HPG: لە لیجە ٢٨ سەرباز کوژراون
Friday, March 25, 2016
NNSROJ- هێزەکانی پاراستنی گەل دەڵێن؛ لە چالاکییەکدا لانیکەم ٢٨ سەربازی سەربازگەیەکی شارۆچکەی لیجەیان کوشتووە.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل رایگەیاند؛ کاتژمێر ٢١ی شەوی پێنجشەممە ٢٤ی مارس، هێزەکانی گەریلا هێرشیان کردوەتە سەر سەربازگەیەکی شارۆچکەی لیجەی شاری ئامەد و لە ئاکامدا ٢٨ سەرباز و ئەفسەری ئەرتەشی تورکیا کوژراون و ٣٢ی دیکەش بریندار بوون.
بە گوێری راگەیەنراوەکەی هەپەگە؛ ئەو چالاکییە لە تۆڵەی کوژرانی چەند گەریلایەکیان لە ناوچەی سووری ئامەد ئەنجامدراوە و جگە لە تێکڕووخانی بەشێک لە سەربازگەکە، چەندین زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازیش تێکشکێنراون.
هێزەکانی پاراستنی گەل، لە راگەیەنراوەکەیدا فەرماندەیی ئەرتەشی تورکیای بە شاردنەوەی ژمارەی راستەقینەی کوژراوەکانی تۆمەتبار کردووە و دەڵێ؛ دەیانەوێ ئەو زیانە قورسانە لە رای گشتی بشارنەوە کە لێیانکەوتووە.
فەرماندەیی گشتیی ئەرتەشی تورکیا دەڵێ؛ لە هێرشە چەکدارییەکەی لیجەدا، ٣ ئەفسەر کوژراون و ٢٤ سەربازیش بریندار بوون.
هەروەها بە گوێرەی زانیارییەکانی سەر ماڵپەڕی رەسمیی ئەرتەشی تورکیا؛ لە شەڕ و پێکدادانەکانی رۆژی پێنجشەممە ٢٤ی مارسدا لە نێو شارۆچکەی نسێبینی ماردین؛ ٣ سەرباز کوژراون و ٦ سەربازیش بریندار بوون.
یەکینەکانی پاراستنی سڤیل(YPS) دەڵێن؛ لە شەڕ و پێکدادانی ئەوان و ئەرتەش و پۆلیسی تورکیا لە نسێبین، شڕناخ و گەڤەر لانیکەم ١٦ کەس لە هێزە چەکدارەکانی تورکیایان کوشتووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا، ئاماژەی بە زیادبوونی ژمارەی کوژراوانی ئەرتەشی تورکیا لەم چەند رۆژەی دواییدا کرد و "لایەنە هاوتەریبەکان"ی نێو دامەزراوەکانی دەوڵەتی وەک تۆمەتباری سەرەکی لەقەڵەمدا.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە