دوران کاڵکان: لە جزیرێ هەڵەمان کرد
Friday, February 26, 2016
NNSROJ- ئەندامێکی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان دەڵێت؛ لە جزیرێ بە هەڵەداچوون و چاوەڕێی هێرشێکی لەو ئاستەیاندا نەدەکرد.
دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پ.ک.ک لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی MED NUÇE رایگەیاند: "[لە جزیرێ] چاوەڕێی هێرشێکی لەو ئاستەدا نەبووین. بەهەڵەداچووین. پێمانوابوو ئەو هێزەی بەرانبەرمان تەنانەت ئەگەر دوژمنیش بێت، مرۆڤە. بیرمان لەوە نەکردبوەوە کە تا ئەم رادەیە دڕندەیی لە خۆی پێشان بدات".
کاڵکان لە لێدوانەکەیدا، سیاسەتەکانی ئەردۆغان و داودئۆغڵوی بە بەرپرسیاری سەرەکیی تەقینەوە خۆکوژییەکەی ئەنقەرە دانا و گوتی: "گەیشتووینە شوێنێک کە ئیتر ئێمەش بۆمان کۆنترۆڵ ناکرێت. ئەو رێکخراوەی کە ئەو کارەی ئەنجامداوە، چەند مانگ لەمەوبەر لە بەیاننامەیەکی خۆیدا پەکەکەی بە 'پاسیفیزم' تۆماتبار کرد. گەنجانی کورد رێکخراوی نوێ دادەمەزرێنن. وا دیارە زۆر لەمە رادیکاڵتریش دەبن".
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان رەخنەشی لە پارتی دیموکراتی کوردستان گرت و رایگەیاند: "روو بە خەڵکی باشووری کوردستان، پارتەکانی و بە تایبەتیش حکوومەت و پ.د.ک دەڵێم؛ لە بەرانبەر کۆمەڵکوژیی جزیرێ چ هەستێکیان هەبوو؟ چۆنیان بیرکردەوە؟ چ جیاوازییەک لە نێوان رووداوەکەی جزیرێ و هەڵەبجەدا هەبوو؟"
دوران کاڵکان لە درێژەی قسەکانیدا رێگاچارەی کێشەکانی باشووری کوردستانی بە دەرچوون لە پاشکۆیەتیی سیاسەتەکانی پارتی دەسەڵاتداری تورکیا(AKP) بەستەوە. تیشکی خستە سەر ئەمەش کە؛ ئەمڕۆ نە تەنها پەکەکە، بەڵکوو سەرتاسەری جیهان – بە گوتەی کاڵکان ئەڵمانیا و 'پ.د.ک'ەی لێدەرچێت- دژی ئاکەپە وەستاونەوە و تێناگات بۆچی پارتی دیموکراتی کوردستان تەنانەت لەم بارودۆخەشدا پشتیوانی لە ئاکەپە دەکات.
دوران کاڵکان لە لێدوانەکەیدا هەڕەشەی لەناوبردنی دەسەڵاتی ئەردۆغان و داودئۆغڵووشی کرد و گوتی؛ لە مانگی مارسەوە قۆناغێکی نوێی بەرخۆدان دەستپێدەکەن و بە گوتەی خۆی؛ بەهاری ٢٠١٦ دەبێت بە بەهاری کوردی.
ئەلف. و
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە