ناوچەیەکی گرینگی باکووری حەڵەب لە دەست بەرەی نوسڕە ڕزگار کرا
Monday, January 4, 2016
NNSROJ: دوای پێکدادانێکی توندی سەربازی، هێزەکانی سووریای دێموکراتیک توانیویانە ناوچەیەکی باکووری حەڵەب لە دەست چەکدارانی بەرەی نوسڕە دەربێنن کە وەک خاڵی هێرشکردنە سەر هەرێمەکانی عەفرین و دەوروبەری کەڵکی لێ وەردەگیرا.
سەرچاوە سەربازییەکانی "هەسەدە" ڕایانگەیاندووە کە هێزەکانیان، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا توانیویانە گوندی "کەشتەعار"ی سەر بە شارۆچکەی "تل ڕەفعەت" و ناوچەکانی گرێدراو بەو شوێنە، لە باکووری شاری حەڵەب ڕزگار بکەن.
سەرچاوەکە ئەو ناوچەیەی بە "ستراتیژیک" بەناو کردووە، ئەمەش بەو هۆیەوە کە خاڵی هێرشکردنی چەکدارانی بەرەی نوسڕە و هاوپەیمانە ئیسلامیستەکانیان بووە بۆسەر شاری عەفرین و دەوروبەری.
ـ تیرۆریستانی نوسڕە، لەژێر گوللەبارانی هێزەکانماندا لەناوچەکە ڕایان کرد و کۆمەڵێکی زۆر چەک و جبەخانەی شەڕیان لەدوای خۆیان بەجێ هێشتووە کە لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە؛ لێدوانەکەی هەسەدە وای نووسیووە.
بەرەی نوسڕە، کە بە باڵی ئەلقاعیدەی سووریا دەزانرێ، لەگەڵ ژمارەیەک گرووپ و تاقمی جیهادی لە هاوپەیمانەتی دایە کە دەگوترێ تورکیا پشتیوانییان لێدەکات.
ک. م
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە