"تورکیا ٥٠٠ چەکداری ناردوەتە نێو خاکی سووریا"
Thursday, February 18, 2016
NNSROJ: رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ لە سووریا دەڵێت؛ تورکیا سەدان چەکداری جیهادیی لایەنگری خۆی رەوانەی نێو خاکی سووریا کردووە.
بەگوێرەی ڕێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ لە سووریا؛ "لانیکەم ٥٠٠ چەکدار"ی سەر بە ڕەوتە جیهادی و ناسیۆنالیستەکانی تورکیا، بۆ هاوکاریی ئەو چەکدارانە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە لایەن هێزە کوردی و هاوپەیمانەکانیانەوە لە نێو شاری عەزازدا دەورپێچ کراون، لە سنووری "باب ئەلشام"ی نێوان تورکیا و ڕۆژئاوای کوردستانەوە، بە چەک و تەقەمەنییەوە چوونەتە نێو خاکی سووریا.
ڕامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ڕێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤی سووریا، بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی گوتووە؛ لە نێو ئەو کەسانەدا کە سنووریان بڕیوە، كەسانی سەر بە ڕەوتە ئیسلامییەکانیش دەبینرێن.
ئاژانسەکانی هەواڵ پێشتر بڵاویان کردبوەوە؛ "بەگشتی ۳٥٠" چەکداری ئیسلامی، ڕۆژی ۱٤ی فێڤریە بە چەکی سووک و قورسەوە، سنووری "ئاتمە"ی نێوان تورکیا و سووریایان بە مەبەستی گەیشتنە ناوچەکانی شەڕ بڕیوە.
ناوچەکانی باکووری شاری حەڵەب، کە خاڵی پەیوەندیی دوو کانتۆنی عەفرین و کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستانە، لە دەست چەکدارە تورکمەن و ئیسلامیستەکانی لایەنگری تورکیادایە، بەڵام لە ئەنجامی هێرشی بەرفراوانی ئەرتەشی بەشار ئەسەد لە لایەک و هەوڵی گرووپە کوردییەکان بۆ گرێدانەوەی هەر دوو کانتۆن، بەشێکی زۆری ناوچەکەیان لەدەستداوە.
چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن، کە لە بەرەی نوسڕە و هەندێ تاقمی تورکمەن پێکهاتوون، لە ئەنجامی شەڕی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە باکوورەوە تەنیا شاری عەزازیان لە دەستدا ماوە کە دەکەوێتە سەر سنووری تورکیا و لە باشووریشەوە شارۆچکەی "مەرعا".
هێزە کوردییەکان لە هەردوو شوێن چەکدارانیان دەورپێچ کردووە. ناوچە ڕۆژئاواییەکانی عەزاز و دەوروبەری لە دەست چەکدارانی داعشدایە.
تورکیا، کە نیگەرانی پێشڕەویی هێزە کوردییەکانە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوانی بۆردومان کردووە و بە گوێرەی ڕێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ، سەرەڕای داواکاریی ئەمریکا و ئەنجومەنی ئەولەکاریی نەتەوەیەکگرتووەکان، بۆردومان دریژەی هەبووە.
ک. م
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە