بابەتی گەرم:

مەسعوود ڕۆستەمی

مافی چارەی خۆنووسین: بێ مانا وەک فێدراڵیزیم

Sunday, February 21, 2016


کوردستان وڵاتێکی دابەشکراوە، ئەم رستەیە نابێ بەس لە ئاستی یەک رستەدا بمێنێتەوە، بەڵکوو پێویستە چ لە بواری تێۆریک و چ لە بواری پراکتیکدا هاوئاهەنگییەک هەبێ لەگەڵ ئەم رستەیە. لە نێوان چوار پارچەی کوردستان، رۆژهەڵات و رۆژاڤا خراپترین تەقدیری مێژوویی داوێنیانی گرت. تایبەتمەندیی ئەم دوو بەشەی کوردستان تا رادەیێکی زۆر کاریگەری هەبووە لە سەر لاوازبوونی بزاڤی خەبات لەم دوو بەشەی کوردستان. هەرچەند نابێ لە ئاست کەموکۆڕییەکانیش چاومان ببەستین. وێسان و تێڕامان لە کەموکۆڕییەکان بە دوور لە قین و قینکاری بە نسبەت باقی بەشەکانیتری کوردستان، یەکەم هەنگاوی پێویستە. کەوتنە نێو ئەدەبیاتی هەڵەی "رۆژهەڵات تەوەری" جیا لەوەی کۆسپی گەورە دروست دەکات، لە هەمان کاتیشدا رۆژهەڵات ئیزۆلە دەکات. لە پشتی رۆژهەڵات تەوەری هیچ تێۆریێک نییە جگە لە "بەشخوازی" هەندێ سیاسیکار نەبێت. سیاسیکارگەلێک کە ماوەی سی [٣٠] ساڵە دەست لەسەر دەست دانیشتوون و کاریان زیاتر لە بە گژیەکتردا چوون شتێک نەبووە، ئێستا پەلهاوێژوی پەکەکە بۆ باقی بەشەکانیتری کوردستان بە مەترسی دەزانن بۆ تەوەهۆمی دەسەڵاتداری داهاتووی خۆیان لەو بەشەی کوردستان. ئەوان دەیانەوێ هەمان نەریتی کۆنی بە گژیەکداچوون، بگوازنەوە بۆ بە گژداچوونی پەکەکە. مەخابن ئەوان لە یەک راستی تێنەگەیشتوون: پەکەکە قۆناخێکی نوێی لە مێژووی کوردستان هێناوەتە ئاراوە، کە کڕیاریشی لە ناو کۆمەڵگای کوردی زۆرە. 

هەندێ حزبی رۆژهەڵاتی بۆ پێشگرتن لە پەرەسەندنی زۆرتری پەکەکە دەستەوداوێنی رۆژهەڵات تەوەری بووگن. هەروا کە وێژرا رۆژهەڵات تەوەری خواستی هەندێ سیاسیکارە بۆ دەسەڵاتخوازی. بەڵام لە رۆژهەڵات تەوەری خودی ئەم دەسەڵاتخوازییەش بە دی نایەت تا چ بگات بە بووژانەوەی خەبات. قۆناخی نوێ کە داهێنەرەکەی پەکەکە بووگە، فێدراڵیخوازانی رۆژهەڵات تەوەری لەگەڵ سێ رێگا رووبەڕوو کردۆتەوە: یەکەم، پێداگری لەسەر گوتاری فێدرالێخوازی و رۆژهەڵات تەوەری. فێدراڵیخوازی جیا لەوەی خەونێکی شاعرانەیە، چیتر بۆ جیلی نوێ هێزی راکشانی نییە. 

حەفتا ساڵ چەقبەستوویی فێدراڵیخوازی نە تەنها نەیتوانییوە بە ئەندازەی پەنجەکانی یەک دەست لە ناو فارس لایەنگەر پەیدا بکات، کوردیشی سڕ کردووە. ئەگەر گۆڕانکاریی دەروونی لە بەرچاو بگرین نە رووداوی دەرەکی، ئەوا فێدراڵیزم قەت لە ئێران بە دی نایەت. دووەم، شوێنکەوتوویی پەکەکە. نە بە هۆی ئەوە کە دژایەتیم هەیە لەگەڵ پەکەکە، بەڵکوو بەو هۆیە کە شوێنکەوتوویی ئەبێتە هۆی چەقبەستوویی فکری، ئەم رێگایە بە باش نازانم. نووسەری ئەم دێرانە هیچ سیاسیکارێکی دێمۆکرات یان کۆمەڵە یان پەکەکە ناناسێ کە دژایەتی بکات یان دۆستایەتی. لە راستیدا ئەم رەخنەگەلە، رەخنگەلێکی تێۆریکن و پێوەندی بە دژایەتی یان دۆستایەتییەوە نییە. 

شوێنکەوتوویی بە باش نازانم چۆن پێش بە گەشەی ئاگاهی نەتەوایەتی دەگرێ. لەو باوەڕەدام حزب و نووسەری کورد بە قەوڵی کارڵ پووپر پێویستە ئەندێشەکانیان پێکەوە شەڕ بکەن لە جیاتی ئەوەی یەخەی یەک هەڵدڕن. بەگژدا دانی ئەندێشە لە جیاتی چەک، هەم تەزادەکان تێۆریک دەکاتەوە هەم گوزەری مەعرفی بە دوای خۆیدا دێنێ کە ئاکامەکەشی گەشەی ئاگاهی نەتەوایەتییە. کە وایە سێهەم، گوزەری تێۆریک. پەکەکە داهێنەری قۆناخێکی نوێ لە خەبات و وێژمان-ە. هەر بزاڤێکی کوردی ئەبێ تێۆری و ئەندێشەی خۆی دوای ئەم قۆناخە پێناسە بکاتەوە. ئەمەش بە جنێو و گاڵتە کردن ناکرێ. قۆناخی نوێ دەسپێکی تێکەڵاوبوونی خوێنی لاوی کوردە لە یەک وێژماندا. ئەم قۆناخە ئیتر بەرەو دوا ناگەڕێتەوە. بەڵام نابێ لەم قۆناخەش بمێنینەوە. بەڵکوو ئەبێ قۆناخ بە قۆناخ بچینە پێشەوە. ئەمە رساڵەتی مێژووییە. هەر وێژمانێ رۆحی سەردەمی خۆیەتی. بەڵام ئەم رۆحە لە گەشە و بەرەو پێشچوون دایە. سەردەمانێ دێمۆکرات داهێنەر بوو، سەردەمێکیش کۆمەڵە و پارتی و یەکیێتی رۆحی زەمانەی خۆیان بوون؛ ئێستاش پەکەکەیە. مێژوو بە دوای کەس دا راناوەستێ. یان ئەبێ داهێنەر بی، یان لەگەڵ مێژوو ماڵئاوایی بکەی: "مێژوو بێ رەحمە". کە وایە ئەم داهێنەری و نوێگەری و گوزەری مەعریفییە ئەتوانێ چی بێ چۆن بێ؟ ئایا مافی چارەی خۆنووسین ئەتوانێ گوزەرێ بێ لە وێژمانی کۆنفێدراڵیزمی پەکەکە؟

لە وتارێکی پێشووتر کە رەخنەیێکی کورتم لە فێڕاڵیخوازی کرد، باسم لەوە کرد کە مافی چارەی خۆنووسین، ئەگەرچی رەهەندی یاسایی هەیە، بەڵام بابەتێکی فەلسەفی و کۆمەڵناسییە. ئەو وتارە کردنەوەی دەروازیێک بوو بۆ رەخنە لە مافی چارەی خۆنووسین. هەرچەند لەو وتارە باسی ئەوەم کرد کە مافی چارەی خۆنووسین هەرچەند باری یاسایی هەیە بەڵام لە پشتییەوە فەلسەفە وەستاوە. بەڵام ناکرێ ئەوە لە بەرچاو نەگرین کە ئەمڕۆکە مافی چارەی خۆنووسین رەهەندە یاساییەکەی بەرجەستەترە؛ تا جێگایێک کە لە مەنشووری نەتەوە یەکگرتووەکانیش دا وەکو ئەسڵێکی حۆقوقی هاتووە. هەرچەند وەکوو ئەسڵێکی حقووقیش هاتووە بەڵام ئەم گوتارە چەندین کەموکۆڕی هەیە بۆ ئەوەی ئێمەی کورد وەک گوتاری خەبات کەڵک وەربگرین. لەوانەیە: یەکەم، یاسا بە گشتی و مافی چارەی خۆنووسین وشک و نامۆنعەتفە. هیچ هەیەجانێک بۆ رزگاری بە دوای خۆ دا ناهێنێ. دووەم، یاسا هەمیشە بە دوای هێز دەکەوێ. بۆیە یاسا ئەتوانێ ئامراز بێ، بەڵام ناتوانێ وێژمانی خەبات بێ. لانی کەم ئەبێ بۆ ئێمەی کورد ئەو راستییە ئاشکرا بووایە. هەم لە پەیمانی سێڤر و لۆزان، هەمیش لە ناوخۆی ئێران.هەروەها یاسا سارد و سڕە. بزووتنەوەی رزگاریخواز هێزی خۆی لە "گەل" دەگرێت، بۆیە پێویستە ئاسۆی گەشی بۆ بخوڵقێنێ. سیهەم، جیا لەوەی کە لە مافی چارەی خۆنووسین بە هەمان شێوەی فێدراڵیزم گوزەری مەعریفی روو نادات، گەلێک لە وێژمانی پەکەکە-ش لە دواترە. هەر وا کە وێژرا پەکەکە ئاستی داخوازی گەلی کوردی بردۆتە سەرەوە. بۆیە هەر وێژمانێ پیویستە گوزەرێکی مەعرێفی لەو وێژمان-ە بێ. چوارەم، مافی چارەی خۆنووسین هیچ ئاسۆ و بەرژەوەنێ لە داهاتوو بۆ گەل، لە رەهەندگەلێک وەک ئابووری، نەتەوە، ئازادی، عەداڵەت، ژنان و هتد بە دی ناکات. بێ دەلیل نییە کە هەمیشە فەلسەفەی سیاسی جەرەیان ساز بووگە. یاسا بەس بۆ سەقامگیری گوزەری مێژوویی وەک ئامراز بە کار هێنراوە. بە زمانێکیتر، یاسا عەقیمە و رەوت و جەرەیان دروست ناکات. ئێمەی کورد ئەتوانین لە مافی چارەی خۆنووسین لە کاتی پێویست کەڵک وەر بگرین. بەڵام ناتوانین پشتی پێ ببەستین. پێنجەم، هەڵگرانی مافی چارەی خۆنووسین بە دوای ئەودان بە فەرمی بناسینرێن. ئەم ناسینە هەم ئاستی نێونەتەوەیی و هەم ئاستی ناوەکی دەگرێتەوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە کوردستان وڵاتێکی داگیرکراوە. ئێمە ئەبێ ئەم وڵاتە لە دەستی داگیرکەر ئازاد بکەین. بۆ ئەوەش نیازمان بە پشتیوانی گەلەکەمانە نە داگیرکەران. بۆیە مافی چارەی خۆنووسین ناتوانێ وێژمانی خەباتی ئێمەی کورد بێ. بەس ئەتوانێ ئامرازێ بێ. 

-------------
سەرچاوە: لاپەڕەی فەسیبووکی نووسەر


پەیوەندی‌دار:

به‌ڵگه‌نامه‌ی فێدڕاڵیی ڕۆژئاوای کوردستان ئه‌رێ کرا - نوێکرایه‌وه‌

کشانەوەی رووسیا لە سووریا و فیدرالیزمی باکووری سووریا

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷