کاوە کەریمی
کوردستانی عێراقمان له به‌رچاو بێت
Sunday, September 21, 2014
سادق زیباکه‌لام-Khabar online
لە فارسیەوە: کاوه که‌ریمی
یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی له ده‌ستدانی ئه‌و هه‌لانه‌یه که بۆ ئاماده‌بوون له‌و ناوچانه‌ی ده‌بوو زیاترین خۆده‌رخستنی تێدا بوایه‌ت له ده‌ست چوون، بۆ نموونه ئه‌فغانستان، وڵاتانی که‌نداو، ئازه‌ربایجان، قه‌فقازو کۆماره تازه‌کانی ئاسیای ناوه‌ڕاست. سه‌باره‌ت به لوبنان‌و عێراق سه‌ره‌ڕای ئه‌و کات‌و سامانه زۆره‌ی که ته‌رخان کراون، داهاتوو پێمانی ده‌سه‌لمێنێت که تاچه‌ند هه‌نگاوی باشمان ناوه(!) سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به عێراق فاکته‌ری ئایینی له بنه‌ڕه‌ته‌وه جیاوازییه‌کی تایبه‌ت ئه‌به‌خشێت به پێوه‌ندیی نێوان دوو وڵات، دیارده‌ی خه‌مساردی به‌رامبه‌ر به به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان له ئاستی ده‌ره‌وه‌دا ئه‌مجاره له ناوچه‌یه‌کدا دووباره ده‌بێته‌وه که ئاستی بهلاڕێداچوونو خه‌ساره‌کانی به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ناوچه‌کانی تر شایانی به‌راود نییه.
ئه‌مجار به‌سه‌رهاتی تاڵی ئاماده‌نه‌بوون‌و کاریگه‌رنه‌بوونی ئێران له شوێنێک که ده‌بوو له پێش، زیاتر‌و به‌ربڵاوتر له هه‌موو جێیه‌که‌وه به‌خۆوه ببینیایه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌وێ دواکه‌وتووتره له هه‌موو ناوچه‌کانی تر ئه‌ویش له کوردستانی عێراق ، یا وه‌ک خۆیان ئه‌ڵێن له 'هه‌رێمی کوردستانی عێراق' تۆمار ده‌کرێت. نزیکه‌ی ۵ ملوێن له حه‌شیمه‌تی ۲۰ ملوێنی عێراق کورده که باکووری ئه‌و وڵاته ئه‌گرێته‌وه. دوای ڕووخانی ڕژیمی سه‌دام حسهینو هاتنه سه‌رکاری ده‌وڵه‌تی نوێ له عێراق، کوردستان له چوارچێوه‌ی پێکهاته‌یه‌کی فیدراڵ‌دا خۆی به‌ڕێوه‌برد. ئه‌م ناوچه‌یه که له ساڵی ۲۰۰۳ وه چوارچێوه‌یه‌کی به‌ته‌واوی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رو فیدراڵی هه‌یه 'هه‌رێمی کوردستانی عێراق'ه. هه‌رێمی کوردستان خاوه‌ن پارلهمانێکه به سه‌د ئه‌ندامه‌وه، سه‌رۆکوه‌زیرانو دیوانی وه‌زیرانی هه‌یه، پۆلیس‌و ئاسایشی خۆی هه‌یه، له سه‌دا حه‌ڤده‌ی بودجه‌ی گشتی وڵات ته‌رخان کراوه بۆ ههرێمو له زۆر ڕووه‌وه به‌شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ به‌ڕێوه ئه‌چێت. زۆرێک له وڵاتانی گه‌وره له هه‌رێمدا نوێنه‌رێتی یا کونسوڵگه‌رییان هه‌یه. هه‌رێم وه‌زاره‌تخانه‌ی جیاوازی خۆی هه‌یه، زمانی فه‌رمیی کوردییه‌و ئاڵایشی جیاوازه له ئاڵای عێراق.
پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستان هه‌ولێره‌و شاره گرنگه‌کانی تری برێتییه له سلێمانی‌و که‌رکوک. ئه‌ڵبه‌ت هێشتا ناکۆکیگه‌لێکی گرنگ له نێوان حکومه‌تی ههرێمو ناوه‌ندی له به‌غدا له ئارادایه؛ وه‌کوو گرتنه ده‌ستی ناوچه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی کهرکوکو به‌گشتی دابه‌شکردنی داهاته نه‌وتییه‌کانی باکووری عێراق.
پێویستی به وتن نییه که هه‌ولێر خوازیاری به‌شی زیاتر‌و سه‌ربه‌خۆیی زیاتره له هه‌ڵگۆزینی نه‌وتی باکوور‌و گرتنه ده‌ستی که‌رکوک. به‌واتایه‌کی تر هه‌رێم خوازیاری سه‌ربه‌خۆیی زیاتر‌و ده‌ستێوه‌ردانی هه‌رچی که‌متری به‌غدایه له باکوورداو له به‌رامبه‌ریشدا به‌غدایش خوازیاری کۆنترۆڵی زیاتر به‌سه‌ر ههرێمو که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه به سه‌ر سه‌رچاوه‌و کێڵگه نه‌وتییه‌کانی که‌رکوکدا.
ڕاستیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که هه‌رێمی کوردستان‌و ناوچه‌کانی تری عێراق (لانیکه‌م به‌غداو باشوور که شێعه‌ن) له زۆربه‌ی لایه‌نه‌کانه‌وه وه‌کوو دوو دهسهڵاتو دوو وڵاتی جیاوازن. تۆ کاتێ له هه‌ولێر یا سلێمانیت باوه‌ر ناکه‌یت ئه‌وێ هه‌مان ئه‌و وڵاته‌یه که ناوچه‌کانی تری برێتین له شوێنگه‌لێک وه‌ک به‌غداو نهجهفو که‌ربه‌لا، له ڕووی کولتورییه‌وه بگره تا بارودۆخی شارنسینی، ڕێگاوبان، ئازادی‌و ...هتد. که‌مترین هاوبه‌شییه‌ک له نێوان به‌غداو هه‌ولێر وه‌کوو دوو شاری سه‌ره‌کی ئه‌و وڵاته ده‌بینرێت، جگه له‌وه‌یکه ههردووشار به‌شێکن له پێکهاته‌یه‌کی گه‌وره‌تر به‌ناوی کۆماری عێراق.
ئه‌وه‌ی ئاشکرایه دروستبوونی هه‌رێمی کوردستان‌و به‌رده‌وامبوونیه‌تی به درێژایی ده‌یه‌ی ڕابردوو، که به‌شێوه‌یه‌ک دێته به‌رچاو بۆ هه‌میشه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی کورددا ده‌مێنێته‌وه. به واتایه‌کی تر گه‌ڕانه‌وه بۆ دواوه‌و چوونه‌وه ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌غدای ۵ ملوێن کوردی عێراق به ناوچه‌کانی باکووره‌وه ئه‌گه‌رێکی مه‌حاڵه. هێرشی ئامریکا بۆ سه‌ر عێراق له ۲۰۰۳و شکانی ته‌لیسمه ترسناکه‌کانی سه‌دام حسه‌ین به‌سه‌ر کورده‌کانی ئه‌و وڵاته(و شێعه‌و سونی‌و باقی پێکهاته‌کانی ۲۰ ملوێن دانیشتووی عێراق) بۆته هۆی هاتنه ده‌ری دێوه‌زمه‌یه‌ک به‌ناوی ئازادی‌و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری، که چیتر پێناچێت هیچ هێزێک بتوانێت بیگێڕێته‌وه بۆ ناو کونه‌که‌ی. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه له دروستبوونی عێراقه‌وه له ۱۹۳۲ تا ڕووخانی سه‌دام، به‌تایبه‌تی له دوای ده‌سه‌ڵاتداریی به‌عسه‌وه، کورده‌کان له جه‌هه‌نه‌مێکدا ده‌ژیان که به‌رهه‌می ۱۸۲۰۰۰ قوربانی، له‌ناوچوونی ۲۰۰۰ گوندی کوردستان‌و چۆڵکردنی ۴۵۰۰ گوند‌و ته‌عریبکردنی ناوچه‌کانیان بوو. ڕه‌شبگیرییه‌کانی پیاوانی کورد‌و ڕاگواستنیان بۆ ناوچه‌و گرتووخانه‌کانی ده‌ورووبه‌ری به‌غداو کۆمه‌ڵکوژ کردنیان، کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌و ده‌یان ناوچه‌ی تری کوردستان سه‌رجه‌م بووه هۆی تۆمارکردنی ۱۸۲۰۰۰ قوربانی به درێژایی سێ ده‌یه له ۱۹۷۰ تا ۲۰۰۳. .
کورد دوای ئه‌و به‌سه‌رهاته تاڵانه، ئێسته توانیویانه حکومه‌تی خۆیان بێت‌و بۆ یه‌که‌مجار به‌شێوه‌ی ئازاد له شاره‌کانی هه‌ولێر، سلێمانی، که‌رکوک، دهۆکو سه‌دان گوندی گه‌وره‌و بچووکی ژێر ده‌سه‌ڵاتیاندا هاتوچۆو ژیان بکه‌ن، به بێ ئه‌وه‌ی به هۆی کوردبوون تووشی ڕق‌و له‌ناوچوون بن له لایه‌ن ڕژیمی سه‌دام یا ڕژیمێکی تری ناوه‌ندی. بۆیه پرۆسه‌ی زاڵبوونو جێگیربوونی خۆبهڕێوهبهریو ئازادیی کورد ڕۆژانه فۆرم‌و قورسایی‌و به‌رده‌وامبوونی زیاتر به‌خۆوه ئه‌بینێت.
ناچار بووم هه‌موو ئه‌مانه باس بکه‌م تا بگه‌م به خاڵی سه‌ره‌کی، ئه‌ویش ئه‌وه‌یکه به‌هه‌رحاڵ که له سنووری باکووری ڕۆژاوامانهوه به درێژایی نزیکه‌ی ۶۰۰ کیلۆمه‌تر خه‌ریکه دراوسێیه‌کی نوێ له‌دایک ده‌بێت به‌ناوی 'هه‌رێمی کوردستان'.
له مانگی دێسه‌مبری ۲۰۱۲ هه‌لێکی چه‌ند ڕۆژه پێشهاتو من توانیم به بۆنه‌ی رێزگرتن له یادی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه له ۱۹۸۸و بیرهێنانه‌وه‌ی سیاسه‌تی ئه‌نفال له سه‌رده‌می سه‌دام دژ به کورد‌و له ئاکامدا بوونه قوربانیی ۱۸۲۰۰۰ به درێژایی سێ ده‌یه، هاوڕێ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک له دۆستانی کورد له سه‌ر بانگهێشتی حکومه‌تی هه‌رێم دووسێ ڕۆژ بڕۆینه ئه‌وێ. هه‌موو شتێک باسی له حه‌زو ویست‌و هه‌وڵی کورده‌کان ئه‌کرد بۆ بنیادنانی داهاتوویان. کۆمپانیا گه‌وره‌و خاوه‌ن ناوه ئوروپایی‌و ئامریکاییه‌کان هه‌ر یه‌که له شوێنێک کاریان ئه‌کرد. تورکه‌کان له هه‌مووان له‌پێشتر بوون، له لایه‌ک خه‌ریکی دروستکردنی نه‌خۆشخانه بوون، له لای تر خه‌ریکی دروستکردنی کۆمپانیا چیمه‌نتۆ بوون، له لایه‌کی تر جاده‌ی دووسایدی هه‌ولێر بۆ سلێمانییان چاک ئه‌کرد، کۆمپانیایه‌کی تر سه‌رقاڵی ڕاکێشانی هێڵی ئاسنی تورکیه بۆ هه‌ولێر بوو، له لای تریشه‌وه کۆمپانیایه‌کی تر مۆڵیکی تورکی دروستکردبوو کاڵاکانی ناوی پڕکردبوو له به‌رهه‌مه‌کانی تورکیه. هه‌مووان ئاماده بوون، جگه له ئێران‌و ئێرانییه‌کان. به‌رپرسه‌کانی کوردستان ئه‌یانوت نزیکه‌ی ۲۵۰۰ کۆمپانیای ده‌ره‌کی له بواره‌کانی ئاوه‌دانکردنه‌وه، بازرگانی، هه‌نارده‌کردن، هاورده‌کردنو ئابووری له یه‌ک ده‌یه‌ی ڕابردوودا له هه‌رێمی کوردستان تۆمار کراون، زیاتر له ۲۰۰۰ کۆمپانیا له‌و ژماره‌یه له تورکیه‌وه هاتوون. ئامریکاییهکانو بریتانییه‌کان خه‌ریکی کردنه‌وه‌ی زانکۆی سه‌ر به ناوه‌نده زانستییه‌کانی خۆیانن. ته‌له‌فزیۆنی ئه‌لجه‌زیره له‌گه‌ڵ میدیاکانی تردا ئۆفیسیان کردۆته‌وه. بوونی هه‌موان به‌تایبه‌ت تورکیهیهکان، ئامریکا‌و ئوروپاییه‌کان زۆر به‌رچاوتره، له حاڵێکدا هه‌رچۆن هه‌رێمی کوردستان پێناسه بکه‌م هه‌ر ڕوانگه‌یه‌کمان ببێت بۆی ناکرێ چاو له‌م ڕاستییه بپۆشین که پێویسته ئێران زیاترین به‌شداریی ببێت له کوردستانی عێراقدا. له کاتێکدا که کورده‌کانی عێراق هیچ مه‌یلێکیان به‌لای تورک‌و عه‌ره‌به‌کاندا نییه، به‌شێوه‌یه‌کی نامۆ دڵ‌و ناخیان پێوه‌ندیی به کولتور‌و شارستانیه‌تی ئێرانییه‌وه هه‌یه. به‌پێچه‌وانه‌ی دڵساردی‌و بێمهیلییان به‌لای عهرهبو تورکه‌کاندا، پڕ به دڵ هه‌ستیان گرێدراوی ئێران‌و ئێرانییه. له ۱۹۷۵ که په‌یمانی ئه‌لجه‌زایه‌ر له نێوان شا‌و سه‌دام حسه‌یندا به‌سراو ئاگربه‌س له‌نێوان تاران‌و به‌غدا ڕاگه‌یه‌نرا ڕژیمی شا ده‌ستی له پشتیوانی کورده‌کانی عێراق ههڵگرتو له به‌رامبه‌ردا سه‌دامیش پشتی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی چۆڵکرد. نزیکه‌ی ۳۰۰۰۰۰ کوردی عێراق له دوو ساڵدا ئاواره‌ی ئێران بوون که له نزیکه‌ی کهرهجو چه‌ند شارێکی تر گیرسانه‌وه. ئه‌و ژماره ئاواره‌یه به درێژایی ۳۰ ساڵ له ئێران ژیان، له ئێران خوێندنیان، چوونه زانکۆکان، ژیانی هاوسه‌رییان دروستکرد، بوون به ئێرانی. ئێستا ئهوانو به‌ره‌کانی دووهمو سێیه‌میان گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ کوردستان عێراق‌و بوونه‌ته به‌رپرس. زۆرێک له بهرپرسانو ڕێبه‌رانی کوردستانی عێراق له ئێران له دایک بوون‌و له نێو ئێمه‌دا گه‌وره بوون، فارسی ئهزاننو ئه‌وه‌یش جێی سه‌رنجه که پێیان خۆشه به فارسی قسه بکه‌ن.
نه‌وه‌ی ئێسته‌ی به‌رپرسان، کاربهدهستانو ڕێبه‌رانی کوردستانی عێراق باشترین پردی پێوه‌ندین له نێوان ئێران‌و وڵاتی تازه‌ی هه‌رێمی کوردستاندا. زۆرێک له بارزانی‌و تاڵه‌بانییه‌کان له‌دایکبوو گه‌وره‌بووی ئێرانن. شاره‌زان له زمانی فارسی‌و گرنگتر له‌وه ئه‌وه‌یکه هۆگری کولتوور‌و شارستانیهتو زمانی فارسینو خۆیان به ئێرانی ئه‌زانن. یه‌ک له سه‌ر هه‌زاری ئه‌م هه‌سته‌یان نه به‌رامبه‌ر به تورکه‌کانو نه به‌تایبه‌ت به‌رامبه‌ر به عه‌ره‌به‌کان هه‌یه. قسه‌یه‌کی هه‌ڵه نییه ئه‌گه‌ر بوترێت ناوه فارسییه‌کان ته‌نانه‌ت له خودی ئێرانیش زیاتر له کوردستانی عێراق باوه؛ جیا له‌وه‌یکه کوردستانی عێراق بۆ ئێران بازاڕێکی گه‌وره‌ی ۵ ملوێن که‌سییه، هه‌روه‌ها ئێران ئه‌توانێت له‌وێ له هه‌موو جۆره‌کانی پیشه‌سازی، ئه‌ندازیاری، ناوه‌ندی وزه، هێڵی ئاسن، دروستکردنی پیشه‌سازی به‌رهه‌مهێنه‌ر، پێترۆشیمی، نه‌وت، گاز‌و بابه‌ته‌کانی تر سه‌رمایه‌گوزاری بکات. له گه‌وره‌ترین تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئێمه، تایبه‌تمه‌ندیی کولتورییه، تایبه‌تمه‌ندییه‌ک که نه ئوروپاییه‌کان، نه ئامریکاییه‌کان، نه عهرهبو نهتورکهکان نیانه.
زانکۆ بگۆڕه‌کانی ئێمه ئه‌توانن له هه‌رێمی کوردستاندا شیعه به‌رهه‌م بهێنن، جگه له‌وه بۆ وه‌رگرتنی خوێندکار له کوردستانی عێراق به تایبه‌ت له ئاسته جیاوازه‌کان به‌تایبه‌تی ئاستی دوکتۆرا ڕێگه‌خۆشکه‌رێکی گرنگی کاریگه‌ریی کولتووری ئێمه بن له‌وێ. بوارێکی تر لایه‌نی تهندروستیو دهرمانو دروستکردنی نه‌خۆشخانه‌و ناوه‌نده پزشکییه پسپۆڕییه‌کانه. به‌ڕێکه‌وت که‌متر بوارێک هه‌یه که ئێران نه‌توانێت له هه‌رێمی تازههپێگرتووی کوردستاندا هه‌ر له ئێستاوه کاری بۆ بکات‌و ببێته خاوه‌ن کاریگه‌ری تێیدا. هه‌موو ئه‌مانه هه‌روه‌ها که پێشتر باسمان کرد به هۆی ئه‌و پێوه‌ندی‌و هه‌ستی گرێدراوییه کولتوری‌و شارستانیهوهیه که کورد بۆ ئێران‌و ئێرانچێتیو ئێرانی بوون هه‌یانه.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌م بواره بهربڵاوو قووڵانه، ئێران کاریگه‌رییه‌کی به‌رچاوی له کوردستانی عێراق نییه، یا دروستترو ته‌واوتر بیڵێم، له‌چاو گرێدراویو ئه‌ڵقه‌ی شارستانیه‌تی کورده‌کان به ئێرانه‌وه، کاریگه‌ریی ئێمه له کوردستانی عێراق زۆر که‌م بایهخو هه‌ست پێنه‌کراوه. ئه‌مه‌یش به‌سه‌رهاتی ئه‌وه‌یه که ئێمه پێداگری ئه‌وه‌ین که له‌وپه‌ڕی دنیا له ڤێنزوێلا، بۆرکینافاسۆ یا گینه‌ی بیسائۆ کاریگه‌ری چالاک‌و جدیمان ببێت، هێرش بۆ سه‌ر سوریه له هێرش بۆ سه‌ر خوزستان به گرنگتر ئه‌زانین، چاوپۆشی له به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاکانمان ئه‌که‌ین له پێناو داکۆکیکردن له حزبوڵای لوبنان‌و یارمه‌تیی حه‌ماس، له‌کاتێکا گرنگیی پێویست به کوردستانی عێراق ناده‌ین که له پاڵ گوێمانایه. مرۆڤ دڵی له‌وه ته‌نگ ئه‌بێت ئه‌گه‌ر ڕاپرسی بکرێت، نه فه‌له‌ستینییه‌کان، نه سوریهکانو نه ڤێنزوێلاییهکانو ته‌نانه‌ت نه لوبنانییه‌کانیش، یه‌ک له‌سه‌ر هه‌زاری هۆگریو ههستو گرێدراوییه‌ک که کورده‌کانی عراق بۆ ئێران هه‌یانه، هه‌ست پێناکه‌ن، له‌م کاته‌دا ئێمه به‌و ڕاده‌یه له به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانمان ته‌رزان ئه‌که‌ین بۆ ئهوانو وازمان له هه‌رێمی کوردستان به ۶۰۰ کیلۆمه‌تر سنووری هاوبه‌شه‌وه هێناوه بۆ تورک‌و ئامریکاییو ئوروپاییه‌کان. به‌ڕاستی پێناسه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنێکی نامۆمان له چه‌مکی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه.
شه‌وێک که ئه‌بوو به‌یانییه‌که‌ی هه‌ولێر به‌جێبهێڵین، له ده‌ره‌وه‌ی هۆتێله‌که پیاسه‌م ئه‌کرد له ناکاو چاوم به ئاڵاکانی پێش ده‌رگای هۆتێل که‌وت، بینیم جگه له ئاڵاکانی هه‌رێمی کوردستان‌و عێراق، ئاڵای ئامریکا، یه‌کێتیی ئوروپا، فه‌رانسه‌و تورکیه‌و ته‌نانه‌ت لوبنان هه‌ڵکرابوو، به‌ڵام ئاڵای ئێران نه‌بوو. بێگومان به‌رپرسانی ئێمه وه‌ک هه‌میشه لێکی ئه‌ده‌نه‌وه که ده‌وڵه‌ته‌کان گرێدراوو به‌کرێگیراون، به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا نه‌ته‌وه‌کان پێکه‌وه‌ن.
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە