بەشار ئەسەد: سوپای ئەردۆغان لە سووریە لە شەڕدایە
Friday, April 1, 2016
![](http://www.nnsroj.com/userfiles/image/ammar/suriye/esad-erdogan.jpg)
NNSROJ: سەرۆککۆماری سووریە بەشار ئەسەد لە دوایین دیمانەیدا باس لە هاتنە ناوەوەی بە وتەی خۆی “سوپای ئەردۆغان” دەکات بۆ ناو خاکی وڵاتەکەی و ئاماژە بەوەدەکات کە “ سوپای تورک، سوپای تورک نییە و سوپای ئەردۆغانە و ئێستاکە لە سووریە لە شەڕدایە”. بەشار ئەسەد هەروەها دەڵێ: “خەڵکی تورکییە دژی خەڵکی سووریە نین. تا ئەو کاتەش ئەردۆغان دەست نەخاتە ناو کارووباری ناوخۆیی تورکییە، پەیوەندیەکانمان ئاسایی دەبێت."
لەو دیمانەیەدا کە لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ریا-ی رووسی ئەنجامیداوە و ماڵپەڕی بەشی تورکی بی بی سی پوختەیەکی بڵاو کردۆتەوە، سەرۆک کۆماری سووریە بەشار ئەسەد باس لە دووایین بارودۆخی وڵاتەکەی دەکات و تیشک دەخاتە سەر چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بەو شەڕەی کە وڵاتەکەی ماوەی پێنج ساڵە تیایدا بەسەر دەبات.
سەبارەت بە کۆنترۆلکردنەوەی شاری تەدموور( کە شاری مێژووی و دێرینی پالمیرا-ش لەخۆ دەگرێت) لەلایەن هێزە سەربازیەکانی سووریە و دەرهێنانی لەدەست چەکدارانی داعش لە هەفتەی ڕابردوودا، بەشار ئەسەد پێی وایە، “ ئەو سەرکەوتنانەی سوپاکەی مەسەلەی گەیشتنە چارەسەریەکی هەمیشەیی بۆ کۆتایی هێنان بەشەر لە وڵاتدا خێراتر دەکەن.”
هاوکات بەشار ئەسەد ئاماژە بەوەش دەکات کە ئامادەیی ئەوەیان تێدا هەیە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و خوێنڕێژی “دانوستان لەگەڵ ئەو گرووپە چەکدارانە بکەن کە چەکەکانیان دادەنێن”. ئەسەد لەم بارەیەوە دەڵێ: “ بۆ رێگرتن لە بەردەوامی شەڕ و خوێنرێژی، ئامەدەیین پێشوازی لەو گروپە چەکدارانە بکەین کە چەکەکانیان دادەنێن. “
سەبارەت بە ناردنی هێزی ئاشتی پارێز لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ ناو سووریە، بەشا ئەسەدی سەرۆککۆماری سووریە پێی وایە ئەوە کارە” کارێکی نا مومکین و دوور لەعەقڵە" ئەسەد دەڵێ ؛” ئەوە هەنگاوێکی واقعی نییە. چونکە لە حاڵەتی ئاوادا هێزەکان بەپێی یاساوڕێسا هەنگاو دەنێن و بۆ رێکەوتنی لەو جۆرە پێویست بە ڕەزامەندی چەند دەوڵەتێک هەیە. بەڵام لەم مەسەلەیەدا ئەو دەوڵەتانە کامانەن؟ لەم شەرەدا وڵاتی تر نییە جگە لە سووریە و حکومەتی سووریە."
سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد لە درێژەی ئەو دیمانەیەدا باس لە ئەنجامەکانی شەری پێنج ساڵەی وڵاتەکەی دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو زیانانەی بەر ژێرخانی ئابوور ئەو وڵاتە کەوتوون بە نزیکەی ٢٠٠ ملیارد دۆلار دەقەبڵێنرێن و دووبارە بنیاتنانەوەی وڵاتیش ساڵانێکی دوورو درێژ دەخایەنێت.
پشتیوانی هێزە ئاسمانیەکانی ڕووسیە، هاوکاریەکی دیاری هێزەکانی ڕژێمی سووریەی کردووە تا هەندێک پێشڤەچوون و سەرکەوتن بەرامبەر چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام-داعش بەدەست بێنن.
لایەنەکانی شەڕی پێنج ساڵەی سووریە لە ژێر کاریگەری و بڕیارەکانی ڕێککەوتنی ٢٧ی فێوریەی ئەمساڵی نێوان ئەمریکا و ڕووسیە گەیشتە ئاگربەست و دونیشتنەکانی ژنێڤ بۆ چارەسەری ئاشتیانەی ئەو پرسە درێژەیان هەیە.
ب.ش
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە