"داکۆکیکردن لە ژنان، دەستبردنە بۆ ئاگر"
Monday, January 11, 2016
ناز سلێمان یەعقووب، ئەو ژنە پارێزەرەی حەوتووی ڕابردوو تەرمەکەی دۆزرایەوە
NNSROJ: ڕێکخراوێکی داکۆکیکاری مافی ژنان "بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرش و هەڕەشانە دەکات" کە مەترسیان لەسەر ژیانی سیاسەتمەدار و چالاکێکی بزووتنەوەی ژنان دروست کردووە و وێرای "سەرکۆنەی ئەم هەوڵە لەرزۆکانە" داوا لە دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکات " هەرچی زووە ئەو کەسانە بدۆزنەوە کەلەپشت هەڕەشەکانەوەن".
لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا کە ئەمڕۆ [دووشەممە ١١ی ژانوویە] بڵاویان کردۆتەوە، ڕێکخراوی "گرووپی ژنان" ئیدانەی ئەو هێرش و هەڕەشانە دەکات کە بە دژی پارلەمانتار "ئێڤار ئیبراهیم" دەستیان پێکردووە و بە نائومێدیشەوە باس لە ناکارایی پۆلیس، ئاسایش و باقیی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەن لە کەیسەکانی تایبەت بە هەڕەشە لەسەر ژناندا.
ـ دەستپێکردنەوەی ئەو هەڕەشانە و ڕاگەیاندنی هەڵمەتی تایبەت بە ناوزڕاندنی ئەو پەرلەمانتارە [ئێڤار ئیبراهیم] لەرێگەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی دروستکراوەوە، دوای ئەوە دێت کە ئێڤار لە چەند بەرنامەیەکدا لەسەر کەیسی کوشتنی پارێزەر (ناز سلێمان یەعقوب) قسەی کرد و گومانی لەسەر کەیسی گیان لەدەستدانی پارێزەرەکە دروست کرد؛ گرووپەکە وای نووسیوە.
لە درێژەی لێدوانەکەیدا، گرووپی ژنان ئاماژە بەوە دەکات کە "دەستبردن بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان و وەستانەوە بە ڕووی کەیسەکانی کوشتن و تاوانکاری بەرامبەر بە ژنان، دەست بردنە بۆ ئاگر" و ڕوونی دەکاتەوە "ئەمە یەکەمجار نییە کە چالاکوانە ژنەکان و ئێڤاری پەرلەمانتاریش روبەڕوی ئەو هێرشانە دەبنەوە."
وەک ئەو گرووپە لە چالاکانی بزووتنەوەی ژنان دەڵێن "هەر کاتێک قسە لەسەر ماف و ئازادی و کەرامەتی ژن بووبێت هەڕەشەکانی ئەوانیش بۆ سەر ئێمە گەرمکراونەتەوە" و ئەمەش وەک "لەکەدارکردنی کەسێتی و ناسنامەی ژن بوون" لێک دراوەتەوە.
پارلەمانتار ئێڤار ئیبراهیم، کە دوای کوژرانی ژنە پارێزەرێکی کورد لە شاری هەولێر گومانی خستبووە سەر پڕۆسەی لێکۆڵینەوە و ئەو ئەنجامانە کە دراون بە ڕای گشتی، لەلایەن هەندێ کەس و لایەنی "نەناسراو"ەوە بووەتە ئامانجی هێرش و لەو پێوەندییەشدا، لای دامەزراوە پەیوەندیدارەکان سکاڵای تۆمار کردووە.
گرووپی ژنان داوا دەکات پۆلیس و ئاسایش بە دواداچوون بۆ دۆسیەی سکاڵاکەی ئێڤار ئیبراهیم بکەن و " هەرچی زووە ئەو کەسانە بدۆزنەوە کەلەپشت هەڕەشەکانەوەن". داواش لە ڕێکخراوە نێوەدەوڵەتییەکانی وەک نەتەوەیەکگرتووەکان و هیومان ڕایتس وۆچ دەکات، "بەرگری لە ئیڤار ئیبراهیم بکەن و بیپارێزن لەو مەترسیانەی کە لە ئێستادا لەسەر سەلامەتیی ژیانی هەیە."
ئەوان لە کۆتاییشدا جەخت لەوە دەکەنەوە کە "گیان لەدەستدانی ناز سلێمان کەیسێکی تەمومژاوییەو ئەو بەڵگانەی کە لەوبارەیەوە بڵاوکراونەتەوە ناتوانێت قەناعەتمان پێ بکات کە وەک حاڵەتێکی خۆ کوشتن سەیری بکەین."
ک. م
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە