگیرکردن دەکات

بە گەیشتنی هێزە کوردییەکان بەو ناوچانە، کاربەدەستانی تورکیا هەڵمەتێکی بەربڵاوی دیپلۆماسی و سیاسییان دەست پێکرد و داوایان لە وڵاتانی هاوپەیمانیان کرد، سەبارەت بەم بارودۆخە نوێیە بێدەنگ نەبن.

دوابەدوای ئەمە، ئەرتەشی تورکیا ژمارەیەک ناوچەی تازە ڕزگارکراوی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی بە خەستی تۆپباران کرد و لە ئەنجامیشدا، بێجگە لە ژمارەیەک هاووڵاتیی سیڤیل، هەروەها چەند شەڕڤانی کوردیش گیانیان لە دەست دا. 

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە پشتیوانیی هیزە کوردییەکان دەکات لە شەڕیاندا بە دژی جیهادییەکان، داوای لە تورکیا کرد کە تۆپبارانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان ڕابگرێت، بەڵام هاوکات داواشی لە کورد و هاوپەیمانەکانی کرد کە چیتر پێشڕەوی نەکەن.

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، دوای کۆبوونەوەیەکی ئاوارتە کە ڕووسیا داوای پێکهێنانی کردبوو، داوای لە تورکیا کرد کۆتایی بە بۆردومانەکانی بێنێت.

رافائێل رامیرێز سەرۆکی دەوریی ئەنجومەنی ئاسایش، دوای کۆبوونەوە ئاوارتەکە، بە لێدوانێکی رۆژنامەوانی بڕیارەکەی خۆیانی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش کۆک بوون لەسەر ئەوە کە تورکیا دەبێ هێرشەکانی رابگرێت.

تورکیا، بێجگە لە نیگەرانی سەبارەت بە پێشڕەویی کوردەکان بەرەو ئەو ناوچانە، هەروەها نیگەرانی پشتیوانیی ڕووسیاشە لە ڕژیمەکەی بەشار ئەسەد. 

کاربەدەستێکی تورکیا هێرشە هەواییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ڕووسیا بە "بەربەریانە" وەسف دەکات و هەڕەشەی ئەوەش دەکات، هێزی زەوینی ڕەوانەی ناو خاکی سووریا بکات.

جێگری سەرۆکی وەزیرانی تورکیا یاڵچین ئاکدۆغان، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بەنیازە ناوچەیەکی ئەمن بە قووڵایی ١٠ کیلۆمەتر لە ناو خاکی سووریادا دروست بکات، وا کە شاری عەزازیش بگرێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە وڵاتانی هاوپەیمانی کرد هەوڵەکانیان دەست پێ بکەن.

لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "ئا هابەر"، ئاکدۆغان گوتی "گەمەیەک بۆ گۆڕینی ستروکتووری دێمۆگرافیی ئەو ناوچەیە دەستی پێکردووە، تورکیا نابێ ببێتە بەشێک لەم گەمەیە".

گوتیشی "ئەوەی ئێمە دەمانەوێ ئەوەیە کە بە قووڵایی ١٠ کیلۆمەتر، وا کە عەزازیش بگرێتەوە، ناوچەیەکی ئەمن دروست بکەین. ئەم ناوچەیە دەبێ لە شەڕ و پێکدادان پارێزراو بێت."

ک. م


پەیوەندی‌دار:

شاهیدی دانی زارەکی لە کۆمیتەی کارو باری بەرگری پاڕڵمانی بریتانیا ( هاوس ئاف کامنس)

" کۆمەڵگای فێدراڵی خۆسەر لە ئانارشیسمەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان"

ڕۆژئاوا لەژێر هێرشی سوپای تورکیادا

بۆ ئەوەی رۆژئاوای کوردستان بپارێزین

تورکییە چووەتە ناو گەمەیەکەوە کە دارێژەرەکەی ڕووسیایە

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷