تورکیا دەیان تانگ رەوانەی شارەکانی باکوور دەکات
Sunday, March 13, 2016
NNSROJ- وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاندووە؛ لە رۆژانی داهاتوودا خولی نوێی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەرتەش لە شارەکانی باکووری کوردستان دەست پێدەکات.
رۆژی شەممە ١٢ی مارس، ئەفکان ئالا وەزیری ناوخۆی تورکیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئیدیعای کرد: "لە هەندێک گەڕەکی شارەکانی گەڤەر، نسێبین و شرناخ، ئەندامانی پەکەکە دەستیان بە هەڵکەندنی خەندەق و دانانی بەربەست کردووە" و رۆژنامەی رادیکاڵیش لە زاری ناوبراوەوە بڵاوی کردەوە؛ ئەم ئۆپەراسیۆنە رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە دەست پێدەکات.
سەرچاوەکانی هەواڵ دەڵێن؛ ئەڕتەشی تورکیا دەیان تانگ و زرێپۆشی رەوانەی شارەکانی گەڤەر، نسێبین و شرناخ کردووە.
دەستپێکردنی خولێکی دیکەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەرتەش لە شارەکانی تردا لە کاتێکدایە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ناوچەی سووری ئامەد ئێستاش بەردەوامە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەمەش کردووە؛ رۆژێک بەر لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان، قەدەغەی هاتوچۆ لە سەرجەمی ئەو شارانەدا رادەگەیەنرێت و داوا لە خەڵک دەکرێت لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.
هاوکات لە گەڵ ئەم لێدوانەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، پارتی کرێکارانی کوردستان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، دامەزراندنی بەرەیەک لە گەڵ ژمارەیەک حیزب و لایەنی چەپی تورکیا بە ناوی "تەڤگەری شۆڕشی یەکگرتووی گەلان"ی راگەیاند.
لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیەدا کە لە لایەن ئاژانسی فڕات نیوزەوە بڵاو کراوەتەوە، هاتووە: "تەڤگەری شۆڕشی یەکگرتووی گەلان دژی داگیرکاری، سەرمایەداری، فاشیزم. شۆڤینیزم و نەژادپەرستی، مزگێنیی داهاتوویەکی دیموکراتیک و ئازاد بە گەلانی ستەمدیدە دەدات. ئەم تەڤگەرە پشتئەستوور بە هێزی شۆڕشگێڕیی گەلان، لە پێناو رووخاندنی دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە یەکیگرتووە".
لە بەیاننامەکەدا وێڕای ئاماژەدان بە ئامانجەکانی "تەڤگەری شۆڕشی یەکگرتووی گەلان"، جەخت کراوەتەوە کە ئەم بزووتنەوەیە بەستێنێک بۆ دامەزراندنی "کۆمەڵگەیەکی ئیکۆلۆژیک و ئازادیی ژنان" فەراهەم دەکات و "لە پێناو گەیشتنی زەحمەتکێشان و چینی کرێکار بە ئازادیی و مافەکانی خۆیان و بە هێنانەدیی دەسەڵاتی گەلان لە تورکیا و کوردستاندا و پێکهێنانی بەڕێوەبەرییەکی دیموکرات و داهاتوویەکی ئازاد بۆ گەلان خەبات دەکات."
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە