"لە ئۆرەمار ٢٦ سەربازی تورکیا کوژراون"
Tuesday, March 8, 2016
NNSROJ- هێزەکانی پاراستنی گەل دەڵێت؛ لە دوو چالاکیی ناوچەی ئۆرەماری حەکاریدا، دەیان سەربازی سوپای تورکیا کوژراون و بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی چاپەمەنی و راگەیەناندنی HPG؛ شەوی شەممە ٥ی مارس هێزەکانیان لە سەر گردێکی ناوچەی ئۆرەماری حەکاری، بە چەکی قورس و هاوەن لە چەپەر و خێوەتگەلی ئەڕتەشی تورکیایان داوە و ٦ سەربازیان کوشتووە و ژمارەیەکی نەزانراویش بریندار کراون.
هەمان سەرچاوە رایگەیاندووە؛ بەرەبەیانی یەکشەممە ٦ی مارس، گەریلاکانیان لە گردێکی تر هەڵیانکوتاوەتە سەر هێزەکانی ئەڕتەشی تورکیا و دوای شەڕ و پێکدادانێکی قورس توانیویانە دەست بە سەر مەتەرێزەکانیاندا بگرن و لە ئاکامیشدا لانیکەم ٢٠ سەرباز کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.
بە گوتەی سەرچاوەی ناوبراو؛ دواتر تۆپخانە و فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەرەکانی ئەڕتەش، بە چڕی ناوچەکانی مەتینا و زاپ لە دیوی باشووری سنووریان تۆپباران و بۆردومان کردووە.
لە راگەیەنراوەکەی هێزەکانی پاراستنی گەلدا ئاماژە بە زیانەکانی هێزەکانی خۆیان نەکراوە.
جێی ئاماژەیە تا ئێستا ماڵپەڕی رەسمیی هێزە چەکدارەکانی تورکیا(TSK) هیچ زانیارییەکی لەمەڕ ئەو شەڕ و پێکدادانانە بڵاو نەکردوەتەوە.
پێشتر سەرکردایەتیی پارتی کرێکارانی کوردستان هەڕەشەی ئەوەیان لە حکوومەتی تورکیا کردبوو کە "لە وەڵامی کۆمەڵکوژییەکانی ئەڕتەش و پۆلیسی تورکیا لە کوردستان" پەرە بە چالاکییەکانی گەریلا دەدەن.
ئەلف. و
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە