داوای لابردنی حەسانەی پارلەمانیی دەمیرتاش و هاوڕێیانی دەکرێت
Friday, March 4, 2016
NNSROJ: وەزارەتی دادی تورکیا داوای کردووە حەسانەی پارلەمانیی هەردوو هاوسەرۆکی پارتی دێموکراتیکی گەلان و ژمارەیەک لە هاوکارە نزیکەکانیان لاببرێت.
بەگوێرەی ئاژانسی دەوڵەتیی تورکیا "ئانادۆڵوو"، داوایەلی ڕەسمیی وەزارەتی دادی تورکیا ڕادەستی ئۆفیسی سەرۆکوەزیران و داوا کراوە دۆسیەکە بخرێتە بەر دەم پارلەمان بۆ دەنگدان.
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، پێشتر کاربەدەستانی پلەبەرزی پارتی دێموکراتیکی گەلانی بەوە تاوانبار کردووە کە بەشێک بن لە پارتی کرێکارانی کوردستان.
ناوبراو لە کۆمەڵێک لێدواندا داواشی کردووە ئەندامانی هەدەپە ببرێنە بەردەم دادگە.
شیاوی ئاماژەیە کە پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا "مەهەپە"، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو داوای کردبوو، "لە چوارچێوەی بەربەرەکانی لەگەڵ تیرۆردا"، ئەندامانی پارلەمانی تورکیا بڕیار لەسەر لابردنی حەسانەی پارلەمانیی پارلەمانتارانی پارتی دێموکراتیکی گەلان لاببرێت.
داواکارییەکەی وەزیری دادی تورکیا داوای لابرانی حەسانەی هەر یەک لە هاوسەرۆکانی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هەروەها سەلما ئیرماک، سڕی سوڕەیا ئۆندەر و ئەرتوغروڵ کورکجووی کردووە.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس، تا ئێستا زیاتر لە ٦٠ داوای تایبەت بە لادرانی حەسانەی پارلەمانیی سەلاحەدین دەمیرتاش، لەلایەن ئەندام و کاربەدەستانی هەردوو پارتی داد و گەشەپێدان و نەتەوەپەرستی تەرکیاوە، ڕادەستی پارلەمان کراون.
ئەم هەوڵانە تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی حقووقییان بەدواوە نەبووە، بەڵام هاوسەرۆکی هەدەپە فیگەن یوکسەداغ، پێشتر ڕایگەیاندووە کە ئەوان ئامادەن دەنگ بە لادرانی حەسانەی پارلەمانیی خۆیان و باقیی سیاسەتمەدارانی تورکیا بدەن.
ک. م
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە