"نامانەوێ لەگەڵ ئێران بکەوینە شەڕەوە"
Friday, January 8, 2016
NNSROJ: وەزیری دیفاعی سعوودی چالاکییە سەربازییەکانی لە یەمەن بە ڕەوا دەزانێ بەڵام ڕاشیدەگەیەنێ کە وڵاتەکەی نایەوێ لەگەڵ ئێران بکەوێتە شەڕەوە.
لە وتووێژێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "ئێکۆنۆمیست"، وەزیری دیفاعی عەرەبستانی سعوودی، محەمەد بن سەلمان، ڕایدەگەیەنێ کە شەڕ لەگەڵ ئێران "شتێکە کە ئێمە بەهیچ جۆرێک نامانەوێ و ئەو کەسانەش هەوڵی بۆ دەدەن عەقڵیان لە شوێنی خۆیدا نەماوە".
ناوبراو ئەوەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "شەڕی نێوان ئێران و عەرەبستانی سعوودی دەبێتە سەرەتای کارەساتێکی گەورە لە هەرێمەکەدا و کاریگەریی زۆر بەهێزیشی دەبێ لەسەر جیهان؛ بە دڵنیاییەوە ئێمە ڕێگە بە شتێکی وا نادەین."
شازادە محەمەد بن سەلمان، کە لە پیاوە دەستڕۆیشتووەکانی عەرەبستانی سعوودی و وەک جێگرەوەی پاشای ئەو وڵاتەش چاوی لێدەکرێ، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو و تەنیا دوو ڕۆژ دوای ڕووداوی ئاگردرانی باڵوێزخانەی وڵاتەکەی لە تاران، ئەو وتووێژەی لەگەڵ ئێکۆنۆمیست کردووە.
کێشە و ململانێی ئەم ڕۆژانەی نێوان عەرەبستان و ئێران، پەیوەندیی بە لەدار درانی یەکێک لە ڕێبەرانی شیعەی عەرەبستانەوە هەیە کە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، لەگەڵ ٤٦ کەسی دیکە لەو وڵاتە ئێعدام کران.
ک. م
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە