گیراوێکی سیاسیی کورد بۆ نەخۆشخانەی "ئیمام خومەینی" گوازراوەتەوە
Friday, January 1, 2016
NNSROJ: گیراوێکی سیاسیی کورد، دوای تێکچوونی باری تەندروستی و بێهۆشبوون، بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری تاران گوزراوەتەوە.
بەهمەن ئەحمەدی عەموویی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی، وێڕای بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییە سەبارەت بە بارودۆخی گیراوی سیاسیی کورد ڕەمەزان ئەحمەد، دەستنیشانیشی کردووە کە ناوبراو، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو بۆ نەخۆشخانەی "ساسان" لە شاری تاران ڕاگوێزراوە و دواتریش، بەهۆی پێڕانەگەیشتنی لەو نەخۆشخانەیە، لە بەشی فریاگوزاریی نەخۆشخانەی "ئیمام خومەینی" خەوێنراوە.
ئەو ڕۆژنامەنووسە ئەوەشی ڕوون کردۆتەوە کە ڕەمەزان ئەحمەد، حەوت ساڵ بەر لە ئێستا، لەگەڵ چوار گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان، بەهەڵە ڕێگەیان کەوتووەتە ناو سنوورەکانی ئێران و کەوتوونەتە کەمینی هێزەکانی دەوڵەت. بە گوتەی ناوبراو، لەم ڕووداوەدا دوو گەریلا گیانیان لە دەست داوە و ڕەمەزان ئەحمەد بە برینداری گیراوە و کەسی چوارەمیش توانیویەتی خۆی بگەیەنێتە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران.
ڕەمەزان ئەحمەد لەو کاتەوە لە گرتووخانەکانی مهاباد، قەزوین، ئێڤینی تاران و گرتووخانەی ڕەجایی شار بەند بووە. ناوبراو کە بە برینداری کەوتووەتە دەست کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک ڕۆژنامەنووسەکە دەڵێ "هەوڵی پێویست نەدراوە بۆ تیمارکردنی برینەکانی و بەو هۆیەشەوە بەشێک لە ئەندامانی جەستەی لەکار کەوتوون و تا ئێستاش چەند گوللە لە لەشیدا ماونەتەوە."
ئەو گیراوە سیاسییە، کە خەڵکی شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستانە، ئێستا لە بەشی فریاگوزاریی نەخۆشخانەی "ئیمام خومەینی" لە تاران، خەوێنراوە.
ناوبراو پێشتریش، بەهۆی پێڕانەگەیشتنی لەلایەن کاربەدەستانەوە، چەند جارێک مانی لە خواردن گرتووە.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە