
1
سامان رەسووڵ پوور
پێشنیارێک دەربارەی محەممەد سدیق کەبوودوەند
زۆر کەس لەو ماوەیەدا پرسیاریان لێکردووم کە بۆ پشتگیری کردن لە بەڕێز کەبوودووەند چیمان لەدەست دێت؟
زیاتر لە مانگێکە، "باوکی مافی مرۆڤی کوردستان"، مانی لە خواردن گرتووە. ئاخرین هەواڵ ئەوەیە کە گوورچیلەکانی بەڕێز کەبوودوەند عفونەتیان کردووە و ژیانی لە مەترسی زۆر جیددی دایە.
دۆستان!
وەک دۆست و هاوکاری پێشووی بەڕێز کەبوودوەند، پێشنیارێکم هەیە. با ڕۆژێک دیاری بکەین بە ناوی "ڕۆژی خاوەندارێتی کۆمەڵگای کوردستان لە محەممەد سدیق کەبوودوەند". وەک پێشنیار، ڕۆژی شەممە، 30ی ژوئەن، دەکرێت گونجاو بێت.
لەو ڕۆژە دا چی بکەین؟
- باش دەبێ ئەگەر حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنیەکانی کوردستان، بە دەرکردنی بەیانیە یا هەر لێدوانێکی ڕەسمی، پشتگیری لە بەڕێز کەبوودوەند بکەن.
- باش دەبێ ئەگەر تەواوی تیڤییە کوردییەکان، لەو ڕۆژەدا، بەرنامەی تایبەت دەربارەی باوکی مافی مرۆڤی کوردستان سازبکەن.
- باش دەبێ کاوێر یا لۆگۆیەکی تایبەت بەو ڕۆژە سازبکرێت و کوردەکانی ناو فەیسبووک، بیکەن بە وێنەی پرۆفایلەکانیان.
- باش دەبێ هونەرمەندانی کورد، بەرهەمێکی نوێ یا ڕابردوویان پێشکەش بە بەڕێز کەبوودوەند بکەن. هەر کەسە بە پێی توانا، پارچە مووزیکێک، شێعرێک، کارتۆنێک، یا هەر بەرهەمێکی دیکە، پێشکەش بە بەڕێز کەبوودوەند بکا.
- باش دەبێ سەرجەم ئەو کەسانەی کە بەڕێز کەبوودوەند لە نزیک یا لە دوورەوە دەناسن، یا ئاگاداری چالاکییەکانی هەن، نووسراوە، یا وتارێکی کورت، دەربارەی بنووسن و بۆ سایتە کوردی و فارسی و ئینگلیسییەکان بینێرن و بە دەنگ و ڕەنگ زەبتی بکەن و لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی بکەنەوە.
- باش دەبێ بنەماڵە کوردەکان، لە سەتاسەری جیهان، لە ماڵەکانی خۆیان، مۆمێک، یا وێنەیەەکی بەڕێز کەبوودوەند دابنێن و وێنەی لێ بگرن و پاشان وێنەی خۆیان و مۆمەکە لە فەیسبووک بڵاوبکەنەوە و بنووسن بۆچی وایان کردووە.
- باش دەبێ لەو ڕۆژەدا، کوردەکانی تاران، سەردانی بنەماڵەی کەبوودوەند بکەن و با بچنە عەیادەتی پێژمانی کەبوودوەند.
- باش دەبێ کۆمەڵگای کوردستان، بە هەموو ئەحزاب و پارت و لایەنە چالاکەکانی لەو ڕۆژەدا، بە هەر شێوەیەک کە گونجاوە و بۆیان دەکرێ، پشتیوانی لە کەبوودوەند بکەن. ئەوە دەتوانێ دەسپێکێکی باش بێ بە باوەڕی من.
- ڕۆژ و تایتێلەکە دەتوانێ گۆڕانکاریشی بەسەر دابکرێ.
لەبیرمان نەچێ کە بەڕێز کەبوودوەند، چاوەڕێی هیممەتی ئێمەیە و جگە لە ئێمە، کەسی تری نیە. لەبیرمان نەچێ کە بەیانییە و بانگەواز و بەرنامە تایبەتەکانی دوای کارەسات هیچ دەردێک دەوا ناکا. تکایە ئەگەر ئەو پێشنیارەتان پێ گونجاوە، بڵاوی بکەنەوە و ڕا و سەرنجی خۆیان بنووسن.
براتان/ سامان رەسووڵ پوور
...
2
قادر وریا: کهبوودوهند بێکهس نییه، نهتهوهیهک پشتیوانییهتی
محهممهد سهدیق کهبوودوهند، تێکۆشهری بێپهروای بواری داکۆکی له مافه مرۆییهکانی خهڵکی کوردستان، تهمهن و چارهنووسی خۆی و تهنانهت چارهنووسی هاوسهر و مندالهکانی له رێگای داکۆکی له ماف و ئازادییهکانی دانیشتوانی کوردستان قوربانی کردوه. ئهو که بهناحهق و نارهوا خراوهته بهندیخانه ، له بهندیخانهش بهردهوام له گهڵ گوشار و مهحدوودییهتی جۆراوجۆر بهرهوروو بووه.ههلومهرجی خراپی ناوبهندیخانه تووشی کۆمهڵێک نهخۆشیی کردوه.بهڵام کهبوودوهند بهو هۆیهوه که له بهندیخانهشدا، له ئهرکی مرۆڤدۆستانه و مرۆڤپارێزانهی خۆی غافڵ نهبووه ، کهتۆته بهر رق و قینی کاربهدهستانی کۆماری ئیسلامی و تهنانهت رێگای موعالیجه له دهرهوهی زیندانیان پێنهداوه. لهمهش دلتهزێنتر، ئهوهندهیان مهرهخهسی پێنهدا له زیندان بچیته دهر وخۆی بۆ چارهسهری نهخۆشیی کورهکهی تهرخان بکا که به داخهوه له وهزعێکی نالهبار دا دهرد و ئازاد دهچێژێ.
کهبوودوهند وهفای خۆی به نهتهوهکهی و ئینسانییهت به باشترین شێوه سهلماندوه. ئێستا نۆرهی نهتهوهکهی و مرۆڤه به ههڵوێست و خاوهن ویژدانهکانه وهفا و پێزانینی خۆیان بهرامبهر کهبوودوهند، بسهلمێنن.
کهبوودوهند ههموو ژیان و تهمهنی خۆی بۆ میللهتهکی داناوه، ئێستا نۆرهی نهتهوهکهیهتی که تهنیا رۆژێکی ژیانی خۆیان بۆ ئاوردانهوه له کهبوودوهند و پشتیوانی لهو رۆڵه بهوهجهی خۆیان تهرخان بکهن. 30 ژوئهن، رۆژی هاوپیوهندی له گهل کهبوودوهند، رۆژی پشتگیریی تێکڕاییمان لهو مرۆڤه بهرزهیه که رق و ستهم و بێعهدالهتیی دهسهڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، نهیتوانیوه سهری پێنهوی بکا.با له ههموو شارو گوندێکی رۆژههڵاتی کوردستان وله ههر جێیهکی کوردێکی رۆژههلات دهژی، له رۆژی 30 ژوئهن(10ی پووشپهر) دهنگمان بهرز بکهینهوه و داوای ئازادیی کهبوودوهند بکهین.با نیشانی بدهین کهبوودوهند بێکهس نییه و نهتهوهکهی و ههموو هاونیشتمانه خاوهنویژدان و بهههلوێستهکانی کهسی ئهو وپهنا و پشتیوانی ئهون.
...
3
وریا بوداغی: لە بۆ دڵت، بۆ خەباتت چ دەتوانین بکەین؟
بە مانگرتن لە خواردنی٣ ڕۆژەم، پشتیوانی خۆم لە داواکارییەکانی کەبودوەند ڕادەگەیەنم.
هەموو دەزانین کە لە ئێستادا بەڕێز، محەمەد سدیقی کەبودوەند پێویستی بە هاودەنگی و پشتیوانی گەورە هەیە. من وەک خۆم بە هۆی خۆشەویستی گەورەم بۆ ئەو مرۆڤە مەزنە و هەروەها بە تایبەتیش کە لە ئێستادا و لە بارودۆخی خۆمدا تا ماوەیەکی تر ئیمکانی هیچ پڕۆژەیەکی هونەریم نییە بۆ کەبودوەند و لە لایەکی ترەوە مانگرتنە بێ سنورەکەی بەڕێزیان دەمێکە منی خستۆتە نیگەرانێکی گەورەوە و هەربۆیە لە جێگای پێشاندانی پڕۆژەیەکی تری هونەریم لە سەر کەبودوەند ومافەکانی مرۆڤ، ئەمجارەیان خۆم مان دەگرم.
لە ڕێگای ئەم مانگرتنەوە بە بەڕێز باوکی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێم کە دڵم پڕە لە ژان لە بۆ ڕۆژانی سەختی ژیانت و هیوادارم لەم ڕۆژانەدا چاوت بە جگەرگۆشەکەت بکەوێ و دڵت ئارام بگرێتەوە.
لە کۆتاییدا ئێستا و دواتریش مرۆڤ پێویستی بە تۆیە.
وریا بوداغی / ٢٧ی مانگی ژوئن
...
4
دەردی دڵ/ سەیران حوسێن پەناهی
ئەوەڵین کەسێک بووی، لە ساتە ناخۆشەکانی ژیانمەوە هاتی بە هانامەوە.
لە بەر باغی سپیداری سنە.
تۆ بوویت و کچەکەت، دڵنیات کردم و وتت تا من هەم خەم مەخۆ.
دوایی هەموو هەوڵێکت دا بۆم. نازانم چەن ساڵ پێش بو، بەڵام دڵنیام زەمانێکی ئەوەندە دوور نییە کە سەرت ئاوا سپی کات و نەتناسمەوە.
ئێستە من چی بکەم کە لە خەمی تۆ کەم کاتەوە؟
شەرمەزاری تاڵە تاڵی قژی سپیتم کاک سدێق،خەڵکی کورد لە کۆمایە، حزبەکان لە خەوی زستانییکی بێ بهار.
چاوەڕێمان بە، زیاتر چاوەڕێ بە، جارێ سەرمان قاڵە بە نرخی گۆشت و نانەوە
بە فوتباڵی ئیتالیا و ئێسپانیا، بە سریاڵی تورکییەوە، جارجاریش دینە فەیس بووک بۆ ئەوە پیمان نەلێن دواکەوتوە، ستاتوسەکانمان قسەی زلی پیاوە گەورەکانە...
پەلەمان لێ مەکە
کە لەمانە بوینەوە، ئێمەیش دین بە هاناتەوە
پەلە مەکە!
...
5
داود ئازادفەر: خاوەنداری لە کەبودوەند، خاوەندارێتی لە کەرامەتی نەتەوەیێکە
ئەو رۆژە گەرما هیرشی هێنابوو. رۆژێکی تال بوو. لە لایێک هێزە ئەمنیتێکان هێرشیان بردبوو سەر مالی سامان رەسوڵپور و بە گشت کەڵ و پەڵی شەخسێوە سامانیان لە گەڵ خۆیان بردبوو ،لە لایێکی تر تەرمی بێ نازی "ئارەزوو"ی تەمەن 17 سالەی بانەیی، کە بە هۆی دەستدرێژی سکسی ساحەب کارەکەی لە کورەخانەییکی زەنجان ئاگری لە جەستەی بەردابوو بە خاك سپێردرا. موبیلەکەم زەنگ خوارد و ولامم داوە.
- بەڵێ فەرموو؟
-منم، "سەدیق کەبودوەند"، تەنیا کارتەکەم دە خولەکی تێدا ماوە، ساعەتێک لەمەو خەبریان پێداوم! دەلێن سامان دەستگیر بووە،چیتان کردووە؟ دەبێ هەموو میدیاکان ئاگادار کەنەوە. ئەوە زۆر موهیمە، دەبێ دونیا بزانێ چ بە سەر ئیمە دێت. راگەیاندن و میدیا گرینگترین شتە بۆ لە قاو دانی پێشێلکارێکانی مافەکانمان. خەبری تر چی هەیە؟
-کاک سەدیق، چەند گیراو، مەحکوم بە سێدارە بوون، کچێکی تەمەن 17 سالەش کارفەرماکەی دەستدرێژی سکسی کردۆتە سەر و بەداخەوە ئاگری لە خەستەی خۆی بەرداوە، ئەمرۆ لە بانە بە خاکیان سپارد.
-ئاااااااااااااخ.ئەمانە ئاوارەی ئاگرن ئاگر....
هێلی تەلفون پچرا و ئەوە دواین دیالۆگی ئێمە بوو...
بنەمالەی کەبودوەند زۆر هەزینە و چەرمەسەریان بەسەردا هاتوە و دلنیام زۆر کەس ئاگادار نین. ئاگادار نین کە کاتێک چاوەکانی "تونیا "، تاقە کچەکەی کەبودوەند، نەشتەرگەری پێویس بوو و هەرەشەیێکی گەورە بو سلامەتی چاوەکانی لە ئارادابوو بە هۆی گوشار مالی مانگ بە مانگ دوا دەخرا و دەیان کێشەی تر.
لە رۆژانێک کە هیچ هەواڵ و زانیارییەک، لە سامان نەبوو، رۆژێک "فەرەحناز" خانم. خیزانی کەبودوەند، کە براستی بارێکی قورسی لەو ساڵانە دا لە سەر شان بووە، باسێکی گێراوە، کە گیرانەوەی بۆ یەکەم جار لێرەدا زۆر بە پێویست دەزانم.
وەزارەتی ئیتلاعات پێشنیار بە کەبودوەند دەکا کە ئازادانە رێگری ناکەن کە ولات بە جێ بلێت بەو مەرجە کە رێكخراوەی مافی مرۆڤ هەڵوەشێنراوە ئیعلام بکات. لە وەڵامدا، کاک سەدیق دەلێت: ئێمە مرۆڤین و مافمان هەیە. بەپێی هەر یاسایێک مافی خۆمانە لە بەرانبەر پێشێلکارێکانی مافەکانمان وەدەنگ بین. لە راگەیاندنەکاندا باسیان لێ بکەین و هتد. رێکخراوەی مافی مرۆڤی کوردستانیش ئەو کاتە هەڵدەوەشێتەوە کە خەلکی کوردستان پێویستیان بە لە قاودانی پێشیلکاری مافەکانیان نەبێت.
هۆی نوسینی ئەو، تێكستە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە لە بیر نەکەین، کەسایەتێکی وەک کەبودوەند لە سەر خاوەندارێتی کردن لە ماف و کەرامەتی ئینسانی من و تۆ و ئەم و ئەو، بە بێ هیچ جیاوازیێک ناعادلانەترین حوکمی زیندانی بە سەردا سەپاوە. خاوەندارێتی کردنی ئێمە لە رۆژی 30ی مانگ لە کەبودوەند، خاوەندارێتی کردن لە کەرامەتی گەلێکە لە دەیان سالە بە پەیامی ئاشتیانە خۆی دەلێت من هەم.
...
6
مەسعوود مەناف: داکۆکی لە کەبوودوەند، داکۆکی لە خەباتی مەدەنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە
کاتێک "محەممەد سدیق کەبوودوەند"، لە ساڵی 1384، یەکەم ڕێکخراوی خۆماڵی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی دامەزراند، زۆر کەس، لە حیزبەکانەوە بگرە تا خەڵکانێکی تر، بە گومانەوە دەیانڕوانییە خەبات و هەوڵەکانی کاک سدیق. حیزبەکان، کە خۆیان، زیاتر لە دە ساڵ بوو، بە شێوەیەک لە کۆمەڵگا دابڕابوون و [بەڵکوو بەو هۆیە کە] تێگەیشتنێکی درووستیشیان لە کەش و هەوای سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوخۆ نەبوو، وایاندەزانی کە ر.م.م.ک. هاتووە جێگەی ئەوان لێژ بکات.
هەر وەک چۆن لە بەرانبەر بەرەی نوێنەرانی بەڕەچەڵەک کورد لە پارلەمان، یا هەرچەشنە دەستپێشخەرییەک بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوەیەکی سیاسی لە ناوخۆش هەڵوێستیان دەگرت. زۆربەی لایەنەکان، سەرەتا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانیان بایکۆت کرد. ر.م.م.ک. یەکەم هەنگاو بوو بۆ تۆمارکردن و بەجیهانی کردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. یەکەم چەخماخەی بەهێزی خەباتی مەدەنی. شتێک کە کوردستان سەرەڕای تاقیکردنەوەی لە یەک دوو دەیە پێشووتری دا، نەیتوانیبوو گەشەی پێبدا.
زۆر کەس کەبوودوەند و خەباتەکەیان بە هەند وەرنەگرت. زۆر کەس بەم لا و بەو لایان گرێدەدا و هەوڵیان دەدا ئاستەنگیش بخەنە سەر ڕێگەی خۆی و هاورێکانی. زۆر کەس و لایەن بایکۆتیان کرد و تەنانەت لە ژێرەوە، پرسیاری ئەوەیان دەکرد کە "ئەگەر چالاکییەکانی دژ بە حکوومەتە و بە زەرەری کۆماری ئیسلامییە، بۆ نایگرن! تا هات و کەبوودوەند گیرا، مانی لەخواردن گرت، سزای قورسی بەسەر دا سەپا. بەشێکی زۆر لە هاورێیانی گیران، ناچار بوون وڵات بەجێ بهێڵن و ...
تازە بە گیرانی کەبوودوەند و ڕاگیرانی چالاکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بوو کە هەندێک لە نرخی خەباتەکەی کەبوودوەند تێگەیشتن. تازە ئەمجار، تەپڵی خەباتی مەدەنیان لێ دا و گەڕانەوە بۆ ئەوەی خاوەندارێتی لە کەبوودوەند بکەن. تازە هەندێک کەس لە چۆکی خۆیان دا کە خۆزگە ...
بە هەر شێوە، کەبوودوەند، باوکی مافی مرۆڤی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیرا، ئازار درا. تەنانەت بنەماڵەکەشی تووشی زەخت و گووشار بوو. هەڕەشە و گووڕەشەگەلێک کە تاکوو ئێستاش بەردەوامە.
پێتان سەیر نەبێ کە لە جیات سەدان گیراوی سیاسی و ڕۆژنامەوانی تری توندکراو، تەنیا کەبوودوەندە کە نە حوکمەکەی دادەشکێ و نە مەرەخەستی پێدەدرێ و نە لە زەخت و گووشارەکانی سەری کەم دەبێتەوە. ئاخر کەبوودوەند پێداگرە لە سەر خواست و داواکانی. کەبوودوەند، بەرخۆدان دەکات. کەبوودوەند ئامادە نیە، یەک هەنگاو لە بەرانبەر بە ستەمکار پاشەکشە بکات. ئامادە نیە ڕێکخراوەکەی هەڵوەشێنێتەوە. ئامادە نیە داوای لێبوردن بکات، ئامادە نیە پشت لە گەلەکەی بکات.
کەبوودوەند خۆڕاگرە. کەبوودوەند سیمبۆلە. سامانی هزرییە نەتەوەییە، هەر نەبێ رۆڵەیەکی ئەو نیشتمانەیە، بەڵام لێتان تێک نەچێ، فەلسەفەی بوونی کەبوودوەند، جێگرتنەوەی کاریزماکانی تر، سەرکردە سیاسییەکانی تر، سەرۆک حیزبەکان و خەڵکانی دیکە نیە. گەرچی کەبوودوەندیش، هەمان ئامانجگەل دەپێکێ مومکین، ئەوان، من، تۆ فڵانە حیزب و ڕێکخراوی خۆماڵی هەیبێ بەڵام هەر یەک بە ئاڕاستەیەکی جیا خەبات دەکەن و کەس نیگەرانی ئەوە نەبێ کە بۆ وێنە داکۆکی لە کەبوودوەند یا گەورەبوونەوەی، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی نرخ و بایەخی فڵانە سەرکردەی تر. نا! لەوە دڵنیا بن.
خۆی کەبوودوەند، وەک تاک، ئێستا تەنیا، نوێنەرایەتی خۆی ناکا بەڵکوو نوێنەرایەتی هەموو گیراوانی زوڵملێکراوی کورد دەکات، نوێنەرایەتی خەباتی مەدەنی ژێر گووشاری کورد لەو پارچەیە دەکات، نوێنەرایەتی من و تۆ و هەموومان لە بیروڕای گشتی جیهانی دا دەکات. داکۆکی لە کەبوودوەند، داکۆکی لە خۆمانە، لە خەباتی مەدەنییە، لە ئازادی بیر و ڕایە، لە بەرخۆدان دژ بە داگیرکەر و زیندانەوانە.
کەوایە، تکایە، کەبوودوەند لە بیر مەکەن. بنەماڵە پەرێشانەکەی، کوڕە نەخۆشەکەی، ڕێکخراوەکەی لەبیر مەکەن. بە کردەوە، چۆنی لە دەستتان دێت پشتیوانی لێ بکەن.