سیروان ساڵح زاده
دەلاقەیەک بەرەو فەلسەفەی سیاسیی زمانی دایکی
Tuesday, August 21, 2018
له جیهانی ئه‌مڕۆدا گرینگی زمان تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ده‌رکه‌وتووه، به تایبه‌ت له نیوه‌ی دووهه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، به سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و گۆڕانکارییه هزرییه‌ی که به وه‌رچه‌خانی زمانی ناسراوه. سه‌باره‌ت به گرینگی زمان تا رادیهکی زۆر له ئاستی جیهانی و ناوچه‌ییدا کار کراوه و به هاتنه ئارای تیۆری گوتار باسگه‌لێ زۆر له‌مه‌ڕ زمان کراوە. وه‌کی، باسی پەیوه‌ندی زمان و مه‌عریفه، زمان و سیاسه‌ت، زمان و ئایدۆلۆژیا و هتد. هه‌روه‌ها ئه‌م ڕوانگه‌یه له‌باره‌ی زماندا که زمان ئامرازی پەیوهندیکردنە، گۆڕانکاری به‌سه‌ردا هات و له تێگه‌یشتنی نوێ بۆ زمان، زمان چیتر ته‌نیا ئامرازێک بۆ پەیوه‌ندیگرتن و گواستنه‌وه‌ی بیروڕا و هزره‌کان نییه به‌ڵکوو زمان خۆی خووڵقێنه‌ری بیر و هزره و له سه‌ر شێوه‌ی ڕامانی ئێمه له جیهان و واقعیه‌ت و ته‌فسیرکردنی واقعیەت فرە باندۆڕی هه‌یه. به‌م حاڵه‌شه‌وه، سه‌باره‌ت به گرینگی زمانی دایکی که‌مایه‌سی زۆرمان هه‌یه. ته‌نانه‌ت تیۆری سیاسی زۆر سه‌رسوڕهێنه‌رانه له هه‌مبه‌ر سیاسه‌تی زماندا، له واتای لێدوان له‌سه‌ر زمانی دایکی به روانگه‌یه‌کی نۆڕماتیڤهوه، بێده‌نگ بووه. (Kymlicka and Patten, 2003) ئه‌وه له حاڵێکدایه که پێشێلکردنی مافه‌کانی زمان کێشه‌ی زۆری ناوه‌ته‌وه و ناعه‌داله‌تییه‌کی گه‌وره‌ی له‌مه‌ڕ مافه‌کانی نه‌ته‌وه بێده‌وڵه‌ته‌کان لێ که‌وتۆته‌وه و یه‌کێکه له هۆکاره سه‌ره‌کییه‌کانی لێکدان و پێکدادانه ئهتنیکیهکانە.
له‌م وتاره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م به کورتی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌مه‌وه که بۆچی زمانی دایکی گرینگه؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش له زمانی ئالێن پاتینهوه به ره‌خنه‌گرتن له سیاسه‌تی یه‌کزمانی باس له‌و به‌ڵگاندنانه (Argument) سه‌ره‌کییانه ده‌که‌م که داکۆکی له زمانی دایکی و سیاسه‌تی فره‌زمانی ده‌که‌ن. سه‌ره‌تا باس له ئالێن پاتێن ده‌که‌م که راسته‌وخۆ باسی مافه‌کانی زمانی دایکی ده‌کات و له‌مباره‌وه چه‌ند به‌رهه‌مێکی نووسیوه[1] . ئالێن پاتێن (2001) په‌یوه‌ندی نێوان مافی به‌فه‌رمیناسینی زمانی دایکی بۆ که‌مینه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان له‌ته‌ک ئایدیای یه‌کسانیدا لە چوارچێوەی فەلسەفەی سیاسیی لیبەراڵدا نیشان داوه و داکۆکی له سیاستی فره‌زمانی (multilingualism) ده‌کات.[2] و دواتریش پێوه‌ندی نێوان زمانی دایکی له‌ته‌ک عه‌داله‌ت و ئازادی‌دا له ڕوانگه‌ی ویل کیمیلیکاوە بە کورت ده‌خه‌مه به‌ر باس.
هه‌ر وه‌ک ده‌زانین خزمه‌تگوزاریه گشتیه‌کان، فێرگه و قوتابخانه‌کان، خه‌سته‌خانه‌کان، دایره حکومیه‌کان، دادگه‌کان، سیسته‌می تەندرووستی (میناک پەیوه‌ندی نێوان دکتۆر و نه‌خۆش به زمانێکی جیا کە زمانی دایکی[3] ) له سه‌ره‌کیترینی ئه‌و بابه‌تانه‌ن که تیایاندا زمانی دایکی رۆڵێکی یه‌کجار گرینگ و پێویست ده‌گێڕی. لێ له زۆربه‌ی ده‌وڵه‌ته فرهنهتهوهکاندا زمانی ئه‌تنیکی زۆرینه به‌سه‌ر که‌مینه‌کانیشدا سه‌پێندراوه، له حاڵێکدا ئه‌مه په‌یوه‌ندی به چاکه‌ی گشتییه‌وه (Public Good) نه‌بووه به‌ڵکوو له به‌رژه‌وه‌ندی گرووپێکی کولتووری تایبه‌ت یان زۆرینه‌دا بووه، زمانی ئه‌تنیکی زۆرینه به سه‌پاندانی خۆی هه‌ل و ده‌رفه‌تی زیاتری له کێبڕکێی ئابوری و که‌لتوری و سیاسییه‌وه بۆ ئه‌ندامه‌کانی گرووپی زۆرینه وەدی هێناوە یان ئه‌وه‌ی له ڕوانگه‌یه‌کی شۆڤێنیستییه‌وه گرووپێکی کولتووری زمانی خۆی پێ له زمانه‌کانی تر سه‌رتر بووه. ئه‌مڕۆ ئه‌م ئایدیایه که زمانگهلێ هه‌ن که له زمانه‌کانی تر به‌هێزترن لە تیۆری زمانناسیدا ڕه‌تکراوه‌ته‌وه و ئه‌م ئایدیایه له‌سه‌ر هه‌ندێک پێشگریمانه‌ی شۆڤینیستی له لایەن ناسیۆنالیسته تووندئاژۆیهکانهوه په‌ره‌ی ستاندبوو. ئه‌گه‌ر به‌سه‌ر ئه‌م ڕوانگه شۆڤێنیستیانهدا باز بده‌ین. چه‌ند به‌ڵگاندنێکی گرینگ هه‌ن که داکۆکی له سیاسه‌تی یه‌کزمانی ده‌که‌ن. (Patten, 2001, pp. 700-702) به لێدوانێکی ره‌خنه‌گرانه له‌سه‌ر ئه‌م به‌ڵگاندنانه ڕوانگه‌ی پاتێن له‌مه‌ڕ مافه‌کانی زمانی دایکی ده‌خه‌مه ڕوو.
ئالێن پاتێن
پاتێن (2009) گرینگ‌ترین بهڵگاندنەکان بۆ داکۆکیکردن له سیاسه‌تی یه‌کزمانی بەو شێوەیە پۆلێنبەندی دەکات. سیاسەتی یەکزمانی له ده‌وڵه‌تێکدا ده‌بێته هۆی لێکنزیکبوونه‌وه و هاوچهشنبوون و یه‌کگرتوویی له نێوان هاووڵاتیانی ده‌وڵه‌تێکی فرەزماندا. ئه‌مەش له ڕێگه‌ی به‌کارهێنانی زمانێکی هاوبه‌ش بۆ پەیوه‌ندی له پانتایی گشتیدا و هه‌روه‌ها چێ‌کردنی ناسنامه‌ی هاوبه‌ش وه‌دی دێت. ده‌وڵه‌تێکی دێمۆکراتی پێویستی به یه‌کگرتوویی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه و هاووڵاتیه‌کانی پێویسته له پێناو چاکه‌ی گشتیدا هه‌ندێک به‌رژه‌وه‌ندی خۆکه‌سی خۆیان وه‌لا بنێن. ئه‌مه‌ش ته‌نیا له حاڵه‌تێکدا وه‌دی دێت که هاووڵاتیان له یه‌کتر تێبگه‌ن و متمانه به یه‌کتر بکه‌ن. ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ چه‌ند زمان هه‌بن، ئه‌وه هاووڵاتیه‌کان هه‌ر کامێکیان له‌ته‌ک گرووپی زمانی تایبه‌تی خۆیاندا ده‌که‌ونه گفتوگۆ و هاووڵاتیه‌کانی ناو گرووپه زمانیه جیاوازه‌کان له یه‌کتر داده‌بڕێن. جگە لەمەش، زمانێکی هاوبه‌ش ده‌توانێ له باری ئابورییه‌وه بۆ ئه‌ندامانی گرووپی که‌مینه ئه‌و هه‌له بڕه‌خسێنێ که له‌ته‌ک ئه‌ندامانی گروپپی زۆرینه‌دا کێبڕکێ بکه‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌وان به فێربوونی زمانی زۆرینه‌ی کار و ده‌رفه‌تی ئابووریان له کۆمه‌ڵگا گه‌وره‌که‌شدا بۆ ده‌کرێته‌وه. هه‌روه‌ها زمانێکی هاوبه‌ش ده‌توانێ په‌ره به "دێموکراسی ڕاوێژکارانه" (Deliberative democracy) بدات. به‌و پێیه‌ی که هاووڵاتیان ده‌توانن له پانتایی گشتیدا له‌ته‌ک یه‌کتر بدوێن و لێکدانه‌وه بۆ پرسه‌کانیان بکه‌ن. به تایبه‌ت له کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا تاکه ئازاد و یه‌کسانه‌کان ده‌توانن پرسه‌کان تاووتێ بکه‌ن، لەم ڕێگه‌یه‌وه سیاسه‌تێکی دێمۆکڕاتیتر به‌رهه‌م دێت. لهمەش زیاتر، داموده‌زگا حکومییه‌کان ئه‌گه‌ر به یه‌ک زمان کار بکه‌ن پێویست ناکا پاره‌یه‌کی زۆر بۆ کارکردن به چه‌ند زمان تەرخان بکەن و به‌م شێوه‌یه ده‌توانن وزه‌ی زیاتر بۆ ئارمانجی دیاریکراوی خۆیان ته‌رخان بکه‌ن.
به پێچه‌وانه‌ی ئیدعای لایانگرانی سیاسه‌تی یه‌کزمانی له هه‌ندێک که‌یسدا سیاسه‌تی فره‌زمانی به به‌راورد به سیاسه‌تی یه‌کزمانی یه‌کگرتوویه‌کیی کۆمه‌ڵایه‌تی زیاتری درووست کردووه. میناک، ئه‌ندۆنێزیا و تانزانیا. (Patten, 2009) و لە زۆربەی دەوڵەتە فرەزمانەکاندا نکۆڵیکردن لە زمانی دایکی نەتەوە بندەستەکان بۆتە هۆی دابڕانی زیاتر لە نێوان هاووڵاتیانی سەر بە گرووپە کەلتوریە جیاوازەکان. پاتێن پێی وایه که سه‌باره‌ت به هه‌لی کار له کێبڕکێی ئابوری‌دا به پێچه‌وانه‌وه به‌ڵگه‌ی لایانگرانی یەکزمانی، فره‌زمانی ڕێگه له فێربوونی زمانی زۆرینه ناگرێ. من ئه‌وه زیاد ده‌که‌م که به‌شی ئابوری له حاڵه‌تێکدا که بازاڕ ئازاد بێ ئه‌وه پێوه‌ندی به به‌شی خۆکه‌سی تاکه‌کانه‌وه هه‌یه و هه‌ر که‌سێک بۆ به‌رژوه‌ندی خۆکه‌سی خۆی پێویسته گه‌شه به توانا زمانییه‌کانی خۆی بدات، هه‌روه‌کوو ئه‌مڕۆکه ده‌بینین زۆرێک له بازرگانه‌کان بۆ پەیوه‌ندیه پیشه‌ییه‌کانی خۆیان فێری زمانی بیانی ده‌کەن. ناکرێ له‌سه‌ر حیسابی بواری ئابوری و باری خۆکه‌سی هەندێک خه‌ڵک زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌فه‌رمی نه‌ناسرێت و کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی تری ناو ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه له ناسنامه‌ی خۆیان تێچووی که‌سانێکی تر بده‌ن. میناک، لە ئێران‌دا زۆربەی کوردەکان هەر لە کوردستان دا کار دەکەن و لە حاڵەتێکدا کە کوردی بە فەرمی بناسرێ کێشەیەکی ئەوتۆ لەوبارەوە پێش نایەت. هەروەها ئەگەر ئەو بەڵگاندنە ڕاست بێ بۆ نموونە؛ لە دەوڵەتێکی وەک ئێران‌دا دەتوانین ئیدعای ئەوە بکەین کە کۆمەڵگای زۆرینەش دەست لە زمانی خۆی هەڵگرێت و زمانی ئینگلیزی بکرێتە زمانێکی فەرمی بۆ ئەوەی دەرفەتی کار بۆ هەموو هاووڵاتیانی ئیران لە دنیادا زیاد ببێت. زیادلهمهش، هه‌ر وه‌ک پاتێن خۆشی جه‌خت ده‌کاته‌وه، به‌شێکی زۆری هۆکاری داکۆکیکردنی که‌مینه‌کان له زمانی دایکیان ناگه‌ڕێته‌وه بۆ هۆکاری ئابوری و په‌یوه‌ندی به به‌شکانی تری ژیانی مرۆڤه‌وه هه‌یه. (Ibid) هه‌روه‌ها کاتێک چه‌ند که‌س بۆ پیشه‌یه‌ک یان پۆستێک ده‌چنه ناو کێبڕکێ، ئه‌و که‌سانه که وا به زمانی دایکییان به‌شداری کێبڕکێیه‌که ده‌که‌ن ئەگەری سه‌رکه‌وتنیان زیاتره و ئه‌مه‌ش دژه له‌ته‌ک ئایدیای "ده‌رفه‌تی یه‌کسان" بۆ هه‌موو هاووڵاتیان. جگه له‌م به‌ڵگاندنه‌ش که ئاماژه‌ی پێدرا، له سیسته‌می په‌روه‌رده، تەندرووستی و دادگەکاندا[4] کۆمه‌ڵێک پرسی ئه‌خلاقی گه‌وره له گۆڕێ دایه که هیچ پاساویک ناهێڵێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که‌سێک رێگه‌ی نه‌بێ به زمانی دایکی خۆی بدوێ. هه‌ر وه‌ک ده‌زانین پرۆسه‌ی فێربوونی زمانێکی تر زۆر درێژخایه‌نە و توانایی تایبه‌تی خۆی ده‌وێ و بۆ زۆربه‌ی به‌ساڵاچووان کارێکی ئه‌سته‌مه، وه‌رگێڕانیش هه‌میشه کارێکی ناته‌واوه. (Patten, 2001) و بۆ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی که دڵەڕاوکێی مرۆڤ له سه‌رێیه وه‌کوو پرسی هه‌ندێک نه‌خۆشی تایبه‌ت، دادگه‌کان و پێشکێش‌کردنی کۆنفڕانس و قسه‌کردن له ناو ئاپۆڕه‌ی خه‌ڵکدا، هیچ پاساوێکی ئه‌خلاقیمان نییە بۆ ڕێگه‌گرتن له زمانی دایکی.
به بۆچوونه من، هه‌روه‌ها ته‌واوی ئه‌و به‌ڵگاندنانه‌ی لایانگرانی یهکزمانین له کات و دۆخێک‌دا هاتوونه ئاراوه که ناعەدالهتییهکی مێژوویی به نیسبه‌ت که‌مینه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان کراوه. بۆیه پێویسته ئێمه باس له ئایدیای عه‌داله‌ت و یه‌کسانی له دۆخی سرووشتیدا بکه‌ین، بۆ نموونه لە دۆخی سرووشتی لە تیۆری راڵز (1971) دا، هاووڵاتیان له سه‌ره‌تای به‌ستنی په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ پێکهێنانی ده‌وڵه‌تیک، به هۆی په‌رده‌ی نه‌زانییه‌وه (The veil of ignorance) نازانن که خاوه‌نی چ زمانێکن. به واتایه‌کی تر، ئه‌وه‌ی که ئێستا زمانێک له ده‌وڵه‌تێکدا زاڵه و بۆته زمانی په‌یوه‌ندییه‌کان نابێته پاساو بۆ ئه‌وه‌یه که سیاسه‌تی یەکزمانی درێژه‌ی پێ بدرێ، بەڵکوو دەبێ لە دۆخی سرووشتیدا بەڵگە بهێنینەوە کە تیایدا هەموو هاووڵاتیان ئازاد و یەکسانن. ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی فره‌زمانی به‌کرده‌یی بکرێ بەشی زۆری ئه‌و به‌ڵگاندنانه‌ی که باسی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی یەکزمانی بۆ هاووڵاتیان ده‌که‌ن هه‌ڵده‌وه‌شێنرێنه‌وه. به‌و هۆیه‌شه‌وه، ئێمه پێویستیان به ڕوانگهیلێ نۆڕماتیڤ هه‌یه.
لە روانگەی پاتێن (2001) لە وتاری سیاسەتی زمانی و تیۆری سیاسی‌دا، قانزاجهکانی به‌فه‌رمیناسینی زمانی دایکی بریتین له:
1-په‌یوه‌ندیکردن له‌گه‌ڵ یه‌کتردا؛ هه‌ر که‌سێک کاتێک ده‌توانێ باشتر داکۆکی له مافه‌کانی خۆی بکات که به زمانی خۆی له که‌سایه‌تیه حکومیه‌کان، دایره حکومیه‌کان و خزمه‌تکاری گشتیدا که‌ڵک وه‌ربگرێ. ته‌نانه‌ت ئه‌و که‌سانه‌ی که به باشی زمانێکی تر ده‌زانن، له فه‌زا و دۆخێک‌دا که دڵه‌ڕاوکه و سترێس زۆره ناتوانن به باشی پێداویستییه‌کانی خۆیان جێبه‌جێ بکه‌ن. بۆ نموونه، له دادگه‌کان، نه‌خۆشخانه‌کان، به تایبه‌ت به‌شی نه‌خۆشیه ده‌روونیه‌کان، یان به گشتی له‌و شوێنانه‌ی که مرۆڤ پێویستی به‌وه هه‌یه که له وشه‌ی پسپۆریانه که‌ڵک وه‌ربگریت. هه‌روه‌ها له کاتی پڕکردنه‌وه‌ی فۆڕمی باج و تاد.
2-به‌فه‌رمیناسینی سیمبۆلیک: پێشکێش‌کردنی پێداویستی و خزمهتگوزاریەکان به زمانی دایکی بۆ هه‌ر که‌سێک ئاماژه‌یه به ڕێزگرتن له‌و که‌سه. چێژوه‌رگرتن له ڕێزێک که که‌سانی تر لێت ده‌گرن، هه‌ستی گرینگبوون و هه‌روه‌ها هه‌ستکردن به‌وه‌ی که تۆ نوێنه‌ری وڵاته‌که‌ی خۆتی و ناسنامه‌یه‌کت هه‌یه زۆر پێویسته. له راستیدا، هه‌میشه نکۆڵیکردن له زمانی خه‌ڵکێک له‌ته‌ک هه‌ستی زۆرداری په‌یوه‌ندی هه‌بووه. نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کان له پێناو ئه‌وه‌دا که هه‌ستی خۆبه‌که‌مزانین، لاوازبوون و گوێڕایه‌ڵبوون له ناو خه‌ڵکانی نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ستدا دروست بکه‌ن، نکۆڵیان له زمانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه کردووه.
3-زمان یه‌کێک له هه‌ره فاکته‌ره سه‌ره‌کیه‌کانی پێناسه‌کردنی ناسنامه‌یه. ئاخێوه‌رانی هه‌ر زمانێک گه‌ره‌کیانه که زمانه‌که‌یان له داهاتوودا بمینێته‌وه و گه‌شه بکات. واته پرسی زمان ته‌نیا ئه‌و که‌سانه له خۆ ناگرێت که له ئێستادا ده‌ژین، به‌ڵکوو ئه‌وان گرینگی به‌وه‌ش ده‌ده‌ن که نه‌وه‌کانی داهاتوویان درێژه به‌م زمانه بده‌ن. بۆ نموونه له که‌یسی "کێبێک"دا هه‌ر وه‌ک چارلێز ته‌یلۆر[5] باسی لێوە ده‌کات. کێبێکه‌کان ته‌نیا به هۆی به‌رژوه‌ندی بۆ نه‌وه‌ی ئێستایان نییه که داکۆکی له مافه‌کانی زمانی خۆیان ده‌که‌ن به‌ڵکوو له سه‌رووی ئه‌مه‌شه‌وه ئه‌وان باسی "مانه‌وه" ده‌که‌ن. (Taylor, 1992) و پێویسته گوێ له ده‌نگی مانه‌وه‌ی مێژوویی ئه‌وان بگیرێ. بۆ ئه‌وان مانەوەی زمان و کولتووری نەتەوەکەیان بۆ نه‌وه‌کانی داهاتووشیان گرینگە.
لێره‌دا گرینگه که بزانین داکۆکیکردن له زمانی دایکی نابێ به ته‌نیا بۆ باسی پەیوه‌ندیگرتن کورت بکرێته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هەندێک په‌یوه‌ندی به زمانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست کاره‌کان ئاسان ده‌کات به‌ڵکوو ده‌بێ گرینگی به به‌فه‌رمیناسینی سیمبۆلیک و گه‌شه‌ی ناسنامه‌ش بدرێ.
ئالێن پاتێن بنه‌ما نۆڕماتیڤهکانی مافه‌کانی زمان لە پێنج به‌شدا پۆلێنبه‌ندی دەکات. لێره‌دا به هۆی گرینگی و هه‌روه‌ها کورتی وتاره‌که ته‌نیا باس له مافه‌کانی به‌ستێنی هه‌ڵبژاردن (Context-of-choice rights) ده‌که‌م[6] .
ویل کیملیکا
له ڕوانگه‌ی کیملیکاوه مرۆڤ له بنه‌ڕه‌تدا حه‌زی له ژیانێکه کە له‌سه‌ر بنه‌مای چاکه ( (Good life بێت. ئه‌م جۆره ژیانه‌ش پێویستی به دوو پێشمه‌رج هه‌یه. 1-ئێمه ژیانمان له ده‌روونی خۆمانه‌وه ڕێنوێنی بکەین و به‌ڕێوه‌ی به‌رین. 2- ئێمه ده‌بێ له پێداچوونه‌وه به باوه‌ڕه‌کان و ئارمانجه‌کانمان له ژیاندا ئازاد بین. لێره‌وه باسی ئازادی دێته گۆڕێ. هه‌ر وه‌کی ده‌زانین لیبه‌راڵه‌کان گرینگییه‌کی زۆر به مافه‌کانی تاک ده‌ده‌ن و ئازادی تاکه‌کان به سه‌ربه‌خۆیی تاکه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه . له ڕوانگه‌ی کیملیکاوه بۆ ئه‌وه‌ی تاکێک خاوه‌نی سه‌ربه‌خۆیی بێت ده‌بێ ئازاد بێ که له نێوان کۆمه‌ڵێک بژارده‌دا ئه‌و بژاردانه هه‌ڵبژێرێ که خۆی حه‌ز ده‌کات. کیملیکا پێی وایه که بژارده‌کانی ئێمه وه‌ک تاک له به‌ستێنێکی کولتووری تایبه‌تدا چێ دەبن و لە سەرووی ئەمەشەوە واتا به‌خۆ ده‌گرن. ئه‌و به‌ستێنه‌ی که تیایدا بژارده‌کان درووست ده‌بن و واتادار ده‌بن هه‌مان کولتووری کۆمه‌ڵایه‌تییه (Societal Culture). کولتووری کۆمه‌ڵایه‌تی له ڕوانگه‌ی کیملیکاوه زۆر نزیکه له پێناسه‌ی که‌لتوری نه‌ته‌وه‌یی له روانگه‌ی بیرمهندیەلێ تره‌وه. ئەم کولتوورە کولتوورێکه که شێوازه جۆراوجۆره‌کانی واتاداربوونی ژیان بۆ مرۆڤه‌کان له نێوان گشت پانتایی چالاکیه‌کانی مرۆڤ فه‌راهەم ده‌کات که بریتین له، چالاکییه کۆمه‌ڵایه‌تی، فێرکاری، ئایینی، ئابورییه‌کان و ئه‌و چالاکیانه‌ی که مرۆڤه‌کان بۆ خۆشی، کاتیان بۆ ته‌رخان ده‌که‌ن. ئه‌م چالاکیانه هه‌موو پانتایی گشتی و خۆکه‌سی له خۆ ده‌گرن. ئه‌م جۆره کولتووره له‌سه‌ر بنه‌مای زمانێکی هاوبه‌شه. (Kymlicka, 1995: 76) لە ڕوانگەی کیملیکادا ئه‌م زمانه بۆ ئهندامیەلێ گرووپێکی کولتووری و نه‌ته‌وه‌یی هه‌مان زمانی دایکییه. ئێمه بۆ تێگه‌یشتن له کرده‌وه و چالاکییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان پێویستیمان به "وشه هاوبه‌شه‌کان" هه‌یه که ئه‌وه‌ش هه‌مان تێگه‌یشتنه له زمان و مێژوویه‌ک که وشه‌کان تیایدا خوڵقاون. ئه‌وه‌ی که گەلۆ چالاکییه‌کیی کۆمه‌ڵایه‌تی هیج گرینگییه‌کی بۆ ئێمه هه‌یه یان، پێوه‌ندی به‌مه‌وه هه‌یه که ئایا زمانی ئێمه چۆن گرینگی ئه‌و چالاکییه به ڕوونی وێنا ده‌کات و پێمان نیشان ده‌دات. به‌و شێوه‌یه به تێگه‌یشتن له زمان و مێژوو و نه‌ریته‌کان ئێمه له چیرۆکه کولتووریه‌کان تێده‌گه‌ین. تێگه‌یشتن له چیرۆکه کولتووریهکانیش پێشمه‌رجی هه‌ڵسه‌نگاندنی ژیان و چۆنیه‌تی ئاراسته‌کردنی ژیانمانه. (Kymlicka, 1995: 83)
بەم جۆرە بۆ ئەوەی پەرە بە ئازادی تاکەکەسی بدەین پێویستیمان بەوەیە کە کولتووری کۆمەڵایەتی بپارێزین. زمانی دایکیش لە دیدی کیملیکاوە کۆڵەکەی سەرەکیی ئەم جۆرە کولتوورەیە. بە ڕووشاندن، لاوازکردن، نکۆڵیکردن و لادانی زمانی دایکی خەسار بە ئازادی و سەربەخۆیی تاکەکانی کۆمەڵگا دەگات. لەبەرئەوە پێویستە بە ناوی ئازادیە تاکەکەسیەکانەوە داکۆکی لە کولتووری کۆمەڵایەتی و زمانی دایکی بکەین. لەم سۆنگەوە، رێگریکردن و بەفەرمینەناسینی زمانی نەتەوەیەک و داکۆکیکردن لە سیاسەتی یەکزمانی لە دەوڵەتێکی فرەنەتەوەدا گەورەترین ناعەدالەتییە. لەبەر ئەوەی، عەدالەت ئەوەیە کە هەموومان لە ماف و ئازادی‌دا یەکسان بین و دەرفەتی یەکسانمان بۆ پێشکەوتن و گەشەکردن هەبێ، وەلێ ئەوانەی کە وا زمانی دایکیان لێ زەوت دەکرێت، هەر لە سەرەتاوە نەک تەنیا بژاردەکانی ژیانیان لێ بەرتەسک کراوەتەوە بەڵکوو ئەو بژاردانەشیان بێ واتان. بەم شێوەیە ئازادی و عەدالەت و یەکسانی بەستراوەتە بە داکۆکیکردن لە پاراستن و گەشەکردنی زمانی دایکی هەموو نەتەوەکان لە دەوڵەتێکی فرەنەتەوەدا.
پەراوێزەکان
١)له‌م وتاره‌دا زۆرترین که‌ڵکم له‌م وتاره وه‌رگرتووە که پاتێن تیایدا به‌ڵگاندنه سه‌ره‌کییه‌کانی تاووتوێ کردوون. The Justification of Minority Language Rights (2009).
٢)ئه‌م وتاره گرینگه‌ی پاتێن له ژێر ناوی "نظریه سیاسی و سیاست زبان اندیشی" له لایه‌ن جه‌لال حاجی زاده‌وه وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر فارسی. (وه‌رزنامه‌ی ژیوار، سالی 6م، خولی نوێ-پاییزی 1392-ژماره‌ی 15 و 16)
٣)پەیوه‌ندی له ڕێگه‌ی زمانێکی تره‌وه له نێوان نه‌خۆش و دکتۆره‌کان کێشه‌یه‌کی سه‌ره‌کییه، بۆ نموونه، ئێمه‌ی کوردی رۆژهه‌ڵات ئه‌زموونێکی تاڵمان له هاتووچۆی زۆر بۆ لای دکتۆره ناکورده‌کان هه‌یه. کورده‌کان به هۆی سه‌ختی پەیوه‌ندی له‌ته‌ک دکتۆره‌کاندا زۆربه‌ی کات نه‌خۆشیه‌کانیان چاره‌سه‌ر نابێت. به تایبه‌ت له به‌شی نه‌خۆشیه ده‌روونیه‌کان و نه‌خۆشیه‌کانی ژنان و تاد.
٤)زۆر کەس ساڵانێکی زۆری تەمەنیان لە زینداندا تێپەڕ کردووە تەنێ بە هۆی ئەوەی کە نەیانتوانیوە بە هۆی ناتوانی زمانی بەرگری لە خۆیان بکەن.
٥)یه‌کێک له ڕوانگه به‌هێزه‌کانی تر بۆ داکۆکیکردن له زمانی دایکی ڕوانگه‌ی تهیلۆره. له ڕوانگه‌ی ئەوەوە که‌سه‌کان به‌رده‌وام به به‌ها ئه‌خلاقیه‌کان خۆیان هه‌ڵده‌سه‌نگێنن و قسه‌کردن له ناسنامه‌ی تاک به بێ دیاریکردنی ئاراسته‌ی چاکه و خراپه و به بێ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ی که چوارچێوه‌یه‌ک بۆ به‌هاکانی ئێمه درووست ده‌که‌ن مومکین نییه. تهفسیرێکیش که تاکه‌کان له‌خۆیانی ده‌که‌ن و ئاراسته‌ی ژیانیان به پێی ئه‌و ته‌فسیره ده‌یبه‌نه پێش، ته‌فسیرێکه که لە زماندا دێته دی و ئه‌و ته‌فسیره له چوارچێوه‌یه‌کی زمانی تایبه‌تدا دهخووڵقێ. که واته به قسه‌ی ته‌یلۆر مرۆڤ به بێ ئه‌ندامێتی له کۆمه‌ڵێکی زمانی‌دا(language community) ناتوانێ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره که من کێم؟ بداته‌وه. له روانگه‌ی ته‌یلۆره‌وه کاتێک که له خۆمان ده‌پرسین ئه‌من کێم، له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌دا ئێمه خۆمان وه‌کوو تاکێکی هاوقسه له کۆمه‌ڵی هاوقسهکانماندا واته هه‌مان کۆمه‌ڵی زمانی‌دا ده‌بینینه‌وه. که وابوو ژیانی مرۆڤ له بنه‌ڕه‌تدا تابهتمهندییهکی گفتوگۆیانه‌ی هه‌یه. ته‌یلۆر ده‌ڵێ: "ئێمه له ڕێگه‌ی ده‌ستپێڕاگه‌یشتن به زمانێکی ده‌وڵه‌مه‌ند بۆ ده‌ربڕینی بیر و بۆچوونه‌کانمانه که ده‌بین به بکه‌رێکی مرۆیی ته‌واو و ده‌توانین خۆمان فام بکه‌ین و له ئاکامدا خۆمان پێناسه بکه‌ین" (Taylor, 1991: 33) ئەم تێگەیەی تەیلۆر زۆر لە تێگەی کولتووری کۆمەڵایەتی کیملیکا نزیکە. هەردووکی ئەو تێگانەش نزیکن لە تێگەی ناسنامەی نەتەوەیی.
٦)چوار به‌شه‌کانی تر بریتین له؛ مافه‌کانی لێبوورده‌یی (toleration rights)، مافه‌کانی جێکردنه‌وه (accommodation rights)، (end-state rights) و مافه‌کانی ئینساف (fairness rights) کە پاتێن لە وتاری The Justification of Minority Language Rights دا هەموویانی خستۆتە بەر باس.
ژێدەرەکان
Kymlicka, Will (1995). Multicultural citizenship: a liberal theory of minority right, New York, Oxford University Press.
Patten Allan (2001), Political Theory and Language Policy. Volume: 29 issue: 5, page(s): 691-715
Patten Allan and Will Kymlicka (2003), ‘Introduction: Language Rights and Political Theory: Context, Issues, and Approaches’, pp. 1-51
Patten, Alan. (2008). Survey Article: The Justification of Minority Language Rights. Journal of Political Philosophy. 17. 102 - 128. 10.1111/j.1467-9760.2008.00321.x.
Rawls, John, 1921-2002. (1971). A theory of justice. Cambridge, Mass. :Belknap Press of Harvard University Press,
Taylor Charles, 1992, “The Politics of Recognition” in Multiculturalism: Examining the Politics of Recognition, A. Gutmann (ed.), Princeton: Princeton University Press, pp. 25–73.
Taylor, Charles, (1991). The ethics of authenticity. Cambridge, Mass. :Harvard University Press.
ئەم وتارە لە گۆڤاری بیروهزر دا، ژمارەی ٨ و ٩ (هاوینی ٢٠١٨( بڵاو کراوەتەوە
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە