حکوومەتی سووریا ئامادەیی خۆی بۆ وەستاندنی شەڕ ڕاگەیاند
Tuesday, February 23, 2016
NNSROJ- حکوومەتی سووریا رەزامەندی خۆی دەربڕیوە بۆ وەستاندنی هێرشە سەربازییەکان، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو بڕیار-پێشنیارەی ئەمریکا و ڕووسیا لەسەری پێکهاتبوون، سەبارەت بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان لایەنە ناکۆکەکانی سووریا لە ٢٧ی ئەم مانگەدا.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا(سانا) لە ماڵپەڕی خۆیدا و لە زاری سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە “حکوومەتی سووریا ڕەزامەندیی خۆی ڕادەگەیەنێ بۆ ڕاگرتنی هێرشە سەربازییەکان لە سەر بنەمای هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوە دژی “داعش” و “جبهەالنصرە” و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی تر."
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دەرەوەی سووریا بە ئاماژە بە ڕاگەیاندنی ڕووسیا و ئەمریکا بۆ وەستاندنی شەڕ و سەرخستنی ئەو هەوڵە، ڕایگەیاندووە کە “حکوومەتی سووریا ئامادەیی خۆی ڕادەگەیەنێ بۆ وەستاندنی هێرشە سەربازییەکان لە رۆژی دیاریکراودا؛ ٢٧ی فێڤرییەی ٢٠١٥، و هەر بۆ ئەم مەبەستەش درێژە بە هەوڵەکانیان دەدەن بۆ هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ رووسیا، تا ئەو لایەن و ناوچانە دیاری بکەن کە ئەم ئاگربەستە بە درێژایی ماوەکەی دەیانگرێتەوە.”
لە ڕاگەیاندنەکەی وەزارەتی دەرەوەدا ئاماژە بە مافی حکوومەتی سووریا بۆ چاودێری و کۆنترۆڵی زیاتری سنوورەکانی دووبارە کراوەتەوە و پێداگری لە سەر “پێویستیی بڕینی پەیوەندی و هاوکاری هەندێک لە دەوڵەتان بۆ لایەنە چەکدارەکان” کراوەتەوە. هاوکات سووریا جەخت لەوە دەکاتەوە کە مافی وەڵامدانەوەی هەرجۆرە هێرشێکی سەربازی بۆ سەر هاووڵاتیانی سووریی و هێزە سەربازییەکانی لای ئەوان پارێزراو دەبێت.
ئەو ڕاگەیاندنەی سووریا دوابەدوای لێدوانی هاوبەشی رووسیا و ئەمریکا هات کە رۆژی دووشەممە،٢٢ی فێڤرییە، ڕایانگەیاند؛ سەبارەت بە ئاگربەستی نێوان لایەنەکان لە سوریە گەیشتونەتە ڕیککەوتن.
تۆڕی هەواڵی ئەلجەزیرە، رۆژی دووشەممە بڵاوی کردبووەوە کە رووسیا و ئەمریکا بە سیفەتی “دوو لایەنی سەرەکی لە ناو کۆمەڵەی (وڵاتانی دۆستی سووریا)” ڕایانگەیاندووە کە هەردووکیان بۆ وەستاندنی شەڕ و هێرشە سەربازییەکانی نێوان لایەنە ناکۆکەکانی شەڕی سووریا و بۆ دابینکردنی دۆخێک کە هەنگاو بەرەو کۆتایی یەکجاری شەڕ بهێنرێت، پێشنیار دەکەن؛ لە کاتژمێر دوازدەی شەوی ٢٧ لەسەر ٨٧ی فێڤرییە بە کاتی ناوخۆیی دیمەشق، ئاگربەست لە نێوان لایەنەکان ڕابگەیەنرێت.
شایانی باسە، هەر یەکە لە داعش و جەبهەتولنوسرە ناچنە خانەی ئەو لایەنانەی ئەو ڕێککەوتنە باسیان لێوە دەکات و لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەوان، بە پێی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی ناسراون.
ب.ش
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە