گەمارۆی "سوور" ٩٣ رۆژی تێپەڕاند
Friday, March 4, 2016
NNSROJ- گەمارۆی گەڕەکی "سوور"ی ئامەد پێی نایە رۆژی ٩٤مەوە و هەوڵ و تەقەلای شکاندنی گەمارۆکە درێژەی هەیە.
بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵی باکووری کوردستان، گەمارۆی گەڕەکی سووری ئامەد لە رۆژی ٩٤مدا بەردەوامە و ناوبەناو دەنگی تەقینەوە و دەستڕێژی گوللە دەبیسترێت، بە تایبەتیش لە شەوی رابردووەوە شەڕ و پێکدادانەکان تەشەنایان کردوەتەوە.
شەوی چوارشەممە ١١ کەس لە خەڵکی مەدەنیی ئەو گەڕەکە گەیەنرانە شوێنی چاوەڕێکردنی ئەمبۆڵانس و دوای ئەوەی ژمارەیەک لە بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانە کران، چەند کەسێکیش دەسبەسەر کران کە لە ناویاندا منداڵێکی ٤ مانگە بە ناوی "ئەلیف سوو" و دایکی بە ناوی "سەدا سوو" بەدی دەکرێن.
رۆژی پێنجشەممە ٣ی مارس، نوورسەل ئایدۆغان پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتیکی گەلان رایگەیاندبوو؛ لە ژێر تۆپباران و قرمەی چەکەکاندا ٣٢ هاووڵاتیی مەدەنی هەوڵیانداوە خۆیان بگەیەننە ئەمبوڵانسەکان و کەسێک کە هێشتا ناوی نەزانراوە بە هۆی دەستڕێژی گوللەی هێزەکانی دەوڵەت گیانی لەدەستداوە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاشکراشی کردووە؛ هەموو ئەو کەسانەی کە توانیویانە لە بازنەی گەمارۆکە خۆیان رزگار بکەن، دەسبەسەر و رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس کراون.
پاش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٢ی مارس، هەزاران کەس لە شارە جیاجیاکانی باکووری کوردستانەوە لە سەر داوای بەرپرسانی پارتی دیموکڕاتیکی گەلان و پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی دیکە بەرەو شاری ئامەد بەڕێکەوتن و لەوێوە ڕێپێوانیان بۆ ناوچەی گەمارۆدراوی "سوور" دەستپێکرد.
لە یەکەم خولەکەکانی دەستپێکردنی ڕێپێوانەکەوە، پۆلیسی تورکیا بە گازی فرمێسکڕێژ و فیشەکی پلاستیکی هێرشی کردە سەر خۆپێشاندەران و لە نێوان پۆلیس و خۆپێشاندەراندا شەڕ و پێکدادان هاتە ئاراوە کە تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو.
لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، خۆپێشاندەران توانیان ئەو بەربەستانە بشکێنن کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دانرابوون.
بە گوێرەی هەواڵەکان، دەیان کەس لە دانیشتووانی ناوچەی سوور لە ژێرزەویی باڵەخانەیەکدا گەمارۆ دراون و هێزەکانی سوپا و ژەندەرمەی تورکیا ڕێگە نادەن یارمەتیی پزیشکی و خۆراکیان پێ بگات.
ئەلف. و
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە