NNSROJ: لەبەیاننامەی کۆتایی کۆڕبەندی بەرپرسانی باڵای ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامیدا کە بە دێکلەراسیۆنی ئیستانبوڵ ناونراوە، ڕەخنەی توند رووبەرووی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران کراوە و ناوی "پەکەکە، پەیەدە و یەپەگە"ش خراوەتە پاڵ گروپە توندرەوە ئیسلامییەکان. لەو بەیاننامەیەدا هێرش بۆسەر باڵاخانه دیپلۆماتیکەکانی سعودیا لە دوو گەورە شاری ئێران، تاران و مەشهەد سەرکۆنەکراوە. هەروەها کاردانەوەکانی ئێران بەرامبەر بە لەسێدارەدانی چالاکانی شیعە لە سعودیا بە بێ بنەما و بەدەستێوەردانی ئاشکرا لەکارووباری ناوخۆیی سعودیەدا لەقەڵەمدراوە. لەبەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا دەست تێوەردانی ئێران لە کارووباری ناوخۆیی وڵاتگەلی ناوچە و هەندێ وڵاتی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی وەکوو بەحرەین، یەمەن، سوریە و سومالی و بەردەوامی پاڵپشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تیرۆریزم شەرمەزار کراوە . حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران و محەممەد جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، بەشداری دانیشتنی لوتکەی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی نەبوون. بە گوتەی ڕاگەیەندنەکانی ئێران هۆکاری بەشدار نەبوونی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی، نیشاندانی نارەزایەتی لەدژی ناوەرۆکی بەیاننامەی کۆتایی کۆڕبەندی بەرپرسانی باڵای ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی بووە کە لەناویدا چوار خاڵی دژی ئێران و خاڵێکی دژی حیزبوڵڵای لوبنان جێگیر کراوە. وەزیری کارووباری دەرەوەی ئێران پێشتر سەبارەت بە ڕەشنوسی بەیاننامەی کۆتایی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی گوتبووی" ئەو بەیاننامەیە بەپێچەوانەی ڕوحی یەکییەتی ئیسلامییە و لە بەرژەوەندی ئیسرائیل دایە". بەرێوەچوونی ئەو کۆڕبەندە هاوکاتە لەگەڵ قوڵبوونی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و زەقبوونەوەی کێشەکانی نێوان وڵاتانی سەرەکی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی سەبارەت بە پرسی سوریا و هەندێک کێشەی دیکە. لەو نێوەندەدا سعودیا و ئێران پەیوەندی دیپلۆماتیکیان پچڕاوە و پەیوەندی نێوان ئێران و تورکیاش بێ گرژی نەبووە . چاودێری سیاسی، ئاسۆ ساڵح سەبارەت بە بەیاننامەی کۆتایی کۆڕبەندی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی و سەرکۆنەکردنی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە ناوەندی نوچە و شرۆڤەی ڕۆژ دەڵێت؛ ” دەوڵەتی تازهی كۆماری ئیسلامی ئێران مهئمووریهتی ئهوهی پێدرابوو کە بەشێک لەسیاسهتی دهرهوهی دووباره ڕێك بخاتهوه. دۆكتۆرینی سیاسهتی دهرهوهی ئێران لەوچووارچێوەیەدا هەوڵی بۆ چارهسهر كردنی مهسهلهی ناوهكی و ئاسایی كردنهوه پێوهندیهكان لهگهڵ وڵاتانی رۆژئاوادا کە تا ڕادەیەکیش سەرکەوتوو بوون. بهڵام ئاسایی كردنهوهی پێوهندی لهگهڵ دراوسێكان یا لهگهڵ وڵاتانی مێنا (واته ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست و باكووری ئافریقا) كه زۆربهیان ئیسلامین، زۆر سهركهوتوو نهبووە. دەتوانین بڵێین ئەوە شکستێکە بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئێران و بەیاننامەی کۆتایی رێكخراوهی هاوكاریی ئیسلامی ئهو ڕاستیهمان بۆ دهردهخات". ئاسۆ ساڵح لە وڵامی پرسیارێکی ئێن ئێن ئێس رۆژدا سەبارەت بە داهاتووی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین دەڵێت: ” پاش چارهسهربوونی مهسهلهی ناوهكی، كۆماری ئیسلامی ههوڵ دهدا سیاسهتی دهرهوهی خۆی له ئاست ناوچه بگۆڕێ. ئهو گۆڕانه دهتوانێ ههم له سهر ئهساسی دروست كردنی كێشه بێت و ههم له سهر ئهساسی ئارام كردنهوهی گرژیهكان. بهلەبەرچاوگرتنی کاریگەری کۆماری ئیسلامی ئێران له سەر وڵاتانی ناوچه، وهكوو عێراق، یهمهن، لوبنان و سووریه و کردەوەکانی ئەم دوواییەی وەکوو ناردنی هێزی سوپا(ئەرتەش) بۆ سوریا و ڕەوانەکردنی چەک بۆ هاوپەیمانەکانی لەو وڵاتانە ، دەردەکەوێت كه گۆڕانی سیاسهتی كۆماری ئیسلامی زیاتر بهرهو قووڵتر كردنی گرژیهكان دهچێت. هەروەها ههوڵدان بۆ كاریگهری زۆرتر لەسەر شیعهكانی بهحرین و عهرهبستان و کارکردن لەپێناو نائارام كردنی ئهم وڵاتانه و دروست كردنی پێوهندی ئابووری قووڵ لهگهڵ وڵاتانی ناوچه وهكوو پاكستان، عێراق، توركیه و حكوومهتی باشووری كوردستان بۆ گوشار خستنه سهر بزووتنهوهی بهلووچ و كورد له ئێران دهتوانێ بەشێک بێ لە چوارچێوهی سهرهكی سیاسەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی له داهاتوودا”. لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەی کۆتایی بەرپرسانی باڵای ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامیدا ئاماژە بە مەترسیەکانی تیرۆر لەسەر وڵاتانی ئەندام کراوە. لەو پێوەندیەدا لەراگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی وەک داعش، ئەلقاعیدە، بوکۆحەرام، ئەلشەباب و پەکەکە/پەیەدە/ یەپەگە بەهۆی بۆشایی دەسەڵات و بە وەدەستهێنانی هەل و دەرفەت و بەهێز بوونیان بوونەتە مایەی نیگەرانی بۆسەر وڵاتانی ئەندام. هەر بۆیە دەبێ بە باشترین شێوە خەباتی دژە تیرۆر درێژە پێبدەین”. ڕیزکردنی ناوی "پەکەکە، پەیەدە و یەپەگە" لەپاڵ گروپگەلی تیرۆریستی، لەلایەن ئەو رێکخراوەوە لەکاتێکدایە کە ئەو کۆڕبەندە بە میوانداری تورکیا بەڕێوەدەچێت. حکومەتی ئەو وڵاتە لەساڵی ٢٠١٢ وە لەدژی بەهێز بوونی کورد لە ڕۆژئاڤای کوردستان بەگشتیی و پەیەدە بە تایبەتی بووە، تەنانەت ئەو پرسە بووەتە خاڵی ناکۆکی ئامریکا و تورکیاش. چاودێری سیاسی، هادی سۆفی زادە سەبارەت بەو پرسە بۆ ئێن ئێن ئێس ڕۆژ دواو گووتی؛ ” کۆبونەوەی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی هەر چەند ساڵ جارێک بەڕێوە دەچێت، ئەمجارە لە تورکیە و بە واتایەکی دیکە تورکیە خانە خۆێی کۆبونەوەکە بووە. ئەگەر لە بازنەیەکی بەرفرەوانتریشدا لێکی بدەینەوە، دنیای ئیسلام بە هۆی قەیرانەکان بەسەر دووبەشدا دابەشبووە. تورکیە وەک نەیاری گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەمو بەشەکانی کوردستان ئامانجی شکست هێنانی نەتەوەی کوردە. بۆیە لەم قۆناغەدا گەرەکیە بڕیاراتی ئەم ڕێکخراوەیە بەو ئاڕاستەیەدا ببات کە خۆی مەبەستییەتی، چونکە بڕیاراتی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی وەک دووهەمین ڕێکخراوی گەورەی نێودەوڵەتی دووای نەتەوە یەکگرتووەکان گرنگی خۆی هەیە. تورکییە ئەزانێت کە پێگەی کورد لە ئاستی نێونەتەوەییدا بەهێز بوە بۆیە ئەیەوێت بە بە دەست هێنانی دەنگی وڵاتانی ئیسلامی، ئەمریکا و ڕۆژئاوا ناچار بکا تا لە هاوکاری ڕۆژئاوای کوردستان خۆ ببوێرن." بەڕێوەچوونی ئەو کۆڕبەندە لە تورکیا لەکاتێکدایە کە حکومەتی ئەو وڵاتە لە باکووری کوردستان سەرقاڵی شەڕێکی قورسە، بەپێی ڕاپۆڕتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ لە ئەنجامی هێرشی سوپای تورکیا بۆسەر شارەکانی باکووری کوردستان دەیان هاووڵاتی کورد بوونەتە قوربانی، بەڵام لەو کۆڕبەندەدا ئاماژە بەو کوشتارانە نەکراوە و تەنیا جەخت لەسەر بەهێزکردنی شەڕ لەدژی پەکەکە کراوە. چاودێری سیاسی، سەعید ساعدی سەبارەت بە کاریگەری دەرکردنی ئەم بەیاننامەیە لەسەر ڕۆژئاڤای کوردستان و بزافی کورد لە باکووری کوردستان بە ئێن ئێن ئێس ڕۆژی گووت کە، ” ئاستی تۆندووتیژی و برەودانی زیاتری هەژموونی داگیرکاری و دۆزینەوەی پاڵ و گۆپاڵی نوێ لە درێژەی رەوتی ئینکار و ژینۆسایدی گەلی گورد رێک هاوتەریبە لە گەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی بەرخودانی گەلی کورد. بە تایبەتی لەم چەند ساڵەی دواییدا گەلی کورد بە رەنج و گیانبازی خۆی لە رۆژئاوا و باکوور لە ناخی ئیرادەی کۆیلەکردنی مرۆڤی کوردی داوە.” ساعدی بە ئاماژە بەوە کە ئەوە بەشێکە لە سیاسەتەکانی تورکییەیە بۆ کۆکردنەوەی هاودەنگی و مەشروعیەتدان بە هێرس و پەلامارەکانی بۆ سەر گەلی کورد لە باکوور و ڕۆژئاڤا، دەڵێ؛ “ ئەوەی لازمە زۆر راشکاوانە بووترێت ئەوەیە کە رەوەندی بەرخۆدان و ئاستی وشیاری نەتەوەیی نیشانی داوە کە هەر چی فشار و کوشتار زیاتر پەرە بسێنێت، رادەی یەکگرتوویی و بڵندکردنی بەرخۆدانیش پەرە دەسێنێت. بەڵام دەرکردنی بەیاننامەی وەها و هەر هەوڵێکی تری لەم جۆرە هیچ لە خواست و ئیرادەی تێکۆشانی گەلەکەمان کەم ناکاتەوە.” کۆتایی سێزدەهەمین کۆڕبەندی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی دوانیوەڕۆی ٢٧ی خاکەلێوە(١٥ی ئاوریل) بە گوتاری رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە ئیستانبوڵ کۆتایی پێهات . ڕێکخراوی هاوکاریی وڵاتانی ئیسلامی، دووهەمین ڕێکخراوی گەورەی نێودەوڵەتییە دوای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە. ٥٧ وڵات لە ٤ کیشوەری جیهان تێدا ئەندامن و یەکەمین کۆڕبەندی ئەو ڕێکخراوە ساڵی ١٩٧٠ ی زایینی لە جەددەی پایتەختی سعودیا بەڕێوەچووە. ئـ .ب
هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی
یوونس رهزایی
4/16/2016 10:19:00 AM
مەحموود بۆزئەرسڵان / ئەلمۆنیتۆر وەرگێڕانی: NNSROJ
3/17/2016 4:07:00 AM
سیمای باوی رۆشنبیر-ژورنالیست لە کوردوستاندا ئیتر لە سیمای فرۆشیارەکانی ئەو مۆڵانە ئەچێت کە دوای هەر هەورەتریشخەیەک وەک قارچک سەرهەڵدەدەن و بەردەوام لە زیادبووندان.
4/14/2016 8:08:00 AM
ئهگهر له ساڵانی پێش هێرشی داعیشدا له باشووری كوردستان دهستهواژهی وهك "واسیته" و "خاڵ" و "تهعینات"، شویێنی "ئازادای" و "یهكسانی" و "داد"یان گرتبۆوه، ئهوا ئهمڕۆكه ئهوانه چیتر بۆ بهدهستهێنانی شوێن...
4/12/2016 4:10:00 PM