باکووری کوردستان: لە ٦ مانگدا، ٢٢٤ سڤیل کوژراون، ٤٢یان منداڵن
Sunday, February 7, 2016
NNSROJ- وەقفی مافی مرۆڤی تورکیا(TİHV) رۆژی یەکشەممە ٧ی فێبریە راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماری قوربانییانی شەڕ و قەدەغەکارییەکانی ٦ مانگی رابردوو لە باکووری کوردستانی ئاشکرا کرد.
بەپێی راپۆرتەکە؛ لە ١٦ی ئاگۆستی ٢٠١٥ەوە تا ٥ی فێبریەی ٢٠١٦، لە ١٩ شارۆچکەی سەر بە پارێزگاکانی ئامەد، شڕناخ، ماردین، حەکاری، مووش، ئەلازغ و باتمان، لانیکەم ٥٨ جار بە درێژایی رۆژ قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەنراوە و گەمارۆی سەربازییان خراوەتە سەر. ئەم گەمارۆیانەش کاریگەریی راستەوخۆیان لە سەر گوزەران و پێداویستیی رۆژانە و تەندرووستیی نزیکەی ١ ملیۆن و ٣٧٧ هەزار کەس داناوە.
هەروەها لە رۆژی ١٦ی ئاگۆستی ٢٠١٥ەوە کە بۆ یەکەمجار قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەنرا تا ئێستا، ٢٢٤ هاووڵاتیی سڤیل کوژراون کە ٤٢ کەسیان منداڵ، ٣١ کەسیان ژن و ٣٠ کەسیشیان تەمەنیان سەرووی ٦٠ ساڵە.
لە راپۆرتەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە، بەرەبەرە لە گەڵ توندبوونی وتار و لێدوانی کاربەدەستانی حکومەت، هەڵمەت و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیش لەو شارۆچکانە بەربڵاوتر و توندتر بوون و بە تایبەتیش لە ١١ی دێسامبر بەملاوە، ئەم پرۆسە سەربازییە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە.
"راستەوخۆ تەقە لە خەڵکی سڤیل دەکەن"
لە راپۆرتەکەدا هاتووە؛ ئەو قەدەغەی هاتوچۆیەی کە لە ١١ی دێسامبرەوە لە ناوچەی سووری ئامەد و لە ١٤ی دێسامبرەوە لە شارۆچکەی جزیرێ راگەیەنراوە، ئێستاش درێژەی هەیە، بەڵام لە شارۆچکەی سلۆپی بە رۆژ قەدەغەکە هەڵگیراوە، بە گشتیش لە هەر سێ شارۆچکەی ناوبراودا تا ئێستا ١٤٢ هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون.
راپۆرتەکە دەڵێ: "سەبارەت بە جۆر و هۆکاری کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیل و پشتئەستوور بە زانیاریی شایەتحاڵەکان، لە ١١ی دێسامبری ٢٠١٥ەوە تا ٥ی فێبریەی ٢٠١٦، لانیکەم ٦٤ کەس لە نێو ماڵی خۆیاندا کوژراون و لەو رێژەیەش ٥٣ کەسیان بە گوللەی تانگ ماڵیان بەسەردا رماوە و بە هۆی مانەوە لە ژێر داروپەردوودا گیانیان لەدەستداوە. جگە لەمە ١١ کەسیش بە هۆی قەدەغەی هاتوچۆ و دەست رانەگەیشتنیان بە پێداویستییە دەرمانییەکان، بوونە قوربانی".
"بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ نەکراون"
بە گوێرەی راپۆرتەکەی TİHV؛ ٣١ کەسی بریندار بە هۆی رێگریی هێزە ئەمنییەکان لە گەیشتنی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و بێبەش بوونیان لە خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکان، گیانیان لەدەستداوە. هەرچەند دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپاش لە سەر داوای رێکخراوە مەدەنییەکان، بڕیاری بە پەلەی بۆ گواستنەوەی حسێن پاکسۆی و سەرحەد ئاڵتوون بۆ نەخۆشخانە داوە، بەڵام بڕیاری دادگەی ناوبراو پشتگوێ خراوە و لە ئاکامیشدا هەر دوو هاووڵاتیی ناوبراو گیانیان لەدەستداوە. چارەنووسی بریندارێکی دیکەش بە ناوی ئۆرهان تونچ کە بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ پێڕاگەیشتن و تیماری پزیشکی لە سەرە، نادیارە.
"با لێپرسینەوەیەکی بە پەلە، کاریگەر، سەربەخۆ و بێلایەن ئەنجام بدرێت"
لە راپۆرتەکەدا، وێڕای سەرنجڕاکێشان بۆ سەر ئەوەی کە تورکیا جاڕنامە و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤی واژۆ کردووە، نووسراوە؛ لە کاتی شەڕ و تێکهەڵچوون و لە شوێنی شەڕەکاندا، فەراهەم نەکردنی خزمەتگوزاریی تەندرووستی بە پاساوی ئەمنی، لە روانگەی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤەوە جێی قبوڵکردن نیە و دامودەزگا ئەمنی و حکومییەکانی تریش لەو ناوچانەدا، بە هیچ شێوەیەک مافی دەستوەردان لە ئەرکی ناوەندەکانی خزمەتگوزاریی پزیشکییان نیە. بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو پێشێلکارییانە لەمەڕ مافەکانی مرۆڤیشەوە، پێویستە لێپرسینەوەیەکی بە پەلە، کاریگەر، سەربەخۆ و بێلایەن ئەنجام بدرێت.
ئەلف. و
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە