لەبەردەم زریان نابێ دیوار هەڵچنى، دەبێ چارۆکە هەڵدەی
Sunday, September 24, 2017
گفتوگۆ لەگەڵ دکتۆر کامەران مەتین
ئامادەکردنى: ئەمیر کیان پوور.
وەرگێڕانی بۆ کوردی حەمە قادر
بیرۆکەى ریفراندۆمی ٢٥ى ئەیلوول، مشتومڕی زۆرى لەبارەى سەربەخۆیی، دەسەڵاتی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزم هێناوەتە ئاراوە. کامەران مەتین، مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆى ساکس-ی بەڕیتانیا، لەم گفتوگۆیەدا، لەگەڵ بیرخستنەوەى هەڵوێستی هێزە پێشکەوتنخواز و ڕادیکاڵەکان لە بارەى "مافى چارەى خۆنووسین"، باسی گرنگیی جیاکردنەوەى قەوارە (فۆڕم) و ناوەڕۆکی دەوڵەت و جیاکاریی نێوان دەرکەوتنی دەرەکى و ڕیکخستنى ناوەکى دەوڵەت دەکات و ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە بۆچى بەلەربەچاوگرتنى ئەم جیاکارییانە و هەڵبەت بەگرنگزانینى ئەزموونی مێژوویی تایبەتى ئەم ناوچەیە، سەربەخۆیی کوردستان ئێجگار گرنگ زەڕوورەتە.
سەربەخۆیی نەتەوەیی و پرسی دیموکراسی
پرسیار: با لە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانى گوتاری ڕەخنەگرانى ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانى عێراقەوە دەست پێ بکەین؛ لە پرسی دیموکراسی و پەیوەندییەکەى لەگەڵ سەربەخۆییدا. ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگرین کە بارزانى دواى تەواوبوونى ماوەى یاسایی خۆی نایەوێت دەستبەردار بێ و پەرلەمانیشی پەکخستووە، لەم سۆنگەیەوە باسی ئەوە دەکرێت کە بیرۆکەی ریفراندۆم تەنیا بەهانەیەکە بۆ بارزانى و حیزبەکەى، تا دەسەڵاتی ڕاگرێت و سەرجەم قەیرانە ناوخۆییەکان پەردەپۆش بکات، نەک ئەوەی وەڵامی خواستى مێژوویی کورد بداتەوە؟
کامەران مەتین: لە بارەى پەیوەندی دیموکراسی و سەربەخۆییەوە دەتوانین لە دوو ئاستەوە تەماشای بکەین؛ سەرەتا دەبێ بڵێین لە نەریتى چەپ لە ئاستى لۆکاڵیدا و بە گشتى لە ئاستى جیهانیشدا تێگەیشتنیکى نوقسان بۆ پرسی دەسەڵاتی نەتەوەیی و سەربەخۆیی بوونى هەیە؛ لانیکەم لە ڕووی پەیوەندی نێونەتەوەییەوە، بابەتێک کە گومان هەڵناگرێت ئەوەیە کە ناوەڕۆکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەوڵەتەکان پەیوەندی بە قەوارەى نێونەتەوەیی ئەو دەوڵەتانەوە نییە. نمونەیەکى دیاری ئەم باسە یەکێتی و سۆڤیەت و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە جەنگی سارددا بوون؛ هەردوو وڵات بە ئایدۆلۆژیا و ستراکتۆری سیاسی و کۆمەڵایەتی جیاواز و تەنانەت دژبەیەک، ملکەچى ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و پێویستییە جیۆپۆلۆتیکەکان بوون. ئەمە ماناى وایە کە شەرعیەت و تەنانەت بابەتی دەوڵەت بەمانا گشتییەکەى کۆمەڵی سیاسی (political community) کە دەوڵەتى نەتەوەی فۆرمێکە لە فۆرمەکانی، پابەستی ناوەڕۆکەکەی، بە تایبەت بەڕیخستنى دیموکراسی نییە. ئەگەر وا بووایە هەر ئێستا دەبوو نەوەد لە سەدی دەوڵەتەکانى جیهان، لە بەڕیتانیاوە تا کۆماری ئیسلامی ئێران، هەڵبوەشانایەتەوە. کەواتە، لە ڕووى شیکارییەوە، زۆر رنگە ئەم دووانە، واتە ناوەڕۆکی دەوڵەت و قەوارە یان فۆرمەکەى لە یەکتر جیا بکەینەوە. ئاستى خوازراوبوون و بابەتیبوونی سەربەخۆیی نەتەوەیی، نەک لەو ناوەڕۆکەى دەوڵەتی نەتەوەیی دەیگرێتە خۆی، بەڵکو دەبێ لە شوێنێکى تر سۆراخى بکەین. واتە ئەوەی لە سەردەمی دەرکەوتنى دەوڵەت نەتەوە وەک خشتی بینای جوگرافیای سیاسی جیهان، دەسەڵاتی نەتەوەیی (هەر لەگەڵ دانپێدانانی نێودەوڵەتیدا) دەتوانێ ماف و پاراستن بۆ خەڵکەکەی دابین بکات. بۆ نموونە جینۆسایدی "بەرمە" بە نموونە وەربگرین، ئەگەر موسوڵمانانى ئەو ناوچەیە دەوڵەتێکیان هەبووایە یان دەوڵەتی "بەرمە" دەستورێکی هەبووایە کە ئەو وڵاتەى وەک وڵاتێکى فرەنەتەوە بناساندایە، ئەم کارەسات و کوشتارەى ئێستای لێنەدەکەوتەوە، یان ئەگەری دەرکەوتنى زۆر کەم دەبێتەوە و زەمینەى دەرکەوتنى ململانێی لەم جۆرە نەدەهاتە ئاراوە. نموونەى لەم جۆرەمان زۆر لە بەردەستە. بەهەرحاڵ مەبەستى من ئەوەیە کە سەربەخۆیی نەتەوەیی فۆرمێکە نەک ناوەڕۆکێکی سیاسی و دووەمیش، لە نێوان ئەم دوو ئاستەدا پەیوەندییەکی ڕاستەوانە بوونى نییە.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووى جیهانی مۆدێڕن، دەبینین کە بەوجۆرە نەبووە کە دامەزراوە نەتەوەییەکان (نەک دیموکراسییەکان) پێشوەخت لە جوگرافیایەکی تایبەتدا هەبن و دواتر بەرگی نەتەوەییان لەبەر کردبێت. لە زۆربەى حاڵەتەکاندا پێچەوانەى ئەمە ڕوویداوە. سەرەتا قەوارەیەکى نەتەوەیی دامەزراوە و دواتر بە شێوەى شۆڕش یان بەکاوەخۆ، دامەزراوە ناوخۆییە سیاسییەکان لەو یەکە جوگرافییە و کۆمەڵگا دیاریکراوەدا ڕەگى داکوتاوە و گەشەی سەندووە.
کوردستانی عێراق، لەگەڵ ئەمانەش حاڵەتێکی تایبەتی هەیە. من مەرج نییە هەمیشە لایەنگری سەربەخۆیی بم، بەڵکو لایەنگری مافى چارەی خۆنووسینی خەڵک یان نەتەوەکانم. بەڵام لەبەر هۆکاری مێژووى جۆراوجۆر و لەم ناوچەیەدا، دەتوانین بڵێین مافى چارەى خۆنووسین بە شێوەیەکی حاشاهەڵنەگر بە ڕیگەى سەربەخۆییدا دەڕوات.
خەڵکانی هەریمى کوردستان لە یەکەم ڕۆژى دامەزراندنی دەوڵەتی کۆڵۆنیالی عێراقەوە هێرشیان کراوەتە سەر، کۆکۆژى و کیمیاباران و ئەنفال کراون، بەدەر لەوەی ناوەڕۆکی دەوڵەتى سەربەخۆی کوردستان چۆن بێت یان سەرکردەکانی پێشکەوتنخواز بن یان دواکەوتنخواز، دەوڵەت نەتەوە دەتوانێ پاراستنێکى نێونەتەوەیییان لە چوارچێوەى نۆرم و بنەڕەتە نێونەتەوەییەکان بۆ دابین بکات. دەوڵەت نەتەوە (بەو مەرجەى لە ئاستى نێونەتەوەییدا دانى پێدا بنرێت) دەتوانێ لەمپەرێک بێت لەبەردەم دەرکەوتنی بەردەوامی سەرکوت و کۆنتڕۆڵ لە عێراقی مۆدێرندا، و ئەم مەترسییە بۆ هەمیشە ببڕێنێتەوە. لەم حاڵەتەدا نابێ دابرانی سیاسی هەرێمى کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەند و دانانی هێڵێ قەدەغەکردنی فڕین لە بیستوپێنج ساڵی ڕابردوودا لە بیربکەین. دوو نەوە لە خەلکى کوردستانی عێراق ئێستا هیچ پەیوەندییەکى ئۆرگانیکی کلتووری و سیاسیان لەگەڵ دەوڵەتى ناوەندی عێراق نەماوە و بەشێکى زۆریشیان ناتوانن بە عەرەبی قسە بکەن.
پرسیار: ئێوە لە چوارچێوەیەکى یاسایی و لە ڕوانگەى نێودەوڵەتییەوە باسەکەتان خستەڕوو و وەڵامتان دایەوە، دواتر دەگەڕێینەوە بۆ بابەتی "نەتەوە بێ دەوڵەتەکان"، بەڵام پرسیاری من پێشوەخت لەبارى هاوسەنگی و پەیوەندی دەسەڵات بوو لە چوارچێوەى سیاسی و لە ڕوانگەى ناوخۆییەوە، مەبەستم ئەوەیە کە ئاڵاهەڵگری خستنەگەڕی بیرۆکەى ریفراندۆم و دەوڵەتى نەتەوەیی لە کوردستان کەسێکە کە زۆرێک خودی خۆى بە ڕیگر لەبەردەم دیموکراتیزەکردنی هەرێمى کوردستان دەیزانن. پرسیارم ئەوەیە؛ ئایا ریفراندۆم، وەڵامێکە بۆ خواستێکی مێژوویی خەڵکی کوردستان، یان تەنها بیانوویەکە بۆ بارزانى بۆ کڕینەوەى شەرعیەت و هەڵهاتن لە بنەڕەتى کێشەکان؟
کامەران مەتین: هەڵبەت تێگەیشتنى من لەم پرسیارە ئەوە بوو لەبەرئەوەى لە هەرێمى کوردستان، گەندەڵی و دیکتاتۆری هەیە و بارزانی لە ڕوانگەى ڕەوتى چەپەوە، ڕوخسارێکی کۆنپارێزە و شایەنی بەرگری نییە، ناتوانین بەرگریش لە سەربەخۆیی و دەوڵەتی نەتەوەیی کوردستان بکەین، لە وەڵامیشدا هەوڵم دا ڕوونى بکەمەوە کە بۆچى سەرباری هەموو ئەمانە، بیرۆکەى سەربەخۆیی نەک تەنها ڕەت ناکرێتەوە، بەڵکو لە درێژ ماوەدا تەنانەت ناچاریشە.
سەرەتا دەبێ ئەوە بزانین کە هاوسەنگی هێز لە هەرێمى کوردستان، لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ لە بەرژەوەندى هێزە دواکەوتووەکان بووە. لە دۆخێکى وەهادا، هێزە پێشکەوتنخواز و پێشڕەوەکانى کوردستانی عێراق، کە کێش و دەسەڵاتێکى زۆریشیان نییە، لەگەڵ پێدراوێکى واقیعیدا دەستوپەنجە نەرم دەکەن؛ ریفراندۆم خراوەتە ڕوو و چاوەڕێ دەکرێت زۆرینە پشتگیری بکەن.
لە هەلومەرجێکى ئاوهادا، ستراتیژیەتى واقیعی هێزێکى پێشکەوتنخواز و چەپ، نابێ و ناتوانێ ئەوە بێت کە لەبەردەم زریان دیوار بەرز بکاتەوە، بەڵکو لەبەردەم زریان دەبێ چارۆکە هەڵبدات. چەپ لە بنەڕەتەوە و بەڕاى من زۆر بە دروستی، هەمیشە بەرگری لە مافى چارەى خۆنووسین کردووە. لە کوردستانی عێراق، لەبەر هۆکاری مێژوویی کە ئاماژەم پێدا، تەنانەت بابەتیبوونى سەربەخۆیی زیاترە. بە لەبەرچاوگرتنى ئەم بابەتە بنەڕەتییە و بابەتە مێژووییەکەش، لۆجیکی نییە چەپێک لەبەر نەخوازرابوونی کورت مەودا، ئەم مافە لە گشتێتییەکەى بسەنێتەوە.
لەم لایەنەوە و بە کورتی؛ "بەڵێ بۆ مافى دیاریکردنی چارەنووس و سەربەخۆیی نەتەوەکان و نەخێر بۆ بارزانی و حکومەتی خێڵ و عەشیرەت و کۆنپارێزی" دەکرێ هەڵوێستێکى دروست بیت. ئەو هێزانەی کە بە ئاشکرا و بێ پەردە و بەبێ ژێرنووس و بەرچاوڕوونی، نەخێرێک پێشکەش بەم خواست و شەپۆلە سیاسییە دەکەن، لە پەراوێزدا دەمێننەوە. دەتوانین نموونەى زۆر و جۆراوجۆر بهێنینەوە. بەلشەفیکەکان یەکسەر دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەۆ بۆ پاراستنى جوگرافیای سیاسی شۆڕشە تازە دامەزراوەکەیان، لە ڕووی جیۆپۆلۆتیکەوە چییان کرد؟ لینین، ترۆتسکی ڕەوانەى لیتۆفسک کرد و وتى: بۆ مسۆگەرکردنى ئاشتى لەگەڵ ئاڵمانیاى ئیمپریالیست، هەتا ئەگەر ناچار بوویت تەنورەش لە پێ بکە." بۆ سەربەخۆیی کوردستانیش هەر ئەم لۆجیکە ئیش دەکات.
جگە لەوەش تەنیا لەبەرئەوەى بارزانی نوێنەری ناسیۆنالیزمێکى خێڵەکی دواکەوتووە، مانای وانییە سەربەخۆیی کوردستانی نەوێت. تەنانەت لە ئاستى دەروونناسیی تاکەکەسی و خێزانیشدا دەتوانین هەستی پێبکەین کە بارزانی دەیەوێت ناوی وەک کەسێک تۆمار بکرێت یەکەم دەوڵەتی کوردستانی لە مێژوودا دامەزراندووە. سەربەخۆیی، هاوکات، زۆرێک لە بیانووە بێ پاساوەکانی دۆخی خراپی ئابووری خەڵکی کوردستانى عێراق لە دەوڵەتی داهاتووى کوردستان، لە حیزبی بارزانی دەسەنێتەوە. چەند بیانوییەکى وەک ئەوەی بودجەکەمان لە بەغداوە بڕدراوە و مەجالی سیاسەتکردنى تەواوەتیمان نییە و ...هتد. تەنانەت ئەگەر ریفراندۆم تاکتیکی بارزانی بۆ چارەسەرکردنى کێشەى شەرعیەتى خۆی بێت، دییسان ناتوانین بڵێین کە تاکتیکێکی دیاریکراو لە لایەن بکەرێکى دیاریکراو و لە زەمینەیەکى دیاریکراو، هەمیشە بە ویستى ئەو کەسە دەڕوات. لە دۆخێکى پڕگۆڕانکاری وەک کوردستانى عێراق، دەرەنجام و لێکەوتەکانى ئەم بیرۆکەیە بێگومان لە ئەنجام و لێکەوتە ویستراوەکانى فراوانتر دەبێت و یەکێک لە دەرکەوتە نەویستراوەکانی لە ماوەناوەند و درێژماوەدا ڕەنگە بەهێزتربوونى ڕەوتى ڕادیکال و پێشکەوتنخوازی ناو بزاڤی کورد و لاوازبوونی ڕەوتە دواکەوتووەکەی بارزانی بێت.
سەربەخۆیی نەتەوەیی و پرسی میژوو
پرسیار: وادیارە ئێوە قەوارەى سەربەخۆیی نەتەوەیی لە ناوەڕۆکی دیموکراسی لە پێشتر دەزانن. ئەگەر وایە ئایا ئەم لە پێشتردانانە ئەزموونییە یان بە جۆرێکی بونیادی لە چوارچێوەی جۆرێک کرۆنۆلۆژیاى تایبەتدا مانا وەدەگرێت؟
کامەران مەتین: نا، من ئەوە لە پێشتر دانانێم. و ئەگەر ئاماژەم پێدا بێت کە دروستکردنى قەوارەى نەتەوەیی بە زۆری پێش دروستبوونى دامەزراوەى نێوخۆیی کۆمەڵایەتى و سیاسیە لە یەکە جوگرافیەکاندا، ئەمەم تەنیا بەلەرچاوگرتنى دەوڵەتی نەتەوەیی وەک دیاردەیەکى تایبەت بە مۆدێرنێتەى سەرمایەداری وت و نابێ لێیەوە نەبوونی دەوڵەت لە فۆرمە پێش مۆدێرنەکەیدا، پێش گەشەکردنى سەرمایەداری لێ بخوێنینەوە. جگە لەوەش، مەبەستەکە لە پێشدانانی سەربەخۆیی بەراەمبەر دیموکراسی نییە. ئەوەی لە ڕووی ئەزموونییەوە دەسەلمێت، لە پێشتربوونی ڕۆڵى دەوڵەتە و ڕۆڵە نێودەوڵەتییەکەیەتی لەسەر چین و فۆرمى جیاوازەکانی ڕیکخستنی سیاسی ناو دەوڵەت نەتەوەیەک. ئەم واقیعە ئەزموونییە مێژووییە، هەڵبەت بە شێوەیەکی چەمکیانە و تیۆریکیش دەتوانین بە گەڕانەوە بۆ ئایدیای "گەشەى ناهاوسەنگ و تێکەڵاو" بخەینە ڕوو.
ڕازیبوون لە ڕیزبەندی لۆجیکیانە یان مێژوویی – ئەزموونیانەی "دیموکراسی" و "سەربەخۆیی نەتەوەیی" پیشت بەو گریمانە ناڕاستە دەبەستێت کە گوایە دەوڵەت و دیموکراسی دوو دیاردەی جیاواز و سەربەخۆ و دوور لە یەکترن. سەربەخۆیی نەتەوەیی و دیموکراسی لە خەسڵەتەکانی دەوڵەتن لە مانا بونیادی و گشتییەکەیدا واتە "بونیادی دەسەڵاتی گشتی". دیموکراسی لە مانا گشتییەکەیدا "حکومەتى خەڵک لەسەر خەڵک" فۆرمێکى مێژوویی تایبەت لە "بونیادی دەسەڵاتی گشتی" یان هەمان دەوڵەتە. لە گوتاری چەپدا ئەم گریمانە ناڕاستە دەرهاوێشتەى ناڕاستى گریمانەیەکى دیکەیە لە مارکسیزمى کلاسیکدا کە دەڵێ دەوڵەت دروستکەری چینە کۆمەڵایەتییەکانە، لە کاتێکدا چەندین توێژەر بۆ نموونە ئالن وود، بیرمەندى ناوداری سەر بە نەریتى مارکسیزمى سیاسی کە بەم دواییانە مرد، پێى وابووە و لە ڕووى ئەزموونیشەوە سەلماندوویەتى کە لەڕاستیدا لە ڕووى مێژووییەوە چینە کۆمەڵایەتییەکان بەرەنجامی ڕۆڵى دەوڵەتن لەو مانا گشتییەی لەسەرەوە باسمان کرد، نەک پێچەوانەکەی.
بەم جۆرە لەبارەى کوردستانی عێراقەوە، پرسیارەکە تێکەڵکردن یان لە پێشدانانى دامەزراندنى دیموکراسی یان دەوڵەت نییە. لەم لایەنەوەیە کە ئایا دیموکراسی، کە بە سروشتى خۆى مافى ژیان و یەکسانى نێونەتەوەییش گرەنتى دەکات، لاى کوردەکان لە قاڵبی دەوڵەتی پێیشوەختەى عێراق مسۆگەرترە و بەردەستترە یان لە چوارچێوەى دەوڵەتى سەربەخۆى کوردستان؟ وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارە (بە لەبەرچاوگرتنى تایبەتمەندی و ئەزموونى مێژوویی و سیاسی وڵاتى عێراق کە پێشتریش باسم کرد)، ئەوەیە کە: یان لە چوارچێوەى کوردستانێکى سەربەخۆ و یان دەوڵەتێکى کۆنفیدراتیڤ کە پێکهاتووە لە یەکگرتنى ئازادانە و یەکسانى دوو دەوڵەتى سەربەخۆی کوردستان و عێراق. جۆری دووەم بەڕاى من ڕەنگە لاى سەرکردە کوردەکانیش قبوڵ بێت، بەڵام وادیارە لایەنەکانى دیکە نەیانخستۆتە ڕوو.
پرسیار: ئێوە پەنجە دەخەنە سەر دۆخى تایبەتى کوردستانى عێراق و زەمینەى مێژوویی ئەو ناوچەیە، هاوکات دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانی سەرەتاى دواى شۆڕشى ئۆکتۆبەر و بە ناڕاستەوخۆ ئاماژە بە هەڵوێستى لینین دەکەن لەبارەى مافى چارەنووس تا ئاستى جیابووەوە؛ ئایا گەڕانەوەیەکى لەم جۆرە بۆ سەرەتای سەدەى بیستەم، زەمەن شێواوى یاخود ئاناکرۆتیک (anachronic) نییە؟
کامەران مەتین: گریمانە مێژووییەکەى ئەم پرسیارە ڕاست نییە. ئەگەر بگەڕیینەوە بۆ سەرەتاى سەدەى ڕابردوو، ئەوە ویلسۆنی ئەمریکى بوو کە لەگەڵ لینین لە "چواردە بنەڕەتەکەیدا" مافى چارەنووسى نەتەوەکانى خستە ڕوو و بەرگری لێکرد. لە ڕاستیشدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانیش ئاڵاهەڵگری مافى چارەنووس بوو: یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانى ئەم پرسە ئەوەیە کە کەڵەکەى سەرمایەدارانە بە پێچەوانەى شێوازەکانى پێش سەرمایەداری، پشت بە داگیرکردنى زەوی و جوگرافیا و هەرێم نابەستێت و هەربۆیە خۆى لە سنووری نەتەوەییدا قەتیس ناکات. لۆجیکى کەڵەکردنى سەرمایەداری، لەگەڵ ئەوەى پێناسەیەکى تەواو ئابوورییانەى هەیە، هەم لە ناوەوە و هەم لەو دیوى سنوورە نەتەوەییەکانەوە لە گەڕدایە. تێپەڕینى سەرمایە لە سنوورە نەتەوەییەکان بە ماناى لادان لە حاکمیەتى نەتەوەیی نایەت، چونکە دەسەڵاتى نەتەوەیی مۆدێرن، وەک پێشتریش ئاماژەى پێکرا، پێناسەیەکى تەواو سیاسی هەیە و سەرمایە دیاردەیەکى ئابووری دەزانرێت. خودى ئەم دۆخەش بەرەنجامی دیاردەیەکی تاقانەى جیاکردنەوەى دامەزراوەیی، نەک بونیادی، پانتایی ئابووری و سیاسەتە لە شێوازەکانى بەرهەمهێنانى سەرمایەداری، کە کەڵەکەکردنى سەرمایە لە داگیرکردنى دەوڵەت، بە شێوەى دامەزراو، جیا دەکاتەوە. دووانەى بازاڕ و دەوڵەت لە زانستى ئابووریدا دەرخەری گۆڕانکارییەکى مێژوویی بێ وێنەیە کە سەرمایەداری لەگەڵ خۆى هەڵیگرتووە. لە سەردەمى پێش سەرمایەداری وڵاتەکان وەزارەتێکى جەنگ (نەک بەرگری)یشان هەبوو. بۆچى؟ چونکە یەکێک لە ڕیگە سەرەکییەکانى کەڵەکەکردنى سەرمایە، داگیرکاری بوو و لەم مانایەدا ئابووری و جیۆپۆلەتیک جیا نەدەکرانەوە.
پرسیار: مەگەر گەشەسەندنى ناهاوسەنگ و تێکەڵ، کە بنەماى شیکاری بەڕێزیشتانە بۆ مۆدێرنێتە لە ئێران، پشت بەم خەسڵەتە تایبەتییە لۆکاڵی و ناوچەییانە نابەستێ؟
کامەران مەتین: ئایدیای گەشەسەندنى ناهاوسەنگ و تێکەڵ، لە بنەڕەتەوە لە ناهاوسەنگى جیهانى کۆمەڵایەتییەوە دەست پێدەکات و تێکەڵبوونى ڕەوەندەکانى گەشەى کۆمەڵایەتی و فرەهێڵبوونى مێژوویی لە بونیادیترین ئاستی تیۆریشدا دەخاتە ڕوو و هەرسى دەکات. هەر بۆیە ئەم ئایدیایە لە فرەیی سیاسی جیهانیشەوە هاتووە و لەبەر ئەم هۆکارەش لەبەر بونیادی بونناسی کۆمەڵایەتی کێشەى دەروونی تیۆری و میتۆدیکی مارکسیزمیشی نییە. لەڕووى شیکاریشەوە ئەم ئایدیایە تیۆرییانە جیۆپۆلەتیکیش لەبەرچاو دەگرێت، کە لە زۆربەى نەریتە مارکسیستییەکان بە دیاردەیەکى لاوەکی سەیر دەکرێت؛ بابەتێک کە هەڵەى شیکاری و ستراتیژى فراوانى لە بزوتنەوە کۆمۆنیستییەکاندا دروست کردووە. ئەم ئایدیایە دەتوانێت شی بکاتەوە کە بۆچى سەرمایەداری وەک سیستمێکى جیهانی لە یەکەى بچوکتری ئاسان بۆ بەڕیوەبەردن، کارایی زیاتری هەیە و ڕیکخستنیشی بە گوڕترە. لەبەرئەمەشە کە سەربارى لۆجیکی جیهانییانەى سەرمایە، ئێمە لەگەڵ جیهانێکدا مامەڵە دەکەین کە زیاد لە دووسەد وڵاتى سەربەخۆى تێدایە. لەڕاستیدا باسیکى فراوانیش لە نێوان مارکسیستەکانى پەیوەندی نێودەوڵەتى لە ئارادایە کە بۆچى سەربارى لۆجیکى جیهانیی سەرمایە، یەکەیەکى جوگرافی جیهانى دروست نەبووە. مەگەر لۆجیکى سەرمایە، بەوجۆرەى کە مارکس لە گرۆندریسەدا دەیڵێت: وا ناخوازێت کە کات بەسەر شوێندا سەرکەوێت؟ چۆن پاش سێ سەدە سەرمایەداری، جیهان لە ڕووى جیۆپۆلیتیکەوە پارچەپارچەیە؟
ئەگەر باسەکە کورت بکەمەوە، دژیەکیەک لە نێوان سنووى نەتەوەیی و ڕەوتەکانى کەڵەکەى سەرمایە لە ئارادایە. ڕیک لەبەرئەمەشە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک گەورەترین وڵاتى سەرمایەداری لە سەرەتاى سەدەى بیستەم، بە فەرمی بەرگری لە مافى بڕیارى چارەنووس دەکات. ئەگەرچى سەربارى ئەمە، دروشمی بەرگریی مافى چارەى خۆنووسین لە لایەن ئەمریکاوە، بۆ ئەم وڵاتە کە دەیویست هەژموونی ئیمپریالیستییانەى بریتانیا کەم بکاتەوە، ڕۆڵێکى دیکەى هەبوو و ئەوەش ئەوە بوو کە ڕێگەى خۆش دەکرد سەرمایەى ئەمریکی بچێتە ناو ئەو شوێنانەى کە سەرمایەداری بڕیتاینى لە ژێر کۆنترۆلى خۆیدا بوون. هەربۆیە ئاناکرۆنیزمێک کە لە پرسیارەکەتاندا خرایە ڕوو، ئەگەرچى شایانى تێگەیشتنە، بەڵام قەیرانێکى جەوهەری نییە.
پرسیار: بە ڕای ئێوە ئایا لە نێوان ناسیۆنالیزم بزوتنەوە نەتەوەییەکانى دەیەى شەست و حەفتا کە لە چوارچێوەیەکى دژە ئیمپریالیستى، دژە کۆنالیزم و هەڵبەت ئنیتەرناسیۆنالیزمدا کەناڵیزە دەبوون، جیاوازییەکى گرنگیان نییە لەگەڵ ناسیۆنالیزمى سەردەمى ئێستا کە گوتارێکی هاوکات سەرمایەدارانە، شوناسگەرا و میلیتاریزەکراوى لەگەڵدایە. بە زۆرى داهێنەرى شتێکى نوێ نییە و زیاتر پشت بە ڕابردوو (ڕابردویەکى دزراو) دەبەستێ و نمونەى دەرکەوتنە دیارەکەى دەتوانن لە شۆڕشى ڕەنگە جیاوازەکاندا ببینین؟
کامەران مەتین: سەرەتا دەبێ بڵێم لە بارەى ڕوانگەى دژە کۆلؤنیالیزمى بزوتنەوە نەتەوەییەکانى ڕابردوو، ڕوانگەیەکى هاوشێوەشمان لە کوردستان هەبووە. بۆ نموونە لە سەردەمێکى درێژ لە کوردستانی تورکیا چەمکێک کە کوردەکان و بە تایبەت پە کە کە بۆ ڕوونکردنەوەى دۆخى کوردستان سوودى لێ وەردەگرت، چەمکی "کۆڵۆنیالیزمى ناوخۆیی (internal colonialism بوو. بەو مانایەى کە کوردستان کۆڵۆنییەکى ناو سنورەکانى تورکیایە. شوێنەراى کۆلۆنیالیزم تەنانەت لە کوردستانی ئێرانیش بەرچاوە، چ جاى عێراق کە لەوێ ئەنفالیش ڕووى داوە. سەردەمى داگیرکارى خۆرئاوا ئەگەرچى کۆتایی هاتووە، بەڵام کرداری داگیرکارى تەنیا تایبەت نییە بە ڕۆژئاوا. وڵاتانى جیهانی سێیەمیش دەتوانن کردار و ڕەفتاری داگیرکارییان لە پەیوەندیدا بە بەشگەلێکى خۆیانەوە هەبێت. لە بارەى چوارچێوە و کەناڵیزەبوونى بزوتنەوە نەتەوەییەکان لەلایەن مارکسیزمەوە، باسێکى تیۆری دێتە ئاراوە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سەربەخۆیی کوردستان و ئەم باسەوە نییە و دەرفەتى باسکردنیمان نییە، و ئەوەش ئەوەیە کە سۆسیالیزم چوارچێوەیەکى نەتەوەیی نییە.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو و جیاکاری بکەین لەو خەون و ویستانەى لە دووسەد ساڵى ڕابردوودا ڕووى داوە، دەبینین کە هەموو هەوڵ و خەباتەکانى ژێر ئاڵاى مارکسیزم یان سۆسیالیزم هەمیشە فۆرمێکى نەتەوەییان هەبوو و هیچکات لەم فۆرمەش لایان نەداوە. نمونەى بەناوبانگى ئەمەش ئەوەیە کە لینین ئەوکاتەى لە ڕۆژنامەدا خوێندییەوە کە سۆسیال دیموکراتەکان دەنگیان بە بودجەى جەنگى دەوڵەتى ئەلمانى قەیسەرى داوە بۆ دەستپێکى جەنگى جیهانی، ڕۆژنامەکەى فڕێ دا و وتى: پۆلیسى ئەڵمانیا ئەمەى ساختە کردووە، چۆن دەبێ سۆسیالیستەکان یارمەتى جەنگى نەتەوەیی وڵاتەکەیان بدەن؟ گەڕانەوە بۆ هەڵوێستى ئەمڕۆی هەندێ لە چەپە ئێرانییەکان بۆ بەرگرى لە دەستێوەردانی ئێران لە سوریا و سەربەخۆیی ئێران بە هەر نرخێک، پەیرەوى لە لۆجیکیکى هاوشیوە دەکات.
ڕاستییەکە ئەوەیە کە فرەجۆربوونى جیۆپۆلۆتیکى جیهان بابەتێکى وەک دەڵێن ڕێکەوت و زووتێپەڕ contingent نییە. بەشێکى زەڕوورییە لە بوونناسی جیهانى واقیع. دابەشکردنى جیهان بۆ یەکەى جۆراوجۆر، بابەتێکە کە مارکسیزم نزیکەى دوو سەدەیە نەیتوانیوە بە شێوەى واقیعی مامەڵەى لەگەڵ بکات. لەڕاستیشدا باسى گەشەسەندنى ناهاوسەنگ و تێکەڵ کە ئاماژەمان پێکرد، تاکە بەشى ناو مارکسیزمە کە بابەتەکە بە جیدى وەردەگرێت و دەیسەلمێنێت کە هەمیشە و هاوکات زیاد لە یەکەیەکى کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگاى جۆراوجۆر بە قەوارەى سیاسى لەیەک جوداوە، دینامیزمێکى تایبەت لە مێژوودا دروست دەکەن کە لە دینامیزمى کار و سەرمایەدا کورت نابێتەوە. ئەم مەسەلەیەش لە ئامادەکردنى تیۆریکى چەمکەکان و لە ئامادەکاری سیاسی ستراتیژیشدا هەمیشە دەبێ لەبەر چاو بگرین.
ئەگەر پرۆژەى سۆسیالیزم لە وڵاتى ستالین بەسەر پرۆژى سۆسیالیستى نێودەوڵەتی ترۆتسکیدا سەرکەوت، تەنیا بەهۆى زەبروزەنگى ستالینەوە نەبوو، بەڵکو بونیادێکى واقیعی لە ئارادا بوو؛ سەرکردە سەرەکییەکانى مارکسیستەکانى ڕووسیا، ترۆتسکی و پاش ئەویش لینین، پێیانوابوو کە شۆڕش لە ڕووسیا دەبێتە هۆى شۆڕش لە وڵاتانى گەشەسەندووى پیشەسازى بە تایبەت لە ئەڵمانیا و پرۆلیتاریاى بە هێزى ئەڵمانیا دەگاتە فریاى پرۆلیتاریاى دواکەوتووى ڕووسیا بۆ ئەوەى سۆسیالیزم، تاوەکو سۆسیالیزم کە بە پێى پێناسەکەى ڕێکخستنێکی پێشکەوتوترە لە سەرمایەداری دابمەزرێنن. بەڵام شۆڕش ڕووی نەدا و لە دوو ئەگەریش زیاتر لە بەردەست نەبوو؛ سپاردنى خۆویستانەى دەسەڵات بە بۆرژوازى ڕووسیا تا کارى گەشەسەندنى سەرمایەدارى بگەیەنێتە دوا مەبەستى لۆجیکی خۆی و زەمینەى سۆسیالیزم فەراهەم بکات. یان قومار لەسەر داهاتوو و چاوەڕێکردنى هەلومەرجی گونجاوى جیهانى و هەوڵ بۆ دوستکردنى سۆسیالیزم لە وڵاتێکدا. بیرۆکراتى سۆڤیەت کە لە چەند ساڵێکى پاش شۆڕش و جەنگى ناوخۆیی هاتبووە ئاراوە، مەبەست و بەرژوەندەى خۆی لە پاراستنى دەسەڵاتى سیاسیدا دەبینی کە لەگەڵ ئایدیای "سوسیالیزم لە یەک وڵاتدا" یەکى نەدەگرتەوە. گۆشەگیرى ئەوکاتى ترۆتسکی دەرهاوێشتەى ئەو واقیعە سەرەکییە بوو، ڕەگى ئەم پرسە و بونیادى ئەم مشتومڕەش، دابەشکردنى سیاسى جیهان بۆ کۆمەڵگاى جۆراوجۆر و جیاوازە کە لە تیۆریاى کۆمەڵایەتى مارکسدا لە بەرچاو نەگیراوە. مارکس پێى وابوو کە سەرمایە سنورەکان لە ناو دەبات و ململانێی کۆمەڵایەتی دەبێتە ململانێی سەرەکی دینامیکی مێژوو، لە کاتێکدا ئەزموون سەلماندوویەتی کە دینامیزمى سیاسی جیهان ناکرێ تەنیا لە ململانێی کار و سەرمایەدا ببینینەوە. ئەم بەرکەوتنە بەهێزە هەمیشە لە تێکەڵکردن و یەکتربڕین کۆمەڵیک دژیەکى دیکەش بەرەو پێشەوە دەچێت کە تەنانەت لە هەندێ بارودۆخدا پێش ململانێی کار و سەرمایەش دەکەون. ئەگەر نمونەیەکى دیکەش بهێنمەوە، جەنگى جیهانی یەکەم ناکرێ بە شیکاری مارکسیستی شی بکەینەوە، چونکە ئەڵمانیا هیچ ڕکابەرییەکى توندى داگیرکارییانەى لەگەڵ بەریتانیا و ئەمریکادا نەبوو کە بەهۆیەوە جەنگ بەرپا بکات.
پرسیار: بەپێى ئەم قسانە و بەلەبەرچاوگرتنى جەختکردنى ئێوە لەسەر دەرکەوتنى نەتەوەییانەى سۆسیالیزم، ڕەنگە ئیوە بەرگری لە لێگزیت Lexit – Left wingBrexit برێگزیتى چەپ، بکەن؟
کامەران مەتین: من زۆرباش لەوە تێدەگەم کە بۆچى بەشێک لە چەپەکانى لە شوێنێکى وەک بریتانیا ڕەنگە هاوکۆک بن لەگەڵ چوونەدەرەوەى بریتانیا لە یەکێتى ئەوروپا. زۆر سەختە کەسێکى چەپ چارەنووسى کارەساتى یۆنان کە لە ژێر دەسەڵاتى یەکێتى ئەوروپا و بە تایبەتى ئەڵمانیا گەیشتۆتە ئەم ئاستە، ببینێت و مەیلى ئەوەى نەبێت کە ئەم یەکێتییە کە دامەزراوەیەکى وێرانکەری سەرمایەداری و سیاسەتى نیۆلیبراڵە، جیا بێتەوە. من خۆم دەنگم بە برێگزیت نەدا، بەڵام زۆر هاوسۆزم لەگەڵ ئەم پرسە. بەڵگەى لایەنگرانى برێگزیتى چەپ، تەنیا بۆ باشترکردن هەلومەرجی کرێکارانى بەریتانیا نییە، بەڵکو لەبەرئەوەشە کە بچوکبوونەوەى یەکێتى ئەوروپا ڕەنگە دینامیزمەکانى جێگیرەوەیەک بڕەخسێنێت کە دژى پرۆژەى نیۆلیبرالیزم بوەستێت. ئەگەرچى بە سەیرکردنى هاوسەنگى هێزى چەپ و ڕاست لە ئەوروپا، من زۆر بەم ئاسۆیە گەشبین نیم.
سەربەخۆیی نەتەوەیی و پرسى دەوڵەت
پرسیار: ئاماژەتان بە گرنگى دەوڵەتى نەتەوەیی وەک گرەنتییەک بۆ دەستکەوتنى ماف و پاراستنى نێودەوڵەتى کرد، لەبارەى مافى "خەڵکى بێ دەوڵەت" لە ژێر ناونیشانى پرسى نەتەوەی جوو، مشتومڕی زۆر کراوە و بە زۆرى لە دەوری ئەم پرسیارەدا بووە کە ئایا دروستکردنى دەوڵەتى نەتەوەیی و بە دیاریکراوییش وڵاتى ئیسراییل دەتوانێ ڕێگەچارەیەکى بونیادی بۆ مەسەلەى جوو و لە ڕاستیدا کێشەى خەڵکانى بێ دەوڵەت بێت یان نا، وەڵامى زۆر لە بیرمەندان لە ئاڕنت-ەوە تا ئاگامبێن نەخێر بووە؛ دەوڵەت و بونیادى "لەناکاو"ى دەسەڵات (دەسەڵاتێک بەرمەبناى ساختە و سڕینەوەى هەڵاوێردی جوو، کورد، تورکمان و .... کار دەکات و بەردەوام دەبێت) نەک وەڵام بەڵکو خودى پرسەکەشە. لەبەرئەمەشە کە ئەمڕۆ زۆرێک لە ڕۆشنبیران و تیۆریستە فەلەستینییەکان، لەبرى بیرۆکەى دانانى دەوڵەتێکى نەتەوەیی، ئەمڕۆ بەرگریکار و بانگەشاکاری ئەڵتەرناتیڤی پۆست ناسیۆنال و دامەزراندنى دەوڵەتێک دیموکرات و سیکۆلارن بە ئامادەیی عەرەب و جووەکان (هەڵبەت بە مەرجى گەڕانەوەى هەموو ئاوارەکان). لە ڕووى بونیادى و پشتبەستوو بەم باسانە، ئایا دەوڵەت دەتوانێ کێشەى کوردەکان لەم ناوچەیە چارەسەر بکات؟
کامەران مەتین: کێشەى ئیسراییل و فەلەستین پرسێکى جیاوازە. لێرەدا دەستوپەنجە لەگەڵ داگیرکارى کۆچبەرەکان settler colonislism دەکەین؛ ئەمە لەگەڵ کێشەى کوردستان جیاوازییەکى جەوهەرى هەیە. جگە لەوەش ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبم هانا ئاڕنتیش، دواجار دژایەتى دەوڵەتى نەدەکرد؛ ئارنت تەنانەت پێى وابوو کە دەوڵەت لە بنەڕەتەوە هەلومەرجى ماف بۆ هاوڵاتیان دابین دەکات.
لەبارەى ئەڵتەرناتیڤی "یەک نەتەوە"ش باسەکە هەر بەم جۆرەیە؛ ئەگەر بڵێین "کۆنفیدرالیزمى دیموکراسی" پرۆژەیەکى دژە دەوڵەتییە، ئاستێک لە هەڵەى تیۆرى و مێژوویی تێدایە. گریمان پرۆژەى کۆنفیدرالیزمى دیموکراسی، نەک تەنیا لە سوریا و عێراق ، لە هەموو ناوچەکەش بێتە دی، تا ئەوکاتەى کە جوگرافیا سیاسییەکەى هەموو جیهان نەگرێتەوە، لە شوێنێک سنورەکانى کۆتایی دێت و دەگاتە بەردەم یەکەى سیاسی و دەوڵەتى تر کە لە پەیوەندیدا پێیانەوە بە ناچارى وەک دەوڵەت مامەڵە دەکات. وەکچۆن ئێستاش فیدراسیۆنى دیمواتیکى باکورى سوریا (ڕۆژئاوا) لە پەیوەندیدا لە دەوڵەتى ناوەندى و دەوڵەتەکانى دەوروبەر و جیهان وەکو دەوڵەتێکى سەربەخۆ هەڵسوکەوت دەکات. واتە هەمیشە "دەرەوە"یەک بۆ پرۆژەى "نادەوڵەت" هەبوو و لە پەیوەندیدا دەرەوەیەوە، ئەم پرۆژەیە جیاواز لە ناوەڕۆکەکەی فۆرم و ڕەفتاری دەوڵەت وەردەگرێت. تەنانەت ئەگەر خۆشی ئەم دەرکەوتنە خۆى ڕەت بکاتەوە، بەرامبەرەکەى لە دەرەوە وەک دەوڵەتیک مامەڵەى دەکات. ئەمە بۆ هەمان پرسی سەرەتایی دەگەڕێتەوە کە جیهان لە ڕووى سیاسی و کلتووری و گەشەسەندنەوە، فرە جۆرە و ئێمە هیچ سیستمێکى سیاسیمان نەبووە لە مێژوودا هەموو جیهان بگرێتەوە. لە ڕاستیدا ئیمە هەمیشە دەوڵەتەکانمان هەبووە نەک دەوڵەت؛ بە مانایەکى تر، دەوڵەت چەمکێک پەیوەندیگەرایە و پێویستى بە دەستڕاگەیشتنە بەوى دی. لەم پرۆسەیەى ڕاگەیشتنەشدا، ناوەڕۆکی ناوەکى ڕێکخستنێکى کۆمەڵایەتى پەیوەندییەکى وەهاى بە فۆرم و بیچمەکەیەوە نییە و دەبێ لە نێوانیاندا جیاکاری بکەین.
بە گشتى، دەسەڵاتى نەتەوەیی ڕووخسارێکى ڕوو لە ناوەوەى هەیە و ڕوخسارێکیش بەرەو دەرەوە. لەبارەى کوردستانى عێراقەوە، باسەکەى من پەیوەستە بە دەرەوە و پەیوەندى نێودەوڵەتى. بێگومان لە کوردستانێکى سەربەخۆ ئەگەر سوکانى دەسەڵات بە دەست بارزانى و کەسانى هاوشێوەى ئەوەوە بێت، هەلومەرج و پەیوەندی دەروونى چینە کۆمەڵایەتییەکان و کەمینەکان بەراورد بە کوردستانێک کە دەسەڵات لاى پە کە کە بێت، زۆر جیاواز دەبێت. لە ڕوانگەى دەرەکیی و نێودەوڵەتیەوە بەڵام جیاوازییەکی جەوهەرى نابێت. ستەمکارترین و دیموکراسیترین دەوڵەتانى جیهان، جیاواز لە دۆخى ناوخۆییا، هەردووکیان لە ڕووى ڕوخسارى دەرەوە، دەوڵەتن.
پرسیار: بەم پێیە، ئایا پرۆژەى کۆنفیدرالیزمی دیموکراسی، لە کۆتاییدا دەبێ ئەڵتەرناتیڤى دەسەڵاتى نەتەوەیی پرۆژەى هەرێمى کوردستان هەڵبژێرێت، یان ئەم پرۆژەیەش لە ژێر ئایدیاى دەسەڵاتى نەتەوەیی مانا وەردەگرێت؟ لە ئایدیاى کۆنفیدرالیزمى دیموکراسی، وادیارە، لانیکەم لەسەر کاغەز، دیاریکردنى مافى چارەنووس، پێویستى بە جیابوونەوە و سەربەخۆیی پێویستى بە دەوڵەتسازییە. بە ڕاى ئێوە جیاوازی گرنگى نێوان ئەم پرۆژەیە لەگەڵ ناسیۆنالیزمى هەرێمى کوردستان چییە؟
کامەران مەتین: جیاوازی سەرەکى لە شێوازى ڕیکخستنى کۆمەڵایەتى ناو ئەو یەکە سیاسیەدایە کە کە لە دەرەوە واباوە پێى بوترێت دەوڵەت. کۆنفیدرالیزمى دیموکراسی، ناسێنەرى ئایدیایەکە لە ڕیکخستنى کۆمەڵایەتى کە تیایدا ڕوانگە و نیگایەکى جیاوازی سەبارەت بە چەند مەسەلەیەکى وەک جێندەر، وەبەرهێنانى ئابووری و ژینگە هەیە. بێگومان لەبەر ئەم بەرکەوتنە جیاوازنەش لەگەڵ ئەم پرسانەدا، پەیوەندی ئەم یەکە سیاسییە لەگەڵ داپڵۆسینى سەرمایەدارى نیۆلیبراڵ فۆرمێکى تر وەردەگرێت. بەڵام تا ئێستاش بونیادێکى دەسەڵاتى سیاسی هەر لە کۆمەڵگادا دەمێنێت، بونیادێک ئەگەرچى ناچڕ و پەرتەوازە لە دیمەشق یان بەغدا بەڵکو بە شێوەى بەربڵاو و فرەلایەن و لەسەر بنەماى کۆمۆنەکان. لە هەمان کاتدا، هەر ئەم ڕێکخستنە کە دەسەڵات تیایدا بە شێوەى پێشکەوتنخواز و ڕادیکاڵ ڕیکخراوە، لە کاتى بەرکەوتن لەگەڵ جیهانى دەرەوە، دەبێ و ناچاریشە بە شیوەى یەکگرتوو، ڕیکخراو ڕەفتار بکات. لە ئاکامدا، لێرەشدا دەبێ جیاوازى نێوان دوو ڕەهەندی ناوەکى و دەرەکی دەوڵەت وەک دیاردەیەکى مێژوویی لەبەر چاو بگرین.
پرسیار: ریفراندۆم جۆشوخرۆشێکى زۆرى خستۆتە ناو خەڵکى کوردستانەوە، لەبەرامبەردا ئارستەى دژ، بۆ نموونە ئێران بە شێوەى جۆراوجۆر هەوڵ دەدەن خەڵک بەرەو هێمنى و دوورکەوتنەوە لە ریفراندۆم هان بدەن. لەکاتێکدا خۆیان وەها مامەڵەیەک ناکەن؛ ئەوان خەڵکى لە لێکەوتەکانى ئەم خواستە سیاسییەیان، بە دیاریکراوى لە جەنگ و خوێنڕێژى دەترسێنن، وەکئەوەى پێشتر ناوچەکە هیچ جۆرە جەنگ و ئاژاوەیەکى تێدا نەبێت. وتەبێژانى ئەم گوتارە لە ئێراندا بە زۆرى ئەوانەن بە بیرهێنانەوەى بەهارى عەرەبى و بزوتنەوەى سەوزى ئێران، هەموو جۆرە هەوڵێک بۆ گۆڕانکارى لە ناوچەکە بە ترسناک دەدەنە قەڵەم. ئەم هەژموونەی گوتاری ترس لە کوێوە دێت و بە گشتى ڕاى ئێوە، ترس تا کوێ دەتوانێ بنەماى بڕیارى سیاسی بێت؟
کامەران مەتین: قۆناغەکانى قەیران و گواستنەوە، وەکچۆن مارکسیش لە ئاستێکى تردا باسى دەکات، هەمیشە پڕ لە ئازار، شڵەژان و لەرزین بووە. ئەمڕۆش ئێمە لە ئاستى جیهانیدا، (ئاوابوونى دەسەڵاتى ئەمریکی و ڕۆیشتن بەرەو جیهانێکى چەند جەمسەری) و هەم لە ئاستى ناوچەییش (پێناسەکردنەوەى ڕیکخستنى سیاسی لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست) لە قۆناغێکى وەهادا دەژین. لەم قۆناغەى گواستنەوە و تەنگەژە و ململانێیەدا، بێگومان گەڕانەوە بۆ گوتاری ترس، کە هەمیشە بەشێک بووە لە سیاسەت، زیاتر دەبێت.
سەیر ئەوەشە کە پشتبەستن بەم گوتارە، زیاتر لەلایەن دەوڵەتە هەنوکەییە چەسپاوەکانەوە زیاترە. بۆ نموونە ئێران و تورکیان کە خەڵکى لە قیامەتێک دەترسێنن؛ لە بەرامبەردا، دەوڵەتى هەرێمى کوردستان هەوڵ دەدات پەنجە بخاتە سەر خاڵە گەش و باشەکانى داهاتوویەکى باشتر و خەڵکى لەبرى هاندان بەرەو کردە و کردار بانگهێشت بکات. لە ئەوروپاى ئەمڕۆش، زیاتر ڕەوتە ڕاستەکان و لایەنگرانى دۆخى چەسپاون کە گوتارى ترس بڵاو دەکەنەوە، لەبەرامبەردا، بۆ نموونە گوتاری سیاسى حیزبى کرێکارانى بریتانیا لە ژێر سەرکردایەتى سەرۆکە ڕادیکاڵە تازەکەى، جەخت لەسەر ئەگەرەکانى ژیانێکى باشتر دەکاتەوە.
https://www.radiozamaneh.com/360233
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە