جۆو بایدن بە هۆی ڕەوشی ئازادیی ڕادەربڕینەوە سەرکۆنەی تورکیا دەکات
Friday, January 22, 2016
NNSROJ:جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا جۆو بایدن دەڵێت سەردەمێک واشینگتۆن دەیویست تورکیا ببێتە مۆدێلێک بۆ دیمۆکڕاسیی ئیسلامی، کەچی بووە میناکێکی لاواز بۆ تۆقاندنی مێدیاکان، سنووردار کردنی ئازادیی ئەنەرنێت و تۆمەتبار کردنی ئاکادیمیستەکان بە خیانەت.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، جۆو بایدن ئەم قسانەی ڕۆژی هەینی لە شاری ئەستەنبووڵ لە دیدارێکدا لەگەڵ کۆمەڵێ لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی تورکیا کردووە.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوتی بەهێز بوونی دیمۆکڕاسی لە تورکیا ڕاستەوخۆ باندۆری لەسەر پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان هەیە.
لە ساڵانی سەرەتایی دەسەڵاتدارێتیی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)دا ئەمریکا تورکیای وەک میناکێک لە کارامەیی دیمۆکڕاسیی ئیسلامی دەناساند.
"بەڵام کاتێ کە مێدیاکان تەنیا بە هۆی ڕەخنەکانیانەوە ڕووبەڕووی تۆقاندن و زیندان دەبنەوە، یان ئەنتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دادەخرێن و هەروەها کاتێ کە زیاتر لە هەزار ئاکادیمیسیەن تەنیا لەبەر ئەوەی ڕاگەیەندراوێکیان واژۆ کردووە تۆمەتی خیانەت دەخرێتە پاڵیان، ئیتر ئەو کاتە ناتوانێت ببێتە میناکێک بۆ ناوچەکە." بایدن وای بە ڕۆژنامەنووسان گوت.
هەفتەی ڕابردوو ئەردۆغان زیاتر لە هەزار ئاکادیمیسیەن و لە ناویاندا ئاکادیمیسیەنی ئەمریکایی نوام چۆمسکیی تەنیا لەبەر ئەوەی لە ڕاگەیاندنێکدا ڕەخنەیان لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە باکووری کوردستان گرتبوو، وەک کەسانی "تاریک بین" و پیس و وەحشی ناو بردبوو.
هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دوای ئەو لێدوانەی ئەردۆغان ۲۷ ئاکادیمیسیەنی ئەو وڵاتەیان کە ئەو ڕاگەیاندنەیان واژۆ کردبوو بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە کردن بۆ تیرۆرقۆڵبەست" کرد و بە دەیان کەسی دیکەش لە لایەن زانکۆکانەوە ڕووبەڕووی لێپریسنەوە بوونەوە.
جۆو بایدن هەروەها بە مەبەستی گفتوگۆ کردن لەسەر ڕەوشی ئێستای باکووری کوردستان دیداری لەگەڵ کۆمەڵێ پاڕلەمانتاری تورکیا لە فڕاکسیۆنەکانی ئاکەپە و جەهەپە و هەدەپە کردووە.
سەرەڕای ئەوەش چاوی بە هاوژین و کوڕەکەی "جان دووندار" سەرنووسەری ڕۆژنامەی "جمهوورییەت" کەوتووە؛ جان دووندار لە مانگی نۆڤەمبەری ڕابردووەوە بە هۆی ئەوەی ڕۆژنامەکەی کۆمەڵێ وێنە و ڤیدیۆی لەسەر ناردنی چەک و تەقەمەنی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە بۆ سووریا بڵاو کردبۆوە، زیندانی کراوە.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە سەفەرێکی دوو ڕۆژە تورکیایە و بڕیارە لەو دوو ڕۆژەدا چاوی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمار و ئەحمەد داوود ئۆغڵوو سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە بکەوێت.
دەگوترێت لەو دیدارانەدا باس لە مەسەلەی سنوورەکانی سووریا و ڕۆڵی شەڕڤانە کوردەکانی "ڕۆژئاوا" لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا دەکرێت. تورکیا بە هۆی پێشکەوتنەکانی شەڕڤانانی کوردەوە تۆقیوە و دەترسێت ئەو پێشکەوتنانە ببێتە هاندەری کوردەکانی باکووری کوردستانیش بۆ جیابوونەوە لەو وڵاتە.
ژێدەر: ڕۆیتەرز
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە