بابەتی گەرم:

هۆڵی ئیمام لە "قودسی کوردستان"

Thursday, February 11, 2016



NNSROJ:
ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیرانی کورد، کردنەوەی "سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری‌ و وه‌رزشیی ئیمام خومه‌ینی" له‌ كه‌ركووك، وەک "ویستێکی فراوانخوازیی کولتووری و سیاسی"ی ئێران وەسف دەکەن و ڕایدەگەیەنن ئەمە "تەنها ئەوکاتە مانای دەبێ کە هەرێمیش لە تاران سەنتەرێکی رۆشنبیریی بێلایەن بکاتەوە."

 ڕۆژی چوارشەممە [١٠ی فێڤریە]، هۆڵێکی "ڕۆشنبیری ـ وەرزشی"، بە بەشداریی ژمارەیەک لە کاربەدەستانی کوردی و ئێرانی، لە شاری کەرکووکی باشووری کوردستان  کرایەوە.

پارێزگاری کەرکووک دکتۆر نەجمەدین کەریم، لە ڕێوڕەسمی کرانەوەی هۆڵەکەدا گوتی " ئه‌مڕۆ هه‌موان ئاماده‌ی كردنه‌وه‌ی ئه‌م سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری‌ و وه‌رزشیه‌ین كه‌ به‌ده‌ستپێشخه‌ری ‌و پشتیوانیی كۆماری ئیسلامیی ئێران هاتۆتە كایه‌وه‌‌ و هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ یادی سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامی له‌ ئێراندا".

نەجمەدین کەریم گوتیشی "كۆماری ئیسلامیی ئێران هه‌میشه‌ هاوكاری عێڕاقییه‌كان بووه ‌‌و هه‌ڵویستی جوامێرانه‌یان هه‌بووه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعشدا".

کەماڵ چۆمانی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی کۆمەڵگەی مەدەنیی باشووری کوردستان، لە لێدوانێکدا سەبارەت بە کرانەوەی هۆڵەکەی ئیمام خومەینی لە کەرکووک، گوتی "ئەگەر راستە ئەوە دیاریی ئێرانە بۆ کەرکووک، با بڕی ئەو بودجەیە رابگەیەنن کە ئێران تەرخانی کردووە."

چۆمانی دووبارەشی دەکاتەوە کە ئەگەر کرانەوەی ئەم هۆڵە بە پشتیوانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووبێ، با بەرپرسان "پێمان بڵێن ئەو پشتیوانییە چییە و چۆنە".

ـ ئەگەر ئێران دەیەوێت هاوکاریی کەرکووک بکات، با وەک وڵاتانی دی بێت و هیچ پێویست ناکات ناوی ئیمام خومەینی بە دەزگایەکەوە بلکێنرێت، چونکە ئەوە دەرخەری نیازپاکیی ئێران نییە لە نزیکبوونەوەی لە هەرێم، بەڵکو ویستێکی فراوانخوازیی کولتووریی و سیاسییە؛ کەماڵ چۆمانی وا دەڵێت.

ئەمە جاری یەکەم نییە کە ڕێوڕەسمی بۆنە تایبەتەکانی کۆماری ئسیلامیی ئێران، لە باشووری کوردستان بەڕێوە دەچن. مانگی ژوەنی ساڵی ٢٠١٠، بیستودووهەمین ساڵوەگەڕی مەرگی ئیمام خومەینی، بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی حیزبی و حکوومی، لە "هۆڵی پێشەوا" لە شاری هەولێر بەڕێوەچووبوو. 

هاوکات دکتۆر ئەحمەدی مەلا، لە ڕۆشنبیر و نووسەرە دیارەکانی باشووری کوردستان، کردنەوەی ئەم "سەنتەر"ە، بێ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە تاران سەنتەرێکی ڕۆشنبیریی کردبێتەوە، بە بێ مانا دەزانێ.

ئەحمەدی مەلا ئاماژە بەوە دەکات کە "سەنتەری رۆشنبیریی خومەینی، تەنها ئەوکاتە مانای دەبێ کە هەرێمیش لە تاران سەنتەرێکی رۆشنبیریی بێلایەن بکاتەوە" و دەڵێ "ئەگەر لە سەر ئاستی پەیوەندیی نێوان دوو دەوڵەت بێ، دەبێ ئەوانیش داوا بکەن، لە تاران یا لە سنە، شتێکی لەو بابەتە بکەنەوە. بە ڕاستی گرفتەکە ئەوە نییە، بەڵکو ئایا ئەمە سەپێندراوەتە سەر کورد یا نا، ئەگەر نا، دەبێ ئەوانیش بیر لە شتێکی وا بکەنەوە."

هەر لەم پێوەندییەدا عەلی کەریمی، لە چالاکانی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات کە ماوەیەکی زۆریش هاوکاری شۆڕشی باشووری کوردستان بووە، ئەم سیاسەتەی کاربەدەستانی باشووری کوردستان بە "هاوپیاڵە"یی لەگەڵ "جەلادانی کۆماری پەت و سێدارە" وەسف دەکات و بە زمانێکی توند کرانەوەی هۆڵی ئیمام خومەینی لە شاری کەرکووک ئیدانە دەکات.

ناوبراو هەروەها بەشداریی بەرپرسانی کورد لە ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێراندا، بە شایی لۆغان بۆ"جەلادەکانی کوردی ڕۆژهەڵات" بەناو دەکات و ڕوو لە بەرپرسانی باشووری کوردستان دەڵێ "حەیف و هەزارجار ئەفسووس کە ئێوە دمراست و تەمسیلی خەڵکی کەرکووک و سلێمانین. ئەمەی کردتان بزانن جەرگی هەزاران دایکی رۆڵە هەڵواسراوی وەک دایکی خۆمتان هەڵقرچاندەووە."

بە گوێرەی لاپەڕەی تایبەتی پارێزگاری کەرکووک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکدا، كۆنسوڵی كۆماری ئیسلامیی ئیران لە ڕێوڕەسمی کرانەوەی هۆڵەکەدا بەشدار بووە و لە وتەیەکیشدا، باسی لە وتەکانی "ئیمام خومەینی" کردووە لە پێوەندیی لەگەڵ گواستنەوەی شۆڕشی ئیسلامی "بۆ هەموو جیهان".

موڕتەزا عیبادی لە ڕێوڕەسمەکەدا گوتی: "ئیمام خومه‌ینی ده‌ڵێت هه‌ڵگیرسانی شۆرشی ئیسلامی ڕوناكییه‌كه‌ بۆ هه‌موو جیهان‌ و ئه‌مڕۆ پاش تێپه‌ڕبونی 38 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و شۆڕشه‌دا‌ و له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا، ئه‌م سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری ‌و وه‌رزشییه‌ ده‌كه‌ینه‌ دیاری بۆ هاوڵاتییانی شاری كه‌ركووك."

کەماڵ چۆمانی بەڵام ئەم ڕووداوە بە سووکایەتی دەزانێ بە خەباتی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەڵێ "سیاسەتی خۆبردنەپێش لەڕێی خۆسووککردن و کەم تەماشاکردنی مێژووی خەباتی برایانی رۆژهەڵات، نەک سوودێکی بۆ خۆیان نابێت، بەڵکوو لای ئێرانیش سووک تەماشا دەکرێن.

ئەو ڕۆژنامەنووسە، ڕوونی دەکاتەوە کە "ئێران و تورکیا، دوو هێزی ناوچەیی گرنگ و گەورەن و هەرگیز ڕاست نییە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بپچڕێنرێت" بەڵام وەک ئەو دەڵێ "هەرگیز ڕاست نییە پەیوەندییەکان بکەونە خزمەتی یەک لایەن و پەیوەندیی باش لەگەڵ هەرێم دژ بە کوردانی پارچەکانی دی بەکاربهێنرێت."

ـ ئێران وڵاتێکی گرنگە و پێشخستنی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی و سیایسی و کولتوریی، زۆر پێویستە. خەڵکی هەرێمی کوردستانیش هەرگیز گلەیی لەوە نییە کە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران و تورکیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی و رێزی هاوبەش پێشبخرێن، بەڵام کاتێک پەیوەندییەکان ناهاوسەنگن و زۆرجاریش هەندێک جووڵە دەکەونە خزمەتی ئەوان و دژ بە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی رۆژهەڵات و باکوور، ئەمە جێگەی رەخنەی هەموان دەبێت؛ کەماڵ چۆمانی وای گوت. 

ک. م


پەیوەندی‌دار:

سۆسیۆلۆژیا، "به‌ سپۆنسه‌ری یه‌كه‌می بێ ركابه‌ر"

هەرێمی کوردستان دەروازەی سێمالکای داخست

عێراق ناردنی نه‌وتی که‌رکووکی له‌ڕێگه‌ی تورکیاوه‌ ڕاگرت

هەرێمی کوردستان داوای هاریکاریی دارایی لە ئێران دەکات

"کوردەکان کلیلی چارەسەرین"

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷