بابەتی گەرم:

کەریم مەرەسەنە

وەڵامی پرسیارەکان لای من نییە

Thursday, May 1, 2014
کەریم مەرەسەنە
لە ماوەی یەک ـ دوو مانگی ڕابردوودا، لانیکەم حەوت کەس لە شاری مەریوان بە خنکێنراوی دۆزراونەوە. ئەم دیاردەیە، لەلایەک بەهۆی ڕوون نەبوونی هۆکارەکانی، لە لایەکەی دیکەش بەهۆی هەڵکشانی بەردەوامی ژمارەی قوربانییەکان، هاووڵاتیانی ئەو شارە و زۆرێک لە چالاکانی فەرهەنگی و سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تووشی نیگەرانی کردووە.


"ئەمانە لەبەر چ هۆکارێک خۆیان دەکوژن/ دەکوژرێن؟" ئەمە پرسیارێکە کە هەموومان لەو ماوەیەدا لە خۆمان کردووە، بەڵام وێناچێ کەسمان بتوانێ وەڵامێکی دڵنیاکەرەوە بەخۆی بداتەوە. هەوڵەکان کەم نین، کەچی بەهۆی نەبوونی هەوڵی پرۆفشناڵ، وەڵامەکان تا بڵێی ئاڵۆزن، کەس سەرەدەریان لێ ناکا. تەنانەت لە ژمارەی دروستی قوربانییەکاندا کێشەمان هەیە!

کێشە چییە، چۆنە کە ئەم دۆخە بەو جۆرەیە کە لێرەدا باسم کرد؟ ڕەنگە هەزار هۆکار هەبێ، بەڵام یەکێکیان پەیوەندیی بە مێتۆدی کار و بەدواداچوونەکانمانەوە هەیە. بەدواداچوونێک کە ئەغڵەب پشت بە دەنگۆ، دەنا زانیاریی کەموکورت و زۆر جار وێکنەچووی خەڵکی ناوچەکە دەبەستێ.

لەو هەلومەرجەدا، جێگەی خوێندنەوەیەکی دۆخناوەند [کانتێکستواڵ] یەکجار بەتاڵە.


ئەمن لەم کورتە نووسراوەدا، لەبەر ئەوەی لە ڕووداوەکان دوور و زانیارییەکی کۆنکرێتیشم لەسەر چیەتی و چۆنیەتییان لە دەستدا نییە، هەروەها لەبەرنەبوونی ئامار و داتای گرێدراو بە هەلومەرجی ئابووری، کۆمەڵایەتی و ... ناوچەکە، کە بتوانێ لە بەراوردکاریی ڕووداوەکاندا یارمەتیم بدا، بەهیچ جۆرێک خۆم لە قەرەی دۆزینەوەی وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە و باقیی پرسیارە زۆر و زەوەندەکانی پەیوەندیدار بەم دۆخەوە نادەم. لە جیاتیی ئەو کارە، هەوڵ دەدەم هەندێک پرسیاری دیکە بخەمە ڕوو کە ڕوونبوونەوەیان، ڕەنگە لە دۆزینەوەی هۆکار[ەکان]ی ئەم کارەساتە و بە بڕێکی کەمتریش دۆزینەوەی بکەر یان بکەرانیدا، یارمەتیدەرمان بێ.

ئێ
مە، ئەوانەی خەمی ئەو ڕووداوە دەخۆن، ئێستا لە دۆخێک داین کە بێسەبرانە بەدوای پێناسەکردنی دۆخێکدا دەگەڕێین کە شارێکی لە بواری فەرهەنگییەوە چالاک، لە بواری پێگەیشتوویی ئەکادیمیشەوە لەپێش، تێیکەوتووە. شارێک کە لەبەر چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کورد گوتەنی "جمەی دێ". بەو حاڵەش ئێمە زانیارییەکانمان ناتەواو و پرسیارەکانمان بێوەڵامن. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوە کە ئەو ئامراز و کەرەستانەمان لە دەستدا نەبێ کە بتوانین پێناسەیەکی بڕێک وێچووی دۆخەکەی لەسەر ڕۆنێین. تەلەفۆنێک بۆ ئەم، نامەیەک بۆ ئەوی تر، دەنا گەڕان و سووڕانەوە بەناو داڵان و کون قوژبنە هەزار بەهەزارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. بەلام هیچکامیان بە هانامانەوە نایەن، زانیاریمان دەست ناکەوێ. نائومێد دەبین و هەست بە بێدەستەلاتی دەکەین. بێدەستەڵاتی لە بەرامبەر چارەنووسی خۆماندا. لە بەرامبەر چارەنووسی ئەو شارەدا کە هەموومان خۆشمان دەوێ، لە بەرامبەر ڕووداوەکانیدا. لە بەرامبەر کارەساتگەلێک کە زیاتر لە مەتەڵ دەچن. دارستان دەسووتێن/ دەسووتێنرێن؛ گەنجەکان، خوێندکارە کچەکان، خۆیان دەکوژن/ دەکوژرێن. ژنان خۆیان دەسووتێنن... ئیتر.

ئەم دێوەزمەیە کێیە، چییە، لە کوێوە هاتووە؟ نازانین. نازانین ناوی بێنین چی! سووتان یان سووتاندن؟ خۆکوژی یان کوژران؟ قەتڵی بکەر نادیار؟ کێ دەیکا، بۆ دەیکا، چۆن دەیکا؟ ... هیچ، یەک دانە وەڵامیشمان پێ نییە. بۆ پێمان نییە؟ من نازانم، یان لانیکەم بە دڵنیاییەوە نازانم. بەڵام ئەوەندە دەزانم کە مێتۆدی کارکردنمان دونیایەک قسە هەڵدەگرێ.

ئێمە تا ئێستاش فێری کاری هاوبەشی پرۆفشناڵ نەبووین. [کەچی یەکەم شت کە لە مەدرەسە فێری دەبین کاری هاوبەشە] لە کەسی پێگەیشتوو و تێگەیشتوومان کەم نییە، واتە داروپەردووی بیناکردنی ئەو جۆرە کۆمەڵگەیەمان هەیە بەڵام بەهەر هۆیەک نایخەینە سەر یەک. لە دۆخێکی وادا خۆ هیلاک کردنەکان تاکەکەسی و سەرئەنجام ماندووبوونێکی بێئەنجام... ئێمەش وەک هاووڵاتی لەناو بێدەستەڵاتییەکی ئەمسەر و ئەوسەر نادیاردا گێژان دەخۆین. وەک لەناو ویشکارۆی دەشتە کاکی بە کاکییەکانی ئەفریقادا بین. بێدەستەڵاتی و تووڕەبوون. تووڕەبوون لە خۆ، لە دەوروبەر، لە حیزب، لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەرئەنجام لە هەموو شتێک.

ئەنجام؟ هیستێریا و چوونە ناو دنیای هەستەکان. ڕاست ئەو شتەی کە لەو دۆخەی ئێستادا دەبوو خۆمانی لێ بپارێزین. بۆ؟ چوونکا ڕوانین لە دەربیجەی هەستەکانەوە، مرۆڤ تووشی سەرلێشێواوی دەکا، تووشی ئەنجام وەرگرتنی هەڵە، تووشی هەڵدێر ...


ڕووداوەکەی مەریوان ئاوایە: پۆلێک کوڕ و کچی کورد، لە ماوەیەکی یەک ـ دوو مانگەدا و هەر کامەیان لە گەڕەک یان گوندێکی مەریوان، بە هەڵواسراوی دۆزراونەوە. لانیکەم حەوت حاڵەت لەلایەن سەرچاوەگەلی باوەڕ پێکراوەوە پشتڕاست کراونەوە و ناوی هەمووشیان لەبەردەستدا هەیە. وێنەی یەکێک لە قوربانییەکانیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە. هێندێک زانیاریی دیکەی باوەڕپێکراویش هەیە کە پەیووەندیی بە باری کۆمەڵایەتیی بەشێک لە قوربانییەکانەوە هەیە و بۆ بڵاو کردنەوە نابێ، لانیکەم لە ئێستادا کە بەدواداچوون تەواو نەکراوە. [ڕەنگە هەر دەستیشی پێ نەکردبێ].

ئەم زانیارییەی سەرەوە، بێجگە لەوەی کە ناوی ژمارەیەک قوربانیمان دەداتێ، کە لە مەریوان و دەوروبەری گیانیان لە دەست داوە، یان بە هەڵواسراوی دۆزراونەوە، هیچی دیکەمان پێ ناڵێ. ناڵێ ئەم قوربانییانە کێن، چین، چۆنن و پێگە و جێگەیان چییە. بۆیەش زانیارییەکە، لانیکەم بە باوەڕی من، بەشی ئەوە ناکا کە بڵێی مرۆڤ دەتوانێ پشتی پێ ببەستێ و لە چیەتی و چۆنیەتیی ئەو کارەساتە تێبگا. ئەو هەموو پرسیارە ئاڵۆز و ناڕوونەی لە پەیوەندیی دەگەڵ ئەو ڕووداوانەدا لە ئارا دایە، تەنیا بە وەدەست خستنی ناوی قوربانییەکان وەڵام نادرێنەوە. ئەمە یەکێک لە گرێکوێرەکانی بەر دەستمانە کە دەبێ بکرێتەوە. کەواتە کێشەی ئێمە، لانیکەم لە ئێستادا، تەنیا خودی کارەساتە مرۆییەکە نییە، بەڵکوو نەبوونی جۆخینی زانیارییە، جۆخینێک کە وەڵامی پرسیارەکانی لەخۆیدا حەشار دابێ.
دەمەوێ بڵێم ئێمە ئەگەر بمانەوێ لەو جۆرە ڕووداوانە تێ بگەین یان ڕێگەیان لێ بگرین، ناچارین بە شێوەیەکی ڕیشەیی و سیستەماتیک لە دۆخەکە بکۆڵینەوە و هۆکارەکانی بدۆزینەوە. تۆ تا دیاردەیەک نەناسی قەت ناتوانی بەربەرەکانیی دەگەڵ بکەی.


قوربانییەکان سەر بە کام توێژی کۆمەڵایەتین و پێگەیان لەو توێژە کۆمەڵایەتییەدا چییە؟ بارودۆخی ئابوورییان، کاریان، خوێندەوارییان، پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی و ئابوورییەکانیان چۆن چۆنین؟ خەڵکی شارن یان گوند، پیرن یان گەنج، ڕەبەنن یان هاوسەردار، ژیانی بنەماڵەییان چۆنە، لە کام گەڕەک و ناوچەی شار [گوند] دەژین، یەکتر دەناسن یان نا، لە پەیوەندیی دەگەڵ مادە هۆشبەرەکاندا چی؟ ئەمانە و چەندین پرسیاری دیکە کە پەیوەندییان بە هەڵکەوتی جوغرافیی شارەکە و جێگە و پێگەی ئەم قوربانیانە هەیە لەو هەڵکەوتە جوغرافییەدا.

ئێمە بێجگە لە "نەخشەسازی"یەکی تەواوی ڕووداوەکان و دەستنیشانکردنی جێگەی ئەم قوربانیانە لەو نەخشەیەدا، هیچ چارەیەکی دیکەمان نییە.

گومانەکان هەرچییەک دەبن با ببن، هەموو سەرەداوێک شیاوی بەدواداچوونە. دەستی شاراوەی دەوڵەت، سەلەفییەکان، قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی، ئیعتیاد و کێشەی تاکەکەسی و تەنانەت دەکرێ لە ئەگەری هەبوونی سێکت و گرووپی لەو جۆرەش بکۆڵرێتەوە. بەبێ لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی ئەو هەودا سوورەی شتەکان پێکەوە دەبەستێتەوە، گوتنی هەر شتێک تەنیا لە چوارچێوەی گریمانەدا دەمێنێتەوە. ئێمە نابێ گریمانەمان لێ ببێتە هەقیقەتێکی ڕەها.

وەڵامی ئەو هەموو پرسیارە، نە بە من و نە بە کەسێکی دیکە کە لەو بوارانەدا کاری نەکردبێ نادرێتەوە. دۆزینەوەی وەڵامەکان تەنیا بە بەدواداچوونێکی پڕۆفشناڵ مەیسەر دەبێ کە لە دەست ئەوانە دێ لە بوارەکە/کاندا شارەزان. بە تایبەتیش کۆمەڵناس، دەروونناس و ئەوانە کە زانستی تاوانناسی/تاوانزانی [کریمینۆلۆجی]یان خوێندووە.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
تێبینی: هێندێک سەرچاوەی سەر بە حیزبەکان، کە کەیفیان بە هاتوهاور و ڕاسانپسانی مێدیایی دێ، ژمارەی قوربانییەکانیان بۆ دە ـ دوازدە حاڵەت بەرز کردۆتەوە و هەرچەند ناڕاستەوخۆ، بەڵام "دەستێکی شاراوە" لە پشت ڕووداوەکان دەبینن. ئەم جۆرە لە هەڵسوکەوتکردن دەگەڵ ڕووداوگەلێک کە پەیوەندیی بە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا هەیە، کاری مێدیا نییە. مێدیا تەنیا دەتوانێ زانیارییەکان وەک خۆی ڕاگوێزێ.


پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷