سوپای تورکیا بە ٤٠٠٠ سەرباز و پۆلیسەوە پەلاماری "هەزەخ"ی دا
Wednesday, February 17, 2016
NNSROJ- سوپای تورکیا بە هێزێکی گەورەوە هێرشی کردوەتە سەر شارۆچکەی "هەزەخ"(IDIL)ی باکووری کوردستان و دەستی بە تۆپبارانی چەند گەڕەکێک کردووە.
لە سپێدەی ئەمڕۆ-چوارشەممە ١٦ی فێڤرییە-وە سوپای تورکیا بە ٢ هەزار و ٥٠٠ سەربازی تیمە تایبەتەکان و ١٥٠٠ پۆلیسەوە هێرشی کردوەتە سەر شارۆچکەی هەزەخی سەر بە پارێزگەی شڕناخی باکووری کوردستان و وەک سەرچاوەکانی هەواڵ دەڵێن؛ بە تۆپ و تانگ گەڕەکەکانی تورگوت ئۆزاڵ و یەنی مەحەللەیان تۆپباران کردووە.
ماڵپەڕی تورکیی رادیکاڵ بڵاوی کردوەتەوە؛ بە پاساوی بوونی گرووپگەلی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان لە نێو "هەزەخ"دا و هەڵکەندنی خەندەق و لێدانی مەتەرێز، لە شەوی رابردووەوە قەدەغەی هاتۆچۆ لەو شارۆچکەیە و گوندی خەراب شەرەف راگەیەنراوە.
ئاماژەی بەمەش کردووە؛ بە هۆی تۆپبارانەوە زیان بەو گەڕەکانە گەیشتووە و کارەبای شارۆچکەکەش بە یەکجاری پچڕاوە. بێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بە زیانە گیانییەکانی ئەو هێرشە بکرێت.
حەسیپ کاپڵان پەرلەمانتاری پێشووی شاری شڕناخی هەدەپە کە خۆی خەڵکی گوندی خەراب شەڕەفە، لە جریوەیەکی تویتەردا نووسیویەتی: "قەدەغەی هاتوچۆتان لە شارەکان راگەیاند، بەس نەبوو، لە گوندەکەی منیش راتانگەیاند. ئەوێ نە خەندەقی لێ هەڵکەنراوە و نە هیچ شتێکی دیکە، ئەم کارەی ئێوە ئەوپەڕی شێت بوونە."
هەزەخ، یەکێک لە شارۆچکەکانی پارێزگەی شڕناخە، دەکەوێتە باکووری خۆرئاوای شاری جزیرێ و ٢٤ کیلۆمەتر لە سنووری رۆژئاوای کوردستان(کانتۆنی جزیرە)ەوە دوورە. ژمارەی دانیشتووانی ناوەندی شارۆچکەی هەزەخ ، نزیکەی ٢٧ هەزار کەسە.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە