بابەتی گەرم:

ئاوارە وڵات

کەڵی شەڕ بە موو بەندە

Sunday, February 14, 2016


ئاوارە وڵات
تورکیا و عەرەبستانی سعودی، دەیانهەوێ لە نێو سوریا، دژی حکومەتی دیمشق و دوایەش کانتۆنەکانی رۆژئاوا، ئەمریکا پەلکێشی بەرەی خۆیان بکەن.

ئەستەمە ئەمریکا کاری وا بکات.

ئەمریکاش و ناتۆش لە روانگەیەکی دیکەوە سەیری گۆڕانکاری و ئاڵۆزییەکانی ناوخۆی سوریا و ناوچەکە دەکەن.

بەهێزبوونی زیاتری تورکیا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، واتا، پەرەسەندنی ئیسلامی سیاسیی سوننە، کە ماکەی زۆربەی بزاڤە توندئاژۆ ئیسلامییەکانی جیهانە. ئەوانیش قبوڵی ناکەن. رەنگە بیانهەوێ بە جۆرێک تورکیا بە دەستی رووسیا لاواز بکەن و دوایە وەبن باڵی خۆیانی بدەنەوە، ئیمتیازی لێ وەربگرن و دەستەمۆی بکەنەوە. واتا تورکیایەکی لاواز و گوێ لەمستیان دەوێت.

تورکیا بە ئانقەست ئەم دۆخە پڕ ژاوەژاوە دەئافرێنێت. دوو ئامانجی هەیە؛

١-  بەرەبەرە هێرشێکی زەمینی بۆ سەر رۆژئاوا و بەهێزکردنەوەی داعش و ئۆپۆزسیۆنی سوننەی سوریا.

٢-  رەخساندنی زەمینەیەک، بۆ ئەوەی بە پاساوی هەڵنەگیرسانی شەڕێکی ناوچەیی، پێشڕەوییەکانی یەپەگە راگیرێت، تەنانەت ئەمریکا واز لە پشتیوانیی کوردی رۆژئاوا بێنێت و کار بۆ تێکدانی ئەزموونەکەی بکرێت.

تا ئەو کاتەی ئەردۆغان و داودئۆغڵو جڵەوداری سیاسەتی تورکیا بن، ئەنقەرە یەکێک لەم دوو بژارەیە لە پێش خۆی دادەنێت. چەمک و دکتۆرینی "قووڵایی ستراتیژی"ی پارتی دەسەڵاتداری تورکیا/ئاکەپە ئەمەمان پێدەڵێت.

لە هەر حاڵەتێکدا، رەنگە تورکیا هەندێک دەسکەوتی تاکتیکی و ماوەکورتی هەبێت، بەڵام...

لە درێژماوەدا و لە رووی ستراتیژییەوە، زەبرێکی گەورەی لێدەکەوێت. وەک دۆستێک لە ستاتووسێکی فەیسبووکیدا نووسیبووی؛ "دەشێ ئەمە بە جۆرێک دووپاتکردنەوەی هەمان هەڵە بێت کە سەددام حسێن لە کوێت ئەنجامی دابوو."

وڵاتانی خۆرئاوا بە ئەمریکا و ئەوروپاشەوە(بە تایبەتیش رووسیا) زۆر لە تورکیا دڵگران و ناڕازین و هیچ بە دووری نازانم لە هەلومەرجی لەباری خۆیدا، تۆڵەیەکی سیاسی لێنەکەنەوە.

وێناچێ نەریتی سیاسیی خۆرئاوا، ئەم هەموو دەبەکارییەی تورکیا لە سەریان فەرامۆش بکات، ئەگەرچی یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئەم نەریتە، بەرژەوەندیی ئابووریش بێت. چونکە، تورکیا بووە بە هۆی زۆربەی ئەو چەرمەسەرێیانەی کە ئەمڕۆ یەخەی ناوچەکە و ئەوروپایان گرتووە.(هەرچەند کۆماری ئیسلامی ئێرانیش پشکی لەم ئاڵۆزییانەدا هەیە، بەڵام ئەو کاریگەرییە راستەوخۆ و هەڕەشەئامێزەی بۆ سەر ئەوروپا نەبووە)

لە هەناردەکردنی داعش بۆ نێویان، لە دروستکردنی قەیرانی پەنابەران، لە قووڵکردنەوەی قەیرانی سوریا، لە هەڕەشە و کەڵەوەکێشییە دیپلۆماسییەکانی و لە خستنی فڕۆکەی رووسی و زۆر شتی دیکە.

سەبارەت بە عەرەبستانی سعودی...

عەرەبستان بەشێکە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بەرەنگاربوونەوەی داعش.

بۆی هەیە  لە ژێر چەتری ئەو هاوپەیمانییەدا و بە شێوەیەکی سنووردار، ئاسمانی سوریاش ببەزێنێت، بەڵام بەو مەرجەی لە داعش بدات!!

عەرەبستانیش بە رەسمی دەڵێ؛ نیازی ئەوەیە لە سوریا سەنگەرەکانی داعش بۆردومان بکات. عەرەبستان خۆیشی دەزانێ، تەنها بە گوتاریکی ئانتی داعشییەوە دەتوانێ بچێتە نێو سوریا، هەڵبەت ئەگەر رێی پێبدەن و رووسیا و ئەسەد بە پاساوی بەزاندنی سنووری سوریا، بەرپەرچی نەدەنەوە. ئەگینا، لە کەس شاراوە نیە؛ عەرەبستان ئامانجی دیکەی هەیە.

لە هەر ئەگەرێکدا دەستێوەردانی تورکیاش و عەرەبستانی سعودیش – کە زۆرتر لە هەڵپەیەک بۆ قوتارکردنی داعش و بووژاندنەوەی رۆڵی رێکخراوە توندئاژۆ سوننەکانی نێو سوریا دەچێت –  ئەم دوو وڵاتە گرینگەی ناوچەکە بەهێز ناکات و پێگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشیان بەرز ناکاتەوە. بە پێچەوانەوە دوای گرژییەکی کاتی(یانیش درێژخایەن، بە راستی ئەوە بۆ پێشبینی نابێ) لاوازیان دەکات و ملکەچی ئیرادەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان دەکات.

لە سەرەوەش بۆ نموونەی تورکیا گوتوومە؛ وا دیارە ئەمریکا وەک جاران لە ناوچەکەدا هاوپەیمانی بەهێزی ناوێت.

رەنگە لە رواڵەتی رستەکەدا زۆر سەیر بنوێنێت. بەڵام پێموایە ئەمە رێئالیتە تازەکەی سیاسەتی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە.

هاوپەیمانێکی بێ هێز، کۆنترۆڵ دەکرێت و لە چوارچێوەی ستراتیژیی ناوچەیی ئەمریکادا دەجووڵێتەوە، بەڵام هاوپەیمانی بەهێز، کەڵەوەکێشی دەکا و مل نادات، تەگەرە دەخاتە سەر رێی پلانەکانی ئەمریکاش.

وێدەچێ ئەمریکا لە نموونەی مۆدێلی هەژمۆنگەرایانەی ئاکەپە و پان-ئیسلامیزمە سوننەکەیەوە بەم قەناعەتە گەیشتبێت.

هەرچیەک بێت. ئەم روانگەیەی ئەمریکا، تا رادەیەک عەرەبستانی سعودیش دەگرێتەوە.

کەڵی شەڕێکی ناوچەیی ماڵوێرانکەر، بە موویەک بەندە.

گەلۆ تورکیا و عەرەبستانی سعودی دەوێرن ئەم موویە بپسێنن؟

گەلۆ بەرەی شیعە و سوننە لە "ئارێنا"ی سوریادا، دەتوانن رووسیا و ئەمریکا تێکبەردەنەوە و ئایا ئەم دوو زلهێزە، ملکەچی ئەم دۆخە داسەپاوە دەبن؟

لەم رۆژانەدا شتی زیاتری لێ دەبینین و دەبیستین.


پەیوەندی‌دار:

" کۆمەڵگای فێدراڵی خۆسەر لە ئانارشیسمەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان"

بۆ ئەوەی رۆژئاوای کوردستان بپارێزین

تورکییە چووەتە ناو گەمەیەکەوە کە دارێژەرەکەی ڕووسیایە

ئەو کاتەی ژنان دەچنە شەڕی داعش

یەپەگە: خاکی خۆمان جێناهێڵین

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷