کەریم مەرەسەنە
کۆدار و کۆڵێک پرسیار
Wednesday, May 7, 2014
کەریم مەرەسەنە
لە پەیوەندی دەگەڵ ئەو ڕێکخراوەدا کە ڕۆژی دووشەممە لەلایەن سەرکردایەتیی [پێشووی] پژاکەوە ڕاگەیەنرا، کۆمەڵێک پرسیار هەن کە زۆربەمان لە وەڵامەکانیان دەگەڕێین. بەڵام جارێ، هەتا حیزبەکانی دیکە دڵی خۆیان بەو نووسراوەی من خۆش نەکردووە و وەک شمشێری داموکلێس لەسەر سەری ئەو پێکهاتە نوێیەیان ڕانەگرتووە، با ئەوە ڕوون کەمەوە کە مەبەستی ئەم نووسراوەیە، بەهیچ جۆرێک ڕەتکردنەوەی دەستپێشخەرییەکەی پژاک نییە. ئەم دەستپێشخەرییە، بەو ئامانجانەوە کە لەپێش خۆی داناوە، لە خۆیدا شتێکی ئەرێنییە، بەڵام ئەم ئەرێنی بوونە نابێ وا لێک بدرێتەوە کە هەموو شتێک لە جێی خۆیەتی.
دامەزراندنی "کۆدار"، بە تایبەتیش ئەو سەرنجە مێدیاییە کە دەستپێشخەرییەکە خستیە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕەنگە بە دڵی زۆر کەس نەبێ. کاردانەوەکان ـ بە تایبەتی ئەو هەڵسوکەوتە هەرزەکارانەیە، کە نەیارەکانی ئەو حیزبە دەگەڵ ناوەکەیان کرد ـ تەوژمی ئەو بەدڵ نەبوونەمان بە ڕوونی نیشان دەدەن. هەڵسوکەوتەکان ئەوەش دەسەلمێنن کە نەیارانی ئەو حیزبە، لە ئاستێکی زۆر سەرەتاییدا بەربەرەکانیی دەگەڵ دەکەن و نەیانتوانیوە ئەم دیاردە نوێیە ـ کە پژاک و کۆدار بێ ـ ڕووبەڕووی دوو پرسیاری بڕێک جیدیی فکری و سیاسی بکەنەوە. بەربەرەکانییەکە، هەر لە ئاستی شەڕە قسەی هەرزەکارانە و قبووڵی دەکەم و ناکەمدا ماوەتەوە. ڕەنگە لەبەر ئەوەش بێ کە پژاک، تا ئێستا نەیارەکانی خۆی بەهێند نەگرتووە. هەرچۆنێک بێ، من لەم نووسراوەدا بەنیاز نیم ئەم ململانێیە تاووتوێ بکەم، بەڵکوو دەمەوێ لە پەیوەندیی لەگەڵ دامەزرانی "کۆدار"دا چەند پرسیار بوروژێنم کە پێویستیان بە وەڵامدانەوە هەیە.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، چەند ڕۆژ بەر لەو پرێس کۆنفڕانسە کە "کۆدار"ی تێدا ڕاگەیەنرا، بە نامەیەک هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئاگادار کردەوە کە بەنیازە ڕۆژی ٥ی مانگی مای، سەبارەت بە شێوازەکانی تێکۆشانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زانیاریی بدات بە ڕای گشتی.
پەیامنێر و نوێنەرانی مێدیاکانی کوردستان و جیهان، کە بەپێی ئەو لێدوانەی پژاک خۆیان بۆ گوێگرتن و پرسیارپێچکردنی نوێنەرانی ئەو حیزبە ئامادە کردبوو، بەبێ ئەوەی بزانن چی ڕوو دەدا، دەگەڵ پێکهاتەیەکی نوێ ڕووبەڕوو بوونەوە کە دەیگوت ئەمن پژاک نیم. دەشیگوت پژاک دواتر هەڵوێستی خۆی ڕوون دەکاتەوە و دێتە ژێر چەتری ئەم ڕێکخراوە نوێیە! جێی تێڕامانە کە ئەو کەسەی دەیگوت من پژاک نیم، تەنیا چەند سەعات بەر لە پرێس کۆنفڕانسەکە، وەک ئەندامی کۆردیناسیۆنی پژاک دەناسرا و دەیان چاوپێکەوتن و لێدوانی ڕۆژنامەوانیشی لەو پۆستەدا داوە بە ڕای گشتی!
ئەمن، لەبەر ئەوەی هیچ چارەیەکی دیکەم نییە [چوونکا پژاک هیچی ڕانەگەیاندووە] وای دادەنێم ئەم ئەندامەی کۆردیناسۆنی پژاک و هەموو ئەوانەی دیکەش ـ چ ئەو دوو کەسە کە سیستەمە نوێیەکەیان ڕاگەیاند و چ ئەوانەش کە لە کۆنگرەی دامەزراندنی کۆداردا بەشدار بوون ـ دەستیان لە حیزبەکەی خۆیان کێشابێتەوە و هاتبن ئەم پێکهاتە نوێیەیان دروست کردبێ. بەڵام لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەگەر ئەمانە پژاک نین، بۆچی بەناوی پژاکەوە بانگهێشتی مێدیاکان دەکەن و لەسەر ناوی ئەوانیش دەڵێن "وەک خۆی ماوەتەوە"؟ بۆ پژاک بۆخۆی نایە پێمان بڵێ کە ئەمن، لە کۆنگرە یان کۆنفڕانسی فڵان و فیساردا، سەرکردایەتییەکی نوێم دەستنیشان کردووە و ئەمانەی پێشووش بۆخۆیان حیزبێکی دیکە دادەنێن و نازانم چی و چی دەکەن و ناکەن؟ ڕەنگە بڵێن ئەمە تەنیا پرسێکی تێکنیکییە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە پرسێکی تەواو حقووقی و بوونناسانەیە. پرسی هەڵسوکەوتکردنی سەرکردایەتیی پژاک/کۆدار دەگەڵ ئەو چوارچێوە و سنوورە حقووقیانە کە پەسەندکراوی کۆنگرەکەی پژاک بووە، تەنیا یەک وەڵامی هەیە، ئەویش پێشێلکرانی ئەو چوارچێوە و سنوورە حقووقیانەیە کە پژاک بۆخۆی دانابوو. تۆ ناتوانی سنوورێک بۆخۆت دانێی و دوایەش بە شەو ڕۆژێک پێشێلی کەی و بە مەسەلەیەکی تێکنیکیشی بزانی.
گەلۆ پژاک و کۆدار یەک حیزبن؟ کۆدار دەڵێ نا، بەڵام لە هەر لایەکەوە تەماشای دەکەی شتەکە بەو جۆرە نییە [لە درێژەی ئەم نووسراوەدا ئەو بابەتە ڕوون دەبێتەوە]. ئەوەی دامەزراوە و پێی دەڵێن کۆدار،هەر ئەو داروپەردووەیە کە پژاکی پێ دامەزرابوو. باشە ئەدی پژاک چی لێهاتووە؛ ماوە، یان هەڵوەشاوە؟ "کۆدار" دەڵێ ماوە. پژاک بۆخۆی هیچ ناڵێ. نوینەرانی کۆدار، لە پرێس کۆنفڕانسەکەدا و لە جیاتی نوێنەرانی پژاک، باسی ئەوەیان کرد کە پژاک لە داهاتوویەکی نزیکدا دێتە ناو ئەم سیستەمە نوێیەوە. بەڵام ئەوەی دێ مەعلووم نییە چییە. شتەکە ئاڵۆز و ناڕوونە؟ خەتای من نییە، نەختێک ڕاوەستە ئێستا ئاڵۆزتریش دەبێ!
با بپرسین داخوا ئەوەی "دێتە ناو ئەو سیستەمە نوێیەوە" چییە؟ ئەگەر پژاک تا ئێستاش قەوارەیەکی حقووقییە کە ستروکتوور و داروپەردووەکەی هەر لە جێی خۆیەتی، ئەگەر ئەندامە پلە بەرز و نزمەکانی، بە پێی ئەساسنامە، خاوەنی کۆمەڵێک ئەرک و مافن و مەیدانی جموجۆڵی سیاسیشیان دیاری کراوە (ئەمە سەر و بەری ئەساسنامەی هەر حیزبێکە) ئەدی هەڵسوکەوتی ئەندامانی سەرکردایەتیی ئەو حیزبە، کە بە پانەوە چوونەتە ناو کۆدار، دەکەوێتە چ خانەیەکەوە؟
با ڕوونتر قسە بکەین؛ وەک لە وێنەکانی کۆنگرەی کۆدار و لە پرێس کۆنفڕانسەکەشدا بۆمان ڕوون بۆوە، نزیک بە هەموو ئەندامانی سەرکردایەتیی [پێشووی] پژاک چوونەتە ناو کۆدار. بەڵام ئاخر ئەندامانی حیزبێکی سیاسی، بەر لەوەی دەستیان لە حیزبەکەی خۆیان کێشابێتەوە، چۆن دەتوانن بچنە ناو حیزبێکی دیکەوە؟ ئەگەر بێتوو وای دانێین کە حیزبەکەی دیکە هەر ئەوەی خۆیانە بەڵام بەپێی هەلومەرج و سیاسەتی ئێستای، وای بە باش زانیوە ڕێکخراوێکی دیکە دروست بکات، ئەوە شتێکی دەگەڵ دەکرێ. بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر کۆدار و پژاک یەک نین، ئەم ئەندامانەی سەرکردایەتیی پژاک، بە پشتبەستن بە کام پرەنسیپی حقووقیی حیزبەکەی خۆیان چوونە ناو کۆدار؟
ڕەنگە بڵێن ئەمانە ئیتر ئەندامی سەرکردایەتیی پژاک نین. بەڵام، ئەوەندەی ڕای گشتی ئاگادار بێ، تا بەر لە پرێس کۆنفڕانسەکەش هەمووی ئەمانە هەر ئەندامی سەرکردایەتیی پژاک و باقیی ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانی ئەو حیزبە بوون. بەو پێیەش کە کۆدار دەڵێ "پژاک وەک خۆی ماوەتەوە"، دەبێ ئەمانە تا ئێستاش هەر لە پۆستەکانی خۆیاندا مابنەوە. خۆ کۆنگرەیان نەگرتووە تا سەرکردایەتییەکی نوێیان هەڵبژاردبێ. باشە ئەدی ئەمانە لە ناو سەرکردایەتیی "کۆدار"دا چی دەکەن؟ ئەوەش بە جێی خۆی، دەیسەلمێنین کە ئەمانە ئیتر پژاک نین. بەڵام ئەندامانی نوێی سەکردایەتیی پژاک کێن و چۆن و کەنگێ بوونەتە سەرکردایەتی؟ پژاک کەی کۆنگرەی گرتووە؟ ئێمە دەزانین کە پژاک نە کۆنگرەی نەگرتووە و نە هیچ، تەنانەت چەند ساڵێکیش بەسەر کاتی گرتنی کۆنگرەدا تێپەڕیوە.
دەمەوێ لە ئەندامانی سەرکردایەتیی پژاک و کۆدار بپرسم داخوا ئاڵوگۆڕی دەستەڵات لەناو حیزبێکی سیاسیدا، نابێ بەپێی سیستەمێکی حقووقی بێ کە پێی دەڵێن ئەساسنامە؟ وەک ئەوانیش دەزانن، جێکۆڕکێی ئەندامانی سەرکردایەتی [وە باقیی دامەزراوە و ڕێکخراوە حیزبییەکان] بەپێی بڕیارگەلی سەرپێیی و بە بێ گوێدانە ئەو چوارچێوە حقووقییە ناکرێ کە حیزبەکە بۆخۆی داناوە. ئەگەر کرا ئیتر چوارچێوە حقووقییەکە ـ لێرەدا پژاک ـ مانایەکی نامێنێ. هەر بۆیەشە کە تەنانەت نوێنەرانی پلەنزمتری ئەو حیزبەش، بە شەو و ڕۆژێک، تێکڕا چوونەتە ناو "کۆدار". بەرپرسی کاروباری دیپلۆماسیی پژاک، تەنیا یەک ڕۆژ دوای ڕاگەیەنرانی "کۆدار"، لەسەر ناوی نوێنەری ئەو ڕێکخراوە نوێیەوە لێدوانی دا بە بەشی کوردیی دەنگی ئەمریکا!
پژاک ماوە یان بە خشکەیی خۆی هەڵوەشاندۆتەوە؟ ئەم پرسیارە، کە لە ڕواڵەت سادەیە، ڕەنگە پەیوەندیی بە منێکەوە نەبێ کە لە دەرەوەی حیزبەکە دام، کابرا حیزب دروست دەکا و هەڵی دەوەشێنێتەوە، کەیفی خۆیەتی! بەڵام ئەم پرسیارە هەر دەبێ بکرێ، چوونکا هەڵسوکەوتکردنی سەرکردایەتیی پژاک دەگەڵ چوارچێوە و پێودانگە حقووقییەکانی خۆی ـ دەگەڵ ئەوەی کە لە راستیدا هەر "قانوونی ئەساسی"یە بەڵام لە ئاستی حیزبیدا ـ گومانەکانمان بەلای بابەتێکی زۆر جیددیتردا دەبا. بە پشتبەستن بەو هەلسوکەوتی سەرکردایەتیی پژاک، دەکرێ گومان بکەین کە داخوا ناکرێ ئەو حیزبە، کە بەم جۆرە ناحقووقییە هەڵسوکەوت دەگەڵ "قانوونی ئەساسی"ی حیزبەکەی خۆیان دەکەن، هەر بەمجۆرەش دەگەڵ ـ بۆ نموونە ـ ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییە هەڵسوکەوت بکەن کە قەرارە کۆمەڵگەیەکی دێموکراتیکی لەسەر بینا بکرێ؟ ئەمە پرسیارێکی ئەساسییە کە ناکرێ بێوەڵام بمێنێتەوە. ڕای گشتیی کورد و ئەو کۆمەڵگەیە کە ئەو ڕێکخراوەی تێدا چالاکە، مافی خۆیەتی بە گومانەوە لە هەر هەڵسوکەوتێکی نەگونجاو نزیک بێتەوە.
پرسیارێکی دیکە کە دەبێ ڕووبەڕووی کۆدار بکرێتەوە، پەیوەندیی بەو هەموو چەمک و دەستەواژە ناڕوون و لێکدژەوە هەیە کە بەیاننامەکەی پێ خەمڵێنراوە. بۆ نموونە لێمان ڕوون نییە نییە داخوا کۆدار دژی دیاردەی دەوڵەت ـ نەتەوەیە یان دژی دەوڵەتی نەتەوەییە؟ تەنیا بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دژیەتی، یان هەر بەگشتی ئەو مۆدێلە ڕەت دەکاتەوە؟ ئەگەر کۆدار دەوڵەتی نەتەوەیی بۆ کورد ناوێ دەبێ بە ڕوونی باسی بکا، ئەگەریش بەگشتی ئەو دیاردەیە ڕەت دەکاتەوە دیسان دەبێ پێمان بڵێت.
کۆدار پێویستە ڕوونی بکاتەوە داخوا پێناسەی وی لە سیستەمی ئێستای ئێران چییە؟ ئەگەر ئێران دەوڵەت ـ نەتەوە بێ و کۆداریش دژی دەوڵەت نەتەوە بێ، کەوابوو دەبێ دژی ئەو پێکهاتەیە بێ کە کە پێی دەڵێن ئێران. پێکهاتەیەک کە وەک بۆخۆشی نووسیویەتی "رێگهچارهگهلی نهتهوهگهرایانه" پەیڕەو دەکا و سیستەمەکەی "له گهڵ راستینهی تاریخی و کولتووری"ی ئەو ناوچەیە یهک ناگرێتهوه. کەواتە "کۆدار" دژی دەوڵەت ـ نەتەوەی ئێرانە. مەگەر جیا لەوەیە؟ دەی باشە ئەدی چۆنە کە "لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئێستای ئێراندا" بە دوای چارەسەریدا دەگەڕێت؟ چما ئەو سنوورانە لەسەر بنەمای دەوڵەت ـ نەتەوەی ئێرانی دانەمەزراون و قەرار نییە دەوڵەت ـ نەتەوە ڕەت بکەیەوە؟ ئەم هاوکێشەیە چۆناوچۆنییە؟ یان ئەمن لە هیچ تێناگەم یانیش کێشەیەک لەم چەمکاندنەدا هەیە!
ئەدی ئەو ڕێڕەوە کە "کۆدار" دەیەوێ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی پێیدا بڕوا چۆن چۆنییە؟ ئەو کۆمەڵگە ئینساندۆست و ژینگەپارێز و هەمەڕەنگ و هارمۆنیکەی لە لێدوانەکەی ئەو ڕێکخراوەدا باسی کراوە ـ کە بێگومان شتێکی زۆر باش و ڕەنگە لە درێژخایەندا تاقە چارەسەریی پرسەکانی ئەو ناوچەیەش بێ ـ چۆن بینا دەکرێ؟ کەرەستە خاوەکەی چۆن ئامادە دەکرێ و بە کام میکانیزم؟ جێگەی و پێگەی ئەندامانی ئەو کۆمەڵگەیە لە ئامادەکارییەکانی ئەو بینایەدا چییە؟ ئاخر ئەگەر قەرار بێ کۆمەڵگەیەکی "دێموکراتی ئازاد" دامەزرێنین، کە ئیرادەی چین و توێژ و پێکهاتە سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان بە بنەما بگرێ، خۆ ناکرێ تۆ لەو سەرەوە دامودەزگای بۆ دامەزرێنی و بڵێی وەرە تێیدا بەشدار بە! دێموکراسی و ئازادی لەسەرەوە ڕا نا، بەڵکوو لە ژێرەوە ڕا و لە تاکەکەسەوە دەست پێدەکا. سیستەم بە هێڵکاریی موهەندیسانە دانامەزرێ، تەنانەت کارەساتیشی لێ دەکەوێتەوە. مێژووی نە زۆر دووری مرۆڤایەتی ئەوەی پێ سەلماندووین.
ئەگەر دیمۆکراسی "به شێوهی راستهوخۆ و به بهشداری سهرجهم جیاوازییهکانی کۆمهڵگا" بهڕێوهدهچێت، ئیتر دەبێ ئەم چین و توێژە جیاوازانە لە هێڵکاریکردن و سەرئەنجام بڕیاردان لەسەر سیستەمەکەدا بەشدار بن. ئەمە ئەلفوبێی دێموکراسییە. تاکە کەس و چین و توێژ، ئەگەر بە ویست و دڵخوازی خۆیان سیستەمێکیان پەسەند نەکردبێ، ئیتر تاک و چین و توێژی ئازاد نین، بەڵکوو کۆمەڵێک مۆرە و داشی گەمەیەکن کە کەسانی دیکە دەیکەن.
لێدوانەکەی "کۆدار"، کە تا ئێستا تاقە سەرچاوەی ئێمەیە بۆ ناسینی ئەو سیستەمە، هەڵگری کۆمەڵێک پێشنیاری جیدییە بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی کۆمەڵگەی کورد و دەوروبەری. بەڵام دەکەم و دەکرێنم ئەوەم بۆ هەزم نابێ کە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، لانیکەم لە ئێستادا، پۆتانسیەلی دامەزراندن و هەڵسووڕاندنی ئەو سیستەمەیان تێدا هەیە یان نا. سیستەمێک کە زیاتر لە یۆتۆپیا دەچێ، شارێکی خەیاڵیی نزیک لەوەی کتێبە پیرۆزەکان لە تاریفی بەهەشتدا دەیکەن. دەشت و دەرێکی سەرسەوز، کۆمەڵگەیەکی دوور لە جیاوازیی ئێتنیکی، چینایەتی، جنسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری و ... کە بە شێوەیەکی هارمۆنیک دەگەڵ سروشت و دەوروبەری خۆیدا دەژی. جێبەجێکردنی ئەمە، تەنانەت لە وڵاتانی سکاندیناڤیاشدا، کە بە دێموکراتیکترین و پێگەیشتووترین وڵاتانی جیهان دەناسرێن، نزیک لە نامومکینە. هەڵبەت ئەگەر کورد نەتوانێ موعجیزە بخوڵقێنێ.
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە