ئەمریکا داوا لە تورکیا دەکات هێرشەکانی بۆ سەر باکووری حەڵەب ڕابگرێت
Saturday, February 13, 2016
NNSROJ: ئەمریکا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی بۆ تۆپبارانی بنکەکانی یەپەگە لە باکووری شاری حەڵەب لە لایەن سوپای تورکیاوە داوای لەو وڵاتە کردووە کە ئەو هێرشانە دەسبەجێ ڕابگرێت.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس، جان کێربی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوی ئەمریکا ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی نیگەرانە لەو "دۆخەی کە لە باکووری حەڵەب لە ئارادایە" و "لەگەڵ هەموو لایەنەکان" لە هەوڵی ئەوەدایە "گرژی و ئاڵۆزییەکان کەم بکاتەوە."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها داوای لە یەپەگەش کردووە کە "ئەم دۆخە ئاڵۆزە بۆ گرتنی ناوچەی زیاتر" بەکار نەهێنێت.
"ئێمە هەروەها ئەو هەواڵانەمان بینیوە کە باس لە هێرشی تۆپخانەکانی تورکیا لەو دیو سنوورەکانییەوە دەکەن و داوا لەو وڵاتە دەکەین ئەو هێرشانە ڕابگرێت." جان کێربی وای گوتووە.
جان کێربی لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا ڕێکخراوی داعشی وەک هەڕەشەیەکی هاوبەش بۆ یەپەگە و تورکیا بە تایبەت لە کۆریدۆری ڕۆژەهەڵاتی شاری عەزاز ناو بردووە و گوتوویەتی کە وڵاتەکەی لە هەوڵی ئەوەدایە سەرنجی هەموو لایەنەکان بۆ سەر ئەو "هەڕەشە هاوبەشە" ڕابکێشێت.
چەند کاتژمێرێک بەر لەو لێدوانەی جان کێربی ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویان کردەوە کە هێزەکانی سوپای تورکیا تۆپبارانی ئەو شوێنانەیان لە دەوروبەری شاری عەزاز کردووە کە لەم ڕۆژانەدا کەتۆتە دەست هێزەکانی سووریای دیمۆکڕاتیک. یەکینەکانی پاراستنی گەل، یەپەگە، پێکهاتەیەکی سەرەکیی هاوبەندیی هێزەکانی سووریای دیموکڕاتیک پێک دەهێنێت.
ئەو ناوچانە تا دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا لە ژێر کۆنتڕۆڵی گرووپە ئیسلامییەکانی وەک بەرەی نووسرە (باڵی فەرمیی ئەلقاعیدە لە سووریا) و ئەحرار ئەلشامدا بوو.
بە گوێرەی ئەو هەواڵانە تۆپخانەکانی تورکیا لە سەر سنووری ئەو وڵاتەوە بەتایبەت ناو فڕۆکەخانەی سەربازیی "مینخ"یان لە باشووری ڕۆژئاوای شاری عەزاز بەخەستی تۆپباران کردووە.
تۆپبارانەکانی تورکیا بۆ سەر یەپەگە ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە وڵاتە زلهێزەکانی جیهان و هەرێمەکە لە کۆنفڕانسی میونیخ لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە لە ماوەی هەفتەیەکدا لە نێوان لایەنە شەڕکەرەکانی ناو سووریادا ئاگربەست بێتە ئاراوە.
ئەو هێرشانە هەروەها هاوکاتیشە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ناردنی هێزی وشکانیی عەرەبستانی سعوودی، لەوانەشە تورکیا، بۆ ناو خاکی سووریا "بۆ ئەوەی لە دژی داعش شەڕ بکەن."
ع. س
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە