پەرلەمانی سوێد دەنگی بە سزادانی "هاوکارانی تیرۆریزم" دا
Thursday, February 11, 2016
NNSROJ- بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵی سوێد، پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممەی خۆیدا و بە مەبەستی گرتنەبەری رێوشوێنێک بۆ رێگرتن لە بەشداریی هاووڵاتییەکانی لە "کاری تیرۆریستی"دا و سەردانیان بۆ لای "رێکخراوگەلی تیرۆریستی"، دەنگی بە چەند گەڵاڵەپێشنیارێک داوە.
لەو گەڵاڵەپێشنیارانەدا داوا کراوە؛ سزای ٢ تا ٦ ساڵ زیندان بۆ ئەو کەسانە ببڕدرێتەوە کە بە مەبەستی چوونی کەسێک بۆ وڵاتێک و بۆ لای رێکخراوێکی تیرۆریستی یارمەتی دەدەن، هاوکاریی ماڵی بۆ ئەو جۆرە رێکخراوانە کۆدەکەنەوە، یانیش خۆیان بۆ ئەم مەبەستە روو لە وڵاتێکی دیکە دەکەن. هەروەها داوای ٦ ساڵ سزای زیندان بۆ ئەو کەسانەش کراوە کە، "بە نیازی کاری تیرۆریستی بەشداری لە راهێنانی سەربازیی رێکخراوێکی تیرۆریستیدا" دەکەن.
جگە لەمە داوا لە حکومەت کراوە؛ پێشنیارێک ئامادە بکات بۆ سەندنەوەی پاسپۆڕت، یاخود لەکارخستنی پاسپۆڕتی ئەو کەسانەی کە بە مەبەستی بەشداری لە کارێکی تیرۆریستیدا سەردانی وڵاتێکی دەرەوەیان کردووە، یانیش گومانیان لێدەکردێت بۆ ئەو مەبەستە سەردانی دەرەوە بکەن.
پەرلەمانی سوێد بە زۆرینە، دەنگی بەم پێشنیارانە داوە و بۆ ئەوەش وەک خاڵێک لە دەستووری ئەو وڵاتەدا بگونجێندرێت، پێویستی بە پێداچوونەوەی لیژنەی دەستوور هەیە.
پێشتر سەرچاوە حکومییەکانی سوێد ئاماژەیان بە بوونی نزیکەی ٣٠٠ هاووڵاتیی سوێدی لە ناو رێکخراوی داعشدا کردبوو. بە گوتەی خۆشیان: "لانیکەم ٨٠ کەس لەو کەسانە لە بەرەکانی شەڕی عێراق و سوریادا کوژراون."
سەرچاوە رەسمییەکانی سوێدیش دەڵێن؛ نزیکەی ٤٠ منداڵی سوێدی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعشدا دەژین و وەک دەڵێن؛ بەشێک لەو منداڵانە، لە گەڵ دایکیان روویان لە عێراق و سوریا کردووە و بەشێکیشیان بە هۆی زەماوەندی دایکیان لە گەڵ یەکێک لە چەکدارە توندڕەوەکان لەدایکبوون.
بە پێی یاساکانی سوێد، ئەو منداڵانە لە سۆنگەی مافی هاووڵاتیبوونی دایکیانەوە، بە هاووڵاتیی سوێد ئەژمار دەکرێن.
ئەلف. و
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە