بابەتی گەرم:

ئەمیری حەسەنپوور

بەربینگی زمانی کوردی بەربدەن

Thursday, September 7, 2017


  لەنووسینەکانی د.جەماڵ نەبەز لە مەڕ زەبیحی و قامووسەکەی و وەڵامی زەبیحی چەند باسی زمانناسی و سیاسی هاتوونە گۆڕێ کە شیاوی لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی بەرین ترن. من لێرە دا تەنیا باسی  سێ بابەت دەکەم- ئەویش بە کورتی: (١) هەمزە: دەنگ و حەڕەف، (٢) وشە خوازین و داتاشین و، (٣) دابی ڕەخنە گرتن.

(١)هەمزە: دەنگ و حەرف

    بە بۆچوونی من، قامووسی زمانی کوردی زەبیحی بەرهەمی هەرە گرینگی فەرهەنگنووسیی کوردییە.[١]بەڵام ئەنجومەنی " کۆڕی زانیاری کورد" پێی وا بوو ئەو قامووسە بایەخی وەی نییە کۆڕ پشتیوانی لێ بکا و بە خەرجی خۆی بڵاوی بکاتەوە. ئەو بۆچوونەی " کۆڕی زانیاری" ڕەنگە لە بەر ئەوە بوو بێ کە قامووس وشەی وەرگیراو لە زمانی عەڕەبی و تورکی تێدا تۆمار کراوە. ڕەنگە موکریانی بوونی زەبیحیش دەورێکی لە بڕیاری ئەنجومەنی کۆڕ دا گێڕا بێ، سەر باقی ئەوەی زمانی نووسینی زەبیحی تێکەڵاوێکی نۆڕمی موکریانی و سڵێمانییە.[٢]د.جەماڵ نەبەزیش قامووسی زۆرتر بە پێوانەی سیاسی و ئیدەئۆلۆژی هەڵسەنگاندووە و ، بە بڕوای من، دەستکەوتەکانی ئەو بەرهەمەی بۆ ڕوون نەبۆتەوە و نەیتوانیوە دەوری قامووس لە مێژووی سێ سەدەیی فەرهەنگنووسیی کوردی دا شی بکاتەوە.

    تەنیا دوو بەرگ لە دە بەرگی قامووس بڵاو بۆوە. بەرگی یەک تەواوی ئەو وشانەی تێدایە کە بە حەرفی هەمزە دەست پێدەکەن. لێرە دا دوو ڕەخنەی د.نەبەز لە قامووس بە کورتی شی دەکەمەوە: (١) زەبیحی هەمزە بە دەنگێکی کوردی دادەنێ بەڵام ئەو عەڕەبییە و لە کوردی دا نییە، و (٢) زەبیحی وشەی بێگانەی – زۆرتر عەڕەبی – لە قامووس دا تۆمار کردووە. زەبیحی و د.ئەڕەحمانی حاجی مارف وەڵامی ئەو ڕەخنانە و چەند ڕەخنەیەکی تری د.نەبەزیان داوەتەوە. من لێرە دا بەعزە لایەنێکی کێشەی هەمزە شی دەکەمەوە.

 لە باسی ئەلفووبێ و ڕێنووس و دەزگای دەنگی کوردی دا، زۆر کەس دەنگ و حەرف تێکەڵ دەکەن. زۆر کەس پێیان وایە حەرف ،دەنگێکی تایبەتی نەگۆڕی لە خۆی دا ڕاگرتووە و هەر کاتێک ئەو حەرفە بنووسرێ یان وەبەر چاو بکەوێ، دەنگەکەش لەگەڵ خۆی دەخاتە سەر زار. بەڵام حەرف، نیشانە یان نیگارێکە کە بە قەرارو مەدار داندراوە بۆ ئەوەی ببێتە نوێنەری دەنگێک ( جاری وایە زیاتر لە یەک دەنگ). کە وابوو دەنگەکانی هەر زمانێک دەکرێ بە هەر ئەلفوبێێێک بنووسرێن. بۆ وێنە زمانی کوردی تا ئێستە بە چەند ئەلفووبێی جۆراجۆر وەک هەرمەنی، عەڕەبی، لاتینی و سیریلی ( کە ڕووسی و چەند زمانی تری پێ دەنووسرێ) ، سوریانی و... نووسراوە.

    لەگەڵ ئەوەشدا لە باسی هەمزە دا ، حەڕف و دەنگ زۆر جار تێکەڵ کراون، زەبیحی توانیوێتی ئەو جیاوازییەی لە بەر چاو بێ و ڕەخنە لە جەماڵ نەبەز دەگرێ و دەڵێ: " پیت (الحرف) بۆیە داهێنراوە دەنگێک پێشان بدا ".

  "هەمزە: نێوی حەرفێکە لە ئەلفووبێی عەڕەبی، و لە زمانی عەڕەبی دا بۆ نووسینی دەنگێک دەکار دێ کە لە زانستی دەنگناسی (فۆنێتیک phonetics) دا پێی دەڵێن دەنگی " بەستی گەروویی " ( glottal stop ؛ د. کەماڵ فواد پێی دەڵێ " دەنگی گەروویی وەستاو" ) . با بزانین ئەو دەنگە چۆن دروست دەکرێ. کاتێکی هەوا لە سییەکان دێتە دەرێ، ئەگەر دوو دەنگژێیەکان ( vocal cords یان vocal folds ) لێک نزیک ببنەوە و بۆ ئانێک ڕێگەی دەرچوونی هەوا بگرن و دوایە لە پڕڕا لێک جوێ ببنەوە و هەوا پەنگاوخواردووەکە بەڕەڵا بێ و بەرەو زار و پەڕەکەی ناو لووت بڕوا و بچێتە دەرێ، دەنگێک ساز دەبێ کە لە فۆنێتیک دا پێی دەڵێن بەستی گەروویی و لە عەڕەبی دا بە دەنگ و حەرفی " هەمزە " ناسراوە. دەنگی بەستی تر لە کوردی دا ( لەهجەی سۆرانی ئەدەبی) بریتین لە /ب/، /پ/ و /ت/ ، /د/ و /ک/ ،/گ/ و /ق/ ( من بۆ جیاکردنەوەی فۆنێم لە حەرف ، هەر کاتێک مەبەستم فۆنێم بێ لە ناو جووتە // دەینووسم. لەگەڵ ئەوەش دا هەر دەنگێک فۆنێم نییە، لێرە دا دەنگیش وەک فۆنێم لە ناو // دا دەنووسم). بۆ وێنە لە دروست کردنی دەنگی /ب/ و /پ/ شدا، دوو لێوەکان ڕێگەی دەرچوونی هەوا لە سییەکان دەگرن و دوایە لە پڕڕا لێک جوێ دەبنەوە و هەواکە لە زار دەچێتە دەرێ. بەو دوو دەنگانە دەڵێن دەنگێ " بەستی دوو لێوی (bilabial stop) . جیاوازی /ب/ و /پ/ دایە کە لە دروستبوونی /پ/ دا، دەنگژێیەکان نالەرێنەوە بەڵام لە /ب/ دا دەلەرێنەوە. [٣]
 
   دەنگی  " بەستی " گەروویی لە زۆر زمانان دا هەیە ( کوردی ، عەڕەبی ، ئەڵمانی ، فارسی و ...) بەڵام لە حەموو زمانێک دا وەک فۆنێم (phoneme)  - دەنگێکی بنچینەیی و ئینتیزاعی زمان – داناندرێ. جا با لە پێشدا بە کورتی باسی فۆنێم بکەم و دوایە بگەڕێمەوە سەر باسەکەمان.

   فۆنێم، بەقسەی د.کماڵ فواد، " پچووکترین یەکانەی (واحد) دەنگی زمانە، کە گۆڕینی لە وشەیێک دا ئەبێتە هۆی گۆڕینی مانای ئەو وشەیە". [٤] بۆ وێنە دوو دەنگی /ر/ و /ڕ/ لە کوردی دا ( سۆرانی ئەدەبی) هەر کامەی فۆنێمێکی جیاوازن چونکە لە جووتۆکانەی / کەر / و / کەڕ / ( کەسێکی نەتوانێ ببیستێ) دا دەوری جیا کردنەوەی مانا دەگێڕن. [٥] لە هەر کام لەو جووتۆکانە دا سێ دەنگ هەیە. دەنگی هەوەڵ و دووەمیان وەک یەک وایە و تەنیا بە دەنگی سێهەم لێک جیاواز دەبنەوە. هەر وەها /ل/ و /ڵ/ لە کوردی دا، فۆنێمن چونکە لە جووتۆکەی وەک /پەلە/ - /پەڵە/ یان /کەل/ - / کەڵ / دا دەبنە هۆی جیاواز بوونی مانای ئەو وشانە. ئەگەر ئەو دەنگانە لە زمانی تر دا هەبن، بەڵام  جیاوازی مانا دروست نەکەن بە فۆنێم داناندرێن. بۆ وێنە لە ئینگلیسی دا دوو جۆر  /  l  / هەیە وەک لە leaf و لە pool دا بە  lی وشەی  leafدەڵێن l ی ڕوون ( " clear l ") و بە l ی وشەی pool دەڵێن l  ی تاریک ( " dark l  "). بەڵام لە ئینگلیسی دا ئەو دوو l یانە وەک فۆنێمی جیاواز داناندرێن لە بەر ئەوەی کە جووتۆکەیێک لەو زمانە دا پەیدا نابێ کە جیاوازی دوو l ێیەکان بتوانێ دوو وشەی جیاوازیان لێ ساز بکا. بەڵام لە ڕووسی دا کە دوو lی وەک ئینگلیسی هەیە ، هەر کامەی بە فۆنێمی جیاواز حیسێب دەکرێ. بەو دوو شێوە فۆنێمانە کە وێکرا فۆنێمی l لە ئینگلیسی دا پێکدێنن دەڵێن ( allophone ). [٦] جا با بێینەوە سەر باسی هەمزە.
 
   بە فۆنێم دانان یان دانەنانی دەنگی بەستی گەروویی ( هەمزە) بەستراوەتەوە بە (١) دەوری ئەو دەنگە لە پێکهێنانی وشە و گۆڕینی مانا دا و (٢) بە ڕوانگە تیۆرییەکانی فۆنۆلۆژی (phonology) یان فۆنێمناسی (phonemics). کەس شکی لەوە دا نییە کە ئەو دەنگە لە عەڕەبی دا فۆنێمە و لە سەرەتا و نێوان و ئاخری وشە دا دەکوترێ و دەنووسرێ. ئەوانەی توێژینەوەیان لە فۆنێمی کوردی کردووە ( لە ڕوانگەی فۆنێتیکییەوە نەک لە ڕوانگەی سیاسی و ڕەگەزییەوە)، گشتییان پێیان وایە  کە دەنگی بەستی گەروویی (هەمزە) لە کوردی دا هەیە بەڵام کە دێنە سەر لێکدانەوەی فۆنێمناسی (phonemics )، دوو بڕیاری جیاوازیان هەیە. بۆ وێنە، ئرنست مەک کارووس و عەبدولمەجید ڕەشید ئەحمەد دەنگەکە بە فۆنێم دادەنێن بەڵام د.ن. مەک کێنزی، ئەوڕەحمانی حاجی مارف، کەریمی ئەیووبی و سمیرنۆڤا، یووسۆڤا، و کەمال فواد پێیان وایە ئەو دەنگە لە کوردی دا فۆنێم نییە. [٧]  جیاوازی لێکدانەوەی ئەو لێکۆلەرەوانە لە بەر ئەوە نییە کە لایێک پێی وا بێ بەستی گەروویی ( هەمزە ) دەنگێکی کوردی ڕەسەنە یان لایێکی تر بڵێ دەنگێکی " بێگانە" و ناکوردییە. فۆنێمناس گوێ دەگرێتە ئەو کەسانەی بە زمانێک قسە دەکەن و هەر دەنگێکی لەو زمانە دا هەبێ تۆماری دەکا و لێکی دەداتەوە. فۆنێمناس گوێ ناگرێتە چەند کەسێکی کە، لە بەر بۆچوون و بەرژەوەندی سیاسی و ئیدەئۆلۆژی خۆیان، بڕیار بدەن کە هەمزە یان /ق/،/ح/، /ع/ و /غ/  دەنگی بێگانەن و زمان بەدەریان بکەن. لە زانستی فۆنۆلۆژی یان فۆنێمناسی دا، تیۆری و مێتۆدی جۆراوجۆر هەیە بۆ دیاری کردنی فۆنێمەکانی هەر زمانێک جا بۆیە جاری وایە فۆنێمناسەکان ناتوانن سەبارەت بە ژمارەی فۆنێمەکانی زمانێک یەک بڕیاریان هەبێ.

    د.نەبەز لە نووسینی خۆی دا، حەرفی هەمزە دە کار دێنێ(لە سەرەتای ئەو وشانەی کە بە دەنگی بزوێن دەست پێدەکەن). ڕەخنەی وی لە قامووس زۆرتر لە بەر ئەوەیە کە زەبیحی، هەمزە بە دەنگێکی کوردی دا دەنێ. دوایەش دەڵێ:

   " ئەو دەنگانەی کە کاک زەبیحی بە هەمزەیان دەزانێ یان بە هەمزە و ئەلف یان بە هەمزە و شتێکی دی یان تێ دەگا وەک ئا، ئە، ئو، ئوو، ئۆ، ئی، ئێ، ئەمانە هەمزە نین . ئەمانە هەموو تیپی دەنگداری کورت و درێژن کە  نیگارە لاتینی یەکانیان بەم جۆرەیە a,b,u,o,u,i,e  . د. نەبەز لێرە دا دەنگ و حەرف ، فۆنێم و دەنگ ، و فۆنێم و حەرفی تێکەڵ کردووە. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ئەو دەنگە بزوێنانە ، چ بە ئەلفووبێی لاتینی بیاننووسی چ بە ئەلفووبێی سیریلی ، هەرمەنی یان گورجی ، لە سەرەتای وشەدا بە دەنگی بەستی گەروویی (هەمزە) دەکوترێن. هیچ چەشنە نووسینێک ناتوانێ ڕێگە لە دەربڕینی ئەو دەنگە بگرێ . بەڵام د. نەبەز هەر وەک ئەوڕەحمانی حاجی مارف  دەستی بۆ ڕاکێشاوە، لە تێکۆشانی زمانەوانی خۆیدا حەولی نەداوە وەدوای زانستی دەنگناسی ( فۆنێتیک) و فۆنێمناسی بکەوێ. ئەو لە بەرهەمی زمانەوانی خۆی و لە ڕەخنەکەی زۆرتر یەک ئامانجی هەیە: ئەوەندەی بۆی دەکرێ کوردی پەتی بکا – لە وشە و لە دەنگ و لە ئەلفووبێ دا – ئەویش زۆرتر بە وەدەرنانی هەر دیاردەیێکی زمانی کە، بە خەیاڵ یان بە ڕاستی، بتوانێ ڕەچەڵەکی بگێڕێتەوە سەر زمانی عەڕەبی. بەڵام سیاسەتی دژایەتی کردنی زمانی عەڕەبی وێڕای تێکەڵاو کردنی دەنگ و حەرف ڕێگە بە د.نەبەز نادا کە کێشەکانی زمانی کوردی بە شێوەیێکی زانستی و بەکارهاتوو شی بکاتەوە و چارەیان بۆ بدۆزێتەوە. بۆ وێنە، لە کتێبی زمانی یەکگرتووی کوردی دا دەنووسێ:

  کوردەکانی ئەوێ [یەکێتی سۆڤێت] لە پاش شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە، هەلیان بۆ هەڵکەوت بە زمانی خۆیان بخوێنن و بنووسن . لە ١٩٢١ دا ئەلفووبێ یەکی لاتینی  بە تیپی ئەرمەنی بڵاو کرایەوە، بەڵام پاش ئەوەی تاکە کتێبێکی پێ دەرچوو، زانرا کە ئەم ئەلفووبێ یە بە کاری نووسینی کوردی نایەت.ئەوەش بوو بە هۆی ئەوەی تا ١٩٢٩ هەموو جۆرە نووسینێکی کوردی بوێستێ. هەتا لەو ساڵە دا دوو کەس عەڕەبی شامۆ و مارەگۆڵێف ، ئەلفووبێ یەکی لاتینی یان دانا و لە ١ /١/ ١٩٣٠ دا بە شێوەیەکی ڕەسمی خرایە کار، بەڵام ئەم ئەلفووبێ یە بە داخەوە زۆر نەژیا و گۆڕا بە ئەلفووبێ ی سریالی، کە لەگەڵ سروشتی زمانی کوردی دا بە هیچ جۆرێک ڕێک ناکەوێ... (ل ٨٤). [٨]


  لێرەدا دەنگ و حەرف یان قسە کردن و نووسین تێکەڵ کراوە. هەر وەک لە پێشدا باسم کرد، زانستی زمانناسی پێی وایە هەر زمانێک بە هەر ئەلفووبێیێک دەکرێ بنووسرێ. چاکی و خراپی ئەلفووبێش هیچ پێوەندی نییە بە ڕەچەڵەک و بنەچەکە و ڕەگەزی ئەلفووبێیەکە یان ئەو خەڵکەی کە دایان هێناوە.  کەس ناتوانێ  بیسەلمێنێ کە ئەلفووبێی عەڕەبی یان سیریلی لە ئەلفووبێی لاتینی ( یان ڕۆمی Roman ) خراپترە جا چ بۆ نووسینی کوردی بێ چ بۆ نووسینی زمانی تر. لەهجەی ستانداردی کوردی (لە سەر بنچینەی سلێمانی) سی و نۆ فۆنێمی هەیە کە ئەو فۆنێمانە – چ بە ئەلفووبێی عەڕەبی بیاننووسین چ بە ئەلفووبێی تر – نە خسڵەتیان دەگۆڕدرێ نە " سروشتی زمانی کوردی " تێکدەدەن. [٩] دیارە نە ئەلفووبێی عەڕەبی نە ئەلفووبێی لاتینی و سیریلی هیچ کامیان سی و نۆ حەرفیان بۆ نووسینی کوردی نییە. جا ئەگەر بمانەوێ کوردی بە ئەلفووبێیێکی فۆنێمیک ( یەک حەرەفی جیاواز بۆ هەر فۆنێمێک) بنووسین دەبێ یان نیشانە لە حەرفەکانی ئەو ئەلفووبێیانە  زیاد بکەین یان حەرفی تازەیان بۆ دا بنێین. هیچ پێوانەیێکی زمانناسی نییە بۆ ئەوەی کەسێک بتوانێ بیسەلمێنێ کە حەرفی fی لاتینی لە حەرفی Фی ڕووسی یان حەرفی ف ی عەڕەبی باشترە. د.نەبەز پێی وایە ئەلفووبێی لاتینی تەنیا ئەلفووبێیێکە  کە " لە گەڵ سروشتی زمان کوردی " ڕێک دەکەوێ. ئەوە بڕوایێک یان بڕیارێکی سیاسی و ئیدێئۆلۆژییە. زۆربەی ڕۆشنبیری کوردی باکووریش پێیان وایە ئەلفووبێی عەڕەبی شتێکی " سامی" و " دواکەوتوو ' و " ئیسلامییە". جیا کردنەوەی ئەو بۆچوونانە لە بۆچوونی کەماڵیستی کارێکی هاسان نییە .

 زەبیحی لەگەڵ ئەوەشدا زانستی دەنگناسی و فۆنێمناسی نە خوێندبوو، بۆچوونەکانی لە لێکدانەوەی فۆنێمناسی دوور نەکەوتووەتەوە . ئەوەش تا ڕادەیەکی زۆر سەرچاوەی لە بۆچوونە سیاسییەکەی دایە کە دژی شۆڤێنیسمی نەتەوەیی و ڕەگەز پەرستی بوو. بێجگەلە ڕوانگە سیاسی دێمۆکراتییانەی، زەبیحی لە کێشەکانی زمانی کوردی زەین و هۆشێکی تیژ و وردبینی هەبوو. بۆ نموونەی لێکدانەوەیێکی فۆنێمناسانە با بەشێک لە لێکۆڵینەوەکەی کەماڵ فواد بگێڕمەوە. لە کورتە نووسراوەکەی دا لە مەڕ فۆنێمەکانی زمانی کوردی ("زمانی ئەدەبی کوردیی ڕۆژهەڵاتی – کرمانجی خواروو ") دەنووسێ:

  هەر ڤاوێلێک [ بزوێن یان vowel ] بکەوێتە سەرەتای وشە یان سەرەتای بڕگەوە دەنگێکی گەروویی وەستاو (glottal stop) پێشی ئەکەوێت. ئەو دەنگە لە عەڕەبی دا پێی ئەڵێن ( الهمزە). لە ئیملای نوێ ی کوردی دا بە تیپی عەڕەبی ڤاولەکان کە بکەونە سەرەتای وشەوە بەم جۆرە ئەنووسرێن: ئ، ئە، ئێ، ئو،ئا، ئێ، ئیی، ئپ، ئوو، ئو. لە ئەلمانی دا بەم دەنگە (هەمزە  ئەوترێت ڤاول هەڵگر  vocal –trager. نووسینی هەمزە پێش ڤاوڵەکان لە سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی وشە دا بە هەر دوو تیپی عەڕەبی و لاتینی بەم جۆرە دەر ئەکەون .. [١٠]


  د.فواد نموونە ئەو " ڤاول هەڵگرانە" لە کوردی دا لەو وشانە دا دێنێتەوە: ئەو، ئیمڕۆ، ئومێد، ئێستا، ئیتر، ئۆخەی ... و دەڵێ دەنگی گەروویی وەستاو ( بەستی گەروویی – هەمزە) لە سەرەتای وشە دا پێش ڤاولەکان بەدی ئەکرێت، لە کۆتایی وشە دا تەنیا لە وشەی / ئەء/ دا ئەبینرێت و لە وشە لێکدراوەکاندا دەکەوێتە سەرەتای بڕگەوە ( وەک لە /سەرئەنجام/ )  کە زۆر جار دەنگەکە هەڵئەگیرێت و وەک سەرەنجام دەگوترێ و دەنووسرێ. لە جێێێکی تر دا، د.فواد دەڵێ:

بەم جۆرە ئەبینین کە هەمزە دەنگێکی بڕبڕەی زمانی کوردی نییە. بەڵکوو بەستراوەتەوە بە بەکارهێنانی ڤاوڵەکانەوە. هەر وشەیەک بە ڤاوڵ دەست پێ بکات دەنگێکی گەروویی وەستاو (glottal stop)ی ئەکەوێتە پێش. ئەمەش تایبەتی نییە بە زمانی کوردی. لە هەموو زمانێک دا هەر وایە. [١١] 

 خوێنەرەوە لێرە دا بۆی دەردەکەوێ کە زۆربەی بۆچوونەکانی زەبیحی سەبارەت بە کێشەی هەمزە لەگەڵ لێکدانەوەی فۆنێمناسی یەک دەگرێتەوە.

 (٢)وشە خوازین و داتاشین

 
  کێشەی پەتی کردن پێویستی بە لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی بەرین و قووڵە. [١٢] لەو کتێبەی لە بەر دەستی خوێنەرەوە دایە ، چەند لایەنێکی ئەو کێشەیە باس کراوە ( بڕوانە لاپەڕەی: ١٥، ٤١٢، ٤٣١، ٤٦٨).  من پێم وایە ڕێبازی زەبیحی ، سەبارەت بە وشەی خوازراو و داتاشراو ڕێبازێکی دروستە و یارمەتی دەدا بە ستاندارد کردن و دەوڵەمەند کردنی زمانی کوردی. زەبیحی وشەیێکی لە زمانی بێگانە – چ زمانی نەتەوە زاڵ و زاڵمەکان (عەڕەبی، فارسی، تورکی) و چ زمانی تر – وەرگیرابێ و لە نووسین و قسە کردن دا باو بووبێ وەک وشەی خوازراو تۆماری کردووە و وەک بەشێک لە وشەگەلی زمانی کوردی داناوە. وشەی داتاشراویش ئەگەر باو بووبێ وەک وشەی کوردی چاو لێکردووە. بۆ وێنە:

  ئابووریی – (تت.)  (نا.) – چاوەدێری ڕاگرتنی ڕێک و پێکی داهات و خەرجی ماڵ، ئیدارە و دەوڵەت. ئیقتیصاد. تێب – نازانم ئەم ووشەیە لە کوێڕا هاتوە و چۆن داتاشراوە، بەڵام ئەوەندە بڵاو بۆتەوە، بەم مەعنایە جێگای خۆی کردۆتەوە.

بەڵام زەبیحی بەعزە دینامیسمێکی زمانی باش بۆ ڕوون نەبووبۆوە. زمان دیاردەێێکی ئاڵۆز و هەمیشە لە گۆڕاندایە و ئەوانەی کە بۆ ستاندارد کردنی حەول دەدەن لەگەڵ دینامیسمی زمان دا تووشی ناکۆکی دەبن . بۆ وێنە زەبیحی دەنووسێ:

 داتاشینی ووشەی تازە بۆ زمانێک بە تایبەتی لەم زەمانە دا کە هەموو ڕۆژێ شتی تازە دێتە گۆڕێ، کارێکی خراپ نییە هیچ بەڵکوو پێویستیشە، بەڵام بە مەرجێ دەگەڵ دەستووری زمانی  کوردیدا بگونجێ نەک هەر کەس دەستی قەڵەمی گرت هەق داتە خۆی و بە ڕاست و چەپدا وەک ئاشی کڕێوە ووشە دەرفرتێنێ، یا زاراوەی زمانێکی تر وەرگێڕێتە کوردی کە ئەمیان هەر ئێجگار ئیشێکی نالەبارە. [١٣]

 لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە ڕاستە کە وشەی داتاشراو  دەبێ لەگەڵ دەستووری زمانی کوردی دا بگونجێ بەڵام دەستووری زمان خۆی ژیانێکی دینامیکی هەیە و هەم لە قسە کردندا و هەم لە نووسین و خوێندنەوە دا گشت کاتێ دەگۆڕێ و دەگۆڕدرێ. لەو پڕۆسە نەوەستاوە دا، هەڵە دەبێتە ڕاست و ڕاست دەبێتە هەڵە.  زەبیحی خۆی لە ساڵانی ١٩٤٤-١٩٤٢ دا، بە هەڵە، ناوێکی خاصی- بەرواری ( کە ناوی ناوچە بوو) – وەک ناوی گشتی خوێندەوە و بە مانای " بە تاریخ"  فارسی تێگەیشت و هەر بەو مانایە دەکاری هێنا ( لە گۆڤاری نیشتمان دا). هەڵەی زەبیحی ( کە خۆشی تا ماوەیێکی زۆر نەیدەزانی هەڵەیە ) لە لایەن ڕۆشنبیر و ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕادیۆی کوردییەوە وەک ڕاستیی وەرگیرا و بەو مانایەی کە زەبیحی لە خەیاڵی خۆی دا خولقاندبووی دەکار هێندرا. ئێستەش بیست ساڵ دوای ئەوەی کە زەبیحی بە ڕاشکاوی باسی ئەو هەڵەی کرد و خۆی دەستی لێهەڵگرت ، ژیانی نوێی " بەرواری" ( بە مانای " بە تاریخ" ) درێژەی هەیە. [١٤]


  " هەڵە و ڕاستی" هەم لە قسە کردن دا و هەم لە نووسین دا وەک پێوانەیێک بۆ هەڵسەنگاندنی زمان هاتۆتە گۆڕێ بەڵام ئەو کێشەیە لەو کاتەوە نووسین پەیدا بووە دەورێکی تایبەتی لە زمان و کولتوور و سیاسەت دا گێڕاوە. ئەو دیاردەیە لە زمانی ستاندارد دا بایەخێکی یەکجار زۆری پێدەدرێ ئەویش زۆرتر بە هۆی ئەوەی کە زمانی ستاندارد دەبێ دوان و لێکدوانی ئاخێوەرانی لەهجە جیاوازەکان بە هاسانی و ڕەوانی پێک بێنێ. لە باری سیاسییەوە، زمانی ستاندارد دەبێ یەکگرتنی نەتەوە خێراتر بەدی بێنێ و درێژەی پێبدا. بەڵام " هەڵە" یان  "ڕاست " پێوانەیێکی تاقانە و موتڵەقی نییە. پێوانەت زەبیحی پێوانەیێک بوو کە زانستی زمانناسی و پراتیکی زمان چێکردن (language reform) پێی لێ دادەگرێ: (١) هەر وشەیێک لە هەر زمانێک وەرگیرابێ و باو بووبێ وشەیێکی خۆماڵی و کوردییە و (٢) هەر وشەیێک لە چوارچێوەی ڕێزمانی کوردی دا داتاشرابێ و باو بووبێ وشەیێکی ڕاست و " ڕەسەنە" . ئەو پێوانانە، پێوانەی زمانیین نەک سیاسی. ئەوەش ئاشکرایە کە هیچ دەست تێوەردانێکی زمان لە سیاسەت جوێ ناکرێتەوە. پرسیارەکە ئەوەیە: کام سیاسەت؟ لە باری سیاسییەوە، بۆچوونی زەبیحی یارمەتی دەدا بە بووژاندنەوە، دەوڵەمەند کردن و ستاندارد کردنی زمانی کوردی.

 د.نەبەز، بە پێچەوانەی زەبیحی، لە باتی پێوانەی زمانیی وەدوای پێوانەی تەواو سیاسی کەوتووە. ئەو پێی گرینگ نییە خەڵک –خوێندەوار و نەخوێندەوار – چۆن زمانی کوردی دەکار دێنن، چۆن وشە دەخوازنەوە، چۆن جل و بەرگی کوردی لە بەر وشەی خوازراو دەکەن، یان شەو و ڕۆژ /ح/ ، /ق/ ، /ع/ ، /غ/ وەک دەنگی کوردی بە سەر زاریان دا دێ. د.نەبەز و هاوبیرانی تەنیا یەک پێوانەیان هەیە : کوردی بوون یان نەبوونی وشە و دەنگ و ئەلفووبێ. بەڵام هەڵسەنگاندن و بڕیار دان سەبارەت بە کوردی بوون خۆی پێویستی بە پێوانە هەیە. پێوانەکەشیان ، پێوانەیەکی ڕەگەزییە. مەرجی هەرە گرینگی کوردی بوون، لای ئەوان ، عەڕەب (سامی) نەبوون و تورک (توورانی) نەبوونە. ئەوەش وەنەبێ تەنیا لە باری سیاسییەوە پڕ لە مەترسی بێ. زانستی زمانناسی دەڵێ هیچ پێوەندییێک لە نێوان ڕەگەز و پێکهاتەی (structure ) زمان ( پێکهاتەی گرامێر، مۆرفۆلۆژی، فۆنۆلۆژی) بە دی ناکرێ. زۆربەی گەلی کوردیش قەت وەدوای ڕەگەز (عرق، نژاد، race ) نەکەوتووە، و کێشەی " ئاریایی" بوونی کورد و "سامی" بوونی عەڕەب و " تورانی" بوونی تورک لە ساڵانی ١٩١٠ بەولاوە لە لایەن ڕۆشنبیری کورد هاتووەتە گۆڕێ و، ئەوەش میراتی ڕەگەزپەرستی ئوڕووپاییەکان بوو.

  لەباری سیاسیەوە، هەڵسەنگاندنی زمان و دەست تێوەردانی بە پێوانەی ڕەگەزی ، شێوەیێکی خۆماڵی کوشتنی زمانی کوردییە. زمانی کوردی لە سەدەی بیست دا، بە تایبەتی لە دوای شەڕی جیهانیی هەوەڵ، بە دوو شێوەی سەرەکی سەرکوت کراوە یەکیان، سیاسەتی زمانکوژی (linguicide )  دەوڵەتی تورکیە، ئێران، عێڕاق و سووریە و ئەوی تر، سیاسەتی ڕۆشنبیری ڕەگەزخواز یان ڕەگەزپەرستی کوردە کە بە شێوێکی ڕووت و ژەهراوی ەوەگیانی زمانی کوردی کەوتووە و خەریکی قەتڵ وبڕی وشە و دەنگ و حەرفی زمانەکەمانە. لە تورکیە ، دیوانی مەلای جزیری بە خەتی لاتین بڵاو دەکەنەوە و هەرچی حەرفی ع،ق،خ و ح ی وەدەستیان بکەوێ بە مەیلی خۆیان سەری هەڵدەقەنن یان حەرفی دی لە جێگەی دادەنێن.  لە کوردستانی خواروو، وشەی خوازراو لە زمانی عەڕەبی فڕێ دەدەن و زمانەکە وەبەر لێشاوی وشەی فارسی دەدەن ئەویش بەو خەیاڵە کە فارس "هاوڕەگەزی" کوردن و زمانی فارسی هاو ڕەچەڵەکی زمانی کوردییە. ئی وایە بە جارێکی شووی لێ هەڵدەکێشی و نووسینەکەی خۆی لە خوێناوی لەشی لەت و کوتکراوی زمانی کوردی دا نوقم دەکا: نووسەرێک  لە ڕۆژنامەی هەتاو چاپی لەندەن ئاوای کردووە:

         عێڕاق         ئیراک                عەبدو ڕەحمان          ئەبدورەهمان
         ئەفریقا       ئەفریکا             عیفەت قازی             ئیفەد قازی
         عەڕەب        ئارەب               قازی محەمەد           قازی مهەمەد
         شیعە          شیئە                حوسێن                     هوسێن
         مەسعووە   مەسئوود         ساواک                       ساڤاک   [١٥]

   لێرەدا ڕەگەزی کردنی زمانی کوردی گەیشتۆتە ئەو پەڕی خۆی.  نووسەر ئەوەندە قینی لە زمانی عەڕەبییە کە "و" و "ت" ش وەک " ح، ع، ق " ڕەجم دەکا و دەیانکاتە "ڤ" (ساڤاک ) و "د" ( ئیفەد).
 
  ڕەگەزپەرستی هیچ سنوورێک ناناسێ و لە سیاسەت و زمان و ئابووری و گشت گۆڕەپانی ژیانی کۆمەڵایەتی دا دەسەڵاتی دەوێ و بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتدارێتی لە کوشتار و خوێن ڕشتن ناپرینگێتەوە. گەلی  کورد تووشی ڕەگەپەرستی تورک (کەمالیسم) ، فارس ( ئێرانیگەری و پان ئێرانیسم) ، و عەڕەب ( بەعس و غەیری بەعس) بووە، بەڵام  کەسێک بڕوای بە ئازادی و دێمۆکڕاسی بێ چۆن دەتوانێ ڕەگەزپەرستی و شۆڤێنیسمی تورک و فارس و عەڕەب بە ڕەگەزپەرستی کوردی – " ئاریایی" بوون و زەردەشتی بوون وەڵام بداتەوە؟

  وەنەبێ زەبیحی توانیبێتی تەواوی کێشەکانی زمانی کوردی چارە کردبێ یان ڕێگەی چارەی دیاری کرد بێ. بەڵام ڕێبازی زمانی وی ڕێگە نادا بە شەڕی " خۆکوژیی" زمانی. ئەو ڕێبازە، بە فڕێ دانی شۆڤێنیسمی زمانی و ڕەگەزپەرستی ئاریایی، زمانی کوردی پتەو دەکا و یارمەتی دەدا بۆ ئەوەی لە بەرەنگاری بوونی شەڕی زمانکوژی چوار دەوڵەتاندا سەر بکەوێ. وشە خوازتنەوە و وشە داتاشین دوو پڕۆسەی وشە ڕۆنانن و ، وشە وەرگرتن لە زمانی تر زیندوو بوونی زمانی کوردی ڕادەگەیێنێ. هەر کەس، بە هەر بیانوویێک پڕۆسەی وشەدانانی زمانی کوردی دابمرکێنێ ناتوانێ خزمەت بەو زمانە بکا.

  کوردی لە باری نفووسەوە (ژمارەی ئاخێوەران) یەکێک لە زمانە گەورەکانی دنیایە.  لە دنیا دا نزیکەی ٦٦٠٠ زمان هەیە و زمانی کوردی ٤٠مین زمانی دنیایە و لە باری چەندێتی ئاخێوەران لە زۆر زمانی پێشکەوتووی وەک دانمارکی، هولەندی، سوێدی و فەنلاندی لە پێشترە. بەڵام زمانەکەمان لەباری کولتوورییەوە لە ئەو زمانانە وەدواکەوتووە و ڕەنگە لە داهاتوویێکی دووریش دا – ئەگەر باری ئێستە نەگۆڕدرێ – نەگاتە ڕادەی سەرهەڵدانی ئەو وردە زمانە دەوڵەمەندانە. گیروگرفتی زمانی کوردی زۆرن بەڵام ئەوانە کێشەی زمانی کوردی نین:

١-بنەچەکەی زمانی کوردی ( وەک ئەوێستایی یان مادی بوونی کوردی)
٢-"ڕەسەنایەتی" دەنگ و حەرف و وشە
٣-لاتینی کردنی ئەلف و بێ

 ئەوانە و زۆر کێشەی تری لەو چەشنە ( بە تایبەتی ١ و ٢ ) دەستکردی بەرژەوەندی سیاسی و ئیدۆئۆلۆژی چەند ڕۆشنبیرێکی پەتیگەری توند و تیژن کە لە سەر ئەو باسانە دەڕۆن، گەورەی دەکەنەوە و ، بە هەڵا و بگری  "نەتەوە پەرستانە" و " کورد پەروەرانە" کێشە سەرەکییەکانی زمانی کوردی لە تۆز و خۆڵی شەڕی دۆنکیشۆتانەی کوردی و عەڕەبی دا بزر دەکەن.

 کێشەی سەرەکی زمانی کوردی ئەوەیە: نووسینی کتێبی دەرسی زانستگایی و بڵاو کردنەوەی گۆڤاری شیمی، ئەستێرە ناسی، مەنتیق، فەلسەفە، ئابووری، بیۆلۆژی و زانستی جۆراوجۆر بە هەر دوو لەهجەی ستانداردی کورمانجی و سۆرانی ؛ دانان و بڵاوکردنەوەی فەرهەنگێکی تێر و تەسەلی زمانی کوردی؛ دانانی دائیرەتولمەعاریفێکی بە پێزی کوردی بە هەر دوو لەهجەی ستاندارد؛ تۆمار کردن و بڵاو کردنەوەی ئەدەبی   زارەکی کوردی و دەستنووسە چاپ نەکراوەکان؛ دانانی فەرهەنگی جۆراجۆر – ئەدەبی ، زانستی، منداڵان ، وشەی هاومانا و دژمانا و ....؛ وەرگێڕانی بەرهەمە گرینگەکانی کولتووری ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات.

 کێشەکانی تر گشتیان لە بەرامبەر ئەو کێشەیە دا هەڵدەبزرکێن.  وەدەرنانی  /ح/ ، /ع/ و /ق/ لە نووسین دا کارێکی هاسانە بەڵام بەرهەم  هێنانی زانستی نوێ بە زمانی کوردی ئەرکێکی یەکجار گرانە. سەرکەوتن لەو خەباتە دا پێویستی بە بزووتنەوەیێکی ڕۆشنبیری و سیاسی بە هێز هەیە بەڵام مەرجێکی گرینگی ئەوەیە کە پەتیگەرە توندو تیژەکان بەربینگی زمانی کوردی بەر بدەن و پشووی زمانی کوردی – زمانی مەلای جزیری و مەلا مەحموودی بایەزیدی و نالی و قانیع و عەلی بەردەشانی – نەبڕن.

(٣)دابی ڕەخنەگرتن [١٦]

  لە نەریتی کۆنباو دا، ئەگەر کەسێک قسەیێک یان بۆچوونی  کەسێکی تری پێ خۆش نەبێ یان پێی چاک نەبێ ، ئەگەر دەستی بڕوا بە کوشتن یان ئەتک کردن  بێدەنگی دەکا.  ئەگەر دەستی نەڕوا، حەول دەدا بە جنێو دان و بوختان و بێ حورمەت کردن ئابڕووی ببا و قسە و بۆچوونەکانی لە بەر چاو بخا.  لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە شێوەیێکی کۆنی کۆمەڵگەی عەشیرەیی و دەرەبەگییە، لە پڕۆپاگاندای سەردەمی نوێباویش دا – بە شێوەی دی – لە ئارا دایە.

  لە کوردەواری ئێستە دا ، وا هەیە ئەگەر قسە و لێکدانەوەی کەسێکیان پێ خۆش نەبێ، لە باتی ڕەخنە گرتن ( هەڵسەنگاندنی لایەنی باش و خراپ ، ڕاست و ناڕاست ، کز و بە هێز و ...)  و لێکدانەوە و بەرپەرچدانەوە، حەول دەدرێ ئەو  کەسە تاوانبار بکەن و بە تاوانبار کردنی ئەرکی ڕەخنە و وەڵام دانەوە و بەرپەرچدانەوە لە سەر شانی خۆیان هەڵبگرن ؛ پڕۆپاگەندەچی خۆماڵی لە گشت تێکنیک و شێوەی ناسراوی پڕۆپاگەندە کەلک وەردەگرێ. لە زانستی پڕۆپاگەندە ناسی دا، لە ساڵانی ١٩٣٠ بەو لاوە، باسی حەوت شێوە یان تێکنیکی پڕۆپاگەندە کراوە کە دوانیان لە پڕۆپاگەندەی خۆماڵی زۆر باون: " جنێودان " و " ڕەگەڵکەوتن". [١٧] بۆ وێنە، پڕۆپاگەندەچی بەرەی ڕاست لە باتی لێکدانەوە و هەڵسەنگاندن و بەرپەرچدانەوەی فکری و سیاسی و عیلمی کۆمۆنیسم و مارکسیسم ، حەولی داوە بە لێشاوی جنێو – "کافر" ، " خراپ" ، " دیکتاتۆر" ، "دژی کورد" و هتد – ڕێگە لە خەباتی سیاسی  و فکری بگرێ و خەڵک لەگەڵ خۆی بخا. جا هەر کەس ( چ کۆمۆنیست بێ چ ئازادیخوازێکی غەیری کۆمۆنیست)  پەڵ ببزێوێ و ڕەخنە لە شۆڤێنیسم ( نەتەوەیی و پیاوانە) ، ڕەگەزپەرستی، چەوساندنەوە، و زۆڵم و زۆری ناوخۆیی بگرێ یان باسی خەباتی کرێکار و جووتیار بکا مۆری کۆمۆنیستی و مارکسی لە نێوچاوانی دەدا. لە هەمان کاتدا، پڕۆپاگەندەچی هەزار میداڵی " پاکی" ، " کورد پەروەری " و  کوردستانی" بوون خەڵاتی خۆی دەکا و دەم و چاو و سەرسینگی خۆی پێ دەڕازێنێتەوە و بە خەڵک دەڵێ: "ئەوان خراپن ، ئێمە باشین! چاوتان بقووچێنن و ڕەگەڵمان بکەون!".

  کزبوون یان نەبوونی نەریتی ڕەخنە گرتن وای کردووە ئەگەر کەسێک کۆمۆنیستیش نەبێ، ئەگەر "کوردپەروەر" یش بێ و بە زمانی کوردیش باش قسەکان بکا و بنووسێ، حەول دەدرێ بە تاوانی کوردی نەزانین بێ ئابڕوو بکرێ. [١٨]

 چل ساڵ ژیانی سیاسی و ئەدەبی زەبیحی پڕە لە ئاڵۆزی، بەرزی و نزمی، پێشکەوتن و پاشکەوتن، بەربەرەکانی و سەردانەواندن و گشت جۆرە ناکۆکی تر.  لەو کتێبە دا چەند گۆشەیێک لەو ناکۆکییانە باس کراوە  و ئەزموون و بۆچوونی جۆراجۆر سەبارەت بە ژیانی وی تۆمار کراوە. د.نەبەز لە دوو نووسراوەکەی خۆی دا، ژیانی ئەدەبی و سیاسی و خۆ کەسی زەبیحی موتڵەق و سادە و ماهەویی کردووە:  زەبیحی لە ژیانی سیاسی دا، لە سەرەتاوە تا دوا هەناسەی خائین و خۆفرۆش و جاسووس و  فێلباز بوو، لە ژیانی خۆ کەسی دا، " سپڵە"، "پێنەزان" ، " خۆبەزلگرتوو" ، "جنێوفرۆش"، و " بۆقەلەموون سروشت" بوو. بەرهەمی زمانەوانی زەبیحی ، وەک بەسەرهاتە سیاسییەکەی ، " هەر لە لاپەڕەی یەکەمی یەوە لە سەر بنچینەی هەڵە دامەزرا" بوو. بەڵام ئەو دێو و درنجەی کە د. نەبەز، بە موتڵەق کردن و سادە کردنی ژیانی زەبیحی، تەنیوێتی لە ساویلکەیی دنیای فکری و لە نزمیی ڕادەی لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەکەی دا هەڵدەپڕووزێ و بزر دەبێ و ئەو پرسیارە دەخاتە سەر زار: کێ دێو و درنجە؟

 پەراوێزەکان

١-تا ئێستە لێکۆڵینەوەیێکی بە پێز سەبارەت بەو قامووسە نەکراوە.  بۆ کورتە باسێک  بڕوانە لاپەڕەی ٤١-٣٥ ی ئەو کتێبە.  لە لێکۆڵینەوەی خۆم لە مەڕ پڕۆسەی ستاندارد بوونی لەهجەی سلێمانی، دەوری ئەو بەرهەمە لە فەرهەنگنووسیی کوردی و گۆڕانی زمانی ستانداردی کوردی دا باس کراوە
   Amir Hassanpour, Nationalism and Language in Kurdistan, 1918-1985 , San Francis-co, Mellen Research University press,        1992,pp.406-13.
٢-ئەوانەی لە بڕیاردانی ئەنجومەنی کۆڕ دا بەشدارییان کردووە دەتوانن ئەو کێشەیە ڕوون بکەنەوە. بەڵام ئەو بۆچوونە – لەهجەی ستاندارد  تەنیا سۆرانییە و ئەویش بن لەهجەی سلێمانی – زۆر باوە.  مەسعوود محەمەد  دەنووسێ:
            گوێم لێ بوە، لە نامەی تایبەتیشدا خوێندوومەتەوە، ئەدیب و خوێندەواری سلێمانی  بە صەراحەت  گوتوەتی
            و نووسیوەتی هەر نووسینێکی لە شێوە نووسینی سلێمانی لا بدات دەبێ وەلاوە بنرێت....  هەر ئەو بیروڕایەشە
            لە پەنا پشتگیری کردن لە زمانی ئەدەبی کوردییەوە شێوازی کتێبی وەک (تحفەء مظفریە) تاوانبار دەکات.
                                                                                          مەسعوود محەمەد، " ڕێنووسی کۆڕ،  گۆڤاری کۆڕی
                                                                                           زانیاری کورد، بەرگی چوارەم ، ١٩٧٦، ل ٢٤٦  
 ٣-زمانناسی نوێ لە ساڵانی ١٩١٠ ەوە  دەستی  پێکرد و ئێستە.  لە باری تیۆری و مێتۆدەوە ، یەکێک لە زانستە کۆمەڵایەتییە هەرە ئاڵۆز و پێشکەوتووەکانە . لێکۆڵینەوەی زمانی کوردی  لە سەر بنچینەی زمانناسی نوێ لە یەکێتی سۆڤێت و لە وڵاتە ڕۆژاواییەکان  دەستی پێکرد بەڵام زۆربەی ئەو بەرهەمانە ، هەتا ساڵی ١٩٧٠ ، لە چوارچێوەی زمانناسی وەسفی (descriptive linguistics)  دا نووسرابوون. دەنگ و فۆنێمی کوردیش هەر زۆرتر لە چوارچێوەی ئەو مەکتەبە زمانناسییە دا لێکدراوەتەوە.  سەرباقی وەی تیۆری و مێتۆدی دەنگناسی و فۆنێمناسی  زۆر گۆڕاوە و بۆچوونی نوێ پەیدا بووە. منیش لێرە دا دەنگ و فۆنێم لە ڕوانگەی زمانناسی وەسفییەوە شی دەکەمەوە.
٤-کەماڵ فواد، فۆنێمەکانی زمانی کوردی، یۆنشۆپینگ، سوێد، کتێبی ئەرزان، ١٩٩٥، ل٢. ئەو بەرهەمە لە پێشدا لە گۆڤاری چریکەی کوردستان ( ژ ١، ١٩٧٩؛ ژ ٢ ، ١٩٨٠، ژ٣، ١٩٨٠ ؛ ژ٤، ١٩٨١) بڵاو ببۆوە.
 ٥-مەبەست لە جووتۆکانە (minimal pair) دوو وشەیە کە فۆنێمەکان وەک یەک وایە و تەنیا لە یەکەم فۆنێم دا جیاوازییان هەیە، وەک  هەل/هەڵ ، کەل/ کەڵ یان پەلە/ پەڵە.  ل لەو نموونانە دا جیاواز بوونی یەک فۆنێم جیاوازی مانا دروست دەکا. جووتۆکانە وەک ئامێرێک بۆ  تەبەقە کردنی دەنگ  و دیاری کردنی فۆنێمەکان دەکار دەهێندرێ.
٦-فۆنێم دەتوانێ چەند فۆڕم یان شێوەی هەبێ کە پێیان دەڵێن allophone یان شێوە فۆنێم.  ئەو فۆڕمانە وێکڕا فۆنێمێک پێک دێنن.  بۆ وێنە لە لەهجەی سلێمانی و موکریانی دا ، فۆنێمی /گ/  دوو شێوە فۆنێمی هەیە وەک [گ]  گاسن و لە گێوژ دا.  دیارە جیاوازی ئەو دوو شێوە فۆنێمانە بەستراوەتەوە بە ئەو بزوێنانەی کە بە دوای واندا دەگوترێن.  بۆ باسی دوو شێوە فۆنێمی ئینگلیسی دا بڕوانە:
Davis Crystal, The Cambridge Encyclopedia of  Language, Cambridge University Press, 1992,p.161.

٧-بڕوانە:
Abdul-Majeed Rashid Ahmad, The Phonetic System of Modern Standard Kurdish, Ph.D. Dissertation , University of Michigan, Ann Arbor, 1986,pp.62-63
Ernest McCarus, A Kurdish Grammar: Descriptive Analysis of the Kurdish of  Sulaimaniya, Iraq , New Yprk, American Council of Learned Societies , 1958,p.20..
Z. A. IUsupova , Suleimaniiiskii Dialekt Kurdskogo Iazyka, Moskva, Nauka, 1985, s.28..
K. Eiiubi & I. Smirnova , Kurdskii Dialekt Mukri , Leningrad, Nauka, 1968, s.14-15
D.N. Mackenzie , Kurdish Dialect Studies –I, London, Oxford University Press, 1981,pp.6-7,
 بیروڕای کەماڵ فواد لە لاپەڕەی ٤٥٢ دا باس کراوە. .  د.ئەوڕەحمانی  مارف بۆچوونی خۆی لە لاپەڕەی ٤٣١ دا دەربڕیوە

٨-د.نەبەز دەنووسێ: " لە ١٩٢١ دا ئەلفووبێی یەکی لاتینی بە تیپی ئەرمەنی بڵاو کرایەوە."  ئەوە قسەیێکی سەیرە.ئەلفووبێی لاتینی چۆن بە تیپی هەرمەنی دەنووسرێ؟ ئەو ئەلفووبێییەی لە ساڵی ١٩٢١، هاگۆب گازاریان لازۆ دای ڕشتبوو و لە کتێبی وێنەداری " شەمس " دا بڵاو بۆوە ( بڕوانە فەرهاد پیرباڵ ،" ئەلفابێ جێ یا کورمانجی و ئەرمەنی ئەستەمبوڵ ١٨٦١، پەیڤین ، ساڵی یەکەم، ژمارەی ١ تەمووزی ١٩٧٧، لاپەڕەی ٢٥٤- ٢٥٨). لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو ئەلفووبێیە بۆ ئەوەی کوردی باش پێ بنووسرێ، دەستی تێوەردرابوو، بەڵام ئەلفووبێی هەرمەنی بوو نەک لاتین.
٩-د. عەبدولمەجید ڕەشید ئەحمەد پێی وایە کە لەهجەی سلێمانی ٤٠ فۆنێمی هەیە ( ٣١ کۆنسۆنانت و دە بزوێن، مەک کاڕووسیش وا دەڵێ) بەڵام  "کوردی ستانداردی نوێ"  (Modern Standard Kurdish  ) کە لە سەر بنچینەی لەهجەی سلێمانی پێکهاتووە ٢٩ کۆنسونانت و ١٠ بزوێنی هەیە  ( لە لەهجەی ستاندارد دا  ئەو دەنگەی کە بە جوت حەرفی نگ دەنووسرێ نییە). بڕوانە:
Abdul – Majeed Rashid Ahmed, The Phonetic System …, p.12..
 لە لێکۆڵینەوەی ئەوڕەحمانی حاجی  مارف دا، دەنگەکانی " زمانی کوردی" بریتین لە ٢٨ کۆنسۆنانت ، ٨ بزوێن و سێ بزوێنی دوو لانە" 
( (diphthong  کە وێکڕا دەکاتە ٣٩ فۆنێم . بڕوانە:
                                               ئەوڕەحمانی حاجی مارف .  زمانی کوردی لە بەر ڕۆشنایی فۆنەتیکدا، بەغدا، کۆڕی زانیاری کورد، 
                                               ل ٢٨ ، ٣٤ ، ٣٥
١٠-کەماڵ فواد ، فۆنێمەکانی زمانی کوردی، ل١٠
١١-هەمان سەرچاوە ، ل ١٥
١٢-هەوەڵ لێکۆڵینەوەی زمانناسیانەی بزووتنەوەی پەتیکردن ، تێزی دوکتورای جەماڵ عەبدوڵا بوو کە ساڵی ١٩٨٠ پێشکەشی  زانستگای یۆرک ( ئینگلیستان) کرا.  ل لێکۆڵینەوەیەکی تر، تێزی دوکتۆرای جەعفەر حەسەنپوورە لە زانستگای ئووپسالا:
Jamal Jalal Abdulla, Some Aspects of Purism Among Kurdish Speakers, Ph.D. dissertation, University of York, 1980..
Jafar Hasanpoor, A Study of European and Persian Loanwords in Kurdish (Sorani) , Ph.D. dissertation, Uppsala University, 1999..
 ١٣-بڕوانە  لاپەڕيی ٤١٦
 ١٤-بڕوانە لاپەڕەی ٤٧٧ و، هەر وەها ، قامووسی زمانی کوردی ، ل ٦١- ٦٢
١٥-بڕوانە هەتاو ، ژ ١٨ – ١٩ ، ل ٨، و ١٩ ؛ ژ ٢٣، ل ١٤ ( ساڵی ١٩٨٨)
١٦-ڕەخنە (critique, criticism ) ، چ لە ئەدەبیات دا چ لە زەمینەی تر دا، خۆی بابەتێکی گرینگی لێکۆڵینەوەیە و، زانیارێکی زۆر سەبارەت بە مێژوو و تڕادیسیۆن و تیۆری ڕەخنە  لە بەر دەست دایە.  م لێرە دا هێنانە گۆڕی ئەو باسانە نییە. لێرە دا تەنیا دەمەوێ دەست ڕاکێشم بۆ ئەو دیاردە باوەی دنیای ڕۆشنبیری کورد کە شایەنی ناوی ڕەخنە نییە.
 ١٧- پرۆپاگەندە بە شێوەی جۆراوجۆر دەکرێ.  زانستی پڕۆپاگەندە ناسی لە ساڵانی ١٩٣٠ بەو لاوە پەرەی ستاند  و لێکۆڵینەوەیێکی زۆر سەبارەت بە مێژوو، شێوە ، و نەریتی پڕۆپاگاندە بڵاو کراوە. هاندەری ئەو شەپۆلی لێکۆڵینەوەیە هێرشی پڕۆپاگەندەی نازیسم و فاشیسم بوو. لە زانستگاکان لێکۆلەرەوەی ئازادیخواز و تێکۆشەر بۆ بەربەرەکانی کردنی بانگەشەی فاشیستی دەستیان کرد بە توێژینەوەی ئەو دیاردەیە. بۆ وێنە، لە ئەمریکا " ئەنیستیتووی لێکدانەوەی پڕۆپاگەندە "  (    (Institute of Propaganda Analysis دامەزرا کە بە بڵاو کردنەوەی کتێب و گۆڤار ، بەرەنگاری پڕۆپاگەندەی فاشیستی بوو.  یەکێک لە بڵاوکراوەکانی ئەو ڕێکخراوەیە کتێبی " هونەری ناسکی پڕۆپاگەندە " بوو کە باسی حەوت تێکنیک یان شێوەی پڕۆپاگەندەی هێنا گۆڕێ.  ئامێری هەوەڵ، جنێودان ( name calling ) بوو کە بریتییە لەوەی کە " نێوێکی خراپ لە سەر ئیدە یان فکرێک دادەنێن بۆ ئەوەی ئەو بیرە وەلابنێین و مەحکوومی بکەین بێ ئەوەی بەڵگە و شاهیدەکە لێک بدەینەوە". تێکنیکێکی  تر 
" ڕەگەڵکەوتنە "  band wagoning) )  ، واتە بە خەڵک دەڵێن " زۆربەی خەڵک لەگەڵ ئێمەن تۆش ڕەگەڵمان بکەوە".  ئەو دوو تێکنیکە و ئەوانی تر تایبەتی فاشیستەکان نین و لە هەموو وڵاتێک و لە ڕابردوو و ئێستە دا دەکار هێندراون و تەنانەت لە رێکلامیش دا (advertising) کەلکی لێوەردەگرن.  و ڕۆژاواییەکان ، ئامرازی گشتی ( ڕادیۆ، تلویزۆن . ڕۆژنامە، فیلم ...)  شێوەیێکی زۆر ناسکتر ئەو تێکنیکانە دەکار دێنن:
‘Propaganda’, in W.J.Severin and J.Tankard, Communication Theory, New York, Longman, 1988,pp. 103-119.
Alfred M.Lee and Elizabeth Lee , The Fine Art Propaganda, Orlanda,Fla., Harcourt Brace. Jovanovich, 1939.
 ١٨-تاوانی کوردی نەزانین ئاخر چەکێکە کە بۆ کپ کردنی دەنگێکی ڕەخنەگرانە  دەکاری دێنن.  بۆ وێنە کاتێک د.عەبباسی وەلی باسی نوێ بوونی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی کورد و نەتەوەی کوردی کرد، ئەوانەی کە بەو باسە تووڕە بوون ، لە باتی حەولدان بۆ تێگەیشتنی باسەکە و چوارچێوە تیۆرییەکەی و شیکردنەوە و لێکدانەوە و ڕەخنەگرتنێکی شیاوی باسەکەی وی، ویستیان بە تاوانی کوردی نەزانین قسەکانی بێ بایەخ بکەن. ( گزینگ ، ژ ١٢، هاوینی ١٩٩٦ ، ل ٢١) وێنەیێکی تر: لەگەڵ ئەوەشدا عەبدولسەتار تاهیر شەریف چەند ڕەخنەی بە جێی لە کتێبی حاجی قادری کۆیی مەسعوود محەمەد گرتووە دەنووسێ: مەسعوود محەمەد " زمانی کوردی لە تیپی ئەلفەوە تا تیپی (ی) شێواندووە و شکاندوویەتی بە سەر یەکا"، هەر وەها دەڵێ بە کار هێنانی " کۆمەڵێک ووشەی پەتی  دانیشتووانی شاری کۆیە ...   گوناهێکی گەورەترە  بەرامبەر بە جۆری نووسینی زمانی کوردی یا زمانی ئەدەبی یەکگرتوو، دوور نی یە  هەر مەبەستیش بۆشێواندنی زمانەکە بێ."
                                                                                            عەبدولسەتار تاهیر شەریف، حاجی قادر: شاعیری شۆڕشگێڕ            
                                                                                     و پێشکەوتنخواز و دیموکراتی ی نەتەوەی کورد، بەغدا، ١٩٧٧، ل ٨١).

سەرچاوە: عەلی کەریمی، ژیان و بەسەرهاتی عەبدولڕەحمان زەبیحی ( مامۆستا عولەما، گوتنبێرگ، سوێد، زاگرۆس مێدیا، ١٩٩٩، لل. ٤٦٣- ٤٤٦

سەرچاوە: روانگە


پەیوەندی‌دار:

هەڤپەیڤین لەگەڵ ئەرگین ئوێپەنگین سەبارەت بە بارودۆخی زمانناسیی کۆمەڵایەتیی زمانی کوردی لە تورکییە

پێشنیارێک بۆ زمانی یەکگرتووی کوردی

"زمانی دایکی دەروازەی ناسینی جیهانە"

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

هەپەگە: تەقینەوەکەی جزیرە کاردانەوە بوو بەرامبەر بە بێئاگای لە ئۆجەلان


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

بیرۆکەى ریفراندۆمی ٢٥ى ئەیلوول، مشتومڕی زۆرى لەبارەى سەربەخۆیی، دەسەڵاتی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزم هێناوەتە ئاراوە. کامەران

دووشەممە ۳رەزبەر۱۳۹۶/ ۰:۵