لە سووری ئامەد ٤ هاووڵاتیی کورد کوژران
Thursday, March 10, 2016
NNSROJ- رۆژێک دوای ئەوەی راگەیەنرا، هەڵمەتە سەربازییەکەی ئەڕتەش و پۆلیسی تورکیا لە ناوچەی سووری ئامەد کۆتایی هاتووە، لە گەڕەکێکی ئەو ناوچەیە شەڕ و پێکدادان روویدا و ٤ هاووڵاتی کوژران.
قەدەغەی هاتوچۆ لە ناوچەی سووری ئامەد پێی نایە رۆژی نەوەد و نۆهەمەوە و رۆژێک دوای ئەوەی پارێزگاری ئامەد کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەو ناوچەیەی راگەیاند، لەمیانی گەڕان و پشکنینی هێزەکانی ئەڕتەش لە گەڕەکێکی سوور، شەڕ و پێکدادان هاتە ئاراوە.
سەرچاوەکانی هەواڵی تورکیا دەڵێن؛ لە ئاکامی ئەو شەڕەدا ٤ کەس لە ناو ماڵێکدا کوژراون و ئەمەش لە کاتێکدا بووە کە پارێزگاری ئامەد و بەڕێوەبەری ئاسایش، لە ناوچەکە ئامادە بوون.
بە گوتەی سەرچاوەکان؛ گەمارۆی سەربازیی سەر ناوچەی سوور هێشتا درێژەی هەیە و دەوروبەری ئەو ناوچەیە بە بەربەستی ئەمنیی تەنراوە و چاودێرییەکی توند لە سەر چوون و هاتنی هاووڵاتییان هەیە.
هاوکات ئاماژە بەوە دەکرێت کە ئەو دانیشتووانەی ناوچەی سوور کە وێنەی رووتکراویان لە تەنیشت چەند سەربازێکی ئەڕتەشی تورکیا بڵاو کرابوەوە، ئێستاش دەسبەسەرن.
پێشتر پارێزگاری ئامەد وێنەکانی پشتڕاست کردبووەوە و رایگەیاندبوو: "کاتژمێر ١٦:٠٠ تا ١٧:١٥ رۆژی ٧ی مارس، ١٤ کەس [لە ناوچەی سوور] هێنراونەتە دەرەوە کە یەکێکیان منداڵ و ٢ کەسیان ژن بوون. داکەندنی جلوبەرگی ئەو کەسانەش کردەوەیەکی رۆتین و ئاساییە و لە شوێنی دیکەی جیهانیشدا ئەنجام دراوە."
فەلەکناس ئووجا پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتیکی گەلان، وێنەی رووتی ئەو دەسبەسەرکراوانەی لە دانیشتنێکی پەرلەمانی تورکیادا ورووژاندبوو.
ئووجا رووتکردنەوەی هاووڵاتییانی مەدەنیی دەسبەسەرکراو و بڵاوکردنەوەی وێنەکەیانی بە کردەوەیەکی نامرۆڤانە لەقەڵەمدابوو، داوای روونکردنەوەشی لە وەزیری ناوخۆ کردبوو.
ئەلف. و
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە