بابەتی گەرم:

١٣ بابەت لە سەر ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان و خەڵکی بۆکان لە سەردەمی موسەدیق (بابەتی شەشەم)

Saturday, September 29, 2018

ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٥٣ ی خەڵکی بۆکان و وەرزێرانی ناوچەی فەیزوڵابەگی

ئەنوەر سوڵتانی

( بە بۆنەی یادی ٥٠ ساڵەی ئەو ڕاپەڕینە شکۆدارە)

ڕێزدار کاک حەسەن سەلاح ( سۆران) یادداشتێکی کورتی لە سەر یادی ڕاپەڕینی وەرزێرانی ناوچەی فەیزوڵابەگی بۆکان لە ماڵپەڕی " بۆکان " دا نووسیبوو و ئەرکی بە جێنەهاتووی ڕووناکبیرانی کوردی بۆ تاوتوێکردنی  مەسەلەکە وەبیر هێنابووەوە. ئەم کارەی کاک حەسەن گەلێک بەجێ و ڕێ بوو بەڵام خۆزگە خۆی کە خەڵکی ناوچەکەیە، قۆڵی لە کارەکە هەڵماڵیبایە و دڵنیام توانای ڕاپەڕاندنی کارەکەشی هەبوو.

ئەوەندەی من بزانم، جیا لە هەڵسەنگاندنی حیزبە سیاسییەکان، یەکەم کەسێک کە لە مەسەلەکەی وەک دیاردەیەکی سەربەخۆ کۆڵیبێتەوە ، نەمر دوکتۆر " عەلی گەلاوێژ" بوو، ناوبراو نامەی دوکتورای خۆی – ئەگەر هەڵە نەکەم لە ئازەربایجانی سۆڤیەتی پێشوو ، بە ڕووسی لە سەر ئەم بابەتە نووسیوە و ، سەد بریا  شارەزایەکی زمانی ڕووسی وەری بگێڕایەتە سەر کوردی.

هەر وەها بەڕێز د. ئەمیری حەسەنپوور چەند ساڵێک پێش ئێستا خەریکی کۆکردنەوەی سەرچاوە لە سەر ئەم بابەتە بوو و وەک ڕاستەوخۆ لە خۆییم بیست ، دوو چاوپێکەوتنیشی لەگەڵ بەڕێزان کاک سەلاحی موهتەدی و مەلا عومەری عەسری تۆمار کرد بوو، کە من پێمگوت سەرنجەکانی کاک سەلاح بێگومان جێگای کەلکی زۆرن بەڵام نابێ لە بیر بکرێ کە کاک سەلاح و هەموو بنەماڵەی ئێلخانیزادە لە بەرەی دژی بزووتنەوەکە دا بوون و لە ڕاستیدا هێزی سەکوتکەری بزووتنەوەکە واتە ئێلخانیزادەکان، دەسەڵاتی ناو شاری بۆکانیان بە دەستەوە بوو.[١]

کاک ئەمیر لە ساڵی ١٩٩٩ ، کاتێ هاتبوە لەندەن و دایکیشم بۆ سەردانی ئێمە لەوێ بوو، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ دایکمدا تۆمار کرد و لە سەر مەسەلەکە هێندێک پرسیاری لێکرد ،نوسخەیەک لە شریتەکەشی دواتر بۆ من ناردەوە کە پاراستوومە. هیوا دارم کاک ئەمیر نەخۆشییەکەی ئێستای چاک بێتەوە و بپەرژێتە سەر ڕێکخستنی یادداشتەکانی لە مەڕ ئەو ڕووداوە گرینگەی ناوچەکە.

من پێمخۆشە لێرە دا چەند خاڵێک لە درێژەی یادذاشتەکانی کاک حەسەن سەلاحدا زیاد بکەم.

١)بە بۆچوونی من ناوبردنی ڕاپەڕینەکە بە بزووتنەوەی جووتیارانی موکریان " هەڵەیەکی تەواو" ە [٢]، لە بەر ئەو هۆ ئاشکرایەی کە ئەو ڕاپەڕینە، جگە لە ناوچەی فەیزوڵابەگی لە ڕۆژهەڵات و بەشێک لە باکووری بۆکان، هیچ شوێنێکی دیکەی نەتەنیەوە و هەرگیز لە چۆمی تەتەهووش نەپەڕیەوە. بنکە و بنەمای ڕاپەڕین شاری بۆکان بوو کە خەڵکەکەی  دژ بە ئاغاوات ڕاپەڕیبوون ، بەڵام ڕەنگدانەوەی چالاکییە سیاسییەکانی بۆکان تەنیا لە ناوچەی فەیزوڵابەگیی بینرا و پێش ئەوەی پەل بهاوێتە شوێنەکانی تر، لە لایەن هێزی هاوبەشی ئاغاوات و حکوومەتی ئێرانەوە تێکشکا. بۆیەش لێرە دا ئاغاوات وەپێش حکوومەت دەخەم کە لە ڕاستیدا ئەوان بوون ڕاپەڕینەکەیان تێکشکاند و لە زۆر جێگا هیچ نیازێکیان بەو چەند جەندرمە و پۆلیسە نەبوو کە مۆڵگەیان لە بۆکان بوو .

٢)ئەم ڕاپەڕینە  لە فەزای ئاواڵەی سیاسی نێوان ساڵانی ١٣٢٩ و  ١٣٣٢ ( ١٩٥٠ – ١٩٥٣ز)ی ئێران و سەردەمی "جیبهەی میللی " و " حیزبی توودەی ئێران" واتە حکوومەتی دوکتۆر موسەدیق هاتە کایەوە و ڕاستەوخۆ لە ژێر تەئسیری بێگومانی فەزای دژ بە شا و چەوسێنەران کە لە ئێرانی ئەو ساڵانە دا گەیشتبوە لووتکەیەکی بەرز، پەرەی سەند ، بەڵام تایبەتمەندیی  ئەوتۆشی هەبوو  کە نەک هەر لە  هەموو شوێنێکی ئێران نەبینرا بەڵکوو کەوتە پێش  هەر بزووتنەوەیەکی هاوچەشن لە کوردستان و تەنانەت موکریانیش.

٣)ناسراوترین ڕوخساری دژ بە ئاغاوات لە ناو شاری بۆکان، حاجی قاسمی کەریمی بوو، کە خۆی و مێرزا حسێنی برای، بە بنەماڵەکەیانەوە، کەوتنە بەر هێرشی ئاغاواتی ئێلخانیزادە و هەر دوو ماڵەکەیان لەگەڕەکی حەمامی قاسم ئاغای بۆکان لە لایەن ئاغاکانەوە سووتێنرا و بوو بە خۆڵەمێش . بەرەبەیانی ڕۆژی دوای کودەتای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢ ی هەتاوی ( ١٩٥٣ ز) بو، ئەو دەم من منداڵێکی دە ساڵان بووم و وەک هەموو منداڵانی هاوتەمەن چووبوومە سەیری مەشخەڵانی ئاگرەکە. ئیتر حاجی قاسمی خوالێخۆشبوو هەر ئەو هەڵاتنە بوو کە لە ترسی گیانی هەڵات و لە ئەنجامدا لە هەولێر گیرسایەوە و لەم چوار پێنج ساڵەی دواییدا لە هەولێر سەیری نایەوە( یادی بە خێر بێت).

 پێویستە ئەوەش بڵێم کە حاجی قاسم، کارگەیەکی قەندی هەبوو لە ڕووبەڕووی حەوزە گەورە و من نەمزانیوە خەیات بوو بێت، کەچی دووریشی نازانم ئەو قسەیە ڕاست بێت، بەڵام میرزا حسێنی برای، مامۆستای خۆم بوو لە قوتابخانەی بۆکان.

٤)بەگشتی، دەوری خەیاتەکانی بۆکان نەک هەر لەو ڕاپەڕینە بەڵکوو لە بزووتنەوەی چینایەتی و نەتەوایەتی ناوچەی بۆکاندا گەلێک بەرچاوە وجێگەی لێکۆڵینەوەی تایبەتە. خەیاتەکانی بۆکان خاوەنی وشیاری چینایەتی زۆر بوون کە دواتر کەوتە دۆخی نەتەوایەتی کوردییەوە. لە وان میرزا حەمە ڕەئووفی حافظ القرآن وا هەیە وەک کەسایەتی دووهەمی ڕاپەڕینەکەی ناو شاری بۆکان سەیر بکرێت. ناوبراو دوا بە دوای کودەتای ٢٨ی گەلاوێژ هەڵات و پاشان لە سلێمانی گیرسایەوە و لەوێوە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لەگەڵ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێراندا هاوکاری دەکرد. تا ئەوەی لەم ساڵانەدا کۆچی دوایی کرد ( یادی گرشەدار بێت).

جگە لەوان ، لە بەرگدرووەکانی بۆکان، ناوی خوالێخۆشبوو " حسین تەهایی" م لە بیرە کە دواتریش دژ بە ئاغاوات و چەوسێنەران خەباتی دەکرد و ئێستا لە ناوماندا نەماوە.

 باوکم " میرزا عەبدوڵای سوڵتانی" یش هەر خەیات بوو بەڵام ئەوەندەی بزانم لەو ڕووداوانە دا چالاک نەبوو، سەرەڕای ئەوەش لە ڕۆژی ئاگرتێبەردانی ماڵی حاجی قاسمدا لە لایەن خوالێخۆشبوو سەید حەمەدەمین ( سەیدە شینە) وە لە بەرەی ئاغاکان،  هەڕەشەی  گیرانی لێکرابوو  و بۆ ماوەی چەند ڕۆژ لە  ماڵ  نەدەچوە دەرەوە.  بە داخەوە  ناوی  خەیاتەکانی تری بۆکانم لە بیر نییە جگە لە کاک محەمەدی شاقوڵی کە دواتریش باسی لێوە دەکەم.

 جیا لە خەیاتەکان، پێویستە ناوی  " عەلی میرەبەگ " ببەم، کە ئەگەر قەسساب نەبووبێت نازانم ئیشی چ بووە.  ئەو و نەمر  " عەبدوڵا ئێرانی " قەپاندار، هەر دوو، لە چالاکان و ڕێبەرانی بزووتنەوەکە بوون. هەر وەها کاک " ئەحمەد حەدە"ی  شەربەتفرۆش و کاک " حوسێن فاتحی" لە ژوور هەموانەوە سەید تەهای تەنەکەساز کە دوکانەکەی  لە سەر شەقامی نوێی بۆکان ( نزیک بانکی صادراتی ئێستا) بوو.نەمر سەید تەها پێش کودەتای ٢٨ی گەلاوێژ بە تاقە کەس هێرشی بردە سەر خوالێخۆشبوو قاسم ئاغای موهتەدی و بە لێدان خستیە ناو جۆگەی ئاوی شەقامەکەی بۆکانەوە و بەوە هەیبەت و جەبەڕووتی ئاغاکان لەبەر چاوی خەڵکی بۆکان بە یەکجاری شکاو توایەوە.قاسم ئاغا وەک مێشکی بەڕێوەبەر و ڕێبەری هەموو هێزەکانی ئاغاوات سەیر دەکرا و لە ڕاستیشدا  هەر وا بوو ، گەرچی حەمەدەمین ئاغا  و بە گشتی بەرەی ماڵی مەحموود ئاغا گەلێک لەو توندوتیژتر و دژی خەڵکتر بوون.

٥)جگە لە خەیات و دوکانداری بۆکان ، گەنج و لاوەکانیش بەشدارییەکی چالاکانەی ڕووداوەکانیان دەکرد. ئەو دەم  مامۆستایەکی قوتابخانەکانی بۆکان بە ناوی " شوقاقی " کە تا ئەم ساڵانەی دواییش  هەر مابوو ، و کوردیش نەبوو ، دەورێکی باشی لە پەروەردە کردنی لاوان و قوتابیان و ڕاکێشانیان بەرەو بیری چەپ و حیزبی توودە گێڕا. گەلێک  لە قوتابیانی ئەو دەمی بۆکان شاگردی ئەو بوون و شوێنی ئەویان لە سەر بوو.لەو قوتابییانە هەندێکیان دوا بە دوای کودەتای ٢٨ی گەلاوێژ چ لە لایەن ئاغاکان و چ لە لایەن حکوومەتەوە گیران و جەربەزە دران. ناوی ئەو کەسانەی لە بیرم مابێت ئەوانەن:

 خوالێخۆشبوو " مەحموود ڕەزایی " ، کاک " برایمی حەریری " ، کاک " ڕەشید حەسەنزادە " و کاک عومەری سوڵتانی (وەفا) برای خۆم. لە وانە ، کاک مەحموودی ڕەزایی لە لایەن ئاغاکانی بۆکانەوە دوا بە دوای کودەتای ٢٨ی گەلاوێژ و تێکشکانی ڕاپەڕینەکە گیرا و خرایە حەوزی ماڵی قاسم ئاغای موهتەدییەوە و دارکاری کرا  ئینجا بەر درا.

 کاک عومەر سوڵتانی، ئەو دەم تازە قوتابخانەی بەجێهێشتبوو و بە تەنیشت دوکانی خەیاتی باوکمەوە ڕۆژنامەفرۆشێکی دانابوو. کاکم بە گشتی ڕۆژنامەکانی بەرەی پێشکەوتنخواز واتە " جیبهەی میللی" و حیزبی توودەی ئێرانی دەفرۆشت . ئەویش دوا بە دوای کودەتای ٢٨ی گەلاوێژ لە بۆکان گیرا و نێررایە مەهاباد و دوای ئەوەی ماوەی ٢ مانگ زیندانیان کرد، بە کەفالەت بەریاندا.

بەڵام ڕەشیدی حەسەنزادە ئاغاکان گرتیان و دایانە دەست پۆلیس، ئینجا سەریان چوارقاش تاشی و بە ناوە ڕاستی  شەقامی بۆکاندا بردیان بۆ گاراج و لەوێوە بۆ مەهاباد  بۆ دادگا. کاک ڕەشید ئەو دەم  و دواتریش هەر لە بەرەی دژ بە ئاغاواتدا وەستا و، بەشێکیش هەر لە ترسی ئەوان بوو  کاتێ دایرەی ساواک لە ساڵی ١٣٣٦ ( ١٩٥٧) لە مەهاباد دامەزرا، بوو بە کاربەدەستی ساواک و ئیتر لە خزمەتی ئەواندا کەوتە گیانی خەڵکانی سیاسی و نەتەوەپەروەرانی ناوچەکە  و لە هیچ توند وتیژی نواندنێک دژ بە خەباتکاران و گرتن و ئەشکەنجە کردنیان ڕانەوەستا.  حەسەنزادە  لە ماوەی پێوەندییەکانی  ساواک و ڕێژیمی شا لەگەڵ شۆڕشی ئەیلوولدا ( ٧٥ – ١٩٦١)  خزمەتێکی زۆری بە ساواک کرد و هاوڕێ لەگەڵ سەرهەنگ مودەڕیسی و سەرهەنگ پەژمان پێوەندی ڕۆژانەی لەگەڵ بەڕێوەبەران و کاربەدەستانی  شۆڕشی ئەیلوول هەبوو .  بە گوێرەی زانیاری من ، کاک ڕەشید ئێستا لە مەهاباد دەژی و لام وایە  یەک لەو کەسانە بێت  کە زانیاری زۆری لە سەر ڕووداوە سیاسییەکانی ساڵانی نێوان ١٣٣٢ تا ١٣٥٧  ( ١٩٥٣ تا ١٩٧٩) هەیە و جێگەی خۆی دەبێ ئەگەر ڕاستەوخۆ بیرەوەرییەکانی خۆی بنووسێتەوە یاخود ڕووناکبیرانی شاری مەهاباد و بۆکان چاوپێکەوتنێکی لە گەڵدا بکەن.

 لێرە بە دواوە ، ئاغاکانی بۆکان پەلاماریان بردە سەر هەر بیرێکی نوێ و بە ناوی " تودەیی" یەوە هەر کەسیان ویست  گرتیان و دارکاری یا خود دەربەدەریان کرد و تەنانەت کوشتیان و بە چۆمی بۆکانیان دادا. پۆلیس و جەندرمە بە گشتی سیستەمی حکوومەتی ئێرانیش لەو ماوەیە دا پشتی ئاغاوەتیان گرت  و ئەوەی ئەوان بۆیان  نەکرا، ئەمان ڕاستەوخۆ کردیان.

٦)ئەو ڕووداوانەی بۆکان و بە گشتی ئێران ، ڕەنگدانەوەیەکی ئیجابیان لە ناو گوندنشینەکانی ڕۆژهەڵاتی بۆکاندا هەبوو. ئەوەی کە بۆچی وەرزێر و بە تایبەت ڕەشاییەکانی ڕۆژهەڵاتی شار وا بە توندی ڕاپەڕین و خۆیان ڕێکخست بەڵام لە بەری ڕۆژئاوای شار تەقینەوەیەکی ئەوتۆ ڕووی نەدا  جێگەی سەرنجی تایبەتە و تەنانەت ئەوەش کە بۆچی بۆکان بە گشتی بوو بە ناوەندی بزووتنەوەیەکی جەماوەری چینایەتی، بەڵام بۆ نموونە ڕاپەڕینی خەڵک لە مەهاباد  زیاتر ڕوخساری نەتەوایەتی هەبوو و لە ژێر ڕێبەرایەتی حیزبە سیاسییەکان ( حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و حیزبی تودەی ئێران) دا بوو، جێگەی لێکۆڵینەوەی تایبەتە .

 بە بۆچوونی من، زەخت و زۆری ئاغاواتی بۆکان لە سەر خەڵک، یەک لە هۆ سەرەکییەکانی ئەم جیاوازییەن.  بۆکان شارەدێیەکی گەورە بوو، تایبەتمەندیی شار وەک ناوەندێکی ئابووری – ئیداری  تێدا بوو. بەڵام جیاواز لە هەموو شوێنێکی هاوچەشنی ناوچە، سەرجەمی شارەکە بە مڵکی هی بنەماڵەیەک لە ئاغاواتی دێبۆکری بوو (ئێلخانیزادە و موهتەدی) کە خۆیان و ئامۆزا و بن ئامۆزایان لە گوندەکانی ڕۆژئاوای بۆکان خاوەنی دەسەڵاتی سەرەکی بوون (عەلیار و مەعرووفی و ...). دانیشتووانی گوندی ئەو خاوەن مڵکانە  دەرەتانی ڕاپەڕینی جەماوەرییان  دژ بە ئاغاکان نەبوو، گەرچی لە هەندێ گوندی وەک " داشبەند " و " عەمبار" بزووتنەوەیەکی بەربەستکراوی خەڵک بەرچاو کەوت. دڵنیام لەو بوارە و لە هەموو مێژووی ئەو ساڵانە دا، بەڕێز کاک محەمەدی نووری (عەتری گڵۆڵانی) شاعیری بە نرخی کورد  زانیارییەکی زۆری هەیە و ئەوەی من لێرە دا دەینووسم لە چاو  ئەوەی ئەو دیتوویە و ڕاستەوخۆ بەشداری تێدا کردووە، قەترەیە لە بەرانبەر دەریا دا. خۆزگە ئەویش  ئاوڕێکی  لە مەسەلەکە بدایەتەوە. هەر وەها خەڵکانی وەک کاک محەمەدی ئەفخەمی  کە لەگەڵ کاک محەمەدی نووری دا دانیشتووی " داشبەند " بوون دەنگیان هەڵبڕیبایە.
 
هۆیەکی دیکەی ئەم جیاوازییە وا هەیە دەوری ڕووناکبیرانە و پێشکەوتنخوازانەی هەندێ لە ئاغاواتی فەیزوڵابەگی بووبێت  کە گوندنشینەکانی ناوچەی خۆیانیان لەگەڵ چەمکی یەکسانی و بەرانبەریی ماف و هەر وەها  دابەشکردنی زەوی ئاشنا کردبێت.
 
هەرچۆنێک بێت بزووتنەوەی شاری بۆکان لە ناوچەی فەیزوڵابەگی ڕۆژهەڵاتی شار ڕەنگدانەوەیەکی بەرچاوی هەبوو.  گوندنشینەکان  بە تایبەت لە هەندێ گوند  وەک " گۆل " ، " یەکشەوە " ، " ئاڵبڵاغ" و " تیکان تەپە و ..  دژ بە ئاغای گوندی خۆیان ڕاپەڕین. لە هەندێ شوێندا ئەم ڕاپەڕینە  ڕەنگی هێرشکردنە سەر ماڵی ئاغا و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و زار و تەنانەت ماڵی ئاغاکانی بەخۆیەوە گرت، کە هەندێ جار هاوڕێبوو لەگەڵ توند و تیژی نواندن و ڕووخاندنی ماڵ یا دەرهێنانی دەرگا و پەنجەری ماڵی ئاغا .  لە هەندێ شوێنی تر، کارەکە ڕێک و پێکتر و بە ڕێ و جێ تر بوو. لە ئاڵبڵاغ و یەکشەوە ، بزووتنەوەکە کەوتبوە ژێر ڕێبەرایەتی کەسانی وەک میرزا فەتحوڵاە و بەرەو ئەوە دەچوو کە ئەگەر زوو تێکنەشکابایە شێوازی ڕێکخستنی ڕێکخراوەیی و تەنانەت نەزم و تەرتیبی حیزبی بە خۆیەوە بگرتایە.

 بەم شێوەیە ئاغاکانی فەیزوڵابەگی یا لە گوندەکانی خۆیان دەرکران یا خۆیان ماڵیان پێچایەوە و لە ڕۆژانی پێش کودەتای ٢٨ی  گەلاوێژ بارگەیان بردە بۆکان، کە ببوە قەڵای بەرەی چەوسێنەران و زۆرداران، گەرچی سەرەڕای دەسەڵاتی ئاغاکانی بۆکان و پۆلیس و  جاندەرمە، هیچ ئاغایەک لە ترسی ڕاپەڕیوانی شار نەیدەتوانی لە ماڵ بێتە دەرەوە. ئەم بارودۆخە تا ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ، درێژەی هەبوو. هەر ئەوەندەی هەواڵی کودەتا و ڕووخانی حکوومەتی میللی دوکتۆر موسەدیق لە ڕادیۆ بڵاو بووەوە ، دارەدەست و نۆکەر و دەست و پێوەندی ئاغاکان وەربوونە ناو شار و گوند و، ڕاپەڕیو و ئازادیخوازان یا گیران یا کوژران [٣] یا خود هەڵاتن و لێرە و لەوێ خۆیان شاردەوە.
من ئەو ڕۆژەم لە بیرە! لە ماڵی خاڵم لە گەڕەکی گۆلی مەردانبەگ و ماڵی قازی کاکە حەمە گیرم خواردبوو. هەموو دەرگای ماڵێک داخرابوو، باب نۆکەر و دارەدەستی ئاغاوات بە کۆڵانەکاندا وەرببوون، جنێویان دەدا و پێلەقە دەرگای ماڵانیان دەشکاند. ژێرخانی ماڵان ئاوەدان  ببوونەوە و خەڵک خۆیان تێدا شاردبووەوە. ئەو ڕۆژە و ڕۆژانی دواتر، لە بۆکان لە لایەن ئاغاوات و حکوومەتەوە خۆ پیشاندان ساز درا لە بەر قەپانی قاسم ئاغا  کە ئەو دەم حوکمی گۆڕەپانی شارەکەی هەبوو خەڵکیان کۆ کردبووەوە و وتاریان دەدا. من ئەو شانۆیەم هەر لەبەر چاوە کە کاک سەلاحی موهتەدی چووە بوە سەر بەرزاییەک و قسەی بۆ خەڵک دەکرد.

 بە گشتی ، ڕۆژانێکی ڕەش بوو، دژایەتی شەخسی و تایفەیی دەوری دەبینی، هەر کەس سەر بە دەسەڵاتی ئاغاکان بوایە، ناحەزەکانی خۆی بەوە تاوانبار دەکرد کە " تودەیی" ن [٤] و هەر ئەوەش بۆ گیران و لێدران و لەوە خراپتر پێکرانیان لە لایەن پۆلیسی شا و " حکوومەت نیزامی " ی تەیمووری بەختیارەوە بەس بوو.  پیاوی ئاغاکان  نامەیان دەگێڕا و بە دوکاندار و حاجی و دەوڵەمەندیان  مۆر دەکرد و داوای گیران و موحاکەمە کرانی ڕاپەڕیوەکان وەک خوالێخۆشبووان  " عەبدوڵا ئێرانی " و " عەلی میرە بەگ " و حاجی قاسم و ئەوانی تریان دەکرد. [٥] حکوومەتی کودەتا واتە شا و سەرلەشکر زاهیدی لە تاران دەستیان بە ئیعدامی ئازادیخوازان کرد بوو، چالاکانی سیاسی  لە مەهاباد گیرابوون  و هەندێ کەسی وەک کاک حوسێنی فاتحی و میرزا " محەمەدی شاقوڵی" یش کە خەیات بوو لە بۆکان گیران .  باوکم کە ئەویش هەر خەیات بوو ، لە کاتی دوای تەواوبوونی شەوکار و گەڕانەوە بۆ ماڵ ، پۆلیسی بۆکانی دیتبوو کە میرزا محەمەدیان گرتووە و خستوویانەتە جۆگەی ئاوی سەرخەیابانەوە و بە باتووم و دار لێی دەدەن. دواتر خوالێخۆشبوو  " عەبدوڵا سامبەگی" و میرزا حەمە ڕەسووڵی ئیسماعیلزادە و میرزا حەمە ساڵحی کەریمی  هەر لەو پێوەندییە دا گیران و لە ورمێ و تاران خرانە زیندانەوە. بیرەوەرییەکانی مامە غەنی بلووریان ، لە سەر هەندێ لەو ڕووداوانە و هەر وەها دەوری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لە کێشەکانی بۆکان و دەوروبەریدا گەلێک بە نرخن. بە گشتی حوکمی شا و کودەتا بە گرتن و لێدان و شاربەدەر کردنی خەڵک لە بۆکان و دەوروبەری دامەزرایەوە و قارەمانانی ونی ئەو ڕاپەڕینە پڕ شانازییەش لە شار و گوند ئاوارە و دەربەدەر کران، یادی هەموویان بە خێر بێت.
 
لە پێوەندیی ئەم وتارە دا، بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە چەند خاڵێک بکەم:
 یەکەم: من ڕاپەڕینی گوندنشینانی فەیزوڵابەگیم وەک ڕەنگدانەوەی ڕاپەڕینێکی بەرفراوانتر سەیر کردووە کە ڕاپەڕینی خەڵکی ناو شاری بۆکان بێت و ڕاپەڕینەکەی بۆکانیشم لە ژێر تەئسیری  ڕاستەوخۆی بزووتنەوەی میللی ئێران  لە سەردەمی دەسەڵاتی جیبهەی میللی و شەخسی دوکتۆر موسەدیق ، هەر وەها چالاکییە سیاسی – چینایەتییەکانی حیزبی تودەی ئێران و حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران لە ناوچەکە دا بینیوە.

دووهەم: ئەم شێوە بۆچوونە نابێتە هۆی چاو پۆشین  لە هەندێ  تایبەتمەندیی کۆمەڵایەتی خەڵکی شاری بۆکان  هەر وەها گوندنشینەکانی ناوچەی فەیزوڵابەگی.گوندنشینانی ئەو ناوچەیە دەبێ خاوەنی سوننەتێکی کۆنی خەبات و چالاکی چینایەتی بن . بەڵگە بۆ قسەکەم ئەوەیە  کە لە ماوەی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ ( ١٩٧٩)ی ئێران و شەش مانگی دوای سەرکەوتنی شۆڕشەکەدا کە بۆکان بە دەست هێزە سیاسییە کوردییەکانەوە بوو و دەسەڵاتی  حکوومەتی ناوەندی ئێرانی لێ نەمابوو، دوو ڕێکخراوی چەپ واتە " فیدائیانی ئەکسەرییەت " و " کۆمەڵەی زەحمەتکێشان"  لە هەوڵی دابەشکردنی زەوی و زاری ئاغاواتی دەوروبەری بۆکاندا بوون، زیاتر هاو دەنگی لە لایەن گوندنشینانی هەمان ناوچەی فەیزوڵابەگی هاتە کایەوە و ئەمجاریش بەشێک لە ئاغاواتی فەیزوڵابەگی لە گوندەکانیان دەر کران، [٦] دەست بە زەوی و زاریاندا گیرا و بە سەر ڕەشایی و بێ زەوی و کەم زەویدا دابەشکرا. من ئەو دەم ڕاستەوخۆ لە بۆتەی کارەکە دا بووم و لە عەینی کاتدا کە پێ لە زۆر هەڵە و پەڵە و توند وتیژی ڕێکخراوەکەمان ( فیدائیانی ئەکسەرییەت)  و شەخسی خۆم دەنێم، ئێستاش و بۆ هەمیشەش  بە ڕێزەوە سەیری ئامادەیی خەباتکاران و بە گشتی هەموو دانیشتووانی گوندەکانی فەیزوڵابەگی تا " سەراو "  و " ڕەحیمخان " ی نزیک میاندواو دەکەم.  و وەک دیتمان،  لەم دەرفەتەشدا گوندنشینەکانی فەیزوڵابەگی سەروگەردنێک لە پێش خەڵکی ناوچەکانی تری دەوروبەری بۆکان بوون  و بۆکانیش جارێکی تر ببوە جەرگەی خەباتی چینایەتی  و ڕاپەڕینی دژ بە ئاغاوات لە هەموو کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا.

سێهەم و کۆتایی قسە: لە بارو دۆخی کۆمەڵایەتی – سیاسی ئیستای کوردستان و بۆکاندا، بە با کردنی کای کۆن و بیرهێنانەوەی ڕووداوەکانی ڕابوردوو نابێ ببێتە هۆی ئاڵۆز کردنی پێوەندییەکانی کۆمەڵگا.

 زۆرێک لەوانەی کە ئەو دەم خۆیان وبنەماڵەیان لە بەرەی چەوسێنەراندا بوون ئێستا بە کردەوە لە خزمەت خەڵکدان.    کوڕ و کوڕەزای هەر ئەو ئاغاواتە ، ئەمڕۆ لەچالاکانی بزووتنەوەی چینایەتی و نەتەوایەتی گەلی کوردن و  وا هەیە پێچەوانەکەشی لە بەرەی ئەو لا هەبێت. ناوهێنانی ئەشخاس لەم یادذاشتانە تەنیا بۆ ڕوونکردنەوەی ڕووداوەکانە ، دەنا بۆ نموونە کاتێ ناوی کاک سەلاحی موهتەدی دێنم، ڕێزی زۆرم بۆی هەیە و دەزانم کە ئەمڕۆ کەسایەتییەکی دڵسۆزی گەل و نیشتمانە و لەم ڕێگایە دا تووشی ئاوارەیی و ماڵوێرانی هاتووە.کوڕ و کوڕەزای زۆربەی  ئاغاکانی ئەودەمیش  ئەمڕۆ ڕێبەرانی ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستانن و لە بەرەی دژ بە ڕێژێمدا دەجەنگن. هیوایە ئەم دێڕانە نەبنە هۆی قووڵبوونەوەی برینی دووبەرەکی و دژایەتی نێوان خەڵک و تەنیا وەک بابەتێکی مێژوویی سەیر بکرێن یا شارەزایان لە سەر ئەم بابەتە گرینگە بنووسن و ئەگەر هەڵە بە بنووسی مندا هاتبێ بۆ مێژووی ڕاست بکەنەوە.

هاوینی ٢٠٠٢

پەراوێزەکان

١-ئاغاکانی ناوشاری بۆکان، لە دوو بەرەباب (ئامۆزای یەکتر )بوون:بەرەی حاجی بایز ئاغا و بەرەی مەحموود ئاغا ، ناسناوی هەر دوو لاشیان ئێلخانیزادە بوو .بەڵام دواتر – ئەوەندەی من بزانم لە  ساڵانی دوای ١٩٥٣ دا بەرەی ماڵی حاجی بایز ئاغا،جگە لە ئەحمەد ئاغا ناسناوی خۆیان گۆڕی و کردیانە موهتەدی و دوای ئەو ساڵە،هەموو کوڕانی حاجی بایز ئاغا کە بە داخەوە ئێستا هەموویان کۆچی دواییان کردووە ، بە موهتەدی دەناسرێن نەک ئێلخانیزادە. بەرەی حاجی بایز ئاغا لەم ئاغاواتە پێک هاتبووان ڕەحمان ئاغا، ئەحمەد ئاغا ( باوکی کاک سوارە)، قاسم ئاغا ( کە لە ڕاستیدا وەک بەڕێوەبەری هەموو بنەماڵەکە و ئاغای شاری بۆکان سەیر دەکرا) ، حاجی ئەبو بەکر ئاغا و کاک سەعد..
 بەرەێ مەحموود ئاغا ، بنکەی سەرەکییان لە دەرەوەی بۆکان لە گوندی حەمامیان بوو و چەند گوندێکی دیکەشیان لە ڕۆژئاوای بۆکان بە دەستەوە بوو. لەو بەرەیە، ئەوانەی وا دانیشتووی بۆکان بوون و حوکمی شاریان دەکرد بریتی بوون لە خوالێخۆشبووان : حاجی  سمایل ئاغا ، برایم ئاغا و حەمەدەمین ئاغا . حوکم زۆرتر بە دەست حەمەدەمین ئاغا  بوو کە لە شاریدا کەسی خۆش نەدەویست  و هەندێ دەستوپێوەندی وەک ڕەشیدی ڕۆستەم پاڵەوانی هەبوو، کە لە زۆڵم و زۆر دا نموونە  بوون .
٢-ئەم تەعبیرە لە ئەدەبیاتی حیزبی بە تایبەت لە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێراندا باوە  و لە بیرەوەرییەکانی خوالێخۆشبوو کاک کەریمی حیسامی و بەڕێزان غەنی بلوریان و جەلیلی گادانی و ئەوانی تریشدا هاتووە .
٣-من ئەو دەم تەنیا دەمبیست  تاقە یەک کەس  کوژرابێت و جەنازەکەی  خرابێتە  چۆمی تەتەهوو ەوە بەڵام دواتر لە نووسین و بیرەوەرییەکانی خەڵکانی تر دا قسە لە " کووژراوان " دەکرا نەک لە " کوژراوێک ".
 مامۆستا هێمن لە سەرەتای " تاریک و ڕوون " دا دەنووسێ:
" لاشەی دەیان وەرزێری شۆڕشگێر و تێکۆشەریان بە چۆمی بۆکان دادا " .
٤-پێیان دەگوتن: " تووتەیی "
٥-یەک لەو نامانە لە ناو فایلەکانی ئیدارەی شەهرەبانی بۆکاندا بوو و دوای ڕووخانی ڕێژیمی شا و دەسەڵات سەندنی پێشمەرگەی کورد، لەگەڵ بەڵگەنامەکانی دیکەی شەهرەبانی و ژاندارمەری و بەخشداریی کەوتە دەست " کۆمیتەی ئینقیلابی"  ی بۆکان.  سێ مامۆستای قوتابخانەکانی بۆکان و من لە لایەن " کۆمیتەی ئینقیلابەوە کراینە مەئمووری ڕاگەیشتن بە بەڵگە نامەکان . من ئەو بەڵگەنامەیەم دا بە کاک ئەسعەدی ئێرانزادە کوڕی خوالێخۆشبوو عەبدوڵای ئێرانی. بەڵگەنامەکە بریتی بوو لە نامەیەکی مۆر کراو لە لایەن بازاڕی وتاجر و پیاوماقووڵانی شارەوە کە داوای موحاکەمەی چەند کەس و یەک لە وان"عەبدوڵای ئێرانی" یان لە حکوومەت کرد بوو .
 ٦-دەڵێن شۆڕش ڕۆڵەکانی خۆی دەخوات. ژمارەیەکی زۆر لە ئاغاواتی فەیزوڵابەگی لە ماوەی شۆڕشی ١٩٧٩ لە ڕیزی خەڵک دا بوون و شان بە شانی جووتیارانی گوندەکانی خۆیان  خەباتیان دەکرد. بۆ نموونە عومەرخان و عەلی خانی بەگزادە، بەڵام خۆیان و زۆری تر لە ئاغاواتی خزمیان زەوی و زاریان لێ دابەشکرا و تەنانەت توند و تیژی دژ بە هەندێکیان کرا.  لە کاتێکدا کەس بۆ لای مڵکی ئێلخانیزادە و موهتەدی و عەلییار نەچوو.
                                                                              ***
 سەرچاوە: گۆواری گزینگ، ژمارەی ٣٦، پاییزی ٢٠٠٢ ، لل ٤٩- ٤٦  سوێد


پەیوەندی‌دار:

بۆکان لە ژێر پۆستاڵ و گەمارۆدا ...خنکاندنی شارێک لە بێدەنگیدا

١٣ بابەت لە سەر ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان و خەڵکی بۆکان لە سەردەمی موسەدیق (بابەتی حەوتەم)

١٣ بابەت لە سەر ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان و خەڵکی بۆکان لە سەردەمی موسەدیق (بابەتی پێنجەم)

١٣ بابەت لە سەر ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان و خەڵکی بۆکان لە سەردەمی موسەدیق (بابەتی چوارەم)

١٣ بابەت لە سەر ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان و خەڵکی بۆکان لە سەردەمی موسەدیق (بابەتی سێهەم)

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷