دەرهێنەرێکی کورد دەستی بەڕووی خەڵاتێکی ناونەتەوەییەوە نا
Monday, February 29, 2016
NNSROJ: دەرهێنەرێکی کوردی باکووری کوردستان، بەنیشانەی ناڕەزایەتی لە بێدەنگیی وڵاتانی ڕۆژئاوایی، خەڵاتی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی لەندەنی ڕەت کردەوە.
بڵەند گوندووز، دەرهێنەری کوردی باکووری کوردستان کە بە فیلمی "کوردستان کوردستان" لە فێستڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی لەندەندا بەشدا ببوو و خەڵاتی "باشترین فیلمی بیانی" پێ ڕەوا بینرابوو، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە بێدەنگیی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەرتەشی تورکیا بۆ سەر کوردستان، هەروەها وەک پشتیوانییەک لە "بەرخۆدانی خەڵکی باکووری کوردستان"، خەڵاتەکەی ڕەتکردەوە.
ناوبراو لەو بارەوە گوتی "فیلمەکەم توانی خەڵاتی باشترین فیلمی بیانی لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلم لە لەندەن بە دەست بێنێت، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخە ترسناکە کە لە کوردستان و بە تایبەت لە جزیرێ، سلۆپی و ناوچەی سووری ئامەد لە ئارادایە، خۆم لە وەرگرتنی خەڵاتەکە پاراست."
ناوبراو گوتیشی "هەموو جیهان ئاگاداری بارودۆخی کوردەکانە، بەڵام لە باشترین حاڵەتدا تەنیا لە دوورەوە سەیر دەکەن، بە تایبەت دەوڵەتانی ئەوروپیی وەک ئینگلیز، فەڕانسە و ئاڵمان. بەو کارەم دەمەوێ لەبەرامبەر ئەم بێدەنگییەدا ڕاوەستم، بەڵکوو بتوانم سەرنجیان بۆسەر کوردستان ڕاکێشم".
ئەو دەرهێنەرە کوردە، وێڕای ئاماژە بەوە کە هیوادارە پەیامەکەی گەیشتبێتە گوێی ڕای گشتی، جەختی لەوە کردەوە کە " میللەتی کورد ئەمڕۆ لە جیهاندا، بە حەشیمەتێکی ٤٠ ملیۆنییەوە هیچ ناسنامەیەکی پێ ڕەوا نەبینراوە، بەو حاڵەش تەنیا میللەتێکە کە لەبەرامبەر داعشدا شەڕ دەکات".
گوندووز دەستنیشانی کرد کە "جیهان لە بەرامبەر کوشتاری کورداندا، بە تایبەت لە تورکیا، بێدەنگە" و ڕوونیشی کردەوە کە ئامانجی لەم کارەی ئەوە بووە سەرنجی جیهانیان بۆ سەر "ئەم جینایەتە" ڕاکێشێت، تا "بەڵکوو کۆتایی بەم کوشتارە بێت و میللەتی کورد بە مافەکانی خۆی بگات".
شیاوی ئاماژەیە کە فیلمی "کوردستان کوردستان" چیرۆکی ژیانی هونەرمەندێک دەگێڕێتەوە کە دوای بیست ساڵ ژیان لە تاراوگە، بڕیار دەدات بگەڕێتەوە کوردستان. فیلمەکە پێشتریش خەڵاتی باشترین فیلم و باشترین مۆسیقای فێستیڤاڵی فیلمی لۆس ئانجلێسی وەرگرتووە.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە