سزای دارکاری و ساڵێک زیندان بۆ هاووڵاتییەک
Friday, January 15, 2016
NNSROJ: هاووڵاتییەکی مەریوانی کە هاوینی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە قۆڵبەست و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو، لە لایەن دادگەی ئینقیلابی مەریوانەوە بە ساڵێک سزای بەندیخانە و لێدانی ٣٧ قامچی مەحکووم کراوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بە ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ گەیشتووە، نەجمەدین فەرەجی، خەڵکی شاری مەریوان، ڕۆژی ٢٠ی جۆزەردان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتەوە قۆڵبەست و دوای دە ڕۆژ بەندکردن لە ژووری تاکەکەسیدا، بۆ گرتووخانەی مەریوان گوازراوەتەوە.
ناوبراو سەرئەنجام لە دووی مانگی پووشپەڕی ڕابردوودا بە دانانی بارمتەیەکی ١٣٠ ملیۆن تمەنی ئازاد و ڕۆژی ٢٤ی بەفرانباریش، لە دانیشتنێکی دادگەی ئینقیلاب"ی شاری مەریوان و بە بڕیاری دادوەر "سام نژاد"، سزای ساڵێک زیندان و لێدانی ٣٧ قامچی بەسەرداسەپێندراوە.
نەجمەدین فەرەجی، کە تۆمەتی "هەوڵدان دژی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە پژاکدا" دراوەتەپاڵ، ئێستا لە گرتووخانەی مەریوان بەند کراوە.
برایەکی ناوبراو بە ناوی فەخرەدین، پێشتر لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەتەوە بە تۆمەتی سیاسی بەند کرابوو.
ک. م
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە