دوو فڕۆکەخانەی سەربازی لە ڕۆژئاوا ئاوەدان دەکرێنەوە
Thursday, January 21, 2016
NNSROJ: سەرچاوەکانی ڕێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤی سووریا ڕایدەگەیەنن کە پسپۆڕە سەربازییەکانی ئەمریکا و ڕووسیا، لە دوو شوێنی جیاوازی ڕۆژئاوای کوردستان خەریکی ئامادەکارین بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەی سەربازی.
ئەو ڕێکخراوەی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، کە بە پشتبەستن بە چاودێرە هەرێمییەکانی ڕووداوەکانی شەڕی ناوخۆیی سووریا ڕووماڵ دەکات، ئاشکرای کردووە کە فڕۆکەخانەی "ڕمێلان"ی هەڵکەوتوو لە سێگۆشەی سنووری نیوان باشوور، ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان، لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، بۆ بەکارهێنانی مەبەستی سەربازی، ئامادە کراوە.
سەرچاوەکانی ئەو ڕێکخراوە ڕایانگەیاندووە کە لە حەوتووی ڕابردوودا، ژمارەیەک ترومبێل و هێلیکۆپتێری سەربازی لە هاموشۆی ئەو فڕۆکەخانەیەدا بوون. دەگوترێ فڕۆکەخانەکە "لە ئێستەوە ئامادەیە بۆ بەکارهێنان لەلایەن فڕۆکەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، کە ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی چەکدارانی داعش بۆردومان دەکەن.
دەگوترێ ئەم فرٶکەخانەیە هەروەها دەبێتە بنکەی سەرەکیی ئەو ڕاوێژکارە ئەمریکیانەش کە ماوەیەکە، بە مەبەستی ڕێکخستنی شەڕ و ڕاهێنانی هێزە چەکدارییەکانی هەرێمەکە، لە ڕۆژئاوای کوردستان نیشتەجێ کراون.
لەلایەکی دیکەوە هەمان ڕێکخراو ئەوەشێ ئاشکرا کردووە کە ژمارەیەک ئەفسەر و پسپۆڕی سەربازیی ڕووسیا لە جەند ڕۆژی ڕابردوودا هاتوونەتە قامیشلۆ و، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە، پاراستن و گەشەپێدانی فڕۆکەخانەی ئەو شارە، سەردانی شوێنەکەیان کردووە.
دەگوترێ ڕووسیا بەنیازە فڕۆکەخانەکە بە مەبەستی سەربازی کەڵک لێ وەربگرێ.
هێزە هەواییەکانی ئەمریکا، تا ئێستا، بە پشتیوانیی هێزە دژبەرەکانی چەکدارانی داعش، بە شێوەیەکی بەردەوام بنکە و بارەگای ئەو چەکدارانەیان بۆردومان کردووە. هاوکات ڕووسیا، کە تەنیا چەند مانگ لەوەپێش بە شێوەیەکی ڕەسمی و بۆ پشتیوانی لە ڕژیمەکەی ئەسەد هاتووەتە ناو شەڕە ناوخۆییەکەی سووریاوە، چەند جارێک بنکە و بارەگاکانی چەکدارانی داعش و باقیی هێزە جیهادییەکانی سووریای بۆردومان کردووە.
ک. م
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە