"زمانی دایکی دەروازەی ناسینی جیهانە"
Monday, February 22, 2016
NNSROJ: دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی شاری مەریوان، لە لێدوانێکی هاوبەشدا زمانی زگماکی بە "دەروازی ناسینی جیهان" وەسف دەکەن و ڕایدەگەیەنن " عەداڵەتی زمانی لە کۆمەڵگا فرەزمانەکاندا، بۆ پێشکەوتن و پەرەسەندن پێویستە".
لەلێدوانێکی هاوبەشدا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، ئەنجومەن و ناوەندە فەرهەنگی، ئەدەبی و ژینگەپارێزەکانی شاری مەریوان، باس لە گرینگیی زمان دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەوەی ئەوان بە "کێشەکانی دەوروبەر" بەناویان کردووە.
بە باوەڕی ئەم کۆڕوکۆمەڵە کوردیانەی مەریوان، "پەروەردە وەکوو یەکێک لە بنەما گرینگەکانی پەرەسەندن و پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگایەک دێتە ئەژمار" و لەو چوارچێوەیەشدا جەخت لەوە دەکەنەوە کە "پەروەردەیەک کە بە زمانی دایکی نەبێت، مرۆڤ دەخاتە دۆخی لە خۆ دابڕانەوە و کەسێک کە پەروەردەی بە زمانی خۆی نییە، نە لەنێو زمانەکەی خۆیدا لێهاتوویی بیرکردنەوەی دەبێت و نە ئامرازەکانی بیر کردنەوە لە زمانی سەردەستەوە وەردەگرێت."
ئەنجومەنی سەوزی چیا، ناوەندی فەرهەنگی هونەریی ڤەژین، ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان و ناوەندی زانستی فەرهەنگیی ڕۆنان، لە لێدوانە هاوبەشەکەیاندا جەخت لەوە دەکەنەوە کە "عەداڵەتی زمانی نەک لە ڕێگای «خوێندنی زمانی دایکی»یەوە بەڵکوو لە ڕێگەی «خوێندن بە زمانی دایکی» مسۆگەر دەبێت"، بەڵام وەک ئەوان دەڵێن " بەداخەوە لە ئێراندا، سەرەڕای ئەوەی کە بەپێی یاسا خوێندنی زمانی دایکی ڕێگە پێ دراوە، بە کردەوە جەخت لەسەر تاک زمانیی پەروەردە دەکرێتەوە و جێبەجێ بوونی بەرنامەی خوێندنی زمانی دایکی وە دوا دەکەوێت."
دەقی لێدوانەکە
زمان و بیر لێک دانەبڕاون و زمانی دایکی دەروازەی ناسینی جیهانە
فێر کــــــردن و پەروەردەی منداڵ بۆ بارهێنانی وەچەیەکە کە بتوانێت بە ئەو ئیمکان و توانەی کە زمان لەپێش دەستی دادەنێت بیر لە کێشەکانی دەوروبەری خۆی بکاتەوە و هـــەوڵی چارەسەر کردنیان بدات.
لەم ڕووەوە پەروەردە وەکوو یەکێک لە بنەما گرینگەکانـــی پەرەسەندن و پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگایەک دێتە ئەژمار.
بەڵام پەروەردەیەک کە بە زمانی دایکی نەبێت، مرۆڤ دەخاتە دۆخی لە خۆ دابڕانەوە و کەسێک کە پەروەردەی بە زمانی خۆی نییە، نە لەنێو زمانەکەی خۆیدا لێهاتوویی بیرکردنەوەی دەبێت و نە ئامرازەکانی بیر کردنەوە لە زمانی سەردەستەوە وەردەگرێت.
لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانین بڵێین پەروەردە لە کۆمەڵگایەکدا بە زمانێکی جگە زمانی ئەو کۆمەڵگایە دەبێتە لەمپەرێک لە بەردەم پێشکەوتن و پەرەسەندنیدا و بۆیە عەداڵەتی زمانی لە کۆمەڵگا فرەزمانەکاندا، بۆ پێشکەوتن و پەرەسەندن پێویستە.
عەداڵەتی زمانی نەک لە ڕێگای «خوێندنی زمانی دایکی»یەوە بەڵکوو لە ڕێگەی «خوێندن بە زمانی دایکی» مسۆگەر دەبێت.
لە وڵاتانی فرەنەتەوە و فرەزماندا، پەروەردەی چەندزمانە بووە بە شێوەیەکی گونجاو بۆ گەیشتن بە عەداڵەتی زمانی.
بەڵام بەداخەوە لە ئێراندا، سەرەڕای ئەوەی کە بەپێی یاسا خوێندنی زمانی دایکی ڕێگە پێ دراوە، بە کردەوە جەخت لەسەر تاک زمانیی پەروەردە دەکرێتەوە و جێبەجێ بوونی بەرنامەی خوێندنی زمانی دایکی وە دوا دەکەوێت.
ئێمە لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکیدا، داوای خۆمان بۆ چڕ کردنەوەی هەوڵەکان بــۆ بە یاسایی کردنی «خوێندن بە زمانی دایکی» و «پەروەردەی چەندزمانە» ڕادەگەیەنین و داوا لە هەموو چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی دەکەین کە تێ بکۆشن ئەم گرفتەی پێش پێشکەوتنی کۆمەڵگا چارەسەر بکەن.
ئەنجومەنی سەوزی چیا
ناوەندی فە رهەنگی هونەریی ڤەژین
ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان
ناوەندی زانستی فەرهەنگیی ڕۆنان
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە