پێشنیارێک بۆ زمانی یەکگرتووی کوردی
Monday, February 29, 2016
ناسر فەتحی
زۆر بە کورتی: کورد دەتوانێ بەپێی تایبەتمەندیی شێوەزارەکانی زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی کوردستان وانە بۆ قوتابیانی خۆی دابنێ؛ واتە بۆ دەرس(وانە)ـە جیا جیاکان لە شێوەزارە جیا جیاکان کەڵک وەربگیردرێ.
بۆ وێنە وای دادەنێن شێوەزاری "ماچۆ" کە دابەشکراوە بەسەر "هەورامی و زازاکی و شەبەک"، شێوەزارێکە یان شێوەزارگەلێکن کە ـ بەپێی تایبەتمەندییەکانیان ـ بۆ وانەی "کۆمەڵناسی" گۆنجاون و ئێمەش دێین وانەی "کۆمەڵایەتی"ی قوتابخانەکانی کوردستان بەو شێوەزارانە دەنووسینەوە؛ واتە وانەی کۆمەڵایەتی بە هەورامی و زازاکی و شەبەک دەنووسینەوە و، وای دادەنێین شێوەزاری "کوردی سەروو" کە پێی دەگوترێت کورمانجی و شێوازە ستانداردەکەی دیاربەکرییە، تایبەتمەندییەکانی بۆ وانەی "بیرکاری" گونجاوە و ئێمەش دێین وانەی بیرکاری بە کورمانجی سەروو دەنووسین و دەیڵێینەوە و، وای دادەنێن شێوەزاری کوردیی ناوەڕاست، کە ئێستا پێی دەگوترێت سۆرانی و شێوازە ستانداردەکەی سلێمانییە، بۆ وانەی "وێژەی کوردی" گونجاوە و، ئێمەش دێین وانەی وێژە (ئەدەبیات) لە هەمووی کوردستانی گەورە بە شێوەزاری سۆرانی لە قوتابخانەکاندا دەڵێینەوە و، وای دادەنین کوردیی خواروو کە ئێستا بە کەلھوڕی یان گۆرانی ناو دەبرێت و شێوازە ستانداردەکەی کرماشانییە، تایبەتمەندییەکانی بۆ وانەی "کیمیا و فیزیا" گونجاوە و، ئێمەش دێین وانەی کیمیا و فێزیا بەو شێوەزارانە بۆ قوتابیانمان دەنووسینەوە و وانەیان پێ دەڵێینەوە و ... هتد.
تەنانەت دەتوانین زۆر وردتریان بکەینەوە، بۆ نموونە: کتێب و وانەی "زیندەوەرناسی" بە زازاکی چاپ و بڵاو بکرێتەوە. وانەی وەزش بە هەورامی، وانەی جوگرافیا بە شەبەکی، وانەی هونەر بە کەلهوڕی، وانەی کۆمەڵناسی بە کورمانجی سەروو و ... هتد.
بەم شێوەیە دوای دوو - سێ وەچە منداڵانی کورد هەموو شێوەزارەکانی زمانی کوردی فێر دەبن و هەست ناکەن کە گەلێکن بە شەش - حەوت زمانی جیاوازەوە، بەڵکوو وادەزانن زمانی کوردی یانی کۆی ئەو وشە جۆراوجۆرانەی لە قوتابخانە بەناوی زمانی کوردییەوە فێری بووون و کاتێک مشتوومڕی کۆمەڵایەتی دەکەن، بە شێوەزارێک دەدوێن و کاتێک مشتومڕی هونەری دەکەن بە شێوەزارێکی دیکە داکۆکی لە باسە هونەرییەکەی خۆیان دەکەن و ... هتد.
ئەم پێشنیارە لە ڕواڵەتدا گاڵتەجارانە دێتە بەرچاو، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم ڕوانگەی بە گاتەجار زانینە لەسەر ئەم پێشنیارە کەمڕەنگ بکەمەوە، بۆ دەرکی باشتری باسەکە، بەکورتی شتێک دەڵێم: کاتێک ئێمە مانای وشەیەکی کوردی نازانین و دەچین لە فەرهەنگێکی وشەدا بۆی دەگەڕێین، ئەو فەرهەنگە بۆ ئەو وشەیە چەندین هاوواتامان دەداتێ و ئێمەش بەپێی تایبەتمەندیی وشەکان و پێکهاتەی ڕستەکانمان یەکیان ـ واتە گونجاوترینیان ـ هەڵدەبژێرین و بەکاری دەبەین. مادام وشە جیاجیاکان لە فەرهەنگی وشەی کوردیدا پێکەوە گرفتێکیان نییە و هەموویان بە کوردی دەزانرێن و لە یەک قوتابخانە بەناوی "فەرهەنگی وشە"دا کۆ بوونەتەوە، دەکرێ قوتابخانەکانی کوردستانیش هەموو شێوەزارەکانیان تێدا بخوێندرێ و کەسیش جیا لە یەکتریان نەبینێ.
تێبینی: ئەمە بیرۆکەیەکی خاو و سەرەتاییە و نووسەری ئەم پێشنیارە خۆزگە دەخوازێ کەسانی شارەزای ئەم بوارە یان پەرەی پێ بدەن یان بیرۆکەی لێ هەڵکڕێنن. هەڵبەت من ئاگاداری ئەوە نیم کە ئایا کەسێکی دیکە پێشتر باسێکی هاوشێوەی ئەوەی منی هێناوەتەگۆڕێ یان نا، بەڵام ئاگاداری ئەوە هەم کە گەڕان بە شێوەزاری سۆرانی لە گووگڵ دا زۆر هەژارە و، ئەگەر هیچ شتێکم لەم پێوەندییەدا نەدیتووەتەوە ـ لەکاتێکدا هەبووە ـ ئەوە من تاوانبار نیم بەڕاستی.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە