ئێران دەڵی "باڵوێزخانەکەمان لە یەمەن بۆردومان کراوە"
Thursday, January 7, 2016
NNSROJ: کاربەدەستانی ئێران ڕایدەگەیەنن کە باڵوێزخانەکەیان لە سەنعای پێتەختی یەمەن بۆردومان کراوە و بۆ ئەمەش عەرەبستانی سعوودی بە تاوانبار دەزانن.
بەگوێرەی ڕۆیتێرز، وتەبێژی وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین جەبار ئەنساری، ئەمڕۆ بە مێدیاکانی ئێرانی گوتووە کە باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەنعا، پێتەختی یەمەن، بە فڕۆکە بۆردومان کراوە.
ـ عەرەبستانی سعوودی لە زیانگەیاندن بە بینای باڵوێزخانە و چەند کەس لە کارمەندەکانی بەرپرسیارە؛ وتەبێژەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران وای گوتووە.
کێشەی نێوان عەرەبستانی سعوودی و ئێران، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە جاران پەرەی ئەستاندووە و ئەمەش، بێجگە لە ململانێی ئەم دوو وڵاتە لە یەمەن، پەیوەندیشی بە ئێعدامکرانی یەکێک لە ڕێبەرانی دینیی شیعەکانی عەرەبستانەوە هەیە لەلایەن کاربەدەستانی سعوودییەوە.
حوسییەکانی یەمەن، کە ئێستا لەگەڵ هاوپەیمانەتیی سوننە بە سەرۆکایەتیی عەرەبستانی سعوودی لە شەڕدان، وەک "شەڕکەرێکی پیرۆز" چاویان لە "نەمر ئەلنەمر دەکرد و دوی لەدار درانیشی لە ڕۆژی شەممەی ڕابردوودا، بە لێدوانێکی توند عەرەبستانی سعوودیان مەحکووم کرد.
شایەدحالان لە سەنعا و دانیشتوانی ئەو گەڕەکەی باڵوێزخانەی ئێرانی لێیە، بە ڕۆیتێرزیان گوتووە کە بینای باڵوێزخانەی ئێران "بەهیچ شێوەیەک" زیانی پێنەگەیشتووە و ئەو شوێنەی مووشەکی بەرکەوتووە، لانیکەم ٧٠٠ مەتر لە باڵوێزخانەی ئێرانەوە دوورە.
کاربەدەستانی عەرەبستانی سعوودی ڕایدەگەیەنن کە مووشەکبارانی شەوی ڕابردوو، "شوێنی مووشەکهاوێژەکانی چەکدارانی حوسییان بە ئامانج گرتووە".
بەگوێرەی کاربەدەستانی سعوودی، کە بۆ ڕۆیتێرز دواون، حوسییەکان "ئەغڵەب بینا و شوێنە سیڤیلەکان و هەندێ جاریش بینای باڵوێزخانە چۆڵکراوەکان بە مەبەستی سەربازی بەکار دێنن."
ـ ئەو تۆمەتانە هیچ بناغەیەکیان نییە، بەڵام لە ڕۆژانی داهاتوودا لە بابەتەکە دەکۆڵینەوە؛ کاربەدەستێکی عەرەبستانی سعوودی وای گوتووە.
ک. م
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە