بەرەی یەکگرتوو دەڵێ لە هەڵبژاردندا بەشدار دەبین
Saturday, January 2, 2016
NNSROJ: ڕێکخراوێکی کوردەکانی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکەم لێدوانی خۆی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئێران بڵاو کردۆتەوە و تێیدا، هیوای خواستووە بەرپرسان وەک هێزێکی ئەرێنی و کاریگەر لە مەیدانی سیاسیی کوردستاندا پەسەندی بکەن.
لە لێدوانێکدا کە لە سایتی ڕەسمیی خۆیدا بڵاوی کردۆتەوە، بەرەی یەکگرتووی کورد ڕایدەگەیەنێ "هەڵبژاردن و بەشدار بوون تێیدا، یەکێک لە بابەتە گرینگەکانی ژینگەی سیاسیی وڵاتانە" و ئاماژەش بەوە دەکات کە دەیەوێت بە بەشدار بوون لە هەڵبژاردندا "سەردەمێکی نوێ لە سیاسەتی کوردیدا دەست پێ بکات و چالاکیی ڕێکخراوەیی و تەشکیلاتی، بکاتە جێگرەوەی ڕیوشوێنگەلی دیکەی ناکارا لە هەڵبژاردندا".
ئەو ڕێکخراوەی کوردەکانی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، داواش دەکات "لەلایەن بەرپرسان و دامەزراوەکانی چاودێریکردنی هەڵبژاردنەوە، وەک هێزێکی ئەرێنی و کاریگەر لە مەیدانی سیاسیی کوردستان و ئێراندا پەسەند بکرێت و ڕێگەی بەشداریی ئەم ڕێکخراوە بکەنەوە و ئەم دەرفەتە بە کوردەکان بدەن تا هەڵبژاردنێکی فرەڕەنگ و جیاواز ئەزموون بکەن".
ئەم لێدوانەی بەرەی یەکگرتووی کورد لە کاتێکدایە کە زۆربەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەرچەند تا ئێستا لێدوانی ڕەسمیشیان بڵاو نەکردبێتەوە، بەڵام وەک لە ئەدەبیاتی سیاسیی ئەم چەند ڕۆژەیاندا دەردەکەوێ، بەنیازن هەڵبژاردنەکان بایکۆت بکەن.
بەرەی یەکگرتووی کورد لە لێدوانەکەیدا باس لە لایەنە ئەرێنییەکانی بەشدار بوون لە هەڵبژاردندا دەکات و وێڕای ئاماژە بەوە کە "تووڕەیی لە سیاسەتدا ناتوانێ ئەنجامێکی ئەرێنیی هەبێ"، دەڵێ " بۆ ناوچەگەلێکی وەک کوردستان، هەڵبژاردنی مەجلیسی شوورای ئیسلامی تەنیا دەروویەکە بۆ چوونە ناو ژووری بڕیاردان و دەسەڵاتی باڵای حوکوومەتی."
دووبارەشی دەکاتەوە کە بەرە "بەشدار بوون لە هەڵبژاردنی مەجلیسی شوورای ئیسلامیی خستووەتە بەرنامەی کاری خۆی و لەسەر بنەمای تاکتیک و بەرنامەیەلی پەسەندکراو لەو ڕێچکەیەدا هەنگاو دەنێت."
ک. م
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە