وەزیری دەرەوەی تورکیا: هیچ جیاوازییەک لەنێوان پەکەکە، پەیەدە و پژاک دانانێین
Friday, August 12, 2016
NNSROJ: وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیا لەدانیشتن لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی پێداگریکرد کە دوو وڵات سەبارەت بە بەرئەنگاربوونەوەی تیروریزم و پاراستنی یەکییەتی خاکی سوریا هاوڕان.
ڕۆژی هەینی ١٢ی ئاگۆست، وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیا مەولوود چاووش ئۆغڵوو لەمیانەی دیدارێکدا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی محەممەد جەواد زەریف ڕایگەیاند کە سەرەڕای هەبوونی ناکۆکی لەنێوانیان، دوو وڵات هیچکات گفتوگۆکانیان پەکنەخستووە و سەبارەت بە پاراستنی یەکییەتی خاکی سوریا هاوڕان.
چاووش ئۆغڵوو سەڕەڕای پێداگری لەسەر ئەوەی تورکیا ئەمنییەت و ئاسایشی ئێران، وەکوو ئەمنییەت و ئاسایشی خۆی دەبینێت، ڕایگەیاند" سەبارەت بە پرسی تیروریزم گفتوگۆمانکرد و لەسەر ئەو باوەڕەین کە لەوبووارەوە دەتوانین هاوکاری باشمان هەبێت. ئێمە لەنێوان تیرۆریستانی پەکەکە، پەیەدە و پژاک هیچ جیاوازییەک دانانێین و دەزانین کە ئەوان هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی ئێران".
محەممەد جەواد زەریفیش وێرای پشتراستکردنەوەی گوتەکانی ئۆغڵوو، هیوای باشتربوونی پەیوەندیییەکانی تورکیای لەگەڵ ڕوسیا خواست و ڕایگەیاند کە پاراستنی یەکییەتی خاکی سوریا پرسێکە کە دوولایەن بە بەردەوامی پێداگریان لەسەرکردووە.
پێشتر سەرۆک کۆماری ئێرانیش لەمیانەی دیدارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا ئاماژەی بەوەکردبوو کە دوولایەن لەسەر پرسە جیاوازە ناوچەییەکان کۆکن و ڕایگەیاندبوو" دەبێ سنووری وڵاتەکان دەبێ وەکوو خۆیان بمێننەوە و ئێمە لەگەڵ دابەشبوونی هیچ وڵاتێک نین" .
ئەوە یەکەمین سەفەری بەرپرسێکی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ تورکیایە دووای کودەتای شکست خوواردووی لەو وڵاتەیە.
کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا پێش لە قەیرانی سوریا پەیوەندی دیپڵۆماتیکی دۆستانەیان بەیەکەوە هەبوو، بەڵام بۆچوونی جیاوازی دوولایەن سەبارەت بە قەیرانی سوریا ناکۆکی کەوتە نێوان دوولایەن.
لە شەڕی سوریادا کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی هەمەلایەنانەی لە بەشار ئەسەد کردووە، ئەوە لەکاتێکدایە کە حکومەتی تورکیا هاوکای و پشتیوانی گروپە جیاوازەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکومەتی سوریای کردووە، بە تایبەت گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکان.
ه.م
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە