ئەزموونی "تۆقێنەر"ی پارلەمانتارێکی بەریتانی لە تورکیا
Sunday, February 28, 2016
NNSROJ: پەرلەمانتارێکی سکۆتلەندی لە پەرلەمانی بەریتانیا، کە لە میانەی سەردانێکیدا بۆ باکووری کوردستان لە لایەن پۆلیسی تورکیاوە بۆ ماوەیەکی کورت دەستبەسەر کرابوو، دەڵێت کە ئەزموونێکی "تۆقێنەر"ی بە سەردا تێپەڕیوە.
پەرلەمانتاری بەریتانی "ناتالی مەکگاری"، ڕۆژی پێنجشەممە 25ی ئەم مانگە لە شاری ئامەد لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی تورکیاوە بۆ ماوەیەکی کورت دەستبەسەرکرابوو.
پارێزەری خاتوو ناتالی گوتبووی کە هێزە ئەمنیەکانی تورکیا، لەبەر ئەوەی ناوبراو لە نزیک خاڵێکی پشکنینی پۆلیس مۆبایلەکەی دەرهێناوە، لێی هەڵبەزیونەتەوە؛ چونکە "دەیویست دەنگی تەقەی ئەو فیشەک و بۆمبانەی هێزە ئەمنییەکان بەسەر ناوچەی سووری ئامەدیاندا دەباراند، تۆمار بکات."
بە گوێرەی بەشی ئینگلیزیی بی بی سی، ئەو پەرلەمانتارە دوای ئەوەی کە گەڕایەوە لەندەن، ڕایگەیاند کاتێ گەیشتۆتە فڕۆکەخانەی 'هیترۆ"ی لەندەن، تەواو هەستی بە ئاسوودەیی کردووە.
سەبارەت بە چۆنیەتیی ڕووداوەکە ڕوونیشی کردەوە کە پۆلیسی تورکیا هاتووە و بە زۆر لەو شەقامەی کە ئەو لێی ڕاوەستاوە، دووریان خستۆتەوە.
"پیاوێک هات و بە زۆر پاڵێ پێموە نا و منی لەو شەقامەی کە لێی ڕاوەستابووم وەدەرنا، تەنانەت ئەگەر یەک- دوو هاوکاری گەنجتری ڕێگریان لێی نەکردایە، لەوانەش بوو لێم بدات."
دەشڵێت کە نەیانهێشتووە داوای وەرگێڕ بکات و لە شوێنێک لە پشتەوەی ئەو خاڵی پشکنینە کە پڕ بووە لە چەک و تەقەمەنی، بە زۆر ڕایانگرتووە و دوای نزیکەی 45 خولەک لە دەستبەسەر بوون، دوای ئەوەی ڕێگەیان بە وەرگێڕێک دا کە قسەکانی وەربگێڕێت، ئازادیان کرد.
"دوای ئەوەی کە ئازاد کرام، دەستم کردە گریان. لە گەڵ ئەوەی کە سەرجەم تەنیا یەک دوو کاتژمێری خایاند، بەڵام ئەزموونێکی ترسناک و تۆقێنەر بوو." خاتوو مەکگاری وای گوت.
ع. س
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە