ئاگردرانی باڵوێزخانەی سعوودی لە تاران + ڤیدیۆ
Saturday, January 2, 2016
NNSROJ: ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویان کردەوە کە ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی ئێران ئەمشەو بە مۆلۆتۆف کۆکتەیل هێرشیان کردووەتە سەر باڵوێزخانەی عەرەبستانی سعوودی لە تاران و ئاگریان تێبەرداوە.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە، ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی ئێرانی دەبینرێن لە کاتی ئاگردانی باڵوێزخانەی عەرەبستانی سعوودیدا. بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتێرز، تاقمێک لە خۆپیشاندەران، دوای شکاندنی دەرگا و پەنجەرەی باڵوێزخانەکە، چوونەتە ناو بیناکە و کەلوپەلەکانیان ئاگر داوە.
هاوکات ڕۆژنامەی ئیسڕاییلی "هارێتز" ئەمڕۆ بڵاوی کردەوە کە قۆنسولخانەی عەرەبستانی سعوودی لە مەشهەد بووەتە ئامانجی هێرشی خۆپیشاندەران.
بە گوتەی چاودێر و شارەزایانی کاروباری ناوخۆی ئیڕان، ئەم ڕووداوە، دوابەدوای ئێعدامی ژمارەیەک لە هاوولاتیانی شیعەمەزهەبی عەرەبستان کە لانیکەم یەکێکیان لە ڕێبەرانی ئەو توێژە کۆمەڵایەتییە دێتە ئەژمار، بەبێ ئیزن و ئاگاداریی کاربەدەستانی ئێران نەبووە.
محەمەد فازڵ هاشمی، پرۆفسۆری ئیسلامناسی لە زانکۆی ئوپسالای سوێد و لە شارەزایانی کاروباری ئێران، بە ئاژانسی هەواڵی "تی تی" گوتووە کە "هێرش بۆ سەر دامەزراوەکانی عەرەبستانی سعوودی لە تاران و مەشهەد، بەبێ ئاگاداریی بەرپرسانی ئێرانی ڕووی نەداوە."
ـ ئەم جۆرە خۆپیشاندانانە لە ئێران، شتێکی خۆڕسک نین، بەڵکوو ئەوە میلیشیاکانی بەسیجی لایەنگری دەوڵەتن کە لە جلوبەرگی ئەهلیدا ئەو کارانە ئەنجام دەدەن؛ پرۆفسۆر هاشمی وا دەڵێ.
کەناڵی ئەلعەرەبییە ئەمڕۆ بڵاوی کردبۆوە کە بڕیارە هێزەکانی بەسیج، لەبەردەم باڵوێزخانەی عەرەبستانی سعوودی خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.
بەگوێرەی ڕۆیتێرز، ئەم هێرشانە پەیوەندییان بە ئێعدامی ژمارەیەک لە نەیارانی ڕژیمی پاشایەتیی عەرەبستانی سعوودییەوە هەیە کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ [شەممە ٢ی ژانوویە] لەلایەن کاربەدەستانی ئەو وڵاتەوە کوژران. یەکێک لە ئێعدامکراوەکان ڕێبەری شیعەکانی عەرەبستان و لە ڕەخنەگرانی بنەماڵەی پاشایەتیی عەرەبستان شێخ نەمر ئەلنەمر بوو.
ڤیدیۆی ئاگردرانی باڵوێزخانەی عەرەبستانی سعوودی لە تاران
ک. م
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە