هەولێر: خۆپێشاندانی بەردەم رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گرژی تێکەوت
Sunday, February 7, 2016
NNSROJ- خۆپێشاندانەکەی بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێر گرژی تێکەوت و هێزە ئەمنییەکانی شارەکەش، تەقەیان بە سەر خۆپێشاندەراندا کرد.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر، بە دەسپێشخەریی ژمارەیەک رێکخراو و چالاکی مەدەنیی باشووری کوردستان و بە مەبەستی گەیاندنی پەیامێک بۆ ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، پشتیوانی لە خەڵکی باکووری کوردستان و نەهێشتنی بنکە و بارەگاکانی سوپای تورکیا لە سەر خاکی هەرێمی کوردستان، خۆپێشاندانێکی ناڕەزایەتی لەبەردەم بارەگای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامدرا.
نیو کاتژمێر پاش دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکە، گرژی کەوتە نێوان ژمارەیەک خۆپێشاندەر و هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکانی هەولێر و تەقە بە سەر خۆپێشاندەراندا کرا.
سەرچاوەکانی هەواڵی باشووری کوردستان دەڵێن؛ ژمارەیەک خۆپێشاندەر ویستوویانە بچنە ناو بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و هێزە ئەمنییەکان رێگرییان لێ کردوون.
هەندێک زانیاری پشتڕاست نەکراوەش ئاماژە بەوە دەکەن؛ لە ئاکامی بارگرژییەکەدا دوو خۆپێشاندەری ژن بە سووکی برینداربوون.
خۆپێشاندەران وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئاڵای کۆما جڤاکێن کوردستانیان بەرزکردوەتەوە و بە دەم دروشم گوتنەوەوە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خەڵکی باکووری کوردستانیان شەرمەزار و داوای بردنەدەرەوەی بنکە و بارەگا سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستانیان کردووە.
ئەلف. و
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە