"لەوانەیە ٥ گیراوی سیاسیی ئەهوازی لەسێدارەبدرێن"
Tuesday, February 16, 2016
NNSROJ- چالاکانی مافی مرۆڤی ئەهواز دەڵێن؛ مەترسیی لەسێدارەدرانی ٥ گیراوی سیاسی هەیە و داوای راگرتنی هەر چەشنە سزایەکی وەهاش دەکەن.
کەمپەینی داکۆکی لە زیندانییانی سیاسی و مەدەنی لەزاری چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران و ئەهوازەوە بڵاوی کردوەتەوە؛ پێدەچێت ٥ گیراوی سیاسیی خەڵکی ئەهواز بە ناوی؛ قەیس عوبەیداوی، حەمود عوبەیداوی، محەممەد خەلەفی، مەهدی موعەڕەبی و مەهدی سیاحی، بە تۆمەتی لە دادگەدا رووبەڕووی سزای لەسێدارەدان ببنەوە و داواش دەکەن؛ سزایەکی وەهایان بەسەردا نەسەپێندرێت.
چالاکانی مافی مرۆڤ پشت بە لێدوانێکی فەرهاد ئەفشارنیا سەرۆکی گشتیی دەزگای دادی پارێزگەی خوزستان دەبەستن کە تێیدا پێشبینی ئەوەی کردووە؛ لانیکەم تا ساڵی داهاتوو ئەو ٥ زیندانییە بە بەرچاوی خەڵکەوە لەسێدارە بدرێن.
ئەو ٥ گیراوە سیاسییە بە تۆمەتی تەقەکردن لە خێوەتێکی سەربازیی گوندی گمبوعەی شاری حەمیدیە و کوشتنی ٣ کەس لە هێزەکانی ئینتیزامیی ئێران و هەروەها "ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تیرۆریستیدا" دەسبەسەر کراون.
هاوکات رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ئێستاوە دەرکردنی بڕیاری لەسێدارەدان بۆ ئەو گیراوانەی مەحکووم و داواشی کردووە؛ دۆسیەی ئەو ٥ گیراوە لە دادگەیەکی دادپەروەرانەی ئاشکرادا و بە ئامادەبوونی پارێزەر و میدیای ئازاد تاووتوێ بکرێتەوە.
سەرچاوەکانی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێن؛ ساڵی ٢٠١٥ بە گشتی بڕیاری لەسێدارەدانی ٧٩٧ زیندانی لەو وڵاتەدا جێبەجێ کراوە، کە بە بەراورد لە گەڵ ساڵی ٢٠١٤، بە رێژەی ٤٠% زیادی کردووە. لە ماوەی هەمان ساڵدا بڕیاری لەسێدارەدانیش بۆ ٦١٦ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراو دەرچووە.
بە گوێرەی راپۆرتێکی ناوەندی ئاماری کۆمەڵە چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران؛ لە ساڵی ٢٠١٥دا بە گشتی ٨٨٤ هاووڵاتی بە پاساوی سیاسی و ئاسایشی دەسبەسەر کراون و لەو رێژەیەش تەنها ناوی ٣١٣ کەسیان بۆ روون بوەتەوە. زۆربەی ئەو کەسانە یان بە هۆی پرسی ئازادیی رادەربڕین(٣٧٩ کەس)، یانیش بە هۆی پرسی کەمینە نەتەوەییەکان(٣٠٧ کەس) و کەمینە مەزهەبییەکان(١٦٣ کەس) دەسبەسەر کراون.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە