سەلاحەدین دەمیرتاش
وەرگێڕانی لە تورکییەوە: ئاوارە وڵات
لەم رۆژە مەیلەوساردەی مانگی فێڤرییەی ئامەددا، لە شوێنێکم کە چەندین کاتژمێرە گرمەی تۆپ و قرمەی چەکەکان دەبیسترێت و تێدەهزرم؛ ئاخۆ بڵێی ئەمڕۆ چەند کەس ژیانیان لەدەستدابێت. گوایە وڵاتێکی بەربژێری ئەندامێتیی یەکێتیی ئەورووپاین، بەڵام بە روانین لەو تانگانەی کە لە نێو شارەکانماندا گرمەیان دێت و ئەو قەدەغەی هاتوچۆیەی کە چەندین حەوتەیە بێ پسانەوە درێژەی هەیە، نالوێ شتێکی وا بڵێین.
تاونەتاوێ هەندێک شاندی نێونەتەوەیی کە بە پرسی کوردەوە سەرقاڵن، سەردانی ئەم وڵاتە دەکەن. کەچی تاکە مژارێک کە ئەورووپییەکان مرخیان لێیە باسی بکەن؛ قەیرانی پەناخوازانە و ئەمریکییەکانیش لە بەرەنگاربوونەوەی داعش دەدوێن. وێڕای ئەوەی کە تێدەگەین هەر دووکیان، کێشەی زۆر گرینگن و هەڕەشە لە ئاسایش و ئەولەهیی جیهان دەکەن، بەڵام ئێمە وەک کوردەکانی تورکیا، تێناگەین بۆچی جیهان چاوی لەم بارودۆخە نالەبارەی ئێمە نووقاندووە کە پەیوەندییەکی تێکچڕژاویشی بە هەر دوو کێشەی گۆڕینەوە هەیە.
لە راستیدا، لە نێوەڕاستی وەرزی هاوینەوە تا ئێستا و دوای پچڕانی دانوستانەکانی ئاشتیی نێوان حکوومەت و پەکەکە، لە ناوچە کوردییەکانی تورکیا، شەڕێکی راستەقینە لەئارادایە. وێڕای ئەمەش، لە حاند فەرمانڕەوایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان کە تا دێ ملهوڕتر دەبێت، تێکۆشانی ئێمە لە پێناو ریفۆرمی دیموکراتیک رووبەڕووی کەند و کۆسپێکی گەورە بۆتەوە.
پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریی کە بە دەسپێشخەریی رێبەری زیندانی و گردەنشینکراوی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستی پێ کردبوو، تا رادەیەک دەرەتانی هەناسەدانی بۆ هەموومان رەخساندبوو. ئەگەرچی هێشتا کار و مەودایەکی زۆرمان لە بەرە، لە سەر رێچکەی بەدیهێنانی ئاشتەوایی کورد – تورک دەچووینە پێش.
پارتیمان، پارتی دیموکراتیکی گەلان(هەدەپە) ساڵی ٢٠١٢ وەک بەرهەمێکی ئەم ئاشتەواییە دامەزرا. ئەگەرچی هەدەپە ساڵی ٢٠١٢ لە نێو بزاڤی کوردیی هەڵقوڵاوە، تەنها وەک پارتێکی کوردان خۆی پێناسە نەکرد و لە سەر ئەو بڕوایە بوو کە مەگین بە هاوخەباتیی و هاوقۆڵیی کورد و تورک، ئەم دیموکراسییە خەڕەکەشکاوەی تورکیا رزگار بکرێت. ئێمە دۆخی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستمان هەڵسەنگاند کە تێیدا گەلان ناچار کراون لە نێوان داعش و هێزە دێسپۆتەکاندا یەکیان هەڵبژێرن و دەشمانزانی چ رێگاچارەیەکی هەیە. دیار بوو لە رژێمێکدا کە بەرەبەرە بە ئاقارێکی داخراو و گنخێنەردا دەچێت، هیچ ئاسۆیەک بۆ خەلسین و دەرچوون بەدی ناکرێت. تاکە رێگای رزگاری، بەدیهێنانی مۆدێلێکی پلۆراڵی سکۆلارتەوەر، بەڕێوەبەرییەکی خۆجێیی و ئۆتۆنۆمی بەهێزتر و پەرەپێدانی مافە تاکەکەسی و جڤاتییەکان بوو.
بەم تێڕوانینە، وێڕای جەختکردنەوە و ئاوڕدانەوە لە جیاوازییەکان و یەکسانیی رەگەزیی و تێکۆشانی چینایەتی، هاوکات ئەمانەمان لە پرۆگرامێکی پێشڤەڕۆخوازدا گونجاند و سەرکەوتنێکی ١٣%ی بێ هاوتامان دەستەبەر کرد. لە راستیدا ئێمە لە لیستەکەماندا هەر بە تەنها کۆتای ژنمان نەبوو؛ بەڵکوو لیستێکی راستەقینە لە بەربژێرانی پیاو و ژنمان هەبوو. لە لیستەکەماندا ئەرمەن، ئێزیدی، عەرەب، سوریانی، کرێکار، کەسی ئەکادێمی، لاو، مامۆستا و چالاکی مافی مرۆڤ هەبوون. لە کلیپی بانگەشەی لیستەکەماندا ژن – پیاو، تورک – کورد، دەست لە نێو دەستی یەکتر گۆرانییان دەچڕی و هەڵدەپەڕین. شەش ملیۆن هاووڵاتیی ئێمە دەنگیان بەم پرۆگرامە دا.
ئێمە دەمانزانی کە ئاسۆی داهاتووی تورکیاین، بەڵام بە روونی ئەوەمان نەدەزانی کە هەندێک تا چ رادەیەک بە تاسە و ئارەزووی رابردووەوەن.
سەرکەوتنەکەی مانگی ژوئەنی ئێمە، ئەو حیزبە ناسیۆنالیست/مەزهەبگەرایەی لەوە بێبەش دەکرد کە درێژە بە ١٣ ساڵ دەسەڵاتی تەک حیزبیی خۆی بدات. لەو ساتە بەدواوە لێیان بووین بە دوژمنێک کە بە هەر نرخێک بووبێت دەبێ تێکمانبشکێنن. سەرۆککۆمار ئەردۆغان، هەموو هەوڵ و تەقەلای خۆی بۆ پێکنەهاتنی حکوومەتێکی کوالیسیۆنی وەگەڕخست و دەسبەجێ دوای هەڵبژاردنەکان ئێمەی بە "تیرۆریست" ناوبرد، بە یەکجاریی پرۆسەی ئاشتیی پەکخست و خەڵکی بەرەو رۆژە تۆقێنەرەکانی شەڕەکانی ساڵانی ٩٠ گەڕاندەوە. سەرەڕای ئەوەی کە ئێمە لایەنی غەدرلێکراوی تیرۆریزمی داعش بووین(لە هێرشە خۆکوژییەکانی ئەنقەرە و پرسووسدا، بە گشتی ١٣٣ کەسمان لێ کوژرا) وەک تیرۆریست هەڵسوکەوتمان لە گەڵ کرا. تورکیا لە ژێر دەمامکی بەشداریی لە هاوپەیمانیی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا، تەپی دایە سەر پەکەکە و لێیدا. هەڵبەت ئامانجی سەرەکیی ئەوە بوو کە بەر لە هەڵبژاردنەکانی مانگی نۆڤەمبر، دەنگی نەتەوەپەرستەکان بۆ لای خۆی رابکێشێت. بە کەڵکیشی هات.
دیارە ئەردۆغان بۆ ئەم هەموو شڵەژانەی خۆی، کۆمەڵێک پاساوی هەبوون. مانگی ژوئەن وەک پارتێکی تازە دامەزراو بە ٨٠ پەرلەمانتارەوە چووینە نێو پەرلەمانەوە و لە سەر ئەوە سوور بووین کە دژی ئۆتۆریتەریزمی ئەردۆغان و هەوڵەکانی بۆ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی بە پێچەوانەی دەستوور، بوەستینەوە.
هەر نەک ئەمە، لە رووی ئایدۆلۆژییەوە ئێمە کە لە بەرەی فرەڕەنگیی ئیتنیکی و فێمینیزم بووین، جیاوازییەکی بنەڕەتیمان لە گەڵ ئاکەپەی پیاوسالاری مەزهەبگەرا هەبوو. لە گەرمەی دانوستانەکانی ئاشتی لە گەڵ رێبەری زیندانیی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بەرپرسانی تورکیا لێیان پرسیبوو؛ "پرسی ژن، چ پەیوەندییەکی بە پرۆسەی ئاشتیی کوردەوە هەیە؟" لە کوێوە دەست پێ بکەین؟ عەقڵییەتی ئێمە و ئاکەپە زۆر لێک جیاوازن. تێکۆشانی ئێمە تەنها بۆ کورد نیە، بەڵام هەرگیز لەوە نەگەیشتن کە ئێمە داوای یەکسانیی بۆ هەمووان دەکەین.
شەڕێکی خوێناویی شارە کوردییەکانی خاپوور کردووە و چەمکی "یەکێتیی ئێمە" لەنێودەبات. نزیکەی ٤٠٠ کەسی سڤیل، سەدان ئەندامی هێزە چەکدارەکانی تورکیا و ژمارەیەکی نەزانراو لە میلیتانە کوردەکان گیانیان لەدەستداوە. ئەردۆغان بە کاول کردنی ئەم وڵاتە، لە ماوەی چەند مانگاندا رێژەی دەنگەکانی حیزبەکەی لە ٤٠%ەوە گەیاندە ٥٠%.
وەک چۆن سەرۆککۆمار مەیلی لێ نەبوو بۆ سەر مێزی دانوستان بگەڕێتەوە، ئێستایش چاوی بڕیوەتە کوردانی سووریا. ئەو برایانەمان کە لە سەر درێژایی سنوورەکانمان دەژین، بە قارەمانێتی و لەهەنگییەوە دژی تەریقەتی قیامەت و تاریکیی تێدەکۆشن و بە پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، دەسکەوتی گرینگیان بەدەستهێناوە.
ئێوە پێتان وا بوو کە تورکیا لە باشووری سنوورەکانی خۆی، ناوچەیەکی پارێزراوی کوردیی دەوێت کە هێزە جیهادی و تیرۆریستەکان لەوێ دووربخاتەوە، کەچی رێک پێچەوانەی ئەمەیە. دەسکەوتەکانی پەیەدە لە سووریا، ئەنقەرەی وەها شڵەژاندووە کە تەنانەت پێشتر لە جەنگەی پەلهاویشتنی داعشیشدا هەستی بە شتی وا نەکردووە. ئەگەرچی تورکیا هەموو دەروازە سنوورییەکانی نێوان خۆی و پەیەدەی داخستووە، بەڵام لە لایەن کوردانی سووریاوە تاقە فیشەکێکیش بە تورکیاوە نەنراوە، سەرەڕای ئەمەش ئەردۆغان ئەو لایەنەی بە تیرۆریست لەقەڵەمدا.
چەندین حەوتەیە ئەنقەرە لە لایەکەوە سەنگەرەکانی کورد لە سووریا تۆپباران دەکات و لە لایەکی تریشەوە تۆپخانەکانی، شارۆچکەکانمان لە تورکیا وێران دەکەن. ئێمە دەمانەوێ بەر لەوەی هەموو شتێک لە رێسمە دەرچێت، ئەو شەڕ و شۆڕەی نێو تورکیا و ئەو قەدەغە بەردەوامەی هاتوچۆ، کۆتایی پێ بهێنرێت. ئێمە چەندین جار بانگەوازمان لە هەر دوو لایەنی کێشەکە کردووە کە ئەم شەڕە رابگرن. ئەوان دەیانەوێ گۆڕەپانی بەرهەڵستبوونەوەی سیاسیی و دیموکراتیک لە کورد بەرتەسک بکەنەوە و ئەمەش رێک ویست و مەرامی حکوومەتە.
سەرەڕای هەوڵەکانیان بۆ دادگاییکردنی پەرلەمانتارەکانمان – بە منیشەوە -، گرتنی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی پارتەکەمان و دوورخستنەوەیان لە ئەرک و کارەکەیان، هەروەها ئەو گەمارۆیەی کە لە مانگی نۆڤەمبر بەملاوە میدیای تورک لە سەر ئێمەی داناوە، گەلێک کەسی دیموکراتی تورکیا شانبەشانی ئێمە درێژە بە تێکۆشانی ئاشتیی دەدەن.
کەچی جیهانیش ئەمە دەرک ناکات.
***
تێبینی: سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان، ئەم وتارەی بۆ گۆڤاری Newsweekی ئەمریکا ناردووە و دەقە ئینگلیزییەکەی لە ماڵپەڕی ئەو گۆڤارەدا بڵاو کراوەتەوە.